‌‌"ئه‌ركه‌ شاراوه‌كه‌‌"

فیکر 2018-05-17 کۆمێنت 4609 جار بینراوە

نووسینی: موسته‌فا مه‌حموود

به‌كوردیكردنی: یووسف مه‌لا خه‌لیل


ئاخۆ سروشت چيی له‌ ئێمه‌ ده‌وێت؟!

تۆ بڵێی هه‌ریه‌كێك له‌ ئێمه‌‌ كه‌ هاتووه‌ته‌ ئه‌م دونیایه‌وه‌؛ كار و ئه‌رك و په‌یامێكی له‌سه‌ر بێت، ده‌بێت ئه‌نجامی بدات؟!

داخۆ له‌دایكبوون و دابه‌زینمان بۆ سه‌ر زه‌وی؛ هۆ و ئامانجێكی له‌ پشته‌وه‌یه‌؟!

له‌ سندووقى نامەكانمدا گشت ڕۆژێك؛ یه‌ك حه‌مكه‌ پرسیاری سه‌یری له‌م جۆره‌، خۆیان مه‌ڵاس داوه‌!

باشه‌ ئێمه‌ بۆ چ مه‌به‌ستێك بۆ ئه‌م دونیایه‌ هاتین؟!

ئاخر چ شتێكیان لێمان ده‌وێت، تا ئه‌نجامی بده‌ین؟!

قه‌ینا؛ ده‌بێت چ په‌یام و هۆ و ئامانجێك له‌ پشت بوونمانه‌وه‌ هه‌بێت‌؟! تۆ بڵێی ته‌نیا له‌پێناو ئه‌وه‌دا دروست بووبین؛ تا بمرین و هیچی تر؟!

داخۆ باسوخواسه‌كه‌ هه‌مووی، هه‌ر ئه‌و هیچی و پووچییه‌یه‌ كه‌ له‌ كتێبی فه‌یله‌سووفه‌ پووچگه‌راكاندا ده‌یخوێنینه‌وه‌، یان ئه‌و نواندنه‌ بێمانایانه‌یه‌ كه‌ له‌ شانۆ ناماقووڵه‌كاندا ده‌یانبینین؟!

مه‌گه‌ر ده‌كرێت پاڵه‌وانێتیی ئێمه‌‌ له‌م ژیانه‌دا؛ ته‌نیا بریتی بێت له‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌م پووچێتییه‌ و دژوه‌ستانه‌وه‌ و ڕكابه‌ریكردنی ئه‌م هیچێتییه‌، وه‌ك كامۆ ده‌ڵێت؟!

 تۆ بڵێی ئازایه‌تیمان ته‌نیا خۆی له‌وه‌دا ببینێته‌وه‌؛ به‌ زمان زامه‌كانمان بلێسینه‌وه‌ و پڕ گه‌روومان هاوار بكه‌ین: وێڕای سزا و سه‌ره‌ڕای ئازار، ئێمه‌ ده‌ژێین و خۆمان، خه‌ون و وه‌هم بۆ خۆمان دروست ده‌كه‌ین!

باشه‌ ئه‌و ژیانه‌ی ئێمه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای وه‌هم ڕۆی ده‌نێین، ژیانه‌؟!

پرسیارێكی زه‌لام و تۆقێنه‌ره‌...

وه‌ڵامی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ و كۆتایی بۆ ئه‌م پرسیاره‌ ئاڵۆزه‌؛ پێویستی به‌ ئاگاداربوون و تێگه‌یشتنی ته‌واوی كۆی پرۆسه‌ی ژیان و ده‌رككردنی هه‌موو زه‌مه‌ن هه‌یه‌ و ده‌شبێت، زانیاريی ته‌واو و دروست له‌باره‌ی سه‌ره‌تای چێبوونی ژیان خۆیه‌وه‌، له‌و ڕابردووه‌ دووره‌وه‌ تا كۆتاییه‌كه‌ی له‌ داهاتوودا، كه‌ دوادوایی دونیا پاش ته‌مه‌نێكی درێژ ده‌گه‌یه‌نێت، وه‌چنگ بخرێت.

ئاخر تۆ بۆ ئه‌وه‌ی بزانیت بۆچی جه‌نگێك به‌رپا بووه‌ و ڕۆڵ و مه‌به‌ست تێیدا چییه‌؛ پێویستت به‌ زانیاریی ورد و ته‌واو له‌و باره‌یه‌وه‌ هه‌یه‌ و، ده‌بێت ورد ورد بزانیت پێش جه‌نگ چ قه‌وماوه و‌، كاتی جه‌نگ چ ڕووی داوه‌ و دوای ئه‌وه‌ش چ بینراوه‌؟!

به‌ڵام ئه‌گه‌ر تۆ ته‌نیا سه‌ربازێكی ساكاری داماوی نێو له‌شكرێكی گه‌وره‌ و گران بیت و، كارت ته‌نێ وه‌رگرتنی فه‌رمان و جێبه‌جێكردن و پاشانیش مردن بێت و هیچی تر؛ ئه‌وا تۆ ژیانت له‌ چه‌ند ساتێكی كه‌می نێو جه‌نگ زێتر، چی دیكه‌ نییه‌ و هه‌رگیزاوهه‌رگیز، پایه‌ و جێگه‌كه‌ت ئه‌و شانازییه‌ت وێ نابه‌خشن، كه‌ بتوانیت ته‌واوی چیرۆكه‌كه به‌ هه‌موو كه‌ینوبه‌ینه‌كانییه‌وه‌، بۆ خۆت ببینیت و هه‌ست پێ بكه‌یت.

بێگومان زانیاری، له‌ كن سه‌رۆك و خودانبڕیاره‌، لای ئه‌و ئافرێنه‌ره‌یه‌ كه‌ تۆی بۆ ڕیزه‌كانی پێشه‌وه‌ی جه‌نگ ڕه‌وانه‌ كرد و، ئه‌و توێشووه‌ی بۆ ڕاییكردنی كار و ئه‌ر‌كه‌كانیشت پێی به‌خشیویت، ته‌نیا ته‌مه‌نێكی دیاریكراوه‌، كه‌ خۆی له‌ شه‌ست فیشه‌ك بۆ شه‌ست ساڵدا ده‌بینێته‌وه‌؛ هه‌ر به ‌ڕاستی ئه‌وه‌ هه‌موو ته‌مه‌نی ژیانته‌!

هه‌رچی پلان و نه‌خشه‌ هه‌یه‌ له‌ سه‌ری ئه‌ودایه‌ و، تۆ ته‌نێ خاڵێكی بچووكی نێو پلانه‌كه‌ی!

تۆ ته‌نێ په‌ڕه‌یه‌كی نێو دۆسیه‌كه‌یت...

دێڕ...

وشه‌...

پیتێكی؛ نێو ئه‌و په‌رتووكه‌ ناوازه بێكۆتایه‌ی، كه‌ ناوی دونیایه‌!

بێگومان پیتێك، هیچ وه‌ختێك ناتوانێت ده‌رك به‌ گرنگیی ئه‌و ئامانجه‌ بكات كه‌ له‌پێناویدا دروست بووه؛ ته‌نێ ئه‌و ساته‌ نه‌بێت، كه‌ ده‌رك به‌ ڕۆڵی خۆی له‌ پێكهێنانی ڕسته‌یه‌كدا به‌ ته‌واوی ده‌كات، یان ده‌رك به‌و مانا جوانه‌ ده‌كات كه‌ ڕسته‌یه‌ك له‌ نێو گوتارێكدا ده‌یبه‌خشێت، ئه‌و گوتاره‌ش له‌ نێو كتێبێكدا.

چاره‌ نییه‌؛ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ چیرۆكی ژیان وه‌ك خۆی و به‌ ته‌واوی تێ بگه‌یت، ده‌بێت ته‌مه‌نت ته‌مه‌نی هه‌تاهه‌تایی بێت، تا خۆت جوان جوان داستانی ژین به‌ وردودرشت، تاڵ و شیرین، جوان و دزێو، ڕوون و تاریكییه‌وه‌، ته‌ی بكه‌یت و به‌و شێوه‌یه‌ كۆی چیرۆكه‌كه‌، له‌مسه‌ر تا ئه‌وسه‌ری بزانیت و ده‌رك پێ بكه‌یت.

به‌ڵام تۆیه‌ك؛‌ حاڵت حاڵی ئه‌و ئه‌كته‌ره‌یه‌ كه‌ له‌ زنجیره‌یه‌كی ڕادیۆییدا به‌شداری ده‌كات و هه‌ر له‌ یه‌كه‌م ئه‌ڵقه‌دا، به‌ گوللەیه‌ك كۆتایی به‌ ژیانی ده‌هێنرێت، ئاخر داواكردنی ئه‌و بۆ زانینی مانای ژیان ته‌نیا خۆزگه‌یه‌كه‌، كه‌ سنووری خۆی به‌زاندووه‌ و تێیدا داوای مه‌حاڵ ده‌كات.

كه‌وایه‌؛ وه‌ڵامی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ و دڵنیایی بۆ ئه‌م پرسیاره‌، وه‌ك مه‌حاڵ وایه‌!

هه‌موو ئه‌وه‌ی ده‌توانین بیكه‌ین ته‌نیا ئه‌وه‌یه‌؛ پێشبینی بكه‌ین، بخه‌مڵێنین و، مێشكمان بكرۆژین.

ئه‌ز بۆ خۆم به‌رده‌وام ده‌كۆشم؛ تا په‌رسڤی ئه‌و پرسیاره‌ بخوێنمه‌وه‌، نه‌ له‌ كتێب، نه‌ له‌ تیۆری و نه‌ له‌ هیچ بیروباوه‌ڕێكدا، به‌ڵكوو ده‌مه‌وێت ئه‌و وه‌ڵامه‌م هه‌ر له‌ دیرۆك خۆیه‌وه‌ چنگ بكه‌وێت، له‌ داستانی په‌ره‌سه‌ندن یان هه‌ر ڕاسته‌وخۆ، له‌ خوێندنه‌وه‌ی سروشت خۆیه‌وه!

من به‌رده‌وام له‌ هه‌وڵدام تا بزانم؛ ژیان به‌ ڕووه‌ك و گیانه‌وه‌رانییه‌وه‌، چيی له‌ ئێمه‌ ده‌وێت و، به‌ درێژایی تێپه‌ڕبوونی ئه‌و هه‌موو سه‌ده‌ و كاته‌، چيی به‌سه‌ر ئه‌م دروستكراوانه‌دا هێناوه‌؟!

ڕاستییه‌كه‌ی ژیانیش خۆی بۆ خۆی؛ خودان داستانێكه‌!

ئاخر سه‌ره‌تا؛ زۆر به‌ ساده‌یی له‌ شێوه‌ی میكرۆبێكدا ده‌ستی پێ كرد، ته‌نیا خانه‌یه‌ك به‌ تاقی ته‌نێ هه‌موو كار و ئه‌ركه‌كانی جێبه‌جێ ده‌كرد، هه‌ناسه‌ی ده‌دا، خواردنی ده‌خوارد، گه‌شه‌ی ده‌كرد و، بێ په‌نابردن بۆ هیچ ئامێرێكی تایبه‌ت، جووڵه‌ی پێویستی خۆی ئه‌نجام ده‌دا.

دواتر هه‌ر ئه‌و خانه‌یه‌ بۆ دوو خانه‌ دابه‌ش بوو، ئیدی به‌و شێوه‌یه‌ هه‌ر خانه‌یه‌ بۆ دوو خانه، پاشان زیاتر و زیاتر تا وای لێ هات له‌و یه‌ك خانه‌یه‌وه،‌ هێنده‌ خانه‌ چێ بوون، كه‌ له‌ ژماردن نه‌ده‌هاتن!

پاشان هه‌ر ئه‌م خانانه‌؛ كه‌م كه‌م له‌ شێوه‌ی چه‌ند هۆز و تاقمێكدا، ده‌ستیان به‌ جموجۆڵ و گردبوونه‌وه‌ كرد و، هاوئاهه‌نگ پێكه‌وه‌ ده‌جمان و ده‌ژیان و دواتر، ئه‌م ژمارانه‌ به‌ هه‌ره‌وه‌زی، پێكه‌وه‌ نووسان، تا كۆمه‌ڵه‌ بوونه‌وه‌رێكی ئاڵۆزی فره‌خانه‌یان لێ چێ ببێت، كه‌ هه‌ریه‌كه‌و خودان ئامێرێكی تایبه‌ت به‌ خۆی بێت و جیاواز له‌ جاران، كار و ئه‌ركه‌كان به‌سه‌ر به‌شبه‌شی خانه‌كاندا دابه‌ش كران، به‌شێك له‌و خانانه‌ كاری ته‌ینا بوو به‌ هه‌ناسه‌دان، یه‌كێكی دی خواردن و وزه‌وه‌رگرتن، ئه‌وی دی جووڵه و‌، هێندێكی دیكه‌شیان ته‌نێ پاشه‌ڕۆیان ده‌رده‌كرد و لێره‌شه‌وه،‌ ڕووه‌ك و گیانله‌به‌ری په‌ره‌سه‌ندوو گه‌شه‌ و چرۆیان كرد.

به‌ درێژایی تێپه‌ڕبوونی سات و سه‌ده‌ و نه‌وه‌ یه‌ك له‌ دوای یه‌كه‌كان؛ له‌ هه‌ر جۆر و ڕه‌گه‌زێكدا، ده‌سته‌یه‌ك ڕووه‌ك و گیانله‌به‌ر ده‌هاتنه‌ كایه‌وه‌ و هه‌ر یه‌كه‌یان خۆی له‌گه‌ڵ ئه‌و ژینگه‌یه‌ی تێیدا ده‌ژیا، ده‌گونجان و ڕێك ده‌خست، ئه‌وه‌تا ڕووه‌كی كاكته‌س كه‌ له‌ بیاباندا سه‌وز ده‌بوو، گه‌ڵا و لكی دڕكنی درێژكۆله‌ و نیوچه‌پانی چه‌شنی زمانى لێ سه‌وز ده‌بوو، تا ئاوی تێدا حه‌شار بدات و به‌هۆیه‌وه،‌ به‌رگه‌ی گه‌رمای پڕووكێنه‌ر بگرێت و، گیانداره‌ ئاوییه‌كانیش په‌ڕه‌كه‌یان ده‌رده‌كرد، تا به‌هۆیه‌وه‌ بتوانن مه‌له‌ بكه‌ن و ده‌ست به‌سه‌ر ئاودا بگرن و، وشكانییه‌كانیش پێیان لێ ده‌ڕوا، تا بتوانن ڕێی پێ بكه‌ن و،‌ هه‌واییه‌كانیش په‌ڕ و باڵیان لێ چێ ده‌بوو، تا بكارن هه‌ڵبفڕن و ئاسمانی به‌رینی پێ ته‌ی بكه‌ن.

ئه‌وه‌ بوو، قۆناغ له‌ دوای قۆناغ، ژیان له‌ تاكێتییه‌وه‌ به‌ره‌و فره‌یی، له‌ ساكارییه‌وه‌‌ بۆ ئاڵۆزی و، پاشانیش ئاڵۆز و ئاڵۆزتر، هه‌نگاوی ده‌نا و ده‌ڕۆیشت، ڕاستییه‌كه‌ی ئه‌و به‌ره‌و ئاڵۆزی چوونه‌ش،‌ ئامانجێكی ڕوونی له‌ پشته‌وه‌ بوو ئه‌ویش؛ سه‌رداربوونی گیانداران به‌سه‌ر ئه‌و ژینگه‌یه‌ی تێیدا ده‌ژیان و، ده‌ستگرتنیان به‌سه‌ر ئه‌و بارودۆخه‌ی ڕوویان تێ ده‌كات، بوو. وا په‌ڕ و باڵه‌كان توانای فڕینیان به‌ باڵنده‌كان به‌خشی و، په‌ڕه‌كه‌ و ڕیشووه‌كه‌وانه‌كانیش توانای مه‌له‌كردنیان به‌ ماسییه‌كانی نێو ده‌ریا به‌خشی و، پێیه‌كانیش هێزی ڕۆیشتنیان به‌ ئاژه‌ڵان له‌ نێو وشكانیدا به‌خشی!

به‌ڵام ئه‌و كاته‌ی مرۆڤ ده‌ركه‌وت؛ له‌ ڕێگه‌ی عه‌قڵ و ژیرییه‌وه‌ توانیی باز بدات، لێ بازێكی زۆر فراون، ئاخر ئه‌و چاوه‌ڕێی ملیۆنان ساڵی نه‌ده‌كرد تا په‌ڕ و باڵی لێ بڕوێت و بتوانێت هه‌ڵبفڕێت، یان په‌ڕه‌كه‌ی لێ په‌یدا ببێت و مه‌له‌ بكات، به‌ڵكوو مرۆڤ خۆی ئه‌و ئامرازانه‌ی بۆ ئه‌و مه‌به‌ستانه‌ پێویستن، داهێنا و به‌دیار زه‌مه‌نه‌وه‌ ده‌ست له‌سه‌ر ئه‌ژنۆ ڕۆنه‌نیشت و، عه‌ره‌بانه‌، فڕۆكه‌، مووشه‌ك، پاپۆڕ و كه‌شتيی ژێر ده‌ریای ئافراند و، ئه‌م پارچه‌ ئاسن و ئامێره‌ نوێیانه‌شی خسته‌ سه‌ر خه‌رمانی بونیادی هێز و تواناكانی تا بكارێـت به‌هۆیانه‌وه،‌ ده‌ست به‌سه‌ر هه‌موو گه‌ردووندا بگرێت، لێ هێشتا له‌ هه‌مان ئه‌و ڕێگه‌یه‌دا هه‌نگاوی ده‌نا، كه‌ میكرۆبه‌كه‌ پێیدا ده‌ڕۆیشت، له‌ تاكێتییه‌وه‌ بۆ فره‌یی "له‌ تاكه‌وه‌ بۆ كۆمه‌ڵگه‌" و، له‌ ساده‌ییه‌وه‌ بۆ ئاڵۆزی و، له‌ ئاڵۆزییه‌وه‌ بۆ ئاڵۆزتر "ئه‌و هه‌موو داهێنان و ته‌كنه‌لۆجیا و هێزی ئامێره‌ی به‌رده‌وام ژیان به‌ره‌و ئاڵۆز و ئاڵۆزتر ده‌به‌ن و ڕۆژ له‌ دوای ڕۆژ، شته‌كان قورس و به‌گرێوگۆڵتر ده‌رده‌كه‌ون و، ئه‌و ژیانه‌ ژیاری و شارییه‌ی مرۆڤی تێدا ده‌ژی  تا دێت، سات له‌ دوای سات، سه‌خت و تێكه‌ڵوپێكه‌ڵتر ده‌بێت، هه‌ر له‌ جلوبه‌رگ، خواردن، داوده‌رمانه‌وه‌ بگره‌ تا ده‌گاته‌ مامه‌ڵه، هه‌ڵسوكه‌وت، ڕێكخستنی كاروباره‌كان ڕۆژانه‌‌ و ...هتد".

جارێكی دی ئه‌م ئاڵۆزی و تێكه‌ڵاوییه‌، به‌ره‌و هه‌مان ئه‌و ئامانجه‌مان ده‌بات، كه‌ میكرۆبه‌كه‌ له‌ كاتی په‌ره‌سه‌ندنیدا خه‌ریك بوو ته‌قه‌لای له‌پێناودا ده‌كرد، ئاخر ئه‌ویش وێنه‌ی ئه‌م، ته‌نیا ئامانجی ئه‌وه‌ بوو؛ ده‌ست به‌سه‌ر كۆی ژینگه‌دا بگرێت و خۆی سه‌ركردایه‌تیكردنی بارودۆخه‌كان، به‌ باش و خراپیه‌وه‌ وه‌ئه‌ستۆ بگرێت و ده‌كۆشا هه‌رچی زووتره‌، خۆی سروشت بخاته‌ ژێر ڕكێفی خۆیه‌وه‌ و له‌ بری ئه‌وه‌ی ده‌سته‌ودامان، سه‌ر و مل بۆ كاره‌ساته‌كان شۆڕ و كه‌چ بكات و خۆی به‌ كۆتوپێوه‌نده‌كانی سروشت و پێشهاته‌كانیه‌وه‌‌ ببه‌ستێته‌وه‌، هه‌وڵی ده‌دا له‌ به‌رژه‌وه‌نديی خۆیدا به‌كاریان بهێنێت و تا ڕاده‌ی بێكۆتا، ده‌سته‌مۆ و كۆنترۆڵیان بكات.

 بێگومان ئه‌و هه‌رچی كۆششی هه‌بوو، ته‌نێ له‌پێناو به‌ده‌ستهێنانی هێز، وزه‌، زانست، هۆشیاری، ئازادی و، به‌رده‌وامیی ژیان، مانه‌وه‌، به‌زاندنی مه‌رگ و، سه‌رداربوونی ئینسان به‌سه‌ر گشت گێتیدا بوو، ئه‌وه‌ش چاره‌نووسه‌!

ئاخر كاتێك ئێمه‌ به‌نداوێكی بڵند و زه‌لام، له‌پێناو ڕێكخستن و گلدانه‌وه‌ی ئاوی ڕووباری نیلدا ڕۆ ده‌نێین؛ هاوزه‌مان ئێمه‌ به‌ هێڵی په‌ره‌سه‌ندندا خه‌ریكین هه‌نگاو ده‌نێین، ئه‌وه‌ش به‌گوێره‌ی ئه‌و مه‌به‌سته‌ باڵا نووسراوانه‌ی له‌سه‌ر په‌ڕه‌كانی گه‌شتی ژیان نووسراون، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌؛ خۆمان ده‌ست به‌سه‌ر سروشتدا بگرین و له‌ سوودی خۆماندا ڕامی بكه‌ین، تا خۆمان چاره‌نووس و به‌شی خۆمان له‌و ژیانه‌ی تێیدا ده‌ژێین، دیار و ئاڕاسته‌ بكه‌ین!

كه‌وایه‌ ژیان؛ ئامانجی تێدایه‌...

وێڕای مه‌رگ، ئازار، نه‌خۆشی، ناخۆشی، پیرێتی، په‌ككه‌وتن، شه‌ڕ و پووچێتی، سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌مانه‌ هێشتا ژیان، زنجیره‌كانی به‌ شێوه‌یه‌ك پێكه‌وه‌ هاوئاهه‌نگ و په‌یوه‌ست و لێكئاڵقاو‌ ده‌رده‌كه‌ون؛‌ ته‌نیا به‌ره‌و ئه‌و ئامانجه باڵایه‌ ده‌ڕوات كه‌ هه‌موو زه‌مه‌ن، گشت دروستكراوان، نه‌وه‌ دوای نه‌وه‌ی تێدا تۆكمه‌ و قایم كراوه‌ و، خۆی و هه‌موو ئه‌وه‌ی له‌ هه‌ناویدایه‌‌، له‌و پێناوه‌دا، له‌ خزمه‌تدایه‌!

هه‌ربۆیه‌ به‌دڵنیاییه‌وه‌ له‌ ژیاندا؛ گرنگی و په‌یام و ئه‌ركێك هه‌یه‌ كه‌ هه‌موومان له‌پێناویدا ده‌ژێین و، ئه‌وه‌ی له‌ ئێمه‌ هاتبێته‌ سه‌ر زه‌وی، ئه‌ركی ئه‌وه‌ی له‌ ئه‌ستۆدایه‌؛ كه‌ خشتێكی نوێ بۆ ئه‌و قه‌ڵای پاراستنه‌ی‌ ژیان خۆی تێدا ده‌پارێزێت، زیاد بكات و، هه‌ر له‌وێشه‌وه‌ ڕێبه‌رایه‌تيی مێژوو ده‌كات و گێتی و سروشت بۆ سوودی خۆی به‌ڕێوه‌ ده‌بات.

تاگەکان    
جوانی دوعا کتێب مۆدێرنیتە عیرفان تەلارسازی ژن فەلەستین بۆ ئەوانەی وەكو خۆمن زانکۆ حزبی ئیسلامی لۆجیک جنۆکە کورد کۆمەڵکوژیی بۆسنە
فیکر
2018-05-17 کۆمێنت 4609 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی