سەبای سپێدان

نووسینی: شادان عوسمان
ئەدەب 2020-06-24 کۆمێنت 1248 جار بینراوە

لەگەڵ بەخێرهاتنی سپێدەیەکی نوێ، دڵی منیش سەرقاڵی بەدونیاهێنانی پارچە نووسینێکە. بەدروستی و ڕێکی نازانم دەمەوێت لەسەر چی بنووسم، وا بزانم هەر دڵم تاسەی هەڵگرتنی پێنووس و بەوشەکردنی هەستەکانمی کردبێت. لەوانەیشە سەبای سپێدان، ئاوازی بەرەبەیان و ئەم هێمنییە بەجێماوەی شەو پاڵنەری بزوانم بووبن بۆ نووسین. ئاخر ئەم کەشە تایبەتییەک و دیمەنێک لەخۆ دەگرێت، ڕێک وەک بڵێی ساتێکە لە ساتەکانی بەهەشت و ئێمە لە دونیادا دەیچێژین.

   بە دەنگی بانگکردنی دایکم بۆ نوێژی بەیانی هەڵسام، کە هاتمە حەوشە، ئاسمانی دونیا لەبەینی تاریکی شەو و ڕۆشنایی بەیانا بوو، تاریکییەکەی زیاتر بوو. دوو سێ جارێک هەستم کرد هێشتا بانگی بەیانیی نەفەرمووبێت! دوای دەستنوێژ و خوێندنی نوێژی بەیانی، ڕۆحم غەرقی ئارامیی ئەم ساتەوەختە بوو. ئارامییەک کە ئاسمان وا خەریکە کەم کەم ئەستێرە و مانگ کۆ دەکاتەوە و خۆی بۆ ڕۆژ ئامادە دەکات. وەلێ هێشتا دانە دانە بریسکەی ئەستێرەکان دەبینم. جریوەی باڵندە و قووقەی کەڵەشێر، ئارامییەکی تری خستۆتە پاڵ ئەم ئاسوودەییەوە. ئەوە لەو شنەبایە گەڕێ هەست دەکەیت لە بەهەشتەوە هاتووە تا سپێدەیەکی نوێ لە زەوی پیرۆز بکات.

   مرۆڤ لەپاڵ سەبای بەیان و جریوەی چۆلەکاکاندا، جار جارە غەرقی خەڵوەتی ناخی خۆی دەبێت و دەست دەکاتە ئاخاوتن لەگەڵ خۆیدا. گرنگیی نوێژی بەیانییش هەر لەمەتانێ، دەروازەیەکە بۆ ئاشتکردنەوەی مرۆڤ لەگەڵ خەڵوەت و تەنیاییدا. وا خەریکە جریوەی چۆلەکەکان زیاد دەکات وەک بڵێی دەیانەوێت بەسانایی خەڵک بەخەبەر بێنن بۆ نوێژی سپێدان.

   ئەوە خەریکم دەنگی کۆترەکانیش دەبیستم هەست دەکەم دەیانەوێت بە زمانی خۆیان پێمان بێژن، هۆ گرۆی ئادەمیزاد وە خۆ کەون، هەستن بۆ ڕۆژێکی نوێ. وەلێ کووچە و کۆڵانەکان ئەوەنە بێدەنگن، گوێم لە خشەی نەعلی کەس نییە لە مزگەوت بێتەوە، تۆ بڵێی کەس نەچووبێت بۆ نوێژی جەماعەت!

   ئۆی! بیرم کەوتەوە، دەرگای ماڵەکانی خوا داخراون. ئەم زەویە بەدەست گیاندارێکی خواوە دەناڵێنێت، حەزم لێ نییە وشەی ناڵاندنی بۆ بەکار بێنم، ئاخر بە جۆرێک ناتوانم ڕقم لەم ڤایرۆسە بێت، هەست دەکەم هاتووە مرۆڤایەتی بەئاگا بێنێ و پەیامێک بە گوێی ئەهلی زەویدا بدات.

   خەریکە تۆزە تۆزە ئاسمان ڕووناکتر دەبێت. کە چالاکی چۆلەکاکان دەبینم چەن بەوزەن لەم پەڕ بۆ ئەو پەڕ دەفڕن، منیش دەکەومە جووڵە. ئەم جارە دەنگی کۆترەکان نزیکتر بەر گوێم دەکەوێت، ئەم دەنگە دەمباتەوە بۆ مناڵیم و ژیانی لادێ. کاتێک لە سەربانی خانووە بێستارەکەمان لە ژماردنی ئەستێرەکان چاوم دەچووە خەوێکی قووڵەوە و، بە دەنگی کەڵەشێریش بەخەبەر دەهاتم. کزەی ئاوی سیروان بەرامەی پەچەی مەڕەکانی لەگەڵ خۆیدا هەڵدەگرت و بە ئاواییا بڵاوی دەکردەوە، ئەوکات ڕقم لەو بۆنە بوو وەلێ ئێستا تامەزرۆیم!

   ئای خوایە چەن تینووی ئەو ژیانەم. جەنجاڵیی شار، دیوارە بەرزەکان و دەنگی ئۆتۆمبیلەکان، هەنێ جار خەریکن گوێم کەڕ دەکەن. مرۆڤ لە خاکە، هەر ئەویش دەوای دەردێتی. دەروونی منیش مەیلی ژیانێکی ئارامی خانووە قوڕینەکان دەکات. وا خۆر خەریکە کەم کەم لە ڕۆژهەڵاتی شارەوە بەرز دەبێتەوە، منیش خامەکەم دادەنێم و دەچم لەگەڵ کتێبەکەمدا دەکەومە گۆ.

تاگەکان    
سەرفیترە دەربارەی کتێب ئایا سۆفیا عیرفان فەڵەستین ئاوی زەمزەم گۆرانی ڕەزا بابایی زانایان خاڵبەندی بوووژانەوە نائومێدی ئازادی شیرک تەوبە
ئەدەب
2020-06-24 کۆمێنت 1248 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی