باوکە... من ڕقم لێتە!

ئەدەب 2018-06-06 کۆمێنت 3944 جار بینراوە

ڕه‌جا نه‌قاش
له‌ عه‌ره‌بییه‌وه‌: په‌روانه‌ موحه‌ممه‌د


بە دەنگێکی نزم دەستی بە گریان کرد، دواتر وردەوردە دەنگی هەڵبڕی تا هەموو لایەکی ژوورەکەی گرتەوە و گریانەکەی بووە هاوار و لوورەلوور. ئەو منداڵە هەر بە فرمێسکەکانی و دەنگه بەرزەکەی وازی‌نەهێنا، بەڵکو بە پێ کەوتە لێدانی زەویی ژوورەکە و، بە مشتی دەستە ناسکە بچووکەکەی دەیکێشا بە دیوارەکەدا. لە ژوورەکەدا دایک و باوکی لێ بوون، کە خەریکبوو خەویان لێدەکەوت، شەویش سێیەکی خۆی تێپەڕاندبوو و ئەو کاتە پێشهاتبوو کە باوکەکە ڕاهاتبوو تێیدا بخەوێ. ئەم باوکە یەکێک بوو لەو جۆرە پیاوانەی کە ویستی خۆیان بەسەر ئەندامانی خێزانەکەیاندا دەسەپێنن، کەسایەتیی بەهێز بوو و قسەی خۆی بڕاوە بوو، حەزی بە ناڕەزایی ئەوانی تر نەبوو و قبووڵی نەدەکرد، ڕەفتارەکانیشی جێگیر و نەگۆڕ بوون و هەمووان ئەبوو قبووڵی بکەن و هەوڵبدەن لەگەڵی بگونجێن. دایکەکە بە پێچەوانەی ئەوەوە، نەرم‌ونیان و بەسۆز بوو، گوێڕایەڵی مێردەکەی بوو، هیچ‌کات دژایەتیی نەدەکرد، کاتێک باوکەکە دوور دەبوو لە ماڵ، نازی بە منداڵەکانی دەدا و زۆر یاریی لەگەڵ دەکردن، بەڵام لە حزووری بابدا، جگە لەوەی کە ئەو دەیڵێت قسەیەک نەدەکرا، هیچ دەنگێک لە دەنگی ئەو بەرزتر نەدەبوو، دایکەکە کەسایەتیی خۆی لەبیردەکرد بۆ ئەوەی گوێڕایەڵی ئەو باوکە بێت و فەرمانەکانی جێبەجێ بکات .

گریانی منداڵەکە زۆر بوو، باوکەکە هەستا بۆ لای و بە توندی و ڕەقییەوە لێی پرسی :

-چیت دەوێ؟

-هیچ ....

-کەواتە بۆچی دەگرییت؟

-دەمەوێ ئاو بخۆمەوە .

باوکەکە کووپێ ئاوی پێدا، وەلێ منداڵەکە هەر لە گریان نەوەستا. باوکی بردی و لەسەر جێگەکەی داینا، بە وشەگەلێکی ڕەق داوای لێ کرد کە بخەوێ، بەڵام منداڵەکە لە گریان و هاوارکردنی بەردەوام بوو، باوکەکە گەڕایەوە لای و ئەم جارە قسەی لەگەڵ نەکرد، بەڵکو لە جێگەکەی دەریکرد و هەڵیگرت بردی بۆ باڵکۆنەکە و ماوەیەک لەوێ جێیهێشت کە تەنها جلێکی تەنکی لەبەردا بوو و دەرگای باڵکۆنەکەی داخست، ئەو منداڵەی لەنێو ترس و تاریکی و هەستی پڕ لە دڵڕەقیدا جێهێشت. دایکەکە هەڵوێستێکی نەرێنیی هەبوو، نە بەرهەڵستیی کرد و نە بەرگری، نەشیتوانی ئەو منداڵە لە دەستی باوکی دەربێنێ، بەڵکو هەر بیریشی لەوە نەدەکردەوە کە تووڕەیی خۆی بەرامبەر ئەو ڕەفتارەی باوکەکە دەربڕێت .

دەروونی منداڵەکە پڕبوو لە ترس، وازی لە گریان هێنا، لە تاریکیی باڵکۆنەکەدا بە سەرسامی ماوەیەک وەستا کە ڕەنگە ئەو ماوەیە کورتیش بووبێ، وەلێ بۆ ئەو درێژ و دژوار بوو .

منداڵەکە گەورە بوو و بوو بە گەنجێکی ناسراو بە کەسایەتیی تایبەتی خۆی و حەز و ئارەزووە جیاوازەکانی، ناوی (فرانز کافکا) بوو. لە دواییدا (ٚفرانز) بوو بە ئەدیب و نووسەرێکی گەورە، دوای ئەوە ڕووداوەکان بەسەریدا ئاوەژوو بوونەوە، ڕۆژگار بۆ قۆناغێکی نوێی تەمەنی برد، جیا لە قۆناغی منداڵی، وەلێ هەرگیز ئەو ڕووداوەی لەبیرنەکرد کە لە منداڵیدا بەسەری هاتبوو .

ڕەنگە گەر ئەم ڕووداوە بۆ منداڵێکی تر و لە باوکێکی ترەوە ڕوویدابا، ڕۆژگار توانیبای بیسڕێتەوە و بیکاتە یادگارییەکی پێکەنیناوی لە یادگارییەکانی سەرەتای ئاگایی بە ژیان .

وەلێ ئەو ڕووداوە بچووکە نیشانەی هەڵسوکەوت و کەسایەتیی گشتیی ئەو باوکە بوو. جا ئەم باوکە هەر نەگۆڕا، هەرچەند منداڵەکانی گۆڕان و تەمەنیان تێپەڕی و گەشتنە قۆناغی خودئاگایی سەربەخۆ، کەچی ئەو هێشتا هەمان هەڵسوکەوتی جێبەجێدەکرد و بە هەمان ڕەفتاری ڕەق و توند لەگەڵ منداڵەکانی و لە سەروویانەوە (فرانز) دەجووڵایەوە، بەو ڕەفتارەی کە نەرمی و سۆزی نەدەناسی و نیشانەی کەسایەتییەکی متمانەبەخۆبوو بوو، بە جۆرێک کە ئەو متمانەیە دەرگای بڕوابوون بە کەسانی تری لێ داخستبوو، جا لە دیدی ئەم باوکەوە کەسێک نەبوو جگە لە خۆی کە بە ڕاستی و دروستی پەی بە کاروبارەکان ببات و، هەڵسوکەوتی دروست جگە لە هەڵسوکەوتی خۆی بوونی نەبوو، ژیانیش بەو جۆرە نەبوو کە منداڵەکانی تێیگەیشتبوون و خۆشیاندەویست، بەڵکو بەو جۆرە بوو کە خۆی تێیگەیشتبوو و هەستی پێ دەکرد !

خۆ ئەگەر یەکێک لە منداڵەکانی لەگەڵی یان لێی جیاواز بوونایە، ئەوە ئەم (جیاوازی)یە جگە لە هەڵە و پێنەزانین و هەستی خراپ هیچی دی نەدەبوو. هۆکارگەلێک پاڵنەری کەسایەتیی باوکەکە بوون، ئەو بازرگانێکی یەهوودی بوو، ژیانی لە نزمییەوە دەستپێکردبوو، پاشان -بە هەوڵ و تێکۆشان و  توندیی لەگەڵ خۆی- بوو بە بازرگانێکی سەرکەوتوو و دەوڵەمەند، ئەو لەش و لارێکی لاوازی نەبوو، بەڵکو جەستەی بەهێز و باڵای بەرز و ناوشانی پان بوو. سەرکەوتنیشی لە ڕووی جەستەییەوە تا بڵێی لە دوورەوە ڕوون بوو، لەم هۆکارانەوە، لە سەروویانەوە دەوڵەمەندی و هێزی جەستە، باوکەکە متمانەیەکی گەورەی بە خۆی پەیداکردبوو، وای لێ هاتبوو لە خۆیدا نموونەیەکی باڵای دەبینی کە دەبوو منداڵەکانی چاوی لێ بکەن .

بە منداڵەکانی دەوت: "ئێوە زیاد لە پێویست ژیانی خۆش دەژین ".

ئینجا بەدوایدا دەیوت: "کاتێک من لە تەمەنی حەوت ساڵاندا بووم، پاڵم بە عەرەبانە بچووکەکەمەوە دەنا و لە گوندێکەوە بۆ گوندێکی دی دەچووم، هەموومان لە یەک ژووردا دەنووستین، کە پەتاتەمان دەستکەوتبا بۆ ئەوەی نانی ئێوارە بخۆین، پڕ دەبووم لە شادی، لە سەختیی سەرمادا جلی دڕاوم لەبەردەکرد، بە جۆرێک ئەو برینانەی تووشی چوارپەلی لەشم بوون، تا چەند ساڵێک ساڕێژنەبوون. کاتێکیش گەشتمە تەمەنی لاوی، پێویست بوو لەسەرم بچم تا لە یەکێک لە دووکانە بازرگانییەکاندا کاربکەم، کەسوکارم هیچ پارەیەکیان پێنەدەدام، بەڵکو من دوای ئەوەی چوومە ناو سوپاوە، ئەوەی پێویستیان بوو بۆم دەناردن، وەلێ کێ لەم ڕۆژگارەدا پەی بەم ڕاستییە دەبات؟ ئایا کوڕانی ئەمڕۆ دەتوانن لەوە تێبگەن؟ "

بەم شێوازە بوو کە (هێرمان کافکا)ی باوک لەگەڵ منداڵەکانی قسەی دەکرد. ئەو سەربەرز بوو بە خۆی و شانازیی بەخۆوە دەکرد، هەستی بە سەرسامی دەکرد بۆ لاوازیی کەسایەتیی منداڵەکانی و نەتواناییان بۆ گەشتن بەو وەپێشچوون و سەرکەوتنەی ئەو لە بواری ژیانی پیشەییدا پێی گەشتبوو .

وەلێ (فرانز)ی کوڕ وەکو ئەدیب و هونەرمەند کەوتە ژیانەوە، پەیوەندیی ئەو بە ئەدەب و هونەرەوە تەنها لە ڕێی خوێندنەوە و نووسینەوە نەبوو، بەڵکو هەستێکی قووڵ بوو کە بەسەر هەموو کەسایەتییدا زاڵ بوو. ئەو هەموو کارەکانی ژیانی بەو هەستدارییەوە کە لە هەمان کاتدا نەرمونیان و ورد و بەئاگا بوو، چارەسەر دەکرد، توانیی بەم ڕێگەیە بگاتە ئاستێکی گەورە و سەرسووڕهێن لە هونەردا، بەوەش ڕۆمان و کورتەچیرۆکەکانی بوونە سەرسووڕهێنترینی ئەوەی دڵی مرۆ لە سەدەی بیستەمدا بەرهەمی هێنابێ، جا هونەری کافکا بوو بە شاهێدێک لە دیارترین شاهێدەکان و ڕاستترینیان لەبارەی ئەو پارچەپارچەبوون و ئازار و نەهامەتییە زۆرانەی مرۆڤی سەردەم دەیچێژێت .

ڕەخنەگرانیش وا لە هونەری کافکا دەڕوانن کە نموونەیەکە بۆ ئەوەی پێی دەوترێت(ئەدەبی ڕەش) واتە ئەدەبی ڕەشبینی و دڵتەنگی، ئەدەبی خەمۆکی و داخ. بەو پێیەی کە خەمەکانی کافکا لە ڕووکەشەوە سەرچاوەیان نەگرتووە و، هەروەک لە ئازارگەلێکی ئاسایی نزیکەوە نەهاتوون و، لە نەتواناییشەوە هەڵنەقوڵاون، بەڵکو خەمگەلێکی قووڵ و بەتوانان، ئەو پەردە فریودەرە دەدڕن کە ژیان لە سەدەی بیستەمدا لەسەر خۆیی دانابوو ، هەر ئەوەندەی هونەرمەندێکی بەتوانا و بەهەست و بەئاگا دەرکەوت، توانیی ئەو پەردەیە بدڕێنێت و توانیی بڵێت: بێگومان ژیانی ئەوروپا لە نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەمدا، ژیانی پارچەپارچەبوونە، تراژیدیایە .

ئەم هونەرمەندە بەئاوەز و بەهەستە، بۆ ساتێکیش خۆی بە وەهم و خەیاڵ فریو نەدا، لەبەر ئەوەش بوو کە لە پرۆژە و پلانەکانی ژیانیدا ڕووبەڕووی شکستی یەک لەدوای یەک بووەتەوە، لە کۆتاییشدا تووشی نەخۆشیی سیل بوو و لە تەمەنی چل و یەک ساڵی و لە ساڵی 1924 کۆچی دوایی کرد .

لە ژیانیدا سێ دۆزی سەرەکی هەبوون، یەکەمیان دۆزی ژیان لە ئەڵمانیا لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا، کە ژیانێکی تاڵ بوو، بەجۆرێک کە کێبەرکێی تاکەکەسی زاڵ بوو بەسەریدا و، لە دڵی خەڵکیدا هیچ جۆرە هاوسۆزی و میهرەبانییەک بەرامبەر یەکتر بوونی نەبوو، خەڵکی وەکو ماسی گەورە بچووکی دەخوارد و بەهێز بەسەر لاوازدا دەهات، سنوورێک نە بۆ دەوڵەمەندی و نە بۆ هەژاری نەبوو، دەتتوانی بە هەر ڕێگەیەک لە ڕێگەکان، کە نیشانەی شەرەفی بەسەرەوە بووایە یان خاڵی بووایە لەو نیشانەیە، ببیتە ملیۆنێر. لەمەشەوە بێگومان جۆرێکی سەختی تاڵی ژیان بەرهەمدێت، جا ناکرێ هەست و سۆزدارییەکی لەڕادەبەدەری بەئاگا و بەئاوەز، بەرامبەر ئەم سەختی و ناخۆشییە و ئەم ململانێیەی کە لە لایەنی هاوتەبا و ساغی مرۆیی خاڵییە، ئاسوودە بێ. ئەمە دۆزی یەکەم  بوو لە ژیانی (کافکا).

لینکى
 بەشى دووەم


تاگەکان    
جنۆکە پارەی ئیلیکترۆنی کتێبی هاوسانی کۆرۆرنا تەلارسازی دیمانە نائومێدی تەنیایی سایکس-بیکۆ خاڵبەندی بۆ ئەوانەی وەكو خۆمن نوێژ بوونەوەری ئاسمانی كتێب گفتوگۆ
ئەدەب
2018-06-06 کۆمێنت 3944 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی