ڕواڵەتێکی فریودەر

نووسینی: یووسف مەلا خەلیل
ئەدەب 2020-05-18 کۆمێنت 2435 جار بینراوە
کاتی خۆی، وەختێک لە قۆناغەکانی سەرەتایی و ئامادەیی خوێندندا بووم، وێڕای ئەوەی یەکەمی پۆل و یەکێک لە زیرەکەکانی قوتابخانەکەم بووم، کەچی هەردەم لە ڕیزی دواوە دادەنیشتم و چێژم لەوە دەبرد، لەتەک خوێندکارە بێدەربەست و تەمەڵەکاندا دەربکەوم، زوو زوو مامۆستاکان تانەیان لێ دەدام و پێیان دەگوتم، چۆن دەبێت تەلەبەی زیرەک لە دواوە دابنیشێت؟!

   هێندێک جار، ئەو قوتابییانەی زیرەکی پۆل بوون، کەڵەگەت و بەژنزراف بوون، بۆ ئەوەی بەرچاوی ئەوانی تر نەگرن، دەخرانە دواوە، من ئەوە کە هیچ باڵام بەرز نەبوو، بەڵکو مامناوەنجی و کەمێک لە خوارتریشەوە بووم، بۆیە بە هەر پێوەرێک بووایە، دەبوو لە پێشی پێشەوە، لە ڕیزی ناوەڕاستدا، ڕێک بەرانبەر تەختەڕەشەکە دابنیشتمایە!

   ڕاستییەکەی من ئەوسا نەمدەزانی بۆچی بەم شێوەیە ڕەفتار دەکەم، هەرچەندە چوونەدواوەوەی خوێندکاری زیرەک، زۆر جار بۆ دەرخستنی تواناکانی خۆیەتی، بۆ ئەوەیە بە هەمووان بسەلمێنێت، سەرەڕای سەرتەڵی و جیاوازییەکەم، لە دوای دواوەیش دانیشتووم، یان لەوانەیە بۆ ئەوەیش بێت، هەست بکات لەنێو دەستەی تەمەڵەکاندا هەوڵ و تواناکانی پتر دەردەکەون، یاخود دووریش نییە تەنیا بۆ ئەوە بێت، ئەم هەڵسوکەوتەی بخاتە خزمەتی زیرەکییەکەیەوە و بە خۆشاردنەوە ڕواڵەتییەکەی، خەریکی خۆدەرخستنێکی سەرسووڕهێنەری بە ڕواڵەت خاکەڕا بێت!

   پێدەچێت، بۆ ڕاکێشانی هەست و سۆزی قوتابییە ئاست لاواز و مامناوەندییەکانی تریش بە لای خۆیدا بێت، ئاخر من هەستم بەوە دەکرد، قوتابییە یەکەم و زیرەکەکان، بەردەوام خوێنتاڵ، لیق و وەڕزکەر دەردەکەوتن، مرۆڤ بەدەست خۆی نییە، چاوی بە کەسانی دەگمەن و سەرتەڵدا هەڵنایەت، بۆ ئەوەی بەزەیی بە خۆیدا نەیەتەوە و کێمایەسییەکانی خۆی بیر نەکەوێتەوە، بە بینینی لاوازی و داماوییەکانی ئەوانی دی، شادی و داسەکینێکی کاتی دایدەگرێت.

   لێتان نەشارمەوە، هیچ یەکێک لەم ئەگەرانە، دادی گرێ دەروونییەکانی منی نەدەدا و خۆمم تێیدا نەدەدۆزینەوە، تا ڕۆژێکیان دوای دیتنی کۆمەڵە خەڵکانێک، کە خۆیان بەر لە هەمووان، لە نوێژی هەینیدا ئامادە بوون، کەچی لە دەری دەرەوە، لە جێگایەک کە بە حاڵ و نەحاڵ، دەنگی وتاربێژەکەت بەر گوێ دەکەوت و نەدەکەوت، دادەنیشتن!

   کە ئەوانم دیت؛ یەکسەر ڕەفتارە لە ڕواڵەت سەیرەکەی خۆمم بە بیردا هاتەوە، ئەو ڕەفتارەی لە زانکۆ و دوای زانکۆ و زۆربەی وێستگەکانی ژیانمدا، بەرۆکی بەر نەداوم، ڕەفتارێک، کە لە هەستیارترین دۆخەکانی ژیانمدا، تەنانەت لەو کاتانەیشدا، کە لە نێوان دووڕییانە سەخت و چارەنووسسازەکاندا گیرم خواردبوو، خۆی بەسەردا سەپاندووم و دنیایەک بەرەو دواوەی هێناوم، ئەویش دانیشتن لە دوای دواوە و دوورکەوتنەوە لە ڕیزی پێشەوە بووە!
   من وا هەست دەکەم، خۆدوورخستنەوەم لە ڕیزی پێشەوە، لە سۆنگەی دونیانەویستی یان جۆرێک لە خۆبەکەمزانی یاخود قنیاتم بە کەم نەبووە، بەڵکو بە هۆی ترسانم لە ڕیزی پێشەوە بووە، هەمیشە لە دەرهاویشتە و ئەرکەکانی لەپێشەوەبوون تۆقیوم، ویستوومە یەکەم بم، بەڵام نەمویستووە وەک یەکەمێک بژیم!

   ئێمە زۆربەمان یەکەمی و سەرتەڵیمان لە گشت شتێکدا گەرەکە، بەڵام بە ژیان، ماندبووبوون و تەنگانەکانی ئەوان، قایل نین و نابین، دەخوازین لە پێشی پێشەوە بین، بەڵام ئامادە نین قوربانیی بۆ بدەین.

   من ئەوسا و ئێستایش، بەدەست دەروونێکی تەمەڵ و ڕواڵەتێکی زیرەکەوە، ناڵاندوومە و دەناڵێنم!
تاگەکان    
زانایان پۆرن ئاوی زەمزەم شەڕ حەوتەمین کۆڕبەندی هاوسانی عێڕاق چیرۆک کونە ڕەشەکان ڕەزا بابایی فیلم گۆرانی مانا قوتابخانەکانی نوور یادەوەری فەلسەفەی ئەخلاق
ئەدەب
2020-05-18 کۆمێنت 2435 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی