پێش هه‌ر شتێك
ئه‌وه به پێویست ده‌زانم بڵێم ئه‌م بابه‌ته تایبه‌ته به خاڵێكی زۆر ورده‌وه،
تكایه هه‌ركه‌س ده‌یخوێنێته‌وه به لای تری‌دا نه‌بات، ئه‌مه باسی هه‌ڵه‌یه‌كی زانستییه
له ڕه‌خنه‌كردنی فه‌رمووده‌یه‌كدا، باسی كۆی ئه‌و ڕه‌خنانه‌ی له فه‌رمووده ده‌گیرێت،
زۆری ده‌وێت، ئه‌م بابه‌ته بێ په‌یوه‌ندی نییه له‌ته‌ك ئه‌و باسه‌دا، وه‌لێ هه‌موو
ئه‌وه نییه!
ڕه‌خنه‌كردنی فه‌رهه‌نگی
نه‌ته‌وه‌یی و ئیسلامیی به میرات به‌جێماو، كارێكی باش و پێویسته، گه‌ر وا نه‌كه‌ین،
ڕێزمان له عه‌قڵی خۆمان نه‌گرتووه كه خوا پێی داوین، به‌ڵام ئه‌م ساڵانه‌ی دوایی
ئه‌م پرۆسه‌ی ڕه‌خنه‌كردنه بووه‌ته مۆدێلیكی زۆر ناشیرین، هه‌ر كێ هه‌ڵده‌ستێت ده‌ڵێت
"پێم وا بێت" و "دوا جار ئه‌مه هه‌ڵه‌يه" و "فڵانه حه‌دیس
دژی عه‌قڵه" و له‌م قسه له ڕواڵه‌تدا قه‌به و جوانانه...
لای كه‌سی ئاگا
و ژیر ڕوونه كه شهنوكهوكردنی ڕیوایه‌ت و فه‌رمووده‌كانی پێغه‌مبه‌ر و هاوه‌ڵان,
كاری هه‌زار و سێسه‌د ساڵه‌ی زانایانی ئیسلام و فهرموودهناسهكانه, ئيتر ئه‌گه‌ر
كه‌سێك له‌م سه‌رده‌مه‌دا شتێكی له‌و چه‌شنه بكات، كارێكی تازه‌ی نه‌كردووه و هیچ
نوێگهرییهكی ئه‌نجام نه‌داوه، به‌ڵكو درێژه‌ی به پرۆژه‌یه‌كی سه‌دان ساڵه داوه،
یان قسه‌ی زانایانی پێشووی سه‌دباره كردووه‌ته‌وه. ئه‌وه‌ی زۆربه‌ى ئه‌مانه‌ی ئه‌مڕۆ
له پیاوانی ڕابوردوو جیا ده‌كاته‌وه ئه‌وه‌یه: ئه‌مان، له‌حاڵێكدا مه‌له‌وانی نازانن،
بێ چووپ خۆیان فڕێ ده‌ده‌نه ناو ده‌ریاوه و دوایی كێشه بۆ خوێشیان و خه‌ڵكیش ده‌نێنه‌وه.
ئیتر دیاره هه‌موومان به یه‌ك دوو شت زاناین و به هه‌زاران شت نه‌زان، ئاشكرایشه
به‌ردێك نه‌زان بیخاته چاڵه‌وه به سه‌د زانا ده‌رنایه‌ت, بۆیه وا باشه تا به
باشی له شتێكمان نه‌زانی قسه‌ی تێدا نه‌كه‌ین.
ئه‌وه‌ی سه‌یره
ئه‌وه‌یه كه‌سێكی وه‌ك كاك عبدالرحمن صدیق، كه خوا توانایه‌كی باشی له هه‌ندێ بواردا
پێ به‌خشیوه و خوێنهوارییهكی باشی هه‌یه و دهموگفتیشی خۆشه، ناوه ناوه خۆی
فڕێ ده‌داته ناو هه‌نێ باسه‌وه، كه دۆ و دۆشاوی تێكه‌ڵ ده‌كات و من به‌م كه‌مه
زانیارییه‌ی خۆمه‌وه، كه گوێی لێ ده‌گرم چینێكی باش ته‌ریق ده‌بمه‌وه. ئه‌مه كاتێك
عه‌جیبتر ده‌بێت كه بزانین شه‌و و ڕۆژ, قسه‌ی نوك و بنی زمانی ئه‌م پیاوه باسی پسپۆڕی
و پرۆفیشناڵی و به‌سه‌رچوونی زه‌مانی مهوسووعهبوونه، كه‌چی كه‌س له كوردستاندا
ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌م زاته له هه‌موو شت قسه ناكات و خۆی له هه‌موو باسێك هه‌ڵناقورتێنێت،
له باسی ژینگه‌وه بۆ باسی فیكر باز ده‌دات، له سیاسه‌ته‌وه ده‌چێته ناو ته‌حلیلی
مێژووییه‌وه، له كۆڕگرتن بۆ كادیرانی پارتییه‌وه ده‌چێته به‌هه‌شت و حۆرییهكانیمان
بۆ ده‌ژمێرێت، باسی ئایین له دیدی بارزانی نه‌مره‌وه ده‌كات، ئیتر ئێوه‌یش وه‌ك من
ده‌زانن چه‌نده بووه‌ته میصداقی پووچه‌ڵكردنه‌وه‌ی ته‌خه‌سوس و پاراستنی سنووری پسپۆڕی!
زۆر كه‌س قه‌ناعه‌تیان
وایه ئه‌م پیاوه به‌ڕێزه هه‌رچه‌ند باس ده‌كرێت، هێشتا تینووی ناوبانگی زیاتره،
بۆیه وه‌ك زۆر كه‌سی تر -كه دوور نییه له سه‌نگه‌ری به‌رانبه‌ریدا بن- خولیای بووه‌ته
قاڵه دروستكردن و فه‌رته‌نه نانه‌وه، ئیتر بۆیه ئه‌گه‌ر زوو زوو قسه‌یه‌كی دژه‌باو
نه‌كات، ئیسراحه‌ت ناكات. من ناتوانم بڵێم ئه‌م قه‌ناعه‌ته ڕاسته، به‌ڵام له‌به‌ر
ئه‌وه‌ی ئه‌ویش مرۆڤه، ڕێی تێده‌چێت وا بێت. سه‌رباری ئه‌مه‌یش به‌نده ناوه‌ڕۆكی
قسه‌ی وه‌رده‌گرم و له‌باره‌یه‌وه ده‌دوێم و كارم به نییه‌ت و ناخیه‌وه نییه. ئه‌وه‌یش
ده‌ڵێم خۆزگه ئه‌م پیاوه به‌ڕێزه توانای ئه‌وه‌ی بووایه له جیاتی قسه‌ی گه‌وره‌ی
سه‌ر شاشه‌كان، كه ڕوونه زوو ده‌بێته هۆی ناوبانگ په‌یدا كردن، له عومریدا دوو
سێ توێژینه‌وه‌ی قووڵ و زانستی بنووسیبایه تا قووڵی و گه‌وره‌ییمان بۆ ده‌ركه‌وتایه
و سوودمان له بۆچوونه‌كانی ببینایه.
تازه‌ترین هه‌رایه‌كی
ئه‌م براده‌ره ناویه‌تیه‌وه باسی ژماره‌ی حۆرییه‌كانی به‌هه‌شته، من ناتوانم وه‌ك
هه‌ندێ مامۆستا و براده‌ری ئه‌ملا و ئه‌ولا نییه‌تى بپشكنم و بڵێم ئه‌م كاره‌یشی بۆ
خۆخستنهبهرچاوێكی تره، یان بۆ دڵخۆشكردنی ده‌سه‌ڵات و شه‌ڕفرۆشتن به داعش و گرووپه
جیهادییه‌كانه، نایشتوانم سوێند بخۆم كه ده‌زانم ژماره‌ی حۆرییه‌كانی به‌هه‌شت چه‌نده،
به‌ڵام دڵنیام ئه‌م ده‌ربڕین و ڕه‌خنه‌گرتنه‌ی كاك عبدالرحمن, بێ ئه‌ندازه نازانستی
و بازاڕییانه‌یه، ڕووداوێكی زه‌مانی مناڵیی خۆمتان بۆ ده‌گێڕمه‌وه و دێمه‌وه خزمه‌ت
حۆرییه‌كان!
كاتێك له
1990 سه‌دام حوسێن په‌لاماری كوێتی دا و دواتر ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانانی هێرشیان كرده
سه‌ر و بنكه سه‌ربازییه‌كانیان هێنایه خه‌لیج، باس بووبووه باسی ئه‌م جه‌نگ و دوژمنایهتيیانهی
سه‌دام و وڵاتانی دنیا. ئیتر مه‌علوومه مناڵ مناڵانه شیكار ده‌كات، ئه‌كادیمی ئه‌كادیمیانه
و پیره‌ژنیش پیره‌ژنانه. پیاوه به‌ته‌مه‌نه‌كانی گه‌ڕه‌كی ئێمه‌یش هه‌موو عه‌سرانێك
له بنی دیواری ماڵانی گه‌ڕه‌كدا داده‌نیشتن و ده‌ستیان ده‌كرده ته‌حلیلات، پیاوێكی
خزممان هه‌بوو, قسه‌زان و خاوه‌ن لێكدانه‌وه‌ی تایبه‌ت به خۆی بوو، وه‌لێ زانیارییه‌كی
وه‌های نه‌بوو. جارێكیان به جدییه‌وه قسه‌ی ده‌كرد و سه‌رنجی هه‌موو ئهختیارهكانی
ده‌وروبه‌ری بۆ خۆی ڕاكێشابوو. له بیرمه گوتی: ده‌زانن ئه‌مه چۆن بوو؟ عهملیقا
-ئه‌مریكا- و سه‌دام وهیهكۆ دانیشتنیان كرد، عهملیقا وه سه‌دامی وت: بڕۆ كوه‌یت
بگره. ئه‌ویش وتی: ئاخر دوایی ئێو قارتان تێ. عهملیقا وتی: وا نییه، تو بڕۆ بیگره
و ئێمه حه‌قمان وهسهرتۆ نییه. سه‌دام عاقڵ بی، وتی: ده‌ی ئه‌گه‌ر ڕاست ئه‌كه‌ی
وه‌ره‌قه‌یه‌ك بنووسه و ئیمزای بكه كه خۆت ڕازیت. ئه‌ویش وه‌ره‌قه‌یه‌كی ده‌ركرد
و ئیمزای كرد، سه‌دام وه‌ره‌قه‌كه‌ی خسته ناو چهكمهچهكهی به‌رده‌میه‌وه. به‌س
عهملیقا زۆر فێڵباز بی، هه‌ر كه سه‌دام له غورفهكهی ده‌رچوو، وه‌ره‌قه ئيمزادارهكهی
ده‌ركرد و وه‌ره‌قه‌یه‌كی سپی خسته شوێنی! ئیتر كه سه‌دام دای له كوه‌یت، عهملیقا
هاته جواو، سه‌دام وتی: خۆت نه‌توت؟ وتی: نه‌وه‌ڵا، شایه‌تت هه‌یه من وتمه بده
له كوه‌یت؟ سه‌دام وتی: ئا. چوو وه‌ره‌قه‌كه بێرێ، سه‌یری كرد نه‌ماوه و وه‌ره‌قه‌یه‌كی
سپی ها له شوێنیا!
ئه‌م حیكایه‌ته
سه‌رنجی هه‌موو به‌ساڵاچووانی گه‌ڕه‌كی ڕ‌اكێشا بوو و گشتیان سه‌ریان ده‌سووڕاند و چوكچوكیان
بۆ ده‌كرد. له كاتێكدا منی مناڵ، چون دوو سێ ساڵێك له مه‌كته‌ب خوێندبووم، ئه‌وه‌نده‌م
پێ گاڵته و سه‌یر بوو، كه تا ئه‌م ساتهوهختهيش وه‌ك نوكته‌یه‌كی خۆش له بیرم
نه‌چووه‌ته‌وه.
لێتانی ناشارمه‌وه
من كاك عبدالرحمن صدیقم خۆشده‌وێت و ڕێز له زۆر شیكار و لێكدانه‌وه‌ی ده‌گرم، به‌ڵام
ئه‌وه‌یش ناشارمه‌وه كه زۆر جار له كاتی گوێگرتن له هه‌ندێ قسه‌یدا چینێكی باش
ته‌ریق ده‌بمه‌وه و ده‌زانم ڕێك وه‌ك ئه‌وه‌یه من له بواری پزیشكیدا ده‌م بكوتم،
ئه‌م ڕۆژانه‌یش كه گوێم له باسی هۆی په‌یدابوونی حه‌دیسی 72 حۆرییهكه بوو، ڕێك
لێكدانه‌وه‌ی ئه‌و پیرهپیاوهی دراوسێمانم بیر كه‌وته‌وه كه له بڕگه‌ی پێشوودا،
بۆ گاڵته بۆم باسكردن.
میقدامی كوڕی مه‌عد
یهكرب، كابرایه‌كی عه‌ره‌بی حه‌ز له شه‌ڕ و دارده‌ستی ئومه‌وییه‌كان نه‌بوو، به‌ڵكو
صهحابهیهكی جه‌نگاوه‌ری به‌ڕێزی پێغه‌مبه‌ر بووه، پیاوێكی حه‌قبێژی چاونه‌ترس بووه
كه له مه‌جلیسی خه‌لیفه‌دا و به به‌رچاوی سه‌دان كه‌سه‌وه, موعاویه‌ی پادشای سه‌غڵه‌ت
كردووه و پێی گوتووه له حه‌رامدا ده‌ژیت و باكی له تووڕه‌بونی خه‌لیفه و زه‌بری
ده‌سه‌ڵاتی ئومه‌وی نه‌بووه.
زاناى مێژوونووس
و مێژووناسی ناسراو ئيبن عه‌بد به‌ڕ له كتێبی (الاستیعاب فی معرفة الأصحاب)دا ده‌گێڕێته‌وه:
جارێكیان میقدامی كوڕی مه‌عد یهكروب له‌گه‌ڵ عه‌مری كوڕی ئه‌سوه‌د و كابرایه‌كی ئه‌سه‌دیدا
چوونه مه‌جلیسی موعاویه، موعاویه گوتی: میقدام! بیستووته حه‌سه‌نی كوڕی عه‌لی وه‌فاتی
كردووه؟ میقدام گوتی: إنا لله وإنا إلیه را‌جعون. كابرای ئه‌سه‌دی گوتی: چما تۆ مردنی
حه‌سه‌ن به موسیبه‌ت ده‌زانیت وا (إنا لله) ده‌ڵێیت؟ میقدام گوتی: ئه‌ی بۆچی به موسیبه‌تی
نه‌زانم له حاڵێكدا پێغه‌مبه‌ر صلی الله علیه وسلم له كۆشی خۆیدا دایده‌نا و ده‌یفه‌رموو:
"ئه‌مه له منه". ئهسهدییهكه گوتی: پشكۆ ئاگرێك بوو، خوا كوژاندیه‌وه.
میقدام گوتی: ده‌ی ماتوڵ وای لێ هات، وه‌عد بێت ئێره به جێ نه‌هێڵم تا ده‌یگه‌یه‌نمه
لووتت و تووڕه‌ت ده‌كه‌م. دواتر ڕووی كرده موعاویه و گوتی: چه‌ند پرسیارێكت لێ ده‌كه‌م،
ئه‌گه‌ر ڕاستم كرد بڵێ ڕاست ده‌كه‌یت و ئه‌گه‌ر درۆیشم كرد، بڵێ درۆ ده‌كه‌یت. سوێندت
ده‌ده‌م به خوا، گوێت له پێغه‌مبه‌ر بووه فه‌رمووبێتی: زێڕ بۆ پیاوانی موسڵمان حه‌رامه؟
گوتی: به‌ڵێ. گوتی: سوێندت ده‌ده‌م به خوا، گوێت له پێغه‌مبه‌ر بووه ئاورێشمی له
پیاوان حه‌رام كردبێت؟ گوتی: به‌ڵێ. میقدام گوتی: سوێندت ده‌ده‌م به خوا، گوێت له
پێغه‌مبه‌ر بووه نه‌هیی كردبێت له پۆشینی پێستی ئاژه‌ڵی دڕنده و سواربوونی؟ موعاویه
گوتی: به‌ڵێ. گوتی: ده‌ی سوێند به خوا هه‌موو ئه‌و شتانه‌م له ماڵ و حاڵی تۆدا دیوه
ئه‌ی موعاویه! موعاویه گوتی: به خوا زانیم له ده‌ست و ده‌مت قوتار نابم. پاشان
بڕێك پاره و شتی دا به میقدام و هاوڕێكانی و به‌شی میقدامی له هه‌مووان زیاتر دا.
كه لای موعاویه هاتنه ده‌ره‌وه، میقدام گشت پاره‌كه‌ی خۆی به‌سه‌ر كه‌سانی چوارده‌وریدا
به‌خشییه‌وه.
میقدام خوای لێ
ڕازی بێت، له ساڵی 87 كۆچی‌دا له ته‌مه‌نی 91 ساڵی مردووه، كه‌واته له ساڵی 73ی
كۆچی‌دا ته‌مه‌نی 77 ساڵ بووه، به گوێره‌ی قسه‌ی كاك عبدالرحمن، میقدام له‌و ساڵه‌دا
سه‌ركرده‌ی شه‌ڕی براكوژی بووه و به شمشێرێكی گه‌وره‌وه له به‌ره‌كانی جه‌نگدا
خه‌ریكی براكوژی بووه، له‌وه گه‌ڕێ ئه‌گه‌ر ئاوا باسی ئه‌و هاوه‌ڵانه بكرێت كه
به‌شداری هه‌ندێ جه‌نگی ناوخۆیی بوون، ده‌بێت ده‌ست له خێری عه‌لی كوڕی ئهبووتاڵب
و عه‌ممار و حوسێن و چه‌ندینی تریش بشۆین، وایش ده‌خوازێت مامۆستا عبدالرحمن باس له
براكوژییه‌كانی كوردستانیش بكات و گاڵته‌ی به شه‌هیده‌كانی هه‌ردوو حیزبی ده‌سه‌ڵات
بێت و له خولی پێگه‌یاندنی كادیراندا، كۆمه‌ڵێك له‌و هه‌ڵانه به جورئه‌ته‌وه بیری
كادیرانی پارتی بخاته‌وه... له‌مانه گه‌ڕێین، وه‌لێ ده‌پرسم: ئه‌رێ عه‌قڵه ههندهسییهكهی
كاك عبدالرحمن له كاتی ڕه‌خنه‌گرتن له میقدامدا بۆ كوێ چووه، كه بیری نه‌بووه
پیاوێكی 77 ساڵ زۆر زه‌حمه‌ته بتوانێت به شمشێرێكی زله‌وه خه‌ریكی جه‌نگان بێت،
له نێو دراوسێ و خزمانتاندا چاوێك بۆ كه‌سانی ته‌مه‌ن 77 ساڵ بگێڕن و بیر بكه‌نه‌وه
كه ڕێی تێ ده‌چێت كه‌سی وا بتوانێت شه‌ڕه شمشێر بكات؟ شمشێرهكهیشی ئاسایی نه‌بێت
و له هی هه‌مووان گه‌وره‌تر بێت! ئه‌گه‌ر ئه‌مه به عه‌قڵه‌وه ده‌چێت، ئه‌ی بۆ به
عه‌قڵه‌وه ناچێت له به‌هه‌شتدا شه‌هید 72 حۆری پێ بدرێت؟ (أهم یقسمون رحمة ربك)؟!
ئه‌ڵبه‌ت میقدام به‌و شمشێره گه‌وره‌یه‌یه‌وه كه ناوی (صهمصام) بوو، له جه‌نگی
قادسییه و له ساڵی 15ی كۆچی‌دا جه‌نگاوه، كه ئه‌و ده‌مه ته‌مه‌نی 30 ساڵان بووه.
هه‌ركه‌سێك ئه‌وه‌نده‌ی
نینۆكێك له زانستی فه‌رمووده بزانێت، ئه‌وه‌ی لێ شاراوه نابێت كه هیچ (محدث)ێك
گومانی له عه‌داله‌تی هاوه‌ڵان نه‌بووه، چون لای گشت زانایانی ئه‌هلی حه‌دیس و كۆكه‌ره‌وانی
فه‌رمووده ئه‌وه بڕاوه‌یه كه "الصحابة كلهم عدول"، كه‌مترین پێناسه‌ی
عه‌داله‌تیش ئه‌وه‌یه كه هه‌رگیز ناكرێت ئه‌و زاتانه به ئه‌نقه‌ست درۆ به ده‌می
پێغه‌مبه‌ره‌وه هه‌ڵبه‌ستن. ئیتر چۆن ئه‌م میقدامه بۆ گه‌رمكردنی براكوژی ئاوا له
گیرفانی خۆیه‌وه به‌ناوی فه‌رمووده‌ی خۆشه‌ویسته‌وه درۆی به‌خشیوه‌ته‌وه؟ ئه‌رێ
ئه‌گه‌ر گومان له ڕاستگۆیی هاوه‌ڵان بكه‌ین، خودی قورئانیش ناكه‌وێته ژێر پرسیاره‌وه؟
ئه‌ی قورئانیش هه‌ر له زاری وانه‌وه وه‌رنه‌گیراوه و تۆمارنه‌كراوه؟ ئه‌ی ئیتر
چۆن متمانه بكه‌ین ئایه‌تیشیان هه‌ڵنه‌به‌ستووه؟ ئه‌گه‌ر بگوترێت خوا له قورئاندا
په‌یمانی داوه قورئان بپارێزێت، ده‌كرێت له وه‌ڵامدا بگوترێت ئه‌ی كێ ده‌ڵێت خودی
ئه‌و ئایه‌تی (إنا نحن نزلنا الذكر وإنا له لحافظون) هه‌ڵبه‌ستراوی صه‌حابه‌یه‌ك نییه؟!
من دڵنیام كاك عبدالرحمن هه‌ر نازانێت میقدام صه‌حابه بووه.
پرسیارێكی له‌وه
ساناتر: ئه‌مه چ بلیمه‌تێك گوتوویه كه بوخاری له‌به‌ر درۆزنبوونی كه‌سێك، 39 حه‌دیسی
ڕه‌ت كردووه‌ته‌وه، به‌ڵام هه‌ر بۆ خۆشی فه‌رمووده‌یه‌كی لێوه ڕیوایه‌ت كردووه؟
باشه قابیله نه‌زانێت كه‌سێك بووبێته جێی گومان و ئه‌گه‌ری درۆی لێ كرابێت، ئیتر
بوخاری فه‌رمووده‌ی لێ وه‌رنه‌گرتووه؟ خۆ هه‌موومان چه‌ند به‌سه‌رهاتێكی بوخاریمان
بیستووه كه چۆن له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بینیویه‌تی كابرایه‌ك به درۆ ویستوویه‌تی ئه‌سپه‌كه‌ی
له‌غاو بكات، وازی لێ هێناوه و فه‌رموویه‌تی كه‌سێك درۆ له‌گه‌ل ئاژه‌ڵێكدا بكات،
دوور نییه به ناوی پێغه‌مبه‌ریشه‌وه بیكات، چون دیاره ئه‌و پیاوه ژیر بووه و
زانیویه‌تی درۆكردن سیفه‌ت و خووی ده‌روونییه، كه له كه‌سێكدا هه‌بوو، فێری ده‌بێت
و متمانه به هیچ قسه‌یه‌كی ناكرێت.
من ئه‌و ده‌مه‌ی
ئه‌و قسه‌یه‌م له‌م پیاوه بیست، زانیم چه‌نده له‌و زاهیرهی هه‌یه‌تی زانستی كه‌متره،
زانیم له زۆر بواری زانستی شه‌رعیدا كڵۆڵه و كه‌له‌لایه (هه‌رچه‌ند ده‌زانم ده‌ربڕین
و وه‌سفكردنه‌كه به كڵۆڵ قورسه، به‌ڵام دڵنیام زێده‌ڕۆییم نه‌كردووه) ئیتر خۆزگه‌م
خواست ئه‌وه‌نده له خۆیه‌وه قسه نه‌كات و كه‌مێك بێده‌نگ بێت. بێده‌نگییه‌كه بۆ
خۆی و خه‌ڵكیش باشتره.
به‌نده نه چاوم
بڕیوه‌ته حۆری و نه ئه‌وه‌نده‌یش له خۆم ڕاده‌بینم كه محه‌مه‌دی مههدییش بێت،
به‌شداری جیهاد بكه‌م و شه‌هید بم، مه‌منونم نهخرێمه دۆزه‌خه‌وه، بۆیه داكۆكی له
به‌شه حۆریی خۆم ناكه‌م. قسه‌یشم له‌سه‌ر ئه‌وه نییه كه ئایا ئه‌م فه‌رمووده‌یه
ڕاسته یان نا؟ به‌ڵكو ته‌نیا كارم به‌و لێكدانه‌وه نازانستی و كۆڵانییهوهیه بۆ
سه‌نه‌دی فه‌رمووده‌كه و هه‌ڵسه‌نگاندنی میقدام و خۆڵ له چاوی خه‌ڵك كردن. ئه‌گه‌ر
گرفت له سه‌نه‌دی فه‌رمووده‌كه‌دا هه‌یه، -كه مومكینه هه‌بێت و هه‌زار ساڵ پێش
ئه‌م پیاوه، زانایانی شاره‌زا به به‌ڵگه‌وه باسیان كردبێت-، ئه‌وا با زانستییانه
گرفته‌كه ده‌ستنیشان بكات، نه‌ك به هه‌ڵه به هاوه‌ڵی پێغه‌مبه‌ر بڵێت درۆی كردووه
و بوخارییش له‌به‌ر ئه‌وه 39 حه‌دیسی لێ وه‌رنه‌گرتووه. خۆ دوور نییه كاك عبدالرحمن
ئه‌وه به مومكین بزانێت كه صه‌حابه هه‌بێت به درۆ فه‌رمووده‌ی به ده‌می پێغه‌مبه‌ره‌وه
گێڕابێته‌وه، خه‌واریج و موعته‌زیله و شیعه‌یش ئاوه‌ها باوه‌ڕێكیان هه‌بووه و هه‌یه،
وه‌لێ هه‌رگیز بوخاری باوه‌ڕی له‌م چه‌شنه‌ی نه‌بووه، ئیتر پێویست ناكات قه‌ناعه‌تێكی
خۆت به‌سه‌ر بوخاریدا ساغ بكه‌یته‌وه، باشه ئه‌م قسهههڵبهستنه به ناوی بوخارییه‌وه
چ فه‌رقی له‌گه‌ل قسهههڵبهستنی ئه‌و ڕاوییانهدا هه‌یه؟ تۆ بڵێیت هه‌ڵه به هه‌ڵه
و درۆ به درۆ چاره‌سه‌ر بكرێت؟!
پێشكه‌شكار ده‌یپرسی:
باشه ئه‌گه‌ر پیاوی شه‌هید 72 حۆریی ده‌درێتێ، بۆچی ژنی شه‌هید 72ی پێ نه‌درێت؟ مامۆستایش
وه‌ك بڵێیت قسه‌ی كوڕه گه‌نجه‌كه‌ی زۆر پێ ژیرانه بێت، سه‌ری ده‌له‌قاند و نه‌یده‌گوت:
كاكی برا! مولحیدانیش هه‌ر وا ده‌رباره‌ی فره‌ژنی ده‌ڵێن، كه له قورئاندا هه‌یه.
ده‌ڵێن بۆچی پیاو بۆی هه‌یه چوار ژنی له یه‌ك كاتدا هه‌بێت و ژن بۆی نییه چوار پیاوی
هه‌بێت؟
ده‌گێڕنه‌وه عه‌مری
كوڕی عوبه‌ید كه له سه‌رانی موعته‌زیله بوو به ئهبوعهمری كوڕی عه‌لائی گوت -كه
یه‌كێك له ڕاوییانی حه‌وت قیرائهتهكهی قورئانه-: بۆچی ئایه‌تی (وكلَّم اللهُ موسی
تكلیماً) ناكه‌یته (وكلَّم اللهَ موسی تكلیماً)؟! بۆ ئه‌وه‌ی بكه‌ری قسه‌كردنه‌كه
ببێته مووسا و به‌مه‌یش له‌وه ڕزگارمان بێت كه بڵێین خوا قسه ده‌كات و ناچار نه‌بین
قورئان به كه‌لامی ئه‌و بزانین. ئهبوعهمری كوڕی عه‌لاء پێی ده‌ڵێت: وای دانێ وام
كرد، ئه‌ی چی له ئایه‌تی (ولما جا‌ء موسی لمیقاتنا وكلَّمهُ رَبُّه) بكه‌ين كه به
پێی هه‌موو یاساكانی زمانی عه‌ره‌بی ده‌بێت خوا بكه‌ری قسه‌كردنه‌كه بێت؟! ئیتر كابرا
قسه‌ی نه‌ما. وا ده‌زانم زۆر له‌م دۆستانه‌ی فێر گیانی فه‌رمووده بوونه، ئه‌گه‌ر
ده‌سه‌ڵاتیان هه‌بێت و بۆیان بكرێت، له ژماره‌یه‌كی زۆر ئایه‌تی قورئانییش خۆیان نه‌جات
ده‌ده‌ن! ئاخر زۆربه‌ی ئه‌و گومانانه‌ی له‌سه‌ر فه‌رمووده‌كانی پێغه‌مبه‌ری دروست ده‌كه‌ن،
بۆ قورئانیش ده‌شێن. (باسم له ڕیوایهتگهلی لاواز و بێ بنه‌ما نییه، باسم له‌و فه‌رمووده
ساغانهیه، كه زۆربه‌یان هه‌ر به هه‌وه‌س و له‌به‌ر كه‌م زه‌رفییه‌تی قبووڵ ناكه‌ن).
بوونی حۆری و هاندانی
باوه‌ڕدار به هۆیه‌وه بۆ به‌هه‌شت، له قورئاندایه و به ده‌یان ئایه‌ت جه‌ختی له‌سه‌ر
كراوه‌ته‌وه، ئه‌گه‌ر باسی سێكس عه‌یبه و نه‌شیاوه، ئه‌وه قورئان پێش فه‌رمووده
تۆمه‌تباره. كه‌سێك كه‌مێك ڕێز له عه‌قڵی خۆی و خه‌ڵك بگرێت قسه‌ی وا ناكات و ناڵێت
سێكس خراپ و قێزه‌ونه و نابێت به‌هه‌شت شتی وای تێدا بێت، چون ئه‌مه غه‌ریزه‌یه‌كی
چه‌سپاوی ناخی مرۆڤه و له ژیانی دنیایشدا هاوسه‌رگیری هه‌یه و به‌شێكی گه‌وره‌ی
ئه‌م پرۆسه مه‌زنه‌یش، سێكسهكهیهتی. واقیعیبوونی ئیسلام له‌وه‌دایه كه حه‌زه
سروشتییه‌كانی مرۆڤی نهچهپاندووه، به‌ڵكو ڕێكی خستووه و ڕێزی لێ گرتووه. ئه‌گه‌ریش
ژماره‌ی حۆرییه‌كان بووه‌ته كێشه، نازانم ئارێشهكهی له كوێدایه؟ ئێسته و ئه‌وجایش
نه‌مزانی ئه‌گه‌ر شه‌هید 72 حۆریی بدرێتێ، چ كێشه‌یه‌كی هه‌یه؟ ئایا له‌گه‌ڵ بنه‌مایه‌كی
لۆژیكیدا یه‌ك ناگرێته‌وه؟ بۆ؟ ئایا له ڕووی ئه‌خلاقییه‌وه نه‌گونجاوه؟ به چ هۆیه‌ك؟
ئه‌ی دژی قورئانه؟ دژی كام ئایه‌ته؟ ئاخر خۆ ناكرێت هه‌رچی زه‌وقی تۆ كه‌یفی پێ نه‌یه‌ت
و عه‌قڵت نه‌یگرت، بڵێیت "ئه‌سڵ و ئه‌ساسی نییه"!
یان گوایه ده‌یانه‌وێت
به‌م قسانه، پاڵنه‌رێكی گرووپه تیرۆریستییه‌كان بۆ شه‌ڕ و كوشتار و ڕه‌شه‌كوژی نه‌هێڵن؟
ئه‌رێ به گشت عه‌قڵێك وا ده‌زانن ئه‌وانه‌ی خۆیان به كوشت ده‌ده‌ن، له پێناوی حۆریدایه؟
خۆ ئه‌گه‌ر وا بێت یه‌ك كۆمۆنیست له پێناو باوه‌ڕه‌كه‌یدا ناجه‌نگێت و خۆی به كوشت
نادات. كاكی برام! جه‌نگی ئایدیۆلۆجی به‌م پینهوپهڕۆیانه ناكرێت و توندڕه‌وی به‌م
گورگانهشهوانه بنبڕ ناكرێت. ئه‌وانه ده‌یان گرێ و ده‌ردی ده‌روونییان هه‌یه و
سه‌دان قه‌ناعه‌تی چه‌قبه‌ستوویان له دڵدا چه‌قیوه... ئه‌وان پێویستییان به عه‌داله‌تی
كۆمه‌ڵایه‌تی و ئازادیی ڕاده‌ربڕین و دابینكردنی ژیانی سه‌ربه‌رزانه و به‌ڵگه‌ی ژیرانه
و مرۆڤانه هه‌یه تا له كه‌لی شه‌یتان بێنه خواره‌وه، به‌م قسه و لێكدانه‌وه
بێتامانه زیاتر تووڕه و كهلهشهق ده‌بن.
پێویسته كه ڕه‌خنه
له شتێك ده‌گرین، زانستییانه ڕه‌خنه بگرین و حسێبی ئه‌وه بكه‌ین كه‌سێكی وریا قسه‌كه‌مان
ده‌بیستێت، كه وه‌ڵامی ڕه‌خنه‌یش ده‌ده‌ینه‌وه، ده‌بێت له جێی هێرشكردنه سه‌ر دڵ
و نییه‌ت، وه‌ڵامی بیرۆكه‌كه بده‌ینه‌وه و ده‌ست بخه‌ینه سه‌ر كه‌لێنی ڕه‌خنه‌كه،
خاڵی هه‌ڵه دیاری بكه‌ین و تیری ڕهخنهمانی تێ بگرین. به‌داخه‌وه زۆر جار وه‌ڵامی
هه‌ڵه به هه‌ڵه ده‌درێته‌وه و له جیاتی چاره‌سه‌ركردن، گرفتی زیاتر ده‌خولقێنین.
كاك عبدالرحمن صدیق، پیاوێكی ورد و خوێنه‌واره و بیری كار ده‌كات، وه‌لێ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی
له زۆر شت قسه ده‌كات، هه‌ڵه‌ی زه‌قیش ده‌كات، بۆ ڕاستكردنه‌وه‌ی، نابێت په‌نا ببرێته
به‌ر جنێوبارانكردن و قسه‌ی ناشیرین پێ گوتنی، ده‌بێت هه‌ڵه‌كانی بۆ ده‌ستنیشان بكرێت،
تا جاری تر دووباره‌یان نه‌كاته‌وه و نه‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی متمانه‌مان به قسه‌كانی
تریشی نه‌مێنێت و بڵێین ئاماره‌كانیشی كه زۆربه‌مانی سه‌رسام كردووه، هه‌ر له‌م جۆره‌ن
و له خۆیه‌وه ده‌یانڵێت.
ئومێد ده‌كه‌م
ئه‌م قسانه‌م -كه ده‌زانم له هه‌ندێ شوێندا زبرن و بێئه‌ده‌بییان تیدایه- بگاته
گوێی ئه‌و پیاوه و سوودێكی پێ بگه‌یه‌نێت.
پێنووسەکانی تری ئەم نوسەرە