پێشكه‌ش:
ئافره‌ت نه‌بێت پیاو یان نابێت یان ئه‌گه‌ر هه‌یشبێت نوقسانه.. وه‌رگێڕانی ئه‌م كتێبه ته‌نها به ئافره‌ت پێشكه‌شه:
_ به مژده.. خوشكێك به وێنه‌ی فریشته، بڕوا بكه‌ن قه‌ت خوشكی وا بۆ هیچ كه‌سێ په‌یدا نابێ، له‌وه‌ته‌ی من به بیرم بێ، ئه‌و كتێب‌و وه‌ره‌قه‌ی داپشكاوی من كۆده‌كاته‌وه‌و هه‌ڵده‌گرێ، به‌بێ ئه‌وه‌ی چاوه‌ڕوانی سوپاسێ بێ. له خوا ده‌خوازم پڕ به‌دڵ، به باڵی فریشته‌یه‌كدا، مژده‌یه‌كی بۆ بنێرێ خونچه‌ی دڵی بكاته‌وه.
_ به هاوژین.. ئه‌و به‌ڕاستی هاوڕێ‌و هاوسه‌ر‌و هاوژینه. ئای چه‌ند شه‌وان تا به‌یانی نه‌خه‌وتووم‌و ئه‌ویش ئێشكمی گرتووه. هه‌رچی بابه‌تێك ده‌نووسم به‌ر له هه‌ركه‌س ئه‌و ده‌یبینێ. وشه‌یه‌كم لـێ گیر ده‌بێ، هه‌ر ده‌ستبه‌جێ ده‌سته‌ودامانی ئه‌و ده‌بم یارمه‌تیمدا. هه‌ر وه‌ختێكیش له نووسینێك ده‌بمه‌وه، ئه‌و له من دڵخۆشتر ده‌بێ. خوا هاوسه‌ری وا نه‌بڕێ..
_ به بارین.. كچێك هێشتا نه ڕێده‌كا‌و نه ده‌په‌یڤێ، كه‌چی به‌ناو دڵما ده‌فڕێ، هه‌رچی بوێت به بزه‌یه‌ك پێمی ده‌ڵـێ. به ته‌واوی دڵنیا نیم په‌پووله‌یه یان مرۆڤه. خودایه بیكه‌یته مایه‌ی دابارینی سۆز‌و ئه‌وین..
پێشه‌كیی وه‌رگێڕ
" تۆ دنیایه‌ك كارت بۆ دونیا كردووه، ده وه‌ره ئه‌م كتێبه‌یش وه‌ربگێڕه، با ببێته توێشوویه‌ك بۆ پاشه‌ڕۆژت". به‌م قسانه مامۆستا قانع به سوعبه‌ته‌وه پێشنیاری به كوردییكردنی (ثقافة الداعیة)ی بۆ كردم .
دانی پێدا ده‌نێم هه‌ر كات به مه‌به‌ستی ته‌رجومه‌كردنی ده‌قێك، بابه‌تێك، نووسینێك ده‌ست ده‌ده‌مه قه‌ڵه‌م، ترسێك سه‌راپام داده‌گرێت. منداڵبووم له (وته‌كانی ژیان)1 دا وته‌یه‌كم خوێنده‌وه، نازانم وتیاره‌كه‌ی كێیه، ده‌ڵێت: (وه‌رگێڕ ناپاكه). هه‌رچه‌ند ئه‌و وه‌خت نه به‌باشی ده‌مزانی وه‌رگێڕ چییه‌و نه له واتای ناپاكیش به ته‌واوی تێده‌گه‌یشتم، كه‌چی نازانم چۆن‌و؟ بۆ؟ تا ئێشتاش ئه‌و قسه‌یه‌م له گوێدا هه‌ر ده‌زرنگێته‌وه..
ئاخر وه‌ختێ وه‌ك نووسه‌رێك خامه هه‌ڵده‌گریت، ئازادیت چی ده‌نووسیت‌و چۆن ده‌نووسیت، لـێ كه ده‌قێك وه‌رده‌گێڕیت سه‌ربه‌ستیی خۆت له‌ده‌ستده‌ده‌یت، ڕووبه‌ڕووی ئه‌ركێكی ئێجگار قورس ده‌بیته‌وه، پێویسته دڵنیا بیت له‌وه‌ی ئه‌و ده‌قه‌و نووسه‌ره‌كه‌ی له‌به‌رچاو خوێنه‌ری ئه‌و زمانه‌ی بۆی وه‌رده‌گێڕیت ناشیرین ناكه‌یت. وه‌رگێڕ وه‌كیلی نووسه‌ره، وه‌رگێڕان (یاریكردنه به ئاگر)، كێ له وڵاتانی ده‌ره‌وه‌ی ڕووسیادا زمانی ڕووسی ده‌زانێت؟ ئه‌ی چه‌ند كه‌س له دونیادا دستۆیفسكی ده‌ناسێت‌و خوێندوویه‌تیه‌وه؟ بێگومان زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی له ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌كه‌ی خۆیدا خوێندوویانه‌ته‌وه، له ڕێگه‌ی زمانی دووه‌م یان سێیه‌مه‌وه، واته به وه‌رگێڕدراوی خوێندوویانه‌ته‌وه. ئێمه ئه‌و دستۆیفسكییه ده‌ناسین كه ده‌یخوێنینه‌وه. وا دابنێ نووسه‌ر قسه‌یه‌كی نه‌كردبێت‌و وه‌رگێڕه‌كه‌ی بۆی زیادكردبێت، تۆی خوێنه‌ر له سه‌ر نووسه‌ره‌كه‌ی حیساب ناكه‌ی؟ به‌نیسبه‌ت هه‌ڵه‌ی زمانه‌وانی‌و واتاییشه‌وه هه‌ر وایه. وه‌رگێڕ هه‌ر هه‌ڵه‌یه‌ك بكات خوێنه‌ر به هی نووسه‌ری ده‌زانێت. جا به‌دبه‌خت ئه‌و نووسه‌ره باشه‌ی تووشی وه‌رگێڕێكی خراپ ده‌بێت!
زۆرم به‌لاوه سه‌یره ده‌بینم ئه‌و هه‌مووه كتێبه له زمانانی بێگانه‌وه ده‌كرێنه كوردی، كه‌چی كتێبخانه‌ی كوردی هه‌ر هه‌ژاره، هه‌میشه به خۆم ده‌ڵێم باشه ئێمه كه ئه‌م گشت وه‌رگێڕه باشانه‌مان هه‌یه، بۆ تا بێت حاڵی زمانی كوردی په‌رپووتتر ده‌بێت؟!
بۆ وه‌رگێڕ ئه‌وه به‌س نییه ته‌نها زمانێكی بێگانه بزانێت، سه‌رباری بوونی سه‌لیقه‌و شاره‌زایی له هونه‌ری وه‌رگێڕاندا، پێویسته به باشی زمانی دایك بزانێت‌و به‌سه‌ریدا زاڵ‌بێت. پێتان سه‌یر نه‌بێت زۆرێك له‌و كتێبانه‌ی ڕۆژانه ده‌كه‌ونه بازاڕه‌وه‌و ناوی وه‌رگێڕان له‌سه‌ر به‌رگه‌كه‌یان ده‌بینرێت، (وه‌رگێڕ!)ه‌كانیان كوردی نازانن، هه‌ر هیچ نایزانن! له تۆ ده‌پرسم: ئه‌رێ ده‌كرێت نووسینی نووسه‌رێكی گه‌وره‌ی جیهانی به كوردی بخوێنیته‌وه‌و چێژی لێنه‌بینیت؟ ساتیری ساتیرنووسێكی به‌ناوبانگ بخوێنیته‌وه‌و بزه‌ت نه‌كه‌وێته سه‌ر لێوان؟ كه‌واته هه‌ڵه‌كه له‌و كه‌سه‌وه‌یه كردوویه‌تی به كوردی، ئه‌وه بووه‌ته مایه‌ی ناشرینكردنی ئه‌و نووسه‌رانه‌و شێواندانی به‌رهه‌مه‌كانیان، كه‌چی ناوی خۆیشی ده‌نێت (وه‌رگێڕ!)، وه‌رگێڕانی ناشیرین له دزی خراپتره، دزیی ئه‌ده‌بی لێسه‌ندنی ڕه‌نجی نووسه‌رێكه، وه‌لـێ وه‌رگێڕانی به‌رباد حه‌یابردنی نویسیاره‌كه‌یه‌تی..
وه‌ختێ داوام لێكرا ئه‌م كتێبه بكه‌مه كوردی، به ئاسانی نه‌چوومه ژێر بار، دوای ماوه‌یه‌كیش له بیركردنه‌وه هه‌ر دوودڵ بووم، ئه‌مه‌یش بێ هۆ نه‌بوو، سه‌رباری سه‌رقاڵیی زۆرم به ده‌وام‌و كاری ڕۆتینی ڕۆژانه‌وه، چوار پێنج كتێبی ترم به نیوه وه‌رگێڕاوه‌و ده‌ستم لێهه‌ڵگرتوون، چاوه‌ڕێی ئاوڕلێدانه‌وه‌ن. چه‌ندین نووسینی ترم هه‌ن ته‌نیا كۆكردنه‌وه‌و ده‌ستپێداهێنانێكیان ده‌وێت، ئه‌وانیش له‌ولاوه كه‌وتوون. هه‌روه‌ها بڕیارم دابوو دوای ئه‌وه‌ی ئه‌و نووسینانه‌ی له‌وه‌و پێش وه‌رمگێڕابوون ته‌واوكه‌م، چیتر به‌لای وه‌رگێڕاندا نه‌چم‌و ده‌ستبكه‌م به هه‌ندێ ڵێكۆڵینه‌وه له‌وانه‌ی له زووه‌وه خه‌یاڵمیان به خۆیانه‌وه خه‌ریكاندووه. به‌ده‌ر له‌وانه‌یش من خۆم باش ده‌ناسم، ده‌مزانی ئه‌م كاره‌یشم وه‌ك ئه‌وانه‌ی تر درێژه ده‌كێشێت‌و ڕه‌نگه چه‌ند ساڵێكی تریش ته‌واو نه‌بێت، هه‌م له‌به‌ر سه‌رقاڵیم، هه‌م له‌به‌ر كه‌مته‌رخه‌میم‌و هه‌میش له‌به‌ر وه‌سواسیم له كاری نووسین‌و هه‌ڵه‌چنكردندا، كه‌چی سوپاس بۆ خوا پێشی هه‌موو نووسینه‌كانی تر كه‌وت. سوپاس بۆ هه‌موو ئه‌و دۆستانه‌ی به‌رده‌وام هانیانده‌دام‌و په‌له‌په‌لیان پێ ده‌كردم، به تایبه‌تی شێخ حوسێن .
له ڕه‌مه‌زانی پاردا(مانگی ئابی 2009) ده‌ستمپێكرد، وا ئه‌م ڕه‌مه‌زانه(ئابی 2010) ئاماده‌یه بۆ چاپ. به‌ڕاستی ئه‌گه‌ر داوا‌و هاندانی براده‌رانی پرۆژه‌ی بیری میانڕه‌و نه‌بوایه، وه‌رگێڕانی كتێبێكی وا له به‌رنامه‌مدا نه هه‌بوو و نه بیریشم به لایدا ده‌چوو، نه‌ك له‌به‌ر ئه‌وه‌ی شتێكی خراپه، به‌ڵكو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سه‌رقاڵی خوێندنه‌وه‌و كاركردنم له كایه‌و بوارێكی تردا‌و ماوه‌یه‌كی زۆره له‌و ته‌رزه نووسینانه دووركه‌وتوومه‌ته‌وه .
نزیكه‌ی ده دوانزه ساڵێك له‌وه‌وبه‌ر (ثقافة الداعیة)م خوێندبووه‌وه، كاتی خۆی چێژێكی زۆرم لێی بینی. ڕاستت بوێت زانایه‌كی پایه‌به‌رزی وه‌ك شێخ قه‌ره‌زاوی پێویستی به‌وه نییه من بیناسێنم، له‌وه ده‌رچووه موحتاجی په‌سن‌و پیاهه‌ڵدان بێت، ئه‌و دیارده‌یه‌كی ده‌گمه‌نه هه‌م له ڕووی چه‌ندێتی نووسین‌و هه‌م له ڕووی چۆنێتی نووسینیشه‌وه. وه‌لـێ ڕاستییه‌ك هه‌یه ناتوانم بیشارمه‌وه، ڕه‌نگه له سه‌ر هه‌ندێ چه‌مك‌و پێناسه له‌گه‌ڵ شێخ یوسف‌دا ڕێكنه‌كه‌وم‌و به جۆرێكی تر لێكیانبده‌مه‌وه، له‌وانه‌یش چه‌مكی بانگه‌واز.
ئه‌گه‌رچی ئه‌م كتێبه ناوی (ڕۆشنبیریی بانگخواز)ه، لـێ به بڕوای من هه‌ر مسوڵمانێكی خوێنده‌وار پێویستی به زانیارییه‌كانی نێوی هه‌یه. ئه‌م نووسینه له هه‌شتاكاندا به‌رهه‌م هاتووه، ئه‌و وه‌خت هه‌ندێ چه‌مك زیاتر باوبوون له ئێستا، به‌ڵام ناوه‌ڕۆكی كتێبه‌كه بۆ ئێستا‌و ڕه‌نگه سه‌د ساڵی تریش هه‌ر به تازه‌ییی بمێنێته‌وه.
ئه‌وه‌یش ناشارمه‌وه له‌وانه‌یه له‌گه‌ڵ براده‌رانی پارته ئیسلامییه‌كانیشدا ناكۆكیمان له نێواندا بێت_ناكۆكیی فیكری نه‌ك شه‌خسی _و تێبینیم له‌سه‌ر كار‌و مامه‌ڵه‌و چونێتی بیركردنه‌وه‌یان هه‌بێت‌و له پێناسه‌ی زۆر چه‌مك و بابه‌تدا وێكنه‌یه‌ینه‌وه، وه‌لـێ ئه‌مه مانای وا نییه ده‌ستبه‌رداری ئایین بووبێتم. مرۆڤ هه‌ندێجار له ئه‌نجامی سه‌ختییه‌كانی ڕۆژگارو كێشه‌و گرفته‌كانییه‌وه له به‌جێهێنانی ئه‌ركه ئایینیه‌كاندا تووشی جۆرێك سیستی‌و كه‌مته‌رخه‌می ده‌بێت، وه‌لـێ هه‌روه‌خت ده‌بینێت قه‌ڵه‌مكێشێكی بێباوه‌ڕ، به ئاره‌زووی خۆی گاڵته به خودا‌و پێغه‌مبه‌ر‌و موقه‌دده‌ساتی زیاد له ملیارێك مسوڵمان ده‌كات‌و، ناوی ڕۆشنبیرو ئازادیخوازیش له خۆی ده‌نێت، ئیتر ئاگره‌كه‌وڵ ده‌بێت‌و گڕی باوه‌ڕ له دڵیدا كڵپه ده‌ستێنێت. ئیمان سكڵه، كاتی خۆی هات ته‌نها به فوویه‌ك ده‌بێته‌وه به پشكۆ.. به‌لامه‌وه سه‌یره خه‌ڵكانێكی به قه‌ولی خۆیان (ئاته‌ئیست!) شانازی به بێباوه‌ڕییه‌وه ده‌كه‌ن‌و زۆر به سانایی ده‌ڵین (مولحید)ین، كه‌چی به‌وه‌یشه‌وه ناوه‌ستن، دێن له وڵاتی مسوڵماناندا داوا ده‌كه‌ن ده‌می مسوڵمان دابخرێت‌و قه‌ڵه‌مه‌كه‌ی بشكێنرێت‌و نه‌هێڵرێت ته‌عبیر له خۆی بكات. وتراوه: تا خاوه‌ن ماڵ دزی گرت، دز خاوه‌ن ماڵی گرت!
من له نێوان دوو ته‌وژمی دژ به یه‌كدا گیرمخواردووه، به‌ره‌یه‌ك ته‌نها خۆیان پێ مسوڵمانه‌و ئه‌ودوای خه‌ڵك به (كافر)و (فاسق)و (فاجر)و (جاهیل)و (مونافیق)و (موبته‌دیع)... ده‌زانن، به‌ره‌یه‌كیش تف له ڕابردوو و كلتوور‌و داب‌و نه‌ریت‌و مێژووی میلله‌ته‌كه‌یان‌و باو‌و باپیریان ده‌كه‌ن‌و خۆیان به كلتوورێكی نامۆ‌و بێگانه‌ی ئه‌وپه‌ڕ زه‌ریا‌و ئۆقیانووسه‌كاندا هه‌ڵده‌واسن. زۆر كه‌یفیان پێدێت كۆیله بن، نازانم بۆ؟!
دڵنیایشم له‌وه‌ی تا ئه‌و ڕۆژه‌ی ده‌مرم نه به‌مبه‌ر ده‌ڵێم ئه‌شهه‌دوو و نه ته‌سلیمی به‌رداشی ئه‌وبه‌ریش ده‌بم! خوای ده‌كرد هه‌تاكو مردن هه‌ر به ته‌نها ده‌مامه‌وه، مرۆڤ شتێكی به ڕاست زانی پێویسته له‌سه‌ری سوور بێت .
خۆشبه‌ختانه دوكتۆر یوسف هیچ یه‌ك له‌و دووانه‌ی خۆشناوێت، هه‌ردوو لایشیان دژایه‌تی ده‌كه‌ن. ئه‌و ئیسلامه‌ی ئه‌و ده‌یخاته‌ڕوو، دینێكی جوان‌و بێگه‌رده، خودی ئیسلامه .
به نیسبه‌ت به كوردییكردنی ئه‌م كتێبه‌ی به‌رده‌ستته‌وه، هه‌وڵمداوه به بست له ده‌قه ئه‌سڵییه‌كه‌ی دوور نه‌كه‌ومه‌وه، به كوردییه‌كی وایش دایبڕێژم هه‌موو خوێنه‌رێك به ئاسانی لێی تێبگات‌و چێژی لێببینێت . كتێبه‌كه باسی زۆر لقی زانستیی دینی‌و دونیاییش ده‌كات، هه‌ر یه‌ك له‌و زانستانه‌یش زاراوه‌ی تایبه‌ت به خۆیان هه‌یه، هه‌ندێك له‌وان وشه‌ی كوردی‌یان له به‌رانبه‌ردا نییه، ئیتر ناچار بووم یان له خۆمه‌وه وشه‌یان بۆ دابتاشم‌و وشه عه‌ره‌بییه‌كه‌یشی له نێو جووت كه‌وانه‌یه‌كدا له ته‌نیشته‌وه بنووسم، یاخود هه‌ر وشه عه‌ره‌بییه‌كه به ڕێنووسی كوردی بنووسمه‌وه، له‌وه زیاترم له ده‌ستنه‌هات. ئه‌وه‌نه‌یشی پێم كرابێت له به‌كارهێنانی وشه‌ی بێگانه خۆم دوور گرتووه، مه‌گه‌ر ناچاربووبێتم‌و وشه‌یه‌كی كوردییم ده‌ستنه‌كه‌وتبێت ڕێك مانای وشه عه‌ره‌بییه‌كه به ده‌سته‌وه بدات، له‌وێدا ئیتر په‌نام وه‌به‌ر هه‌ندێ وشه‌ی ناكوردی بردووه، لـێ دڵنیام زۆر نییه.. ئه‌گه‌ر زاراوه‌و ده‌سته‌واژه‌ی دیالێكتیكه جیاوازه‌كان‌و وشه‌و ده‌ربڕینی ناوچه جیاجیاكانی كوردستانت له‌م نووسینه‌دا بینی، لێم تووڕه مه‌به، له‌بری گله‌ییكردن بگه‌ڕێ واتاكانیان بدۆزه‌ره‌وه..
پێنج شه‌ش جار به ده‌قه‌كه‌دا چوومه‌ته‌وه‌و هه‌ڵه‌چنم كردووه‌و، وشه‌و ڕسته‌یه‌ك به ناڕوونم زانیبێت لێم بژاركردووه، لـێ بێگومانم هێشتایش هه‌ر له هه‌ڵه‌ی چاپ ڕزگارم نابێت، ئیتر ئاوهایه، مرۆڤی بێ هه‌ڵه مرۆڤ نییه شتێكی تره!
ئه‌وه‌یش بزانه هه‌ر هه‌ڵه‌یه‌ك هه‌بوو له وه‌رگێڕه‌وه‌یه، خه‌تای نووسه‌ری تێدا نییه. تۆیش له سه‌روه‌ختی خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م كتێبه‌دا، ئه‌گه‌ر زانیارییه‌كی نوێت ده‌ستكه‌وت یان ده‌رگای مێشكت به‌ڕووی شتێكی تازه‌دا ئاوه‌ڵا بوو، بیرت نه‌چێت له پاڵ دوعای خێر بۆ نووسه‌ره‌كه‌یدا، له ژێر لێوه‌وه دوعایه‌كیش بۆ ئێمه بكه..
هێمن خورشید
دۆڵی بالیسان
9/ره‌مه‌زانی 1431 كۆچی
19/ئـابی 2010 زایینی
........................................................................................
1 كتێبێكه و له چه‌ند به‌شێكدا ده‌رچووه، بریتییه له كۆمه‌ڵێك وته‌ی ناوداران‌و قسه‌ی باوی میلله‌تان، (محمد عبدالرحمن زه‌نگه‌نه) ئاماده‌یكردووه.
.........................................................................
لینكی به‌شەکانى تر‌ى ئەم کتێبە:
ڕۆشنبیریی بانگخواز (پێشه‌كیی نووسه‌ر)
coupon for prescriptions
read new prescription coupon