وشەیەک لەبارەی ئایین و کەلتوورەوە

فیکر 2018-06-18 کۆمێنت 1479 جار بینراوە

نووسینى: ئیدریس لاهووت

ئیشکردن لەسەر ئایین وەک بابەتێکی مەعریفی دەبێ بە دەست و فیکری پڕەوە بکرێت، هەروەها پێویستە کەلتوور و ئایین تێکەڵ نەکەین، چونکە لە ڕاستیدا لە دەرەوە -بوونی دەرەکی وەک  ئەوەی کە دەبێت خۆی دەرخات ئەوەی لۆژیکییەکان پێی دەڵێن: «مصداق خارجی»- شتێکمان نییه بە ناوی ئایین.

کەواتە ئەوەی کە هەمانە شتێکە لە کەلتووری ئایینی، جا لێرەوە پرسەکە دەست پێ دەکات.

هەر بۆیە هەموو بانگەواز و ڕیکلام و تەرحێک بۆ ئایین لە ڕاستیدا ڕیکلامە بۆ ئایینێکی پێچراو و تەرحی ئاینێکی بارگاوییە، یان کەلتوورێکە لە ژێر هەژموونی جۆرێک لە ئاییندا.

 ئەم حاڵەتە تەنها بۆ ئایینی ئیسلام یان مەزهەبێکی ئیسلامی ڕاست نییه، بەڵکو بۆ ئایینی مەسیحی و یەهوودیش وایە بەبێ جیاوازی.

بەهەشت و دۆزەخ لە ئاییندا باس دەکرێت، بەڵام خوێندنەوە، تەخەییول و تێگەیشتن لەو دەقە بە تەواوی پەیوەندیی بە کەلتوورەوە هەیە و فڕی بەسەر ئایینەوە نییە، ڕەنگە هەر لەبەر ئەمەیش بێت کە هەندێ دەقی ڕاشکاوی ئایینی لە ئایینی ئیسلامدا ئاماژە بەوە دەکەن کە هەموو تەسەورێکی دۆزەخ و بەهەشت تەسەورێکی فەردییە و خودی حەقیقەتەکە نییە، واتە میسداقی خارجییەکەی ئەوە نییە.

جیاکردنەوەی ئایین لە کەلتوور شتێکی مەحاڵ نییە، بەڵام کاری هەموو عەقڵێک نییە و هەر مەغزێک توانای کارێکی ئەوهای نییه، زەینی ئازاد دەتوانێت ئەم کارە بکات.

سەبارەت بە زەینی ئازاد کە ئەویش پرسی زۆر هەڵ دەگرێت ئەوەندەی دیکە بابەتی ئایین یان هەر پرسێکی دی، بۆ وێنە مەعریفە، دەخاتە ژێر پرسیاری دیکەوە.

پێشینان بۆ مەعریفەی دروست «باوەڕی ڕاستی بەڵگەدار»یان کردبووە پێوەر، دوایا لەسەر تەک تەکی ئەم سێکوچکەیە کۆمەڵێک قوتابخانە دروست بوون کە یەک بە یەکی ئەم سێکوچکە زەروورەیان خستە بەر باس و کۆڵینەوە.

ئایین و جیاکردنەوەی ئایین لە توێژ و خەڵتی ئایدۆلۆژیا و کەلتوور کارێکە گەلێ گران. ئەوەی کە ئایین وەک دەقێکی پیرۆز لە خەڵتەی زەمان و مەکان داببڕین ئیشێکە ڕەنگە ئاسۆیەکی زلەی بوێت، یان بە گوتەی هەندێکی دیکە نەکردەنییە. لە ڕابردوو و لە ئێستەشدا هەموو دەزانین کە فەتوای بەغدا بۆنی بەغدای لێ دێت و فەتوای دیمەشق بۆنی دیمەشقی لێ دێت. هەروەها ئەوەیش دەزانین ئایین بە پێی مەکان و زەمان دووچاری لکان و پچڕان، کرانەوە و گوشران دەبێت، لێ ئەوەی گرنگە ئەو پنتە بنەڕەتییەیە لە ئایین کە هەموو جار دەبێت لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە ڕوومان تێ دەکات ئایینی پوخت کامەیە؟ وەکو وەڵام لەسەری ڕاوەستین و مەترەحی بکەینەوە.

تاگەکان    
دەروون زانست تەکنۆلۆژیا چەواشەکاریی_لۆژیکی خوێندنەوە دەروونی سیاسەت شەڕ فەرهەنگ گۆرانی فەلسەفەی ئەخلاق ئیسرائیل ئایا سۆفیا موناجات بۆ ئەوانەی وەكو خۆمن
فیکر
2018-06-18 کۆمێنت 1479 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی