سەلەفییەت و بهڵگه، دوعای خەتمی قورئان لەناو نوێژدا وەك نموونە
ههموو دهزانین برایانی سەلەفی زۆر جهخت لەسەر بهڵگه (دلیل) دەكەنەوە و، ئەو شتەی بهڵگهی لەسەر نەبێت بە گومڕایی و بیدعەی ئەزانن .
تا ئێرە كێشەمان نییە و نایشچینە ئەو باسەوە كە ئایا هەر شتێ بهڵگهی لەسەر نەبوو ئیتر نابێ بكرێت؟! بەڵام لێرەدا باسێك دەهێنمە پێشەوە ئەویش باسی دوعای خەتمی قورئانە لەناو نوێژدا. عادەتە لە رەمەزاناندا بە تایبەتی ئەمە دەكرێت و سەلەفییەكانیش زۆر گرنگی پێ دەدەن، تەنانەت لە حەرەمی مەكیدا ئەم دوعایە نیو سەعات بۆ سێ چارەك دەخایەنێت.
بەڵام ئەوەی جێگەی باسە ئەم دوعای خەتمی قورئانە لەناو نوێژدا بە هیچ شێوەیەك نە پێغەمبەر (د.خ) و نە سەحابەش نەیانكردووە و ئەسڵ و ئەساسێكی نییە لەناو نوێژدا! ئەوەی هەیە تەنها ئەنەسی كوڕی مالیك كە خەتمی قورئانی دەكرد ماڵ و منداڵەكەی كۆ دەكردەوە و دوعایان دەكرد، ئەمەش لە دەرەوەی نوێژدا بوو نەك لهناو نوێژ.
بێگومان ئەم دوعایەش دەبێتە هۆی گۆڕینی شێوازی نوێژ (هيئة الصلاة) و زیادكردنێكی ئاشكرایە. شوێنی دوعا لە نوێژدا دیاریكراوە و بە پێی فەرموودەكان تهنیا لە سەجدە و تەحیاتدایە و لەمە زیاتریش نابێ بكرێ، چونكە پێغەمبەر (د.خ) فەرموویەتی (صلوا كما رأيتموني أصلي) واتە: بەو شێوەیە نوێژ بكەن كە منتان بینی نوێژم دەكرد.
دەمەوێ لێرەدا وتەیەكی شێخ (عوسەیمین)تان بۆ بگوازمەوە لەم بارەیەوە و دواییش پرسیارێك لە برایانی سەلەفی بكەم، شێخ عوسەیمین بە ئاشكرا دانی پێدا دەنێت كە هیچ بهڵگهێكمان لەسەر ئەم باسە نییە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەڵێ پێم خۆش نییە ئەم باسە بە بیدعە دابنرێت، چونكە عولەمای ئەهلی سوننە خیلافیان تێیدا هەیە! فەرموون ئەمەش دەقی وتەكەی: "لا أعلم لدعاء ختم القران في الصلاة أصلا صحیحا یعتمد علیه من سنة الرسول صلی الله علیه وسلم، ولا من عمل الصحابة رضي الله عنهم، والصلاة كما هو معلوم لایشرع فیها إحداث دعاء في محل لم ترد السنة به، لقول النبي صلی الله علیه وسلم (صلوا كما رأيتموني أصلي)، وأما إطلاق البدعة علی هذه الختمة في الصلاة فإني لاأحب إطلاق ذللك عليها، لأن علماء السنة مختلفون فیها."
سەرچاوە: (48 سؤالا في الصیام للشیخ محمد بن عثیمین، السؤال رقم (38))
بەڵێ بەڕێزان وەكو دەبینن تەنها بهڵگهی شێخ بریتییە لە خیلافی عولەمای ئەهلی سوننە لەو بابەتەدا نەك ئایەت و حەدیس!
ئێستە با بێینە سەر ئەو ڕێچكەیەی خۆیان و بە زمانی خۆیان لێیان بپرسین، ئایا شێخ عوسەیمین بەمە نەبووە بە بیدعەچی؟ چونكە سەرەڕای ئەوەی دانیشی پێدا دەنێت كە هیچ بهڵگهیهكیشی لەسەر نییە كەچی هەر دەڵێ بیكەن، ئەدی حەدیسی "من أحدث في أمرنا هذا ما لیس منه فهو رد" لای شێخ بە رەحمەت بێت و شوێنكەوتووەكانیشی چی لێ هات؟! ئەی قاعیدەی "الأصل في العبادات التحریم" چی لێ هات؟ ئەی "کل بدعة ضلالة" چی لێ هات؟
نەك تەنها ئەم مەسهلەی خەتمی قورئانە، دەیان باسی تری وەهامان هەیە بیهێنینە پێشەوە، بەڵام مشتێك نموونەی خەروارێكە و، لێرەشدا ئەوەندەی مەبەستم فكرەكەیە ئەوەندە مەبەستم خودی شێخ عوسەیمین نییە رەحمەتی خودای لێ بێت. ئێمە ساڵانە دەبینین بۆ یادی مەولوود و یادەكانی تر سەلەفییەكان چ كارێك بە مسوڵمانان دەكەن بەناوی بهڵگهوە، بۆیە منیش حەزم كرد ئەمەیان بخەمە پێش چاو و وەكو وتیشم هەر ئەمە نییە، بەڵكو دەیان مەسەلەی تریشە.