زنجیرەى: بیکە بە یاسا (بەشى چوارەم)

فیکر 2018-06-19 کۆمێنت 1574 جار بینراوە

ئامادەکردنی: د. صلاح راشد

وەرگێڕانی: د. هاوکار عمر

#بیکە_بە_یاسا ٧: ئەوانەی هاوڕاتن یان بۆ ڕق و کینە و ڕەگەزپەرستی هانت دەدەن، ڕۆژێک لێت هەڵدەگەڕێنەوە.

- هەموومان دەکەوینە دۆخێکەوە کە ڕق و کینە و هەستی تۆڵە بەسەرماندا زاڵ دەبێت ، بەڵام ئەگەر وریا نەبیت ئەمە دەبێت بە سیفەتی هەمیشەییت.

- ئەوە بزانە هەموو دەمارگیرییەک، هەموو ڕەگەزپەرستییەک، هەموو ناوچەگەرییەک، هەموو دوژمنایەتییەک دژی مرۆڤدۆستییە.

- دەمارگیری و ڕەگەزپەرستی شەڕ و ئاژاوەیان لێ دەکەوێتەوە، کە ئەنجامەکەی وێرانکارییە بۆ هەموو کۆمەڵگایەک، بەڵام پێکەوە ژیان و یەکترقبووڵکردن ئەنجامەکەیان پەرەسەندنی کۆمەڵگا و پێشکەوتنیەتی، سەیری ئەو وڵاتانە بکە کە ڕەگەزپەرستی تێیاندا زاڵە و بەراوردی بکە بەو وڵاتانەی کە پێکەوەژیان تێیاندا زاڵە و فرە ڕەنگن.

- هەربانگەشەیەک بڵێت تەنیا من ڕاستم و ئەوانی دی هەڵەن، تەنیا من دەچمە بەهەشت و ئەوانی تر بۆ دۆزەخ، تەنیا من نیشتمانپەروەرم و ئەوانی دی خۆفرۆش و نۆکەری بێگانەن، هەربانگەشەیەک ئەم شتە سلبیانەی تێدا بێت لەژێر هەرناوێکدا بێت بانگەشەیەکی دوژمنکارانەیە و لێی دوور بە، چونکە ئەم کەسانە دواتر لەناو خۆیاندا دژی یەکتر دەوەستنەوە.

- هەر کەس لەسەر شتێکی هەڵە پشتگیریی کردیت لەسەر شتێکی ڕاستیش دژت دەوەستێتەوە.

- ئاساییە مرۆڤ سەر بە خێڵێک، عەشیرەتێک، ناوچەیەک یان حیزبێک بێت، بەڵام ئەوەی ئاسایی نییە سڕینەوە و بچووک تەماشاکردنی ئەوانی دیکەیە، ڕق و کینە ئاسایی نییە.

- تەماشای چواردەورت بکە؛ دەبینیت ئەو گرووپانەی لەسەر ڕق و کینە و ڕەگەزپەرستی و دەمارگیری بنیاد نراون لەناو خۆیاندا تووشی شەڕ و ناکۆکی دەبن.

- باشترین نموونە بۆ ئەم بابەتە سەلەفییەکانی کوردستانن، بیری سەلەفی لەسەر ئەوە بنیاد نراوە کە تەنیا ئەو گرووپە ڕاستن و دەچنە بەهەشتەوە، ئەوانی تر گومڕا و سەرلێشێواون، بیرێکی دەمارگیرانەیە، بۆیە دەبینین هەر ئەو کەسانە ئێستا بوون بە چەند گرووپەوە و دژایەتیی یەکتر دەکەن.

ڕاهێنان

- تێبینیی ئەو گرووپانە بکە لە دنیادا کە دەمارگیریان تێدایە، دیقەتیان بدە دواتر لەناو خۆیاندا دەبێت بە ناکۆکی و شەڕیان و دژ بە یەکتر هانی توندوتیژی و کوشتن دەدەن.

- تێبینیی خۆت بکە لە حاڵەتی هەڵچوون و دەمارگیریدا، بزانە کێ پشتگیریی کردوویت لەسەر دەمارگیری، ئەوە کەسێکی دەمارگیرە و زۆر وریای بە.

#بیکە_بە_یاسا: ئەوانەی هاوڕاتن یان بۆ ڕق و کینە و ڕەگەزپەرستی هانت دەدەن ڕۆژێک لێت هەڵدەگەڕێنەوە.


 #بیکە_بە_یاسا ٨: هەرشتێ لە ناخی خۆتدا بوونی نەبێت، لە جیهانی دەرەوەدا هەستی پێ ناکەیت.

- هەست بە هەر شتێک بکەین لە دەوروبەرماندا ئەوە مانای وایە لە ناخماندا بوونی هەیە، ئەمە یاسایەکی گرنگ و قووڵە، لە ناخی خۆتدا، لە جیهانی ناوەوەدا، شتێک بوونی نەبێت لە دەرەوەیش نایبینیت، ئەگەر بوونیشی هەبێت.

- وەک دەڵێن، تێر ئاگای لە برسی نییە.

- زۆر شت هەیە ئێمە درکی پێ ناکەین، چونکە لە جیهانی ناوەوەی خۆماندا کەشفمان نەکردوون، بۆنموونە ئێمە بە ٣ دووری دەبینین (درێژی، پانی و بەرزی) بەڵام هەندێ گیانلەبەر تەنیا بە دوو دووری دەبینن، لەبەر ئەوە ئەو شتەی ئێمە دەیبینین زیاترە لەوەی ئەوان دەیبینن، هەندێ شت لای ئێمە هەیە بەڵام لای ئەوان نییە، چونکە درکی پێ ناکەن.

- ئەگەر ئەم نموونەیە بگوازینەوە بۆ ژیان بەم جۆرەی لێ دێت: ئەگەر کەسێک بەردەوام ڕەخنەی لە کەموکورتییەکان گرت، ئەوە لە ناخی خۆیدا کەموکورتی هەیە بۆیە لەدەرەوە هەستیان پێ دەکات. ئەگەر کەسێک ویستی خەڵکی خۆشبەخت بکات و زۆر پێداگر بوو لەوەی کە دەبێت خەڵک چاک بکات، ئەوە بەدڵنیاییەوە لە ناخی خۆیدا پێویستی بە خۆشبەختی و چاکبوونە.

- ئامۆژگاری ئاساییە و هەموو کەس پێویستی بە ئامۆژگاری هەیە، بەڵام پێداگریکردن لەسەر چاککردنی خەڵکی، پێداگریی گۆڕینی هەڵەکانی خەڵکی و زۆر ڕەخنەگرتن لە شتەکان مانای بوونی کێشەی ناوەکییە، چونکە ئەگەر لە ناخەوە ئەو کێشەیە نەبێت ئەوە لە دەرەوەیش هەستی پێ ناکەیت.

- ئەگەر تۆ نابینا نەبیت، هەست بە نابینا ناکەیت، ئەگەر هەستت بە شتێک کرد لە جیهانی دەرەوەدا، بزانە لە ناخی خۆتتدا هەیە و چاکی بکە.

ڕاهێنان

لەگەڵ خۆتدا دابنیشە و تێبینیی ئەم شتانە بکە:

١- ئایا تۆ زۆر حوکم بەسەر خەڵکدا دەدەیت لەسەر ڕەفتار، گوفتار، شێوە و ستایل یان هەرشتێکی تر؟ ئایا تۆ زۆر وردیت بۆ کەموکورتییەکان و هەستیان پێ دەکەیت؟ یان دەچیتە شوێنێک وەک باخچەیەک لەجیاتیی هەموو جوانییەکان خێرا هەست بە کەموکورتی و خەلەلەکانی دەکەیت؟! ئەگەر بەڵێ، ئەوە مانای وایە لە ناخی خۆتدا ئەو کەموکورتییانەت هەیە، لە خۆتدا چاکیان بکە و واز لە خەڵکی بهێنە.

٢- ئامۆژگاریی خەڵکی بکە، بەڵام پێداگری مەکە، چونکە کەسانێک هەن نایانەوێت خۆشبەخت ببن، ئەوە هەڵبژاردنی خۆیانە، تۆ بڕیار بدە خۆشبەخت بیت و ڕێگای خۆشبەختی بگرە بەر، کە سەرەتاکەی لە ناخی خۆتەوە دەست پێ دەکات.

#بیکە_بە_یاسا: هەر شتێ لە ناخی خۆتدا بوونی نەبێت لە جیهانی دەرەوەدا هەستی پێ ناکەیت.

​لینکى بەشەکانى تر
بەشى یەکەم
بەشى دووەم
بەشى سێیەم


تاگەکان    
لۆجیک چیرۆک وەلی ئەمر حەمەدۆک قەدەر کتێبی هاوسانی نیشتیمان ئیلحاد تەکنۆلۆژیا دوعا تەلارسازی عیرفان ئەیاد قنێبی بووژانەوە بۆ ئەوانەی وەكو خۆمن
فیکر
2018-06-19 کۆمێنت 1574 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی