زەمانی کاتژمێری و زەمانی واقیعی

فیکر 2018-06-01 کۆمێنت 1973 جار بینراوە

ئیدریس لاهووت

لێرەدا پێناسەیەکی زەمەن پێویستە.

زەمان: بریتییه لە سات، بەڵام ئەگەر بمانەوێت سات ڕاڤە بکەین ئەوە ناچارین بکەوینە داوی بازنە و دەوری لۆژیکییەوە، بەڵام ئەم دەورە سووڕانەوەیەکی بۆش نییە و خولانەوەیەکی پێویستە، ڕەواڵی ئەوهایە. واتە زەمەن ساتە و سات جوڵەی زەمەن.

لە ڕاستیدا ئێمە دوو زەمانمان هەیە؛ یەکێک زەمانی کاتژمێری و یەکێکیش زەمانی واقیعی (ڕیاڵی، هەقیقی). بە چەند خاڵێک جیاوازییەکانیان دەخەمە ڕوو:

* زەمانی کاتژمێری بوونێکی هەیە لە زەینی ئێمەدا و ئێمە دروستمان کردووە، بەڵام زەمانی واقیعی بوونی دەرەکیی هەیە و ئێمە دروستمان نەکردووە.

* زەمانی کاتژمێری بوونی «ئیعتباریی» هەیە، واتە ئێمە دامان ناوە کە ئەوەندە سەعات بۆ ئەوەندە مەودا بێت، کە لێرەدا زەمانی کاتژمێری بۆ ڕێکخستنی زەمانی واقعییە. بۆیە دێین زەمەنێک دیاری دەکەین بۆ پێوانی ڕێگەی نێوان دوو شار، لێرەدا کاتژمێر لە حەقیقەتدا بەشکردنێکی زەمانی واقعییە نەک هیچی دی.

* زەمانی واقیعی زەمانی کاتژمێری تێک و، بگرە قووت دەدات، چونکە لە زەمەنی واقیعیدا زەمەن بەش ناکرێت، حزووری زەمانی واقیعی بە شێوەیەکی ئیشراقی دەلکێت بە وجوودی مرۆڤەوە. بۆ وێنە لە زەمەنی واقیعیدا بڕێک جار دوو سەعاتت بە دە کاتژمێر لێ دەڕوات، بڕێ جاریش شەش ساڵ بە شەش هەفتە، ڕەنگە کەمتریش، بۆ وێنە نازانی چۆن منداڵەکەت بەو خێراییە گەشتۆتە شەش ساڵ کە لە هەستی تۆدا ماوەیەکى زۆر کەمە هاتووەتە دونیاوە.

ئەم دەربڕینانە هەموویان هی کات و زەمانی واقعین:

هەمووی دوێنێ بوو یەکمان ناسی!

سێ ڕۆژ نابێت پێکەوە بووین!

هەر ئا ئێستەبوو پێکەوە بووین، کوێڕا!

ئای بیست ساڵ چەند زوو تێپەڕی... هتد.

* ئەگەر کات بە زەمانی کاتژمێرییەوە بلکێنین و لەسەری ڕاوەستین بە یەکجاری کات دەمرێت، بەڵام کاتێک لە دەرەوەی کاتژمێر مامەڵە لە گەڵ کاتدا بکەین کات زیندوویەتی وەردەگرێت، بەڵام لەبەر پێویستی و کۆتبوونی مرۆڤ ناچاره کات بەش کات.

* کەواتە زەمانی کاتژمێری کاتێکی مردووە و درۆزنە، بەڵام هەرچی زەمانی واقیعییە زەمانی هەقیقی و بێ دەغەڵە. لە زەمانی واقیعیدا مرۆڤ بەر بوونی هەقیقیی خۆی دەکەوێت.

* زەمانی کاتژمێری داهێنانی زانستیی مرۆیى و گەشەی مرۆڤایەتییە، لێ زەمانی هەقیقی ئیبداعی بەشەر نییە، بۆیه لە زەمانی کاتژمێریدا مرۆ هەست بە قەید و بەستنەوە و لە کۆتاییشدا ئازاری کات زیاتر دەکات، ئەمە و لەکاتێکدا لە زەمانی واقیعیدا مرۆڤ ڕەهایە.

* لە زەمەنی کاتژمێریدا چێژ و ئازار سنوور وەر دەگرن، بەڵام لە زەمەنی واقعیدا چێژ و ئازار ڕەها دەبن. زەمەن لەوێدا دەگوشرێت و دەکرێتەوە، دەبەسترێت و ئاوەڵا دەبێتەوە. قەبز و بەست (قبض و بسط)ى سۆفییانی زوو تایبەتە بە زەمەنی واقیعی نەک زەمەنی کاتژمێری. مەولانا دەڵێت زەمانی وەسڵت ساڵێکی ساتێکە و زەمانی فیراقت ساتێکی ساڵێکە.

* لە زەمەنی کاتژمێریدا تواناکانی مرۆڤ دەپووکێنەوە، لەوێدا تواناکان هێند سنووردار دەبن تۆ تێیدا دەمریت، بەڵام لە زەمەنی واقعیدا کات ئازادە و تواناکانی مرۆڤ دەستیان دەکرێتەوە. بهێنە پێش چاوت دوو سەعات لە گژ فیتپەمپی ماشێنەکەتیت، یان دوو سەعاتە دەتەوێت غەزەلێک بنووسیت، لێرەدا و لەم ماوەیەدا چەند جار زەنگی کاتژمێرەکەت موزاحیم دەبێت! یان دایکت، باوکت، هاوسەرەکەت چەندجار بە ئاماژە بە کاتژمێر هۆشیاریت دەدەنێ، هەر بۆیە لە ڕاستیدا لە زەمانی واقعیدا لە قەید و کۆت دەپچڕێین.

* لە زەمەنی واقعیدا... ئیدی بەسە کاتتان ناگرم. به هیوای کاتێکی شاد.


تاگەکان    
نوێژ تەوبە دیمانە هاوڕەگەزخوازی گفتوگۆ کۆیلایەتی دەروونی فەلسەفەی ئەخلاق یادەوەری بووژانەوە حەوتەمین کۆڕبەندی هاوسانی قودس گەڕان ئیلحاد چیرۆک
فیکر
2018-06-01 کۆمێنت 1973 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی