بەسەرهاتێکى شەمس و مەولانا

ئەدەب 2018-05-24 کۆمێنت 5988 جار بینراوە

لە فارسییەوە: ئەحمەد بەهادین


دەڵێن: ڕۆژێک مەولانا، شەمسی تەورێزیی بۆ ماڵی خۆى دەعوەت کرد.

شەمس میواندارییەکەی قبوڵ کرد و چوو، دوای ئەوەی سەیرێکی سفرەی میواندارییەکەی کرد، لێی پرسی: ئایا شەرابت بۆم ئامادە نەکردووە؟

مەولانا بە سەرسامییەوە پرسیی: مەگەر تۆ شەراب دەخۆیتەوە؟!

شەمس وەڵامی دایەوە: بەڵێ!

مەولانا: بەڵام من ئاگادار نەبووم دەربارەی ئەم بابەتە!

شەمس: ئێستە کە ئەزانی، کەواتە شەرابم بۆ ئامادە بکە.

مەولانا: لەم کاتی شەوەدا، شەرابت لەکوێ بۆ بهێنم؟!

شەمس: بە یەکێک لە خزمەتکارەکانت بڵێ بڕوات و بۆم بهێنێ.

مەولانا: بەم کارە ئابڕوو و شکۆم لای خوا نامێنێ.

شەمس: کەواتە خۆت بڕۆ شەرابم بۆ بکڕە.

مەولانا: هەموو خەڵکی ئەم شارە من ئەناسن، چۆن بچم بۆ بازاڕی مەسیحییەکان و شەراب بکڕم.

شەمس: ئەگەر دڵسۆزی بۆ من، ئەبێ هۆکاری ئارامیم فەراهەم بکەیت، چونکە من شەوانە بەبێ شەراب نە ئەتوانم نان بخۆم، نە قسە بکەم و نە بخەوم.

مەولانا بەهۆی ئەو خۆشەویستییەی بۆ شەمس هەیبوو، گونییەکی دەرکرد و شووشەکەی لەناویا شاردەوە و بەرەو شوێنی نیشتەجێ بوونی مەسیحیەکان کەوتە ڕێ.

 مرۆڤەکانی ئەو دەوروبەرە بەشێوەیەکی ئاسایی لێیان ئەڕوانی، تا ئەوکاتەی مەولانا چوویە ناو مەیخانەکەوە.

خەڵکی تووشی سەرسوڕمان بوون بە بینینی و چاوەڕێی هاتنەدەرەوەی بوون.

بینییان کە مەولانا چوویە ناو مەیخانەکەوە و شووشەیەک شەرابی کڕی و دواتر هاتە دەرەوە.

هێشتا لە ناوچەی مەسیحییەکان نەچووبووە دەرەوە کە کۆمەڵێک لە موسوڵمانانی نیشتەجێی ئەوێ بەدوایدا ئەهاتن و سات بە سات ژمارەیان زیادی ئەکرد، تا مەولەوی گەیشتە تەنیشت ئەو مزگەوتەی کە خۆی ئیمامی بوو و، خەڵکی ڕۆژانە لەوێ پەرستشەکانیان جێبەجێ دەکرد.

لەو کاتەدا یەکێ لە دوژمنانی مەولانا کە لەناو خەڵکەکەدا بوو، هاواری کرد: "خەڵکینە! شێخ جەلالەدین کە هەموو ڕۆژێ ئیمامی نوێژی ئێوەیە، چووەتە ناوچەی مەسیحییەکان و شەرابی کڕیوە".

ئەمەی وت و گونییەکەی لە دەستی مەولانا دەرهێنا، خەڵکی هەموویان شووشەکەیان بینی.

درێژەی بەقسەکردن دا: "ئەم دووڕووە کە بانگەشەی زوهد ئەکات و ئیمامی ئێوەیە، ئێستا شەرابی کڕیوە و بۆ ماڵەوە ئەیبات".

دواتر تفێکی کردە ناوچاوی مەولانا و پاڵێکی پێوە نا و عەمامەکەی مەولانا کرایەوە و کەوتە سەر زەوی.

کاتێک خەڵکی ئەم دیمەنەیان بینی، مەولانایش لەجێی وەڵامدانەوەی بێدەنگ بوو، دڵنیا بوون کە مەولانا تەمەنێکە ئەوانی بە زوهد و لەخواترسانی درۆ فریوداوە، خۆیان ئامادەکرد تا هێرش بکەنە سەری و پێ ئەچێ مەرگیشی پێشکەش بکەن.

لەم کاتەدا شەمس پەیدا بوو، هاواری کرد: "ئەی خەڵکی بێ حەیا، شەرم ناکەن کە تۆمەتی شەرابخۆری بۆ پیاوێکی دیندار و مەلا دروست ئەکەن؟ ئەم شووشەیەی کە ئەیبینن سرکەی تێدایە، کە هەموو ڕۆژێ هاوخوانی خواردنەکانتانە".

دوژمنەکەی مەولانا وتی: "ئەمە سرکە نییە بەڵکو شەرابە".

شەمس سەری شووشەکەی کردەوە تۆزێکی کردە ناو دەستی کابرا و خەڵکەکەیشەوە، بۆیانی سەلماند کە لەناو ئەو شووشەیەدا جگە لە سرکە هیچ نییە".

دوژمنەکەی مەولانا کێشای بەسەری خۆیدا و خۆی خستە بەرپێی مەولانا، ئەوانی تریش دەستی مەولانایان ماچ کرد و بڵاوەیان لێ کرد.

پاشان مەولانا لە شەمسی پرسی: بۆچی ئەمشەو تووشی ئەم کارەساتەت کردم و ناچارت کردم ئابڕوو و پایەم هەرزانفرۆش بخەمە بەردەستی خەڵکی؟

شەمس گوتی: تا بزانی ئەوەی کە پێی ئەنازی سەرابێک زیاتر نییە، بیرت ئەکردەوە کە ڕێزی ئەو خەڵکە بۆ تۆ سەرمایەیەکی هەتاهەتاییە، لەم حاڵەی کە بینیت، بە بینینی یەک شووشەی شەراب هەمووی ڕۆشت و تفیان کردە ناوچاوانت و ئامادە بوون تەنانەت بتکوژن.

سەرمایەی تۆ هەر ئەمە بوو کە ئەمشەو بینیت و لە یەک ساتدا ڕۆشت، کەواتە پشت بە شتێ ببەستە کە بە گۆڕانی زەمان و حاڵ لەناو نەچێت.

تاگەکان    
سایکس-بیکۆ مۆدێرنیتە شیعر کۆمه‌ڵه‌ بەڵگه‌یه‌ک که‌ له‌ شوێنی خۆیاندا نین بوومەلەرزە فەرهەنگ زانایان عێڕاق فێمینیزم کۆمەڵکوژیی بۆسنە خاڵبەندی یادەوەری عیرفان پۆرن زانست
ئەدەب
2018-05-24 کۆمێنت 5988 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی