بۆچی قورئان بە عەرەبی دابەزی؟
ئەمەیە نهێنیی دابەزینی قورئان بە زمانی عەرەبی .
تفسیر القرآن الکریم بین القدامى والمحدپین، ل17 – 19.
نووسینی: جەمال بەننا
وەرگێڕانی: ئەحمەد حسێن
قورئان پەڕجووى ئیسلامە و، خودا لە جێی موعجیزەی دێرینی ئایینەکانی پێشینی داناوە، کاتێک عەرەب داخوازیی ئەو جۆرە پەڕجووانەیان کرد وەڵامەکە ئەمە بوو: [گوتیان: بۆچى لە پەروەرندەى خۆیەوە نیشانەگەلى بۆ نایەت؟ بڵێ: بێشک پەرجووەکان لەکن خودان، ئەمن تەنیا ترسێنەرى نیشاندەرم. ئایا بۆ ئەوان بەس نییە ئەم کتێبە، کە بۆیان دەخوێندرێتەوە، بۆ تۆ ڕەوانە کراوە؟ دیارە تێیدا –بۆ ئەوانەى بڕوا دێنن- پەند و ئامۆژگاری هەنە]. (العنکبوت، 50، 51)
ئەم ئایەتەى دوایی قورئانمان بە موعجیزە پێ دەناسێنێت و وای شرۆڤە دەکات کە قورئان ڕەحمەت و موچیاریی لە هەگبەدایە، تەنانەت دەکرێت بۆ ئەوانەشی بڕوایان بە موعجیزەکان نییە بە بەڵگە بهێنرێتەوە، ئاخر هەبوونى ڕەحمەت و وەیادخستن لەنێو خەڵکدا خۆی گەورەترین پەڕجووە .
ڕاستە ئیسلام بۆ تێکڕاى خەڵک هاتووە، بەڵام خۆ سەرەتا دەبێت ڕووی دەمى لە گەلێکی دیاریکراو بێت و کتێبەکەى بە زمانێکی دیاریکراو داببەزێت. دیارە خودای مەزن گەلی عەرەب و زمانی عەرەبیی هەڵبژارد، چونکە ئەم هەڵبژاردنە لەگەلڕ ویستی خودا بۆ کردنی ئیسلام بە دوایین و گشتگیرترین ئاییندا ڕێک دەهاتەوە، بەوپێیەى ئەم دینە کە دینی تری بەدوادا نایەت و پەڕجووى ماددیی پێ نییە، پێویستە خاوەن موعجیزەیەکى هەمیشەیی بێت تا مرۆڤ ماوە بمێنێت، لەتەک گەشەسەندن و پێشکەوتنەکانی مرڤیشدا لە سایەى زانست و زانییارییەوە هاوئاهەنگ بێت .
کەواتە پێویستە موعجیزەی دوایین ئایین و کۆتا کتێب لەگەلڕ گوزەرانی خەڵکدا بژی و، لە هزر و تێگەیشتیان دوانەکەوێت، بەشێوەیەک چەندە پێش بکەون ببینن ئەم کتێبە دژیان نییە، بگرە گا لەگەڵیانە گا لە پێشیانەوەیە و بە ئەندازەى خۆیان بەهرەى لێ دەبەن، مەرجیش نییە لە هەمووى تێبگەن، ئاخر تێگەیشتنی تەواوی، پشکی نەوەکانی داهاتووە کە زانستی زۆرتریان لایە .
هەربۆیە ناکرێت پەڕجووى ئیسلام ڕووداوێک بێت هاوشێوەى زیندووکردنەوەی مردوو، چاککردنەوەى نەخۆش و لەتکردنی زەریا بە گۆچان و بوونی هەر لایەکی زەریاکە بە کێوێکی گەورە.. چونکە ئەم ڕووداوە مەزنانە گەرچی بڕوایان بە خەڵکی ئەودەم هێناوە، لە ڕووانگەى نەوەکانی دواترەوە کە ئامادەیان نەبوون و نەیانبینیون مانایەکى ئەوتۆیان نابێت، ئەم موعجیزانە بۆ ئایینە کاتییەکانی ئەوسا دەگونجان. دینی کۆتایی و هەمیشەیی دەبێت موعجیزەکەى کتێبێک بێت تا ماوە نەوەکان ڕێنوێنی، ڕەحمەت، زانیاری و حیکمەتی تێدا ببیننەوە. لە ڕوونکردنەوەى ئەم مانایەدا خاوەنی کتێبی وەفا دەبێژێت: (گەر ئەمڕۆ بێباوەڕێک بڵێت: بەڵگە چییە لەسەر ڕاستیی موحەممەد و مووسا؟ پێی بگوترێت: موحەممەد مانگ و مووسا زەریای بۆ لەت کرا. دەڵێت: ئەمە ڕێی تێ ناچێت. بۆیە خودای باڵادەست قورئانی کردووە بە پەڕجووى موحەممەد (د.خ)، تا دوای مردنی بەڵگەی ڕاستگۆیی خۆی و پەیامهێنانی پێشنیش بێت، چوون پشتڕاستی کردوونەوە و دەنگوباسی گێڕاونەوە).
کە ئەمە ڕوون بووەوە، ئەوەیش دیارە دەبوو ئەم کتێبە بۆ عەرەب ڕەوانە بکرێت و بە زمانی عەرەبی بێت، چونکە عەرەب، هاوشێوەى میسرییە کۆنەکان، ژیارێکی دێرین و دەوڵەتێکی ڕەسەن، یاخود چەشنی یۆنان، هونەر، وێژە، فەلسەفە و مەعریفەیان شک نەدەبرد جێی شانازییان بن. تاکە شانازییەک هەیانبوو داڕشتنەوەى وشە و دەربڕین و ڕوونبێژیی بوو، ئەوەى دەهێنا خۆیانی پێوە هەڵکێشن و بە دیواری کەعبەیاندا هەڵواسن. بۆیە دابەزینی کتێبێک لە بەلاغەتدا هەموو شاکارەکانی تێدەپەڕاندن، سەبارەت بەوان مەزنترین موعجیزە بوو و بەرەو باوەڕهێنانی هان دەدان، هاوکات بۆ پەڕجووى دوایین ئایینیش کە دەبوو کتێب بێت دەگونجا .