پەرینەوە بە "ئیجە"دا و یاریکردن لەگەڵ مەرگ

ئەدەب 2017-01-25 کۆمێنت 2014 جار بینراوە

پەرینەوە بە "ئیجە"دا و یاریکردن لەگەڵ مەرگ

پشتیوان محمد

- 1 -

ھەموو شتەکان بەباشی دەڕۆیشتنە ڕێووە، ھەمووان بە زەردەخەنە و دڵخۆشییەوە کە لەپاڵیدا غەمگینیەکی شاراوە ھەبوو، چاوەڕوان بووین چەند کاتژمێری ئایندە لەوبەر دەریای ئیجەو لەسەر خاکی ئەوروپا خۆمان ببینینەوە ..

کات دەمەو ئێوارەیە، دوو دوو و سێ سێ ڕوو لە مەیدانی ئاکەسەرای دەکەن، ئێرە ئەستەنبووڵە، چاوەڕێین پاش کەمێکی دی لێرەوە وەڕێ کەوین، ھەمووان لەم ناوە ئامادەبوون، زۆری نەبرد فەرمانکرا دەست بە رێ رۆیشتن بکەین، یاڵا ھاوڕێیان قەرەباڵغی دروست مەکەن دوو نەفەر دوو نەفەر برۆن بۆلای ئەو پارکەی ھۆوو وێ زۆر دوورنیە دووکەس لە پێشەوەن بەدوایاندا بڕۆن، کەس دوانەکەوێت .

پاڕکێکی بچوک بوو دوای نزیکەی نیو سەعات چاوەڕوانی پاسێک لای پشتەوەی پارکەکە وەستا، یاڵا سەرکەون فەوزا و پشێوی دروست مەکەن، با کەس ھەستمان پێ نەکات، گورج ھەمووان ڕۆیشتینە لای پاسەکە، تا گەیشتمە لای پاسەکەو ھەوڵمدا سەرکەووم پاسەکە پڕبوو لە نەفەر، قەڕاپەستەیەک بوو کەسی دیکە نەیدەتوانی سەرکەوێت، ناچار من و چەند کەسێکی دی گەڕاینە دواوە .

وتیان چاوەڕێکەن ئێستا پاسی دووەم دێت، زۆری نەخایاند ئەویش گەیشت ئەمجارە ھەرچۆنێک بوو خۆم تێخزاند، دەمزانی ھیچ پاسی دی نایەن و سەرنەکەووم جێ دەمێنم، چەند کەسێک ئەمجارەش بەخت یاوەریان نەبوو و نەیانتوانی جێی خۆیان بکەنەوە .

لەچاو تروکانێکدا پاسەکە کەوتە ڕێ و شوێنی خۆی جێھێشت، بە پێوە وەستا بووم شوێنی دانیشتنم نەبوو، جار جار کە لاقم سڕ دەبوون و تینیان بۆ دەھات لای دەرگای پاسەکە کەمێ لەسەر چۆک دادەنیشتم، نەمدەزانی دەبێ چەند سەعات بڕۆین تا دەگەینە دورگەکە، دوای ھەشت بۆ حەوت سەعات پاسەکە لە جێگایەک لایداو وەستا، وتیان چەند دەقەیەک دەوستین پشوویەک دەدەین و دەڕۆین، کەس خۆی ون نەکات، ھەموومان ڕوومانکردە دوکانەکە، باش بوو تەوالێتی لێ بوو، ھەمووی پەلەی بوو خێرا دەستێک بەئاو بگەیەنێت، "تا ڕێی دوور و درێژی قاچاغ نەبڕیت و بۆ ماوەیەکی درێژ لە پشتی لۆریەک یان سەیارەیەکدا رێ نەکەیت، نازانی میزھاتن چ بەڵایەکە" (وابزانم لە رێی نێوان مەگدۆنیا و سڕبیا بووین لە نێو کۆنە شەمەندەفەرێکدا زۆر سەرما بوو یەکێک لە کوڕەکان پرسی چەند سەعاتمان ماوە بگەین؟ وتیان: دوو سەعات وتی مادام ئەوە کردم بەخۆمدا، ھەر دابەزین خێرا پانتۆڵەکەی فڕێدا).

دوای کەمێ ئیسراحەت و دەست بەئاو گەیاندن، ھەندێک مۆبایلەکانیان شەحن کردەووە، بە شاحینەی خێرای یەک لیرەیی، کەچووم بۆ لای تەوالێتەکان بینیم پیاوێکی ڕەش کە لەوانەیە کێشی سەد کیلۆ زیاتر بووبێت، لەوێ کەوتبوو، شوێنکە لوس بوو دیاربوو خزابوو، ئازاری زۆری پێ گەیشتبوو، دوایی دەرکەوت قاچی شکاوە، (چ نەگبەتیەکە بەم قورساییەوە و لەسەرتای ئەم رێگایە توشی ئەم دەردە ببیت).

دوای چەند خولەکێک وتیان سەرکەون بەڕێ دەکەوینەوە، ژن و منداڵ، پیر و گەنج لەناو خەڵکەکەدا ھەبوو، لە نەتەوەی جیاواز بەڵام زۆرینە کوردی باشور بوو، لەڕێگا بووین بە سێ پاس .

بەرداوام بووین لە رۆیشتن زۆر شارو چۆڵەوانیمان بڕی، کوڕێک بانگی کردم وتی وەرە جێگاکەی من کەمێ دانیشە، زانی لاقم شل بوونە، لە پێشمەوە ژنێک دانیشتبوو کە خۆی و ھاوسەری و کورێکیان بوون ژنەکە جگە لە کوردی زمانی عربی و تورکیشی بەباشی دەزانی. "ھاوسەرەکەی پێشتر لەتورکیا قاچاغچی بوو چەند کەسێکی دیەکشمان لەگەڵ بوون کە پێشتر قاچاغچی نێوان تورکیا و یۆنان بووبوون دەڵمان بەوە خۆش بوو کە مادام ئەوانمان لەگەڵ حەتمەن شتێکی باشیان بۆ ئامادەکردووین بۆ پەڕینەوە، ھەر بەمشێوەیەش بوو بە حیسابی خۆیان ھەموو شتێکیان بەباشی رێکخستبوو، وتیان شتێکی باشمان ئامادەکردووە و رێگایەکی سەلامەتە حەوت سەعات رێی ئاوی دەبڕن دەگەنە ئەوبەر " ،

رێگایەکی دوور و درێژە لە ئێوارەوە بەرێوەین وا نیوەشەوە، شارێکی دیکەشمان تێ پەراند، دەنگە دەنگێک دروست بوو، وتیان پۆلیسمان بەدواوەیە، سێ سەیارە بەدوای یەکەوە بوون یەکێکیان پێشی پاسەکەی ئێمەی گرت و پاسەکەی وەستاند، کەسێک بە جلی پۆلیسییەوە دابەزیی و چەند قسەیەکی لەگەڵ شۆفێرەکە کرد و گەڕایەوە لای سەیارەکەی، ھەمووان پەشۆکابوون وایانزانی گیراوین، سێ سەیارەکان دووانیان کەوتنە نێوانی پاسەکان و یەکێکیشیان لە پێشەوە دەرۆیشت، ھەمووان دەیناگوت چی بوو چی روودەدات؟ ئەو ژنەی پێشەوەم بەدەنگێکی کەمێک بەرز وتی مەترسن، ھیچ نیە ئەو پۆلیسانە تەڕەفن و چاو ساغیمان دەکەن، ئەو چونکە تورکی دەزانی لە قسەکانیان تێ گەیشتبوو، زانیبووی ئەوانە بەرتیل خۆرن و بە پارە رازی کراوون، (ئیتر نازانم نەئێمە فرۆشراوو بووین نە ئەوان کڕدراوو تەنھا ئەوە دەزانم بازرگانی کردنی مرۆڤ بوو بە مرۆڤەوە)...

- 2 -

تاریک و ڕوونی بەیانی، وابزانم سەعات چوار بوو، دوای نزیکی سێزدە سەعات ڕێ بڕین و کەمێک چاوەڕێکردن لە ناو دارستانە سنەوبەرێکدا، دوای دڵنیابوونەوە لە سەلامەتی شوێنەکە، گەیشتینە ئەو دورگەیەیی کە دەبوو لێیەوە بەرەو بەری یۆنان بەڕێ بکەوین، کەناری ئاوەکە چرپ و چاڵ و دارستان بوو، تاریک بوو بەڵام لە شوێنێکی گەشتیاری دەچوو،

ناوی دورگەکەم بیر نەماوە .

بلاجکتۆرە بەرزەکانی سەر ئەو تەپۆلکەیەی بەرامبەرمان دونیایان رووناک دەکردەوە کە ھەرجارەو بەلایکدا دەسوڕان، دەبوو بە پارێز و پشتکوڕی خێرا خۆمان بگەیێنینە یەختەکە، کە کەمێک لەولای ئێمەوە و لە شوێنێکی پەنھان لەنگەری پێ گیرابوو، بۆ ئێمەی گەنج ئاسانتر بوو، لەچاو بەساڵاچەوەکان و ئەوانەش ژن و منداڵیان لەگەڵ بوو، باشبوو یارمەتی یەکدیمان دەدا، ھەرچۆنێک بوو خۆمان گەیاندە ناو ئێختەکە لە شوێنێکی باش راگیرابوو بێ کێشە و بێ ئەوەی تەڕ ببین چووینە ناوی،

ئێختێکی باش دیاربوو لە بچووکەکان نەبوو ( لەوێ قاچاغچیەکان بەمەتر گەورەیی و بچوکی ئێختە "بەلەم"ەکان دیاری دەکەن دەڵێن: ئەوەندە مەترە درێژە و پانە ھەندێ جاریش بە مۆبایل وێنەکانیان پیشانی کۆچبەرەکان دەدەن، ھەرچەند لە ھەندێ پەنابەرم بیستووە کە وێنەی شتێکی باش و گەورەیان پیشانداون دوایی کەچوونە ئەوە نەبووە کە لە وێنەکەدا بینیویانە)

ھەرکەسەو شوێنی خۆی کردووە زۆربەی ژن و منداڵەكان لە ژورەکەدا نیشتەجێ کران، بەشێ لەگەنجەکان لەسەرەوە و ھەندێکیشمان لەھۆڵەکە لەناو یەکدیدا دانیشتین، قەڕاپەستەو تەنگەبەر بوو، دیاربوو زۆر لەمەزەندەی خۆی نەفەریان تێخزاندبوو، ھەستم کرد بەر لەگەیشتنی ئێمە خاوەنی ئێختەکە وەجبەیەکی ناردبوو، وتیان گوایا لە ناسراو و نزیکەکانی خۆینی، لە ساڵۆنی ئێختەکە جێگایەکی تەسکم بۆ خۆم کردەوە، ژنێکی عەرەبم لە تەنیشت بوو منداڵێکی ساوای بەباوەشەوە بوو کە تەمەنی تەنھا بیست و ھەشت ڕۆژبوو، گریان و ڕشانەوەی منداڵەکەو دایکی ئەوەندەی تر شوێنەکەیانی نارەحەت کردبووم، پرەژنێکی عەرەبی سودانیش لەناو خەڵکەکە دانیشتبوو، (جگە لەچەند کەسێک ئەوانی دی یەکەم جاربوو یان لەناو پاسەکە یەکدیمان دیتبوو، بەڵام زۆربەی کوردەکان ھەرزوو تێکەڵاووی یەکدی بووین ئێستاشی لەگەڵ بێت ھاورێ و دۆستی یەکدین و پەیوەندیمان بەردەوامە، بە ئەستەم ئەو کەسانە لەیاد دەکرێن کە یادگریت لەگەڵیان تۆمار کردووە ئێمەشە لە کاتێکی ناخۆشدا یەکترمان ناسی و رێگایەکی سەخت ناخۆشمان لەگەڵ یەکدی بەڕێ کرد تاکو نەمساش زۆربەمان ھەر بەیەکەوە بووین ھەندێکمان لە ئەڵمانیاو ھەندێکیشمان لە جەنگەڵەکانی فەرەنسا دووبارە یەکدیمان دیتەووە، "ئەگەر ویستت کەسێک لەیادد نەکات یادگاری لەگەڵ تۆماربکە، جیاوازی نیە یادگاری خۆشبێت یا ناخۆش)..

یەختەکە کەوتە ئیش، وتیان بەڕێ دەکەوین ئەو ھێلەگە رەنگ پرتەقاڵیانەمان کردە بەر کە لە تورکیا كڕیبوومان بۆ کاتی مەترسی و ڕووداوی نەخوازراو، تاکو یارمەتیت بدات بە ئاسانی ژێر ئاو نەکەویت، یەختەکە کەوتە جوڵە زۆر باش ڕێی دەکرد زۆری نەبرد کەنارە ئاویەکانی جێھێشت .

وردە وردە ڕووناکی ڕۆژ باڵی بەسەر تاریکی شەودا دەکێشا، لە پەنجەرە بچوکەکەی پشت سەرمەوە تەماشای شەپۆلەکانم دەکرد، ھەمووان پێدەکەنین و دڵخۆش بووین بەوەی بە سەلامەتی بەڕێ کەوتین و چەند سەعاتێکی دیکە دەگەینە کەناری ئەوبەری دەریا و سنوری نێوان دوو قاڕە دەبڕین و دەگەینە خاکی ئەوروپا، ( باشە بۆ ھەرد دەبێ ئەوروپابێت بۆچی ئەم خەڵکە لەم رۆژھەڵاتی ناوەراستە، ڕۆژھەڵاتی سەرھەڵدانی شارستانییەت و پێشکەوتنە، خۆری لێ ئاوا بووە و جێگایەک شک نابات تێیدا بگریسێتەوەو کەشتی ژیان بەئارامی تێیدا لەنگەر بگرێت، دەبێ چ نھێنیەک لەوەدابێت خەڵک لە رۆژ ھەڵات ھەڵبێت؟! تۆبڵێ ئەمە کۆتا نیشانەی دونیا خەرابوون نەبێت، بڵێی ھەستێک بە ئێمەی نەگوتبێت ئیتر لەم رۆژ ھەڵاتە خۆر ھەڵنایەت و ئێرە ببێتە خۆرئاوا و ئەوێش خۆر ھەڵات).

زەنگی مابیلم لێیدا، دیارە لێرەش شەبەکە ھەیە! " ئەلو پشتیوان گیان چۆنی چیتانکرد؟ - باشم دایەگیان والەناو ئاوەکەداین زۆرباشین ئینشاڵا دوای چەند سەعاتێکی دیکە لەوبەر پەیوەندیت پێوە دەکەمەوە، + باشە کوڕم خوا ئاگای لێتان بێت، زۆر وریابە دوعای زۆر بکە تاکوو لەم ئاوە پیسە نەجاتتان دەبێت. - خەمت نەبێ دایە خەمت نەبێ..،" ئیتر مۆبایلەکە داخرایەوە شەبەکەمان نەما، دەمێک ھەر بیرم لای دەنگی دایکم و قسەکانی بوو دیاربوو ئەوشەوە تابەیانی نەخەوتبوو زۆر پەرێشان بوو تاکو لەو ئاوە دەربازمان دەبێت .

تەواو لە وشکانی دوور کەوتبووینەوە، بەحاڵ کاناراوەکانمان دەبینی، ھەریەکەو قسەیەکی دەکرد ھەندێ وێنەیان دەگرت و ھەندێک ڤیدیۆی شەپۆلەکانی دەریایان دەکرد، ھەریاد زوو زوو ھاواری دەکرد جێگام تەنگ و ناخۆشە جار جاریش لە ناکاو قسەیەکی خۆشی دەکرد و ھەمووانی دەخستە پێکەنین، پەنجەرە بچوکەکەی پشت سەرم تۆزێک کردەووە، ھەوایەکی خۆش خۆی کرد بە ژووردا دیمەنێکی ناوازەو لەھەمانکاتدا سامناکیشی ھەبوو، چێژم لەسەیری کردنی شەپۆلەکان دەبینی یەکەم جارم بوو بەم شێوەیە لەنزیکەوە دیمەنەکانی دەریا ببینم، گوێم لە ھاژەھاژ و ئاوازی شەپۆلەکان ببێ، ئەو کچە گەنجەی بەرامبەرم کە لەسەر رەفەی دەستشۆرەکە دانیشتبوو ھاواری کرد دایخە تخوا دایخە، دەستی گرتبوون بەچاوەکانییەوە، ئەو کچێکی کورد بوو بەتەنیا ھاتبوو ھیچ کەسێکی خۆی لەگەڵ نەبوو! بەم شێوەیەو نزیکی سەعات و نیوێک ڕێمان بڕی وشکانیمان لێ ونبوو تا چاو بری دەکرد ھەرپانتایی دەریا بوو، شینایی ئاسمان و شینایی دەریابوو دەتگوت خوا تەنھا رەنگی شینی دروست کردووە ...

*ئەوانەی لەوێنەکە دەرکەوتوون جگە لە ژنە عەرەبەکە ھەرسێکیان خەڵکی سنوری بیتوێنن، ئەوەی تەنیشتم کاک ھیوایە کە خۆی و خێزانی و دوو منداڵی بوون لەگەڵ دوو منداڵی ماڵی خدر بچکۆلی خەزووری (شاگوڵ و ھەریاد)، بەدوایدا ئەوی دیکە کاک ھاوکارە لەگەڵ کاک ھۆگر.

                                                                                                                                         کۆتایی بەشی یەکەم....
________________________________________________________________________________________
ت: رۆژی ٢٧-٢-٢٠١٧، بەشی دوەەم بڵاودەکەینەوە.

تاگەکان    
ئایین فیلم ئەیاد قنێبی فیکر دوعا ئازادی کونە ڕەشەکان کتێب کۆمه‌ڵه‌ بەڵگه‌یه‌ک که‌ له‌ شوێنی خۆیاندا نین ڕۆژاوا دەروونی تەنیایی نەتەوایەتی ڕانانی کتێبب حزبی ئیسلامی
ئەدەب
2017-01-25 کۆمێنت 2014 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی