بوونی ده‌وڵه‌ت مافی هه‌ر گه‌لێكی سته‌مدیده‌ و ژێرده‌سته‌یه‌، وه‌كو هه‌موو گه‌لانی دیكه‌، له‌م چوارچێوه‌یه‌شدا گه‌لی كورد له‌ 25/9/2017 دا به‌شداریی ڕاپرسیی كرد و به‌ڕێژه‌ی 92.7% بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان ده‌نگی به‌ به‌ڵێ دا. تا ئێره‌ ئه‌وه‌ی میلله‌ت به‌ بڕیاری سه‌ركردایه‌تیی سیاسی كردی گرفتێكی نه‌بوو، چونكه‌ میلله‌تێكی سته‌مدیده‌ی وه‌كو كورد كه‌ شاهێدی ئه‌نفال و كیمیاباران و كوشتوبڕی ڕۆڵه‌كانی بووه‌ بێگومان ئه‌گه‌ر بخرێته‌ به‌رده‌م دوو بژارده‌ی ویستن و نه‌ویستنی ده‌وڵه‌ت ئه‌وا ده‌وڵه‌تی ده‌وێت، ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌ش كه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م ڕیفراندۆمه‌دا نه‌بوون قسه‌یان له‌سه‌ر كات و میكانیزمه‌كانی هه‌بوو، نه‌ك وه‌كو مه‌بده‌ء ڕیفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی وڵاته‌كه‌یان ڕه‌تكردبێته‌وه‌. بۆیه‌ له‌ كۆتا ساته‌كاندا كۆمه‌ڵی ئیسلامی و له‌ ڕۆژی ده‌نگدانیشدا به‌ڕێز ڕێكخه‌ری گشتیی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌نگیان به‌ به‌ڵێ‌ دا، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ یه‌كه‌م چركه‌ساته‌وه‌ دژ بوون به‌م پرۆسه‌یه‌!
ده‌مێنێته‌وه‌ سه‌ر ئه‌م ڕووداوانه‌ی چه‌ند ڕۆژی ڕابردوو كه‌ بووه‌ مایه‌ی له‌ده‌ستدانی به‌شێكی زۆری خاكی كوردستان كه‌ به‌ هه‌زاره‌ها ڕۆڵه‌ی ئه‌م گه‌له‌ له‌ پێناویدا شه‌هید و بریندار بوون. من ناچمه‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌م ڕووداوانه‌ چۆن ڕوویاندا و كێ‌ به‌رپرسه‌ و ورده‌كارییه‌كانیان چین و، ناچمه‌ سه‌ر ئه‌وه‌ش كه‌ ئایا ئه‌م ڕووداوانه‌ به‌ هۆی ڕیفراندۆمه‌وه‌ بوون یاخود ئه‌گه‌ر ڕیفراندۆمیش نه‌بووایه‌ هه‌ر ڕوویان ده‌دا، چونكه‌ وه‌كو ده‌گوترێت ئه‌مه‌ ڕێككه‌وتنی نێوان پێشمه‌رگه‌ و حكومه‌تی عێراقی له‌سه‌ر كراوه‌ به‌ ئاگاداری ئه‌مریكا كه‌ دوای شه‌ڕی داعش ده‌بێت پێشمه‌رگه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌و ناوچانه‌ی كه‌ ساڵی 2014 له‌ژێر ده‌ستیدا بووه‌. به‌ڵام با وای دابنێین هه‌موو ئه‌م ڕووداوانه‌ به‌هۆی ڕیفراندۆمه‌وه‌ بوون، ئایا میلله‌ت به‌رپرسه‌ له‌ ڕوودانیان یاخود سه‌ركردایه‌تیی سیاسی؟
له‌ ڕاستیدا وه‌كو پێشتر ئاماژه‌م پێدا گه‌لێكی تینووی ئازادیی وه‌كو كورد له‌ ئاستی گشتیدا هه‌ر به‌ڵێ‌ ده‌كات بۆ مافێكی ئاوه‌ها, به‌ڵام گونجان و نه‌گونجانی كاته‌كه‌ و لێكه‌وته‌كانی ئه‌م پرۆسه‌یه‌ له‌ ئه‌ستۆی سه‌ركردایه‌تیی سیاسیی كورددایه‌، به‌ پله‌ی یه‌كه‌م پارتی دیموكراتی كوردستان و سه‌رۆكه‌كه‌ی و به‌پله‌ی دووه‌میش یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان، چونكه‌ په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و ده‌زگای هه‌واڵگری و سوپا و دامه‌زراوه‌ حكومییه‌كان لای ئه‌وانه‌ و ده‌بوایه‌ ئه‌وان هه‌موو ئه‌گه‌ر و پێشهاته‌كانیان تاوتوێ‌ بكردایه‌ و پلانی جێگره‌وه‌یان بۆ هه‌ر ئه‌گه‌رێكی نه‌خوازراو هه‌بوایه‌، نه‌ك به‌ هه‌ڕه‌شه‌ی به‌تاڵ و عینادییه‌وه‌ بچنه‌ ناو پرۆسه‌یه‌كی وا چاره‌نووسسازه‌وه‌. ئه‌مه‌ش شه‌فاعه‌ت ناكات بۆ حیزبه‌كانی تر، ئه‌وانه‌ی شوێن پارتی و یه‌كێتی كه‌وتن و، به‌شێك له‌ بەرپرسیارەتى، هەریەکەو به‌ گوێرەى قه‌باره‌ی خۆیان، له‌سه‌ر شانی ئه‌وانیشه‌ ، چونكه‌ ئێسته‌ش نه‌مانزانی ئه‌و گرێنتیانه‌ چی بوون كه‌ پارتی پێی دابوون و ئاوا به‌ خه‌مساردی و بێباكییه‌وه‌ له‌ناو وڵاتێكی ده‌وره‌دراو به‌ دوژمندا قوماریان به‌ چاره‌نووسی میلله‌تێكه‌وه‌ كرد و، دژ به‌ پێشنیاره‌كانی ئه‌مه‌ریكا و باقی وڵاتانی تر وه‌ستانه‌وه‌!
ئه‌مانه‌ی كه‌ باسم كردن ئه‌ركی ئه‌و سه‌ركردایه‌تییه‌ سیاسییه‌ بوو كه‌ سه‌رۆكایه‌تیی پرۆسه‌ی ڕیفراندۆمیان ده‌كرد و ده‌بێت خۆیان واته‌نی ئه‌وان ته‌حه‌مولی مه‌سئولییه‌ت بكه‌ن نه‌ك هاوڵاتییه‌كی ساده‌ كه‌ خه‌ونی ئه‌و بێگومان هه‌ر ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی وڵاته‌كه‌یه‌تی.
له‌كۆتاییدا سڵاو له‌ گیانی پاكی شه‌هیدان و داوای شیفایش له‌ خوای گه‌وره‌ بۆ برینداران ده‌خوازم.
پێنووسەکانی تری ئەم نوسەرە
سه‌له‌فییه‌ت و به‌ڵگه‌
2018-01-13      1725 جار بینراوە
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی