ڕاكردن لە تەنیایی

نووسینی: یووسف مەلا خەلیل
ئەدەب 2020-01-11 کۆمێنت 3621 جار بینراوە
مرۆڤەكان هێندە ناخیان پشتگوێ خستووە، وەها دەرەوەی خۆیان بەهادار کردووە، قسەیەکیان بۆ گوتن نەماوەتەوە لەگەڵ خۆیاندا بیکەن!
نە ڕازێ شک دەبەن، نە نیازێ، هەر مل دەنێن و پەل دەکوتن، وێڕای ئەوەی نازانن دەبێت بۆ کوێ بڕۆن، بەڵام قەراریان داوە لە هەڵپە و ڕاکردن نەوەستن!

وەختێک لەگەڵ خۆیاندا تاک و تەنیا دەبنەوە، هەر ئەوەیە دڵیان ناتەقێت، دەنا دەڵێیت بەسەر ئاگرەوە ڕۆنیشتوون، ئاخر ئەوەندە پووچ و بەتاڵ بوونەتەوە، تەنیاییەکەیان لەناو دەفری خەیاڵیاندا دەنگ دەداتەوە، حەز بە گشت شتێک دەکەن، جگە لە تەنیایی!
هەمیشە بەرەو هاشوهووش و قەڕەباڵەخی تاو دەنێن، وەختێکیش دەکەونە ناو خەڵکەوە، ناتوانن جوانی ببەخشنەوە، ئاخر لە تەنیاییدا هیچیان بۆ کۆ نەکردووەتەوە! 
مرۆڤەیلێك دەبینیت، لە ڕێگەی خستنەڕووی تووڕەیی، كەللەشەقی و دڕندەییەكانی ناخیانەوە، سواڵی جگێك ڕێز، پێزانین، ددانپێدانان و سەركەوتن دەكەن!
خەڵكانێك، بە پیشاندانی ناتەواوی و كێمایەسییەكانی جەستە یاخود دەروونیان دەیانەوێت، بوونیان لە بەرانبەر مرۆڤەكانی دیكەدا، وەك هەبوویەكی سەلمێنراو ڕابگرن.
كەسانێكی دیكەت لێ قیت دەبنەوە، وێڕای ئەوەی ئاڵۆزی و دەردیسەرییەكانی ڕۆژگار تەنگی پێ هەڵچنیون، خەمە كەڵەكەبووەكانیان بە تەواوی بڕستی لێ بڕیون، هێشتا نەیشیانتوانیوە بێ ئەوانی تر مانایەك بە تەنیاییەكانی خۆیان ببەخشن، بۆیە لەپێناو داچڵەكاندنی ئەوانەی لەبارەیانەوە بێباك بوون؛ پەنا بۆ خۆكوژی دەبەن، ڕوو لەو كارەساتە دڵتەزێنە دەكەن، كە بە لای گشت كەسێكەوە دەبێتە خوتخوتە و پرسیار! 
كەسانێك هێندە داماون، چون هیچێكی وایان بۆ خۆسەلماندن لە بەرانبەر ئەوانی تردا بۆ نەماوەتەوە، شانازی بەوەیشەوە دەكەن یەكێك پێیان بڵێت؛ لە هەنارخواردن، گۆشتخواردن، یاخود گوڵەبەڕۆژەتووكاندندا، بێوێنەیە و یەكەمی بێڕكابەرە!
خەڵكانێك وەختێك لەوە تێ دەگەن، دەرگای كایە قەرەباڵەخ و بەرچاوییەكانی دونیا بە ڕووی ئەواندا داخراو دیارن، تەنیا بۆ ئەوەی بمێننەوە و بوونیان نەكەوێتە خانەی پرسیارەوە، ئامادەن خۆیان بكەن بە پەندی زەمانە، بۆ گوزارشتكردن لە بوونیان، ئامادەن هەر چت و ناچتێك هەیە ببن، تەنیا بە كوژاوە و شاراوە لە قەڵەم نەدرێن، بێئاگا لەوەی بەو لەونە، لە پرۆسەی خۆسڕینەوەیەكی بەردەوامدان!  
هێندێكی دیكەت دێتە بەرچاو، ئەمەندە لە قەرەباڵەخی و تێكچڕژاندا بینراون، هێندە خۆیان ئاوێزانی ژاوەژاوەكانی مرۆڤایەتی كردووە، بوونیان وەك خۆی، كەوتووەتە ژێر پرسیارەوە، ئاخر ئامادەیەكی دیارنەماون، ئەوەندە لەگەڵ مرۆڤدا تێكەڵن، مانەوەیان هیچ سەنگ و ڕێزێكی بۆ نەماوەتەوە، بۆیە ئەوانیش ناچارن؛ پەنا بۆ خۆشاردنەوەیەكی كاتی ببەن، بەو هیوایەی ئەوەی سەرەتا لەپێناویدا بۆی هاتبوون، ئەم جارەیان لە ڕێگەی خۆگومكردنەوە، بۆیان بگەڕێتەوە!
مرۆڤ بۆ ئەوەی بە خۆی و ئەوانی تریش بڵێت؛ زیندووم و هێشتا ماوم، ڕوو لە قەرەباڵەخی دەكات، كە دەچێتە نێو هەراوهوریا و ژاوەژاوی مرۆڤەكانیشەوە، بەهادارترین شتی خۆی ون دەكات، ئەویش خودی خۆیەتی، بۆیە لە جەرگەی ڕێز و پێزانین و بێنەوبەردەكانی مرۆڤدا دیسان، هەستی بزربوون و دیارنەمان تەنگی پێ هەڵدەچنن، ئەم جارەیان لەوانی تر نا، بەڵكوو لە خودی خۆی!
چارەمان هەر ئەوەیە، خۆمان بە هەبوویەكی پێویستی بەردەوام ئامادەی هەمیشە بێداری زاناوە پەیوەست بكەین، دەنا نە تەنیاییمان ئاوەدان دەبێتەوە و نە قەرەباڵەخیمان مانادار.
تاگەکان    
گفتوگۆ بووژانەوە دەروونی مانا دەروونناسی عێڕاق شیرک فەلسەفەی ئەخلاق کۆیلایەتی نامە سایکس-بیکۆ ئایا سۆفیا ستەم وەرزش پۆدکاست
ئەدەب
2020-01-11 کۆمێنت 3621 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی