فلیپ

ئەدەب 2019-09-12 کۆمێنت 1311 جار بینراوە

نووسین: نەزانراو
وەرگێڕان: قانع خورشید و هاروون ماهووتی




یەکێک لە مامۆستایانی زانکۆ، یادەوەرییێکی سەرنجڕاکێشی سەبارەت بە ساڵانێکی پێش ئێستا دەگێڕایەوە: چەندین ساڵ لەمەوپێش، بۆ دەستخستنی بڕوانامە لە زانکۆی سانتا کلارا لە کالیفۆرنیا، ڕۆیشتبوومە ویلایەتە یەکگرتووەکان، سێ-چوار مانگ لە دەستپێکی ساڵی خوێندن تێپەڕیبوو کە کارێکی بەکۆمەڵ بۆ خوێندکاران دەستنیشان کرا کە لە چەند گرووپێکی پێنج-شەش کەسیدا دەبوایە بەپێی خشتەیەکی کاتیی دیاریکراو، ئەنجام بدرایە. بەوردی لەبیرمە، لەو کچە ئەمێریکایییەی لەسەر کورسییەکەی تەنیشتم دادەنیشت و ناوی کاترینا بوو، پرسیم: بۆ ئەم کارە گرۆیییە، بڕیاری چیی داوە؟ گوتی: سەرەتا دەبێت خشتەی کارەکە و کاتەکەی ببینێت. وا دیار بوو بەرنامەکە بە دەست قوتابییەک بوو کە ناوی فلیپ بوو.»

پرسیم: «فلیپ دەناسیت؟»

کاترینا گوتی: «بەڵێ، ئەو کوڕەیە وا قژێکی کاڵی جوانی هەیە و لە ڕیزی پێشەوە دادەنیشێت!»

گوتم: «نازانم کامە دەڵێیت!»

گوتی: «ها، ئەو کوڕە خۆشقیافەیەی زۆر جار کراس و پانتۆڵی ڕەنگکراوەی کەشخە لەبەر دەکات!»

گوتم: «نازانم مەبەستت کێیە؟»

گوتی: «کورە، ئەو کوڕەی جانتا و پێڵاوەکانی هەمیشە پێکەوە هاودەست و هاوڕەنگن!»

دیسان تێنەگەیشتم مەبەستی کێ بوو. لەوێدا بوو کاترینا تۆنی دەنگی کەمێک نزم کردەوە و گوتی: «فلیپ ئیتر، ئەو کوڕە میهرەبانەی کە لەسەر کورسیی کەمئەندامی دادەنیشێت.»

ئەمجارە ڕێک تێگەیشتم کێ دەڵێت، وەلێ بە شێوەیەکی باوەڕپێنەکراو چوومە نێو فیکرەوە، مرۆ دەبێت تێڕوانینی بۆ چواردەور، چەندە ئەرێنی بێت تا بتوانێت چاوپۆشی لە کێماسی و لایەنە نەرێنییەکان بکات! ڕوانینی ئەرێنیانە چەند باشە!

بۆ ساتێک خۆم خستە شوێنی کاترینا، ئەگەر دەربارەی فلیپ لە منیان بپرسیایە و فلیپم بناسیایە، چیم دەگوت؟ بێ‌ئەملاوئەولا بەخێرایی دەمگوت هەر ئەو کەمئەندامە ئیتر! کاتێک دیدگای کاترینام لەگەل دیدی خۆمدا بەراورد کرد، زۆر تەریق بوومەوە...

ئێوە چۆن بیر دەکەنەوە؟ چەندە چاک و جوان دەبێت ئەگەر زیاتر تایبەتمەندییە ئەرێنییەکانی مرۆڤەکانمان ببینین و بتوانین چاوپۆشی لە کەموکورتی و ناتەواوییەکانیان بکەین!


تاگەکان    
بۆ ئەوانەی وەكو خۆمن یاری قودس دەروون بوومەلەرزە بوونەوەری ئاسمانی یادەوەری حزبی ئیسلامی چیرۆک کۆمه‌ڵه‌ بەڵگه‌یه‌ک که‌ له‌ شوێنی خۆیاندا نین یاسا جەنگی هۆشیاری قوتابخانەکانی نوور وەچەخستنەوە زانایان
ئەدەب
2019-09-12 کۆمێنت 1311 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی