تاوانی پیشە

ئەدەب 2018-05-29 کۆمێنت 8799 جار بینراوە

 موستەفا مەحموود

له‌ عه‌ره‌بییه‌وه‌: سەرمەد ئەمیر


هەر لە منداڵیییەوە وام ئاوات دەخواست ببم بە کەسێکی خاوەن ناوبانگ و گرینگ لە دنیادا؛ داهێنەرێک، هونەرمەندێک، یاخود ببم بە سەرکردەیەک.

کاتێک هەرزەکار بووم، کچێکی دراوسێمانم خۆشویست. زۆر جار لە بەردەم پەنجەرەی ژوورەکەیدا ڕادەوەستا، هەردووک بەرانبەر یەکدی بێ هیچ قسەیەک لە یەکترمان دەڕوانی. زیاد لە سەت نامەی شیعریم نووسیوە و بۆم ناردووە. گشت شەوێک لەناو جێگاکەمدا بەکوڵ دەگریام. سێ ساڵ لەسەر یەک لە خوێندنم دواکەوتم، هەموو هۆکارەکەیش هەر ئەو بوو. کەچی هیچێک لە نێوانماندا ڕووی نەدا، نە قسەیەکمان پێکەوە کرد، نە دەرچوونێکمان لەگەڵ یەکتر هەبوو.

کاتێک هەواڵی دیاریکردن و گواستنەوەیم پێ گەییشت، یەک مانگی ڕەبەق نەخۆش کەوتم و لەسەر جێگا کەوتم. وەختێک هێزم وەبەر هات و  توانیم هەستمەوە سەر پێ، هەوڵمدا هەرچی خەمم هەن، نغرۆی ئاوازی مۆسیقا بکەم. ڕۆییشتم لە پەیمانگەیەکی مۆسیقا خۆم فێری ژەنینی کەمانچە بکەم، تا کاتی دەسبەتاڵیم خۆمی پێوە خەریک بکەم. بەڵامەکی لە نیوەی ڕێگادا وازم دا و، لە خوێندنی ئاوازەکان بێزار بووم. ئیدی وەکوو هەر کەسێکی بینەر و بیسەر ئەو پەیمانگایە ڕازی بووم و لێی دانیشتم.

خوێندنی زانستگەم تەواو کرد و وەکوو فەرمانبەرێک دەستم بە کار کرد. باوکیشم ئامۆزایەکی خۆمی بۆ مارە کردم.

ناتوانم بڵێم هاوسەرەکەم خۆش دەوێت، هاوکات ناڵێم ڕقم لێیەتی. بەڵام هەمیشە بە دوای دۆزینەوەی هەڵەیەکدام. هەندێک جار لەسەر شتێکی زۆر بچووک بە توندى هەڵ دەچم، یاخود بۆ دەرخستنی دەسەڵاتی خۆم لەسەر قسەیەک زۆر داکۆکی دەکەم و سوورم لەسەر کردنی، لە کاتێکدا هیچێکی وەها گرینگ نییە. یان لەبەر خۆمەوە شتێکم وتووە، هێندە بیرم لێ کردووەتەوە و ئەوەندە گەورەم کردووە لەسەر خۆم، دەروونی پڕ لە خەم دەکردم، دەڕۆییشتمە ژوورەکەم و دەرگام لەسەر خۆم دادەخست. هەندێک جار بەدیار ئەم خەمە دروستکراوەی خۆمەوە تێر دەگریام.

ئێستا وەکوو ژمێریار لە دروستکردنی هێڵی ئاسنین کار دەکەم. نیوەی ڕۆژەکانم لەنێو خەمڵاندنی ژمارە و مژووڵ بوون بە دەفتەری ژماردنەوە بەسەر دەبەم. ئەم ژیانە وشکەیش وردە وردە خەریکە کاریگەریی خراپی لەسەر مێشک و دەروونم دەبێت. وەختە وشکایی نێو دەفتەری ژمارەکانم، ژیانی ڕۆژانەیشم وشکهەڵگەڕێنێت. کانیی هەست و سۆزم بەیەکجاری وشک بوون. هەموو دنیا لە بەرچاوم بووە بە ئاڵوگۆڕکردنی بەرژەوەندی. هەرچی ئاواتی دێرینم هەبوون، هەموو مردن، گشت شیعرەکانیشم لە گۆڕ نران.

هەندێک جار بە داخ و کەسەرێکەوە لە خۆم دەپرسم: ئاخۆ دەگونجێت پیشەیەک وەها کارێک بەسەر خاوەنەکەیدا بهێنێت؟

بۆچی من هێندە دڵتەنگم؟ چ کارێک بکەم تا ڕزگارم بێت؟

                              ٭      ٭      ٭

وەها پرسیارێک جێگای پێکەنینە. ئەگەر وا بێت دەگونجێت قەسابێکیش هەموو دنیا وەکوو بەرخێک ببینێت، هەر بۆ چێژ، خۆی لە بیر بکا و ملی کەسێک بقرتێنێت. دوای ئەوسا بڵێت: من کەسێکی خەمبارم. چ کارێک بکەم، باشە دەگونجێت پیشەکەم هێندە بارگرانیم بەسەردا بهێنێت؟

هیچ پیشەیەک هەست و سۆز لەناو نابەن، ئاخر شاعیرانی تاراوگە خودان ناسکترین هەست بوون، لە کاتێکدا هەموویان بازرگان بوون.

 نە پیشەکەت کێشەت بووە، نە خێزانت و نە خۆشەویستیت، بەڵکە کێشەی تۆ ئاواتەکانت بوون.

هەر لە منداڵیییەوە وات دەخواست ببیت بە کەسێکی گرینگ. هونەرمەندێک یا داهێنەر یا هەرچییەکی تر، بەس کەسێکی خودان ناووناوبانگ بیت.

بەڵام نەتتوانی ئەم ئاواتەت بکەیت بە ڕاستی و ناچار لە خەیاڵی خۆتدا وەها ژیانێکت بۆ خۆت چێ کردووە.

چیرۆکی خۆشەویستیت هەموو خەیاڵ بوون و خۆت لە یەک لایەنەوە دروستت کرد، بەرگێکی پڕ لە ئازار و خەمیشت لەبەری کردووە. بە گڕوتینی هونەرمەندێکەوە دەستت بە فێربوونی مۆسیقا کرد و بە خەیاڵی تەماشاکەرێک وازت لێ دا و بە تەنها گوێگرتنت پێ بەس بوو. دوای هەموو ئەمانە دەبوو لە خەیاڵی خۆتدا تەختێکی پاشایەتی بۆ خۆت چێ بکەیت، تا لەوێدا هەندێک لە ئاواتەکانت بەدی بهێنیت. بۆیە لە ماڵیشدا بە دووی کێشەوە بوویت، تا ئاژاوەیەک دروست بکەیت و فرمان دەربکەیت، تا دادگاییان بکەیت و دەسەڵاتی خۆتیان پێشان بدەیت.

لە کۆتاییشدا بەهانەیەکت بۆ خۆت دروست کرد تاوەکوو گشت کەوتنێکتی بدەیتە پاڵ. ئەو پیشە وشکەی گشت هەستوسۆزی لێ سەندیتەوە و، هەموو شیعرەکانتی لە گۆڕ نا، بوو بە بەهانەی تۆ.

ئەم چیرۆکەت ئەکتەری شانۆگەرییەکی ئەپسنم وەبیر دێنێتەوە، ئەویش وای ئاوات دەخواست ببێت بە ڕاوچییەکی لێهاتووی شێر و پڵنگ. بەڵام لە کۆتاییدا بوو بە پیاوێکی هەمیشە مەست و بێ ئاگا. مراویی بەخێو دەکرد، تا گەورە دەبوون و دوای ئەوسا بە تاپڕەکەیەوە دەچوو ڕاوی دەکردن.

 تاکە چارە بۆ ئەم دۆخەی تۆ، ڕووبەڕووبوونەوەی ژیان و چاوکرانەوەتە بەڕووى دنیادا.


تاگەکان    
ژیانی پێغەمبەر فێمینیزم فەلەستین ڕانانی کتێبب نائومێدی سیاسەت چیرۆک کونە ڕەشەکان گۆرانی كتێب تەکنۆلۆژیا ژن ڕۆژاوا نەتەوایەتی هاوڕەگەزخوازی
ئەدەب
2018-05-29 کۆمێنت 8799 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی