خۆری ژینم له‌ ئاسۆی ئاوه‌بوونه‌وه‌ نێزیكتر ده‌بێته‌وه‌....

فیکر 2017-03-27 کۆمێنت 3487 جار بینراوە
ڕۆژ به‌ ڕۆژ خۆری ژینم له‌ ئاسۆی ئاوه‌بوونه‌وه‌ نێزیكتر ده‌بێته‌وه‌


قانع خورشید

هه‌ر چركه‌یه‌ك كه‌ له‌ ته‌مه‌نم ده‌ڕوات
هه‌نگاوێكه‌ و به‌ره‌و لێواره‌كانی مردن هه‌ڵیده‌گرم. 
من نامه‌وێت به‌مزووانه‌ بمرم، 
نه‌ك هه‌ر مه‌رگ
ڕقم له‌ خه‌وتنیشه‌، 
ئاخر ئه‌م دووانه‌ خوشكی یه‌كدین!
لێره‌ زۆر شتم ماوه‌ ئه‌نجامیان بده‌م و هیشتا نه‌مكردوون
وا یازده‌ ساڵه‌ گرێبه‌ستی هاوسه‌رێتییم
له‌گه‌ل ئه‌و ئافره‌ته‌دا به‌ستووه‌ كه‌ ئازیزترینمه‌،
كه‌چی هێشتا تێر دڵی خۆم له‌ ڕوخساریم نه‌ڕوانیوه‌،
وا منداڵی چواره‌میشم گه‌وره‌ ده‌بێت؛
له‌كاتێكدا تاسوقیی دڵم له‌ یه‌كه‌م و دووه‌میشیان نه‌شكاوه‌.
هه‌زاران جێگه‌ هه‌ن له‌ منداڵییه‌وه‌ ئاواتمه‌ بیانبینم و 
نه‌مبینیون،
سه‌دان وڵات هه‌ن به‌ته‌مام گه‌شتیان بۆ بكه‌م و 
نه‌مكردووه‌،
ده‌یان خواردن هه‌ن ده‌مه‌وێت بیانخۆم و
تا هه‌نووكه‌ تامێكیشم لێ نه‌كردوون!
تا ئێستایش به‌ دڵی خۆم گوێم بۆ چیرۆكه‌كانی دایكم ڕانه‌گرتووه‌،
تێرم سه‌ر له‌ باوه‌ش دانه‌ناوه‌.
زۆرن ئه‌و گوڵانه‌ی بۆنم نه‌كردوون و 
فره‌ن ئه‌و كانیاوانه‌ی ئاوم لێ نه‌نۆشیون، 
له‌ ئه‌ندازه‌ نایه‌ن ئه‌و كتێبانه‌ی نیازم وایه‌ بیانخوێنمه‌وه‌ و
هێشتا نه‌مخوێندوونه‌ته‌وه‌،
په‌ڕنادیارن ئه‌و شیعرانه‌ی گه‌ره‌كمه‌ بیانهۆنمه‌وه‌ و نه‌مهۆنیونه‌ته‌وه‌.
من هێشتا تامی هه‌وه‌ڵین گێلاسێكی پێكه‌وه‌ خواردمانم له‌ بن دداندایه‌
خه‌یاڵم وایه‌ چه‌ندان جاری تر پێكه‌وه‌ گێلاس بخۆین!
خه‌یاڵم هه‌س له‌گه‌ل هاوپۆله‌كانی ده‌ورانی زانكۆمدا
چه‌ندین جاری تر كۆببینه‌وه‌ و بچینه‌ ده‌شت
وام ته‌مایه‌ بچمه‌وه‌ سه‌ر كورسییه‌ ڕه‌قه‌كانی جاران و
به‌ ترس و ئومێده‌وه‌
گوێ بۆ قسه‌ی مامۆستاكانی سه‌ره‌تاییم شل بكه‌م!
پلانی شه‌و و ڕۆژمه‌ كه‌ جارێكی تر
له‌ته‌ك هاوڕێ منداڵه‌كانمدا
جه‌م ببین و
قوڕ بگرینه‌وه‌ و 
مه‌ڕ و بزن و زه‌لامی دنیای لێ چێ بكه‌ین...
یانی چی وا زوو بمرم؟
خۆ هێشتا هیچێك له‌مانه‌ به‌دی نه‌هاتوون
مانای چییه‌ وا گورج بڕۆم؟
خۆ هێشتا ئه‌و فیلمانه‌م نه‌بینیوه‌
وا چه‌ند ساڵه‌ له‌ یادگه‌ی لاپتۆپ و هارده‌كانمدا
كۆیان ده‌كه‌مه‌وه‌ و هه‌ڵیان ده‌گرم!
خۆ هێشتا سه‌دیه‌كی ئه‌و كتێبانه‌م نه‌خوێندووه‌ته‌وه‌
وا بیست ساڵه‌ ده‌یانكڕم و
له‌ ڕه‌فه‌ی كتێبخانه‌كه‌مدا ڕیزیان ده‌كه‌م!
وا باشه‌ خێرا بم‌،
وا سێڵاوی مه‌رگ بۆ كه‌نده‌ڵانێكی دووره‌ده‌ستم ڕاپێچ ده‌كات،
ده‌بێت وه‌خۆم كه‌وم،
تا چیی دی خه‌ونه‌كانم به‌خاوی نه‌مێننه‌وه‌ و
خه‌یاڵه‌كانم به‌كاڵی هه‌ڵنه‌پڕووزێن!
ئه‌و كه‌ هات
به‌جۆرێك لوولت ده‌دات و ه‌هات ده‌بات
وه‌ك بڵێیت ڕۆژێك له‌ ڕۆژان نه‌بووبێتیت و
هه‌ناسه‌یه‌كت له‌م گێتییه‌دا هه‌ڵنه‌مژیبێت...

تاگەکان    
ژیانی پێغەمبەر کۆرۆنا یاسا کۆرۆرنا عێڕاق ئەدەبیاتی فارسی گۆرانی نائومێدی بوونەوەری ئاسمانی تەنیایی فەرهەنگ چەواشەکاریی لۆژیکی ئەیاد قنێبی جەنگی هۆشیاری ڕانانی کتێبب
فیکر
2017-03-27 کۆمێنت 3487 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی