هێشتا پارێز دەکەیت؟

ئەدەب 2018-06-14 کۆمێنت 2911 جار بینراوە

ڕوزبە موعین

بۆ کوردی: یەحیا خەلیل


کە گەنجتر بووم، بۆ ڕاییکردنی خەرج و تێچووی خوێندنم ناچار بووم لە ڕێستۆرانتێک کار بکەم. لەوێ گارسۆن بووم، چێشتخانەکەی ئێمە بە مریشکی سوورەوەکراو بەرزەنێوی ڕۆییشتبوو، هەڵبەت ناکرێ پەتاتەی برژاویشی لەبەرچاو نەگرین، خولاسە مەکۆی کچ و کوڕانی لاو بوو. خاوەنی ڕێستۆرانتەکە کابرایەکی بەویژدان بوو، لەو <سمێڵ>اوییە خۆشانە، زۆر ئاگای لەوانەی ژێردەستی بوو، ئێمە پێمان دەگوت سەرۆک.

ڕۆژێک کە دەمویست خواردنی کڕیارەکان ببەم، سەرۆک منی کێشایە کەنار و گوتی: مێزی ژمارە دوو، ئەو کچە پرچکاڵە، خراپ دێوانەی خۆی کردووم، هەر شتێکی بوێت بۆی جێبەجێ دەکەم.

گوتم، ببینە گەورەم، فرە چاکە، وەلێ وا بیر ناکەمەوە ڕازی ببێت.

 سەرۆک گوتی: ئەو لەگەڵ هاوڕێیانیدا هەموو ڕۆژێک دێن بۆ ئێرە، بۆخۆت دەزانیت کە من شەرمنم، ناوونیشانیم بۆ وەرگرە، قەرەبووی دەکەمەوە.

چەند خولەکێک پاشتر و وەختێک خواردنی ئەو کچانەم لە سەر مێزەکە دادەنا، گوێم لێ بوو لەبارەی ئەوەوە دەدوان کە سمێڵ چەن شتێکی قێزەونە، دواتر من ڕووم کردە کچەی قژکاڵ و گوتم، خواردنی ئێوە لەسەر داوای تایبەتیی سەرۆک دروست کراوە.

کچەیش نیگایەکی بڕییە سەرۆک، کە دەستانی خستبوویە ژێر چەناگەیەوە و تەماشای ئەوی دەکرد.

بە سەرۆکم گوت، کیژە وەک بێژی زۆر خۆشی بە سمێڵدا نایەت، گەورەم دەڵێی، ڕۆییشت بۆ دەستشۆری و بەبێ ئەو سمێڵە فابریکییەی گەڕایەوە.

سبەی کە هەمدیسان خواردنی مێزی ئەوانم برد، بۆنی ئەوەم کرد کە ئەوان فێرخوازی زمانی فەڕەنسایین.

سەرۆکیش بەبێ دواخستن لە خولێکی گوشراوی فێربوونی زمانی فەڕەنساییدا ناوی تۆمار کرد و، دواتریش ئێمە نێوی خواردنگەکەمان بۆ فەڕەنسایی گۆڕی.

وەلێ حەکایەتەکە لێرەدا کۆتایی نەهات، چون کاتێک ڕۆژێک سەرۆک تابلۆی "جیغ"ی بەرهەمی بەناوودەنگی "ئیدوارد مونچ"ی بە دەستی کچەی پرچکاڵەوە‌ دیت، بە خەیاڵیدا هات کە تەواوی دیوارەکانی ڕێستۆرانت بە تابلۆگەلی "ئیدوارد مونچ" بڕازێنێتەوە، گەورەی ئێمە لە سوێڵێکەوە کە تەنیا سوورکردنەوەی مریشکی دەزانی، بۆ ئەویندارێکی تابلۆ گۆڕا، کە هەمیشە دانەـجگەرەیەک بە بناگوێیەوە بوو.

تا ئەوەی ڕۆژێک من لێی ڕۆییشتمە پێشەوە و گوتم خاتوون، گەورەی ئێمە خراپ شەیدای ئێوەیە!

کچە تەنێ سەیرێکی کرد و هیچی نەگوت.

لەو ڕۆژەوە چیتر کچەی قژکاڵ لەتەک هاوڕێکانی بۆ ڕێستۆرانت نەهاتەوە، وەختێک لە دۆستانیەوە ئاگەداری ڕووداوەکە بووم، گوتیان ئەو ڕێجیمی دەست پێ کردووە، منیش زانیم باسەکە لە کوێوە سەرچاوەی گرتووە، بۆ ئەوەی سەرودڵی سەرۆک نەگیرێت، گوتم دەستی بە پارێز کردووە.

 سەرۆکیش ناوی چێشتخانەکەی گۆڕی و لەو ڕۆژەوە تەنیا خواردنی ڕێجیمی لێ چێ دەکرا.

بارودۆخ هەر ئاوەها دەچووە پێشێ، وەلێ من ئیتر خوێندنم تەواو بووبوو و، ئەو شارەم بەجێهێشت.

وەختێک پاشی چەند ساڵێک بۆ ئەوێ گەڕامەوە، بینیم لە جێگەی ئەو خواردنگەیەدا پێشانگەیەکی تابلۆیان داناوە و، لە سەرەوەی بە فەڕەنسایی نووسراوە:

êtes-vous toujours sur l'limentation?

یانێ، هێشتا پارێز دەکەیت؟

تاگەکان    
جەنگی هۆشیاری کونە ڕەشەکان كتێب ئازادی کۆمه‌ڵه‌ بەڵگه‌یه‌ک که‌ له‌ شوێنی خۆیاندا نین تەکنۆلۆژیا کۆرۆرنا یاسا ئەیاد قنێبی سیاسەت نیشتیمان نامە حەمەدۆک وەرزش شەڕ
ئەدەب
2018-06-14 کۆمێنت 2911 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی