دەربارەی سەرفیترە

نووسینی: د. یووسف قەرەزاوی وەرگێڕانی: ئەحمەد حسێن
فیقهی 2019-05-29 کۆمێنت 2733 جار بینراوە

چەسپاوە کە پێغەمبەر (د.خ) پاش نوێژی سبەینان و پێش نوێژی جەژن سەرفیترەی دەقەبڵاند و فەرمانی بە دەرکردنی دەکرد.
لەبەر بچووکیی قەبارەی کۆمەڵگە و، یەکترناسینی خەڵک و، ناسینی خاوەنپێداویستی و نزیکیی ماڵەکانیانەوە لە یەکتر، ئەو ماوەیە بەشی دەرکردنی سەرفیترە و گەیاندنی بە کەسی شیاوی دەکرد و کێشەیەکی تێدا نەبوو.
بەڵام کە لە سەردەمی هاوەڵاندا کۆمەڵگە بەرفراوان بوو و، ماڵەکان دوور کەوتنەوە و، ژمارەی تاکەکان زیادی کرد و، خەڵکی تریش هاتبوون، ئیدی ماوەی نێوان نوێژی سبەینان و جەژن بەس نەبوو، بۆیە هاوەڵان بە بۆچوونی خۆیان یەک دوو ڕۆژێک پێش جەژن سەرفیترەیان دەقەبڵاند.
لە سەردەمی پێشەوایانی ڕێبەردا، لە شەرعزانانی تێکۆشەر، کۆمەڵگە فراوانتر و ئاڵۆزتر بوو، ئەوانیش مۆڵەتیان دا لە نیوەی ڕەمەزانەوە، وەک لە مەزهەبی حەنبەلیدا هەیە، بگرە لە سەرەتای ڕەمەزانەوە، وەک لە ڕێبازی شافیعیدا هەیە، سەرفیترە دەربکرێت.

بەو خواردنانەیشەوە کە دەقیان لەسەر هاتبوو نەوەستان، بەڵکە خۆراکی زۆرینەی وڵاتیان لەسەر قیاس کردن. بگرە مۆڵەتیان دا، گەر بۆ هەژار بەسوودتر بوو، بەهای خواردنەکە بدرێت، ئەمەیش بۆچوونی ئەبوو حەنیفە و هاوەڵانیەتی، کە مەبەستەکە (تێرکردنی نەداران)ە لەو ڕۆژەدا، تێرکردنیش وەک چۆن بە خواردەمەنی دەبێت، بە پارەیش دێتە جێ، ڕەنگە بەتایبەت لەم سەردەمەی خۆماندا، پارە ئەو ئەرکە باشتر جێبەجێ بکات، لەمەیشدا فەرموودەکەی پێغەمبەر (د.خ) ڕەچاو کراوە و ڕووحەکەی جێبەجێ کراوە، هەر ئەمەیش فیقهێکی ڕاستەقینەیە.
...
خۆبەستنەوە بە ڕووکەشی فەرموودەوە بڕێک جار ناکاتە جێبەجێکردنی ڕووح و مەبەستەکەی، بگرە پێچەوانەیشیەتی، هەرچەند وا دیار بێت دەست بە فەرموودەکەوە گیراوە.

بۆ نموونە دەرکردنی سەرفیترە بە پارە، کە مەزهەبی ئەبوو حەنیفە و هاوەڵانیەتی و، بۆچوونی عومەری کوڕی عەبدولعەزیز و کەسانی تریشە لە فەقیهانی پێشین، کەچی کەسانێک بەوپەڕی توندگیرییەوە ڕەتی دەکەنەوە.
بەڵگەی ئەو توندگیرانە ئەوەیە: کە پێغەمبەر (د.خ) لە چەند خواردنێکی دیاریکراودا (خورما، مێوژ، گەنم و جۆ) سەرفیترەی پێویست کردووە، ئیدی دەبێت لەم شتانەدا بوەستین و، بۆچوونی خۆمان بە گژ فەرموودەدا نەدەین.
گەر ئەو برادەرانە وەک پێویست لە بابەتەکە ڕابمێنن، دەبینن لە ڕاستیدا پێچەوانەی پێغەمبەریان کردووە، با لە ڕواڵەتیشدا پێڕەوی بن. مەبەستم ئەوەیە گرنگییان بە جەستەی فەرموودە داوە و گیانەکەیان کەنار خستووە.

پێغەمبەر (د.خ) ژینگە و سەردەمی ڕەچاو کردووە، بۆیە ئەو خۆراکانەی بەردەست بوون، پێویستی کردن، ئەمەیش بۆ بەخشندە ئاسانتر و، بۆ وەرگر بەسوودتر بوو. چون پارە لای عەرەب، بەتایبەت گوندنشینان، خۆشەویست بوو، بەڵام ناندان سانا بوو، هەژارانیش پێویستیان بە خۆراک بوو، بۆیە بەخشینەکەی لە ئاسانەکەدا لەسەر واجب کردن.
تەنانەت ئەو گوندنشینانەی خاوەن وشتر، مەڕ و مانگا بوون، مۆڵەتی پێدان لە (الأقط) -شیری وشککراوە کەرەی لێ دەرهێندابێت- سەرفیترەکەیان بدەن.
جا کە دۆخەکە گۆڕا و وای لێهات پارە زۆر بوو و خۆراک کەمتر بوو، یان هەژار لە ڕۆژی جەژندا پێویستی پێی نەبوو، بەڵکە شتی تری بۆ خۆی و خێزانی گەرەک بوو، ئەوە پارەدان بۆ بەخشندە ئاسانتر و بۆ وەرگر بەکەڵکترە. ئەمەیش کارکردنە بە ڕووح و مەبەستی ڕێنماییەکەی پێغەمبەر (د.خ).
تەنیا لە شارێکی وەک قاهیرەدا زیاتر لە دە ملیۆن موسوڵمان هەن، گەر داوایان لێ بکەیت دە ملیۆن هۆقە گەنم، جۆ، خورما یان مێوژ ببەخشن، لە کوێی بهێنن؟ چ سەختی و دژوارییەکە دێ بە دێ بە دوای ئەو شتانەدا بگەڕێن، هەمووی یان بڕێکیان دەست بخەن؟ خودا سەختیی لە ئاینەکەیدا نەهێشتووە و، ئاسانیی بۆ بەندەکانی ویستووە نەک قورسی.
وای دابنێ بە ئاسانییش دەستیان کەوت، هەژار کە ئیدی نە دەیهاڕێت، نە دەیکاتە هەویر و نان، بەڵکە لە نانەوایی نانی ئامادە دەکڕێت، چ سوودێک لە دانەوێڵە دەبینێت؟
ئێمە بە پێدانی دانەوێڵە، کە دەبێت هەژار خۆی بیهاڕێت، باری قورستر دەکەین، خەڵکی دەوروبەریشی پێویستیان پێی نییە، ئەی کێ لێی بکڕێت؟
لەو وڵاتانەی کە زانایانی ناهێڵن سەرفیترە بە پارە دەربکرێت، چەند برایەک بۆیان گێڕامەوە کە: سەرفیترەدەر بۆ وێنە تەنەکەیەک خورما یان برنج بە دە ڕیاڵ دەکڕێت و، بە هەژاری دەدات، هەژاریش هاوکات بە یەک دوو ڕیاڵ کەمتر بە هەمان بازرگانی دەفرۆشێتەوە.
بەم شێوەیە خورما و برنجەکە چەند جارێک دەفرۆشرێنەوە و، ڕاستییەکەی هەژار هەر پارەکە وەردەگرێت، کەمتر لەوەیش سەرفیترەدەر ڕاستەوخۆ پێی بدات، لەم جیاوازییەی نێوان نرخی کڕیار و بازرگانیشدا هەر هەژار زیان دەکات، جا ئاخۆ شەریعەت لە بەرژەوەندیی هەژاران هاتووە یان لە دژیان؟ تۆ بڵێیت شەریعەت هێندە ڕووکەشی بێت؟
ئایا توندکرندنی شتێکی وەها لەسەر خەڵک، پێڕەویکردنە لە سوننەت، یان پێچەوانەی ڕووحی سوننەتە، کە هەمیشە درووشمەکەی بریتییە لە: (ئاسانکار بن و سەختگیر مەبن)؟
ئەوجا ئەوانەی دەرکردنی سەرفیترە بە پارە بە درووست نازانن، ڕێگەیان بە دەرکردنی جۆرگەلێک خۆراک داوە کە لە دەقی فەرموودەدا نەهاتوون و خواردنی زۆربەی خەڵک نین.
ئەمە جۆرە لێکدانەوەیەکی سوننەتە، یان قیاسکردنە لەسەر دەق بە لاساییکردنەوەی پێشەوایانیان، کە کێشەی تێدا نابینن، بە ڕای ئێمەیش قیاسکردنێکی درووست و لێکدانەوەیەکی پەسەندە.
ئەدی بۆچی هێندە بەتوندی بۆچوونی دەرکردنی سەرفیترە بە پارە ڕەت دەکەنەوە؟ لە کاتێکدا مەبەستەکە بێنیازکردنی هەژارانە لە دەرۆزەکردن و گەڕان لەو ڕۆژەدا، کە دەشێت مەبەستەکە بە پارە پتر بە جێ بێت، وەک لە خۆراک.

 


* کیف نتعامل مع السنە النبویە ل۱۵۹-۱٦۳

تاگەکان    
فەلسەفەی ئەخلاق ئیلحاد ژن قودس کوردستان موناجات تەکنۆلۆژیا گەڕان ئایا سۆفیا دوعا دەروون چیرۆک عێڕاق مۆدێرنە جەنگی هۆشیاری
فیقهی
2019-05-29 کۆمێنت 2733 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی