پرسیار: حوکمی دوعای نیوەی شەوی شەعبان چییە؟ ئایا لەبارەی ئەم شەوەوە هیچ فەرموودەیەکی دروست گێڕدراوەتەوە؟
وەڵام: سوپاس و ستایش بۆ خوا، دروود و سڵاو بۆ پێغەمبەر و، هاوماڵ و هاوڕێیانی و، ئەوانەیشی دوای دەکەون تا ڕۆژی دوایی، پاشان:
شەوی نیوەی شەعبان، هیچ فەرموودەیەکی لەبارەوە نەهاتووە گەیشتبێتە پلەی دروستی، هەندێک فەرموودە هەن بەشێکی زانایان گوتوویانە لە ئاستی (حەسەن)دان، هەندێکی دییش ڕەتیان کردوونەتەوە و گوتوویانە هیچ فەرموودەیەکی دروستی لەبارەوە نەهاتووە. خۆ گەر قسەی ئەوانەیش وەربگرین کە گوتوویانە (حەسەن)ـن، هەموو ئەوەی سەبارەت بەم شەوە هاتووە ئەوەیە بپاڕێتەوە و داوای لێخۆشبوون لە خوا بکات، بەڵام دەستەواژەیەکی دیاریکراوی دوعای تێدا نییە، ئەو دوعایەیشی هەندێک کەس لە هەندێک وڵاتدا دەیخوێننەوە و لە چاپی دەدەن و بەسەر خەڵکیدا بەشی دەکەنەوە، ئەوە هیچ ئەسڵ و ئەساسێکی نییە و هەڵەیە، لەگەل عەقڵ و نەقڵیشدا یەک ناگرێتەوە.
لەم دوعایەدا دەگوترێت: "خوایە گەر لە کتێبەکەی خۆتدا بە خراپەکار یان بێبەشکراو یان دەرکراو یان ڕیزقگیراوت نووسیوم، ئەوا بە فەزڵ و کەرەمی خۆت خراپی و بێبەشی و دەرکراوی و ڕیزقگیراویم بسڕەوە، لای خۆت بمخەرە ڕیزی بەختیاران و ڕیزقپێدراوانەوە، ئاخر خۆت لەو کتێبەی بۆ سەر پێغەمبەرەکەتت دابەزاندووە گوتووتە و گوتنیشت حەقە، کە {يَمْحُو اللَّهُ مَا يَشَاء وَيُثْبِتُ وَعِندَهُ أُمُّ الْكِتَابِ}.
لەم قسەیەیشدا دژیەکییەکی ئاشکرا دەبینین:
سەرەتا دەڵێت: خوایە گەر لە کتێبەکەی خۆتدا بە خراپەکار یان بێبەشکراوت نووسیوم، ئەوە بسڕەوە و بمخەرە ڕیزی بەختیاران و ڕیزقپێدراوانەوە. چونکە فەرمووتە: {يَمْحُو اللَّهُ مَا يَشَاء وَيُثْبِتُ وَعِندَهُ أُمُّ الْكِتَابِ} (الرعد: ٣٩)، مانای ئایەتەکە ئەوەیە لەو کتێبەی لای خوادایە سڕینەوە و نووسینەوە نییە، ئیدی چۆن داوای شتێکی وا دەکرێت؟
پاشان ئەم داواکارییە پێچەوانەی ئەدەبی پاڕانەوەیە، چونکە پێغەمبەری خوا دروودی خوای لەسەر بێت دەفەرمووێت: "گەر داوایەکتان لە خوا هەبوو، ئەوا یەکلایانە و بەبێ دڕدۆنگی داوا بکەن." مەڵێن: خوایە گەر ویستت لێم خۆش بە، گەر حەزت لێ بوو ڕەحمم پێ بکە، گەر گەرەکت بوو ڕیزقم پێ ببەخشە، چونکە کەس ناتوانێت زۆر لە خوا بکات، بەڵکو دەبێت بڵێت: خوایە لێم خۆش بە، ڕەحمم پێ بکە، ڕیزقم پێ ببەخشە. بە دڵنیایی و یەقینەوە، چونکە ئەو کەسەی داوای شتێک لە خوای خۆی دەکات، دەبێت دڵنیا بێت لەوەی خوا توانای تەواوی بەسەریدا دەشکێت.
بەڵام بەستنەوەی دوعا بە ویست و مەرجەوە -وەک ئەوەی ڕابووری-، لە شێواز و ئەدەبی دوعا نییە، لە شێوازی کەسێکیش نییە کە نیازی بە خوا هەبێت و زەلیلی بێت، بەڵکو شێوازێکی لاوازی دڵڕاگرتنە، کە بۆ مەقامی بەندەی ئیماندار ناشێت.
ئەمەیش بۆمانی دەردەخات ئەو دوعایانەی مرۆڤ دایاندەتاشن زۆربەی جار لە گەیاندنی مەبەستدا کەم دێنن، بەڵکو ڕەنگە هەڵە و شێوێنراو و دژیەک بن. هیچ دوعایەک لەوانە باشتر نییە کە لە پێغەمبەرەوە گێڕدراونەتەوە، چونکە دوو پاداشتت بۆ دەنووسرێت: پاداشتی شوێنکەوتن و پاداشتی یادکردنەوەکە. بۆیە پێویستە دوعا پێغەمبەرانەکانمان لەبەر و لەسەر زار بن.
لەبارەی شەوی نیوەی شەعبانیشەوە، زۆربەی ئەو کارانەی تێیدا ئەنجام دەدرێن نە گێڕدراونەتەوە، نە دروستن و نە فڕیان بە سوننەتەوە هەیە. لە بیرمە بەمنداڵی لاسایی خەڵکم دەکردەوە، لەتەکیاندا شەونوێژم دەکرد، دوو ڕیکعات بۆ تەمەندرێژی، دوو ڕیکعات بۆ بێمنەتبوون لە خەڵکی، خوێندنەوەی سوورەتی یاسین و دوو ڕیکعاتی تر و... شتی تریش.
شەرع فەرمانی بە ئەنجامدانی هیچکام لەم پەرستشانە نەکردووە، ئەسڵ و بنەمایش لە پەرستشدا قەدەغەییە، واتە مرۆڤ بۆی نییە هەر لە خۆیەوە پەرستش دابهێنێت، چونکە ئەوەی مافی ئەوەی هەیە خەڵک بیپەرستن، هەر ئەویش ڕێپێدراوە ڕێوشوێنەکانی پەرستن دیاری بکات. {أَمْ لَهُمْ شُرَكَاء شَرَعُوا لَهُم مِّنَ الدِّينِ مَا لَمْ يَأْذَن بِهِ اللَّهُ: ئاخۆ ئەوان شتانێک بە هاوبەشی خوا دادەنەن کە لە خۆوە و بێ ڕێگەپەدانی خوا شەرع و دینیان بۆ دادەڕێژن؟} (الشورى: 21) بۆیە پێویستە لەسەر ئەوە ڕاوەستین کە گێردراوەتەوە و، جگە لە دوعای پێغەمبەری خوا شتی تر زیاد نەکەین، خوایش زاناترە.