قه‌ڵای كه‌ركووك، به‌پێچه‌وانه‌ی قه‌ڵای هه‌ولێره‌وه، كه‌متر ناوی هه‌یه و خه‌ڵكی كوردستان كه‌متر پێی ئاشنان، هۆكاره‌كه‌یشی ئه‌و وێرانكارییه‌یه كه ڕژێمی به‌عس له سه‌ره‌تا تا كۆتایی نه‌وه‌ده‌كانی سه‌ده‌ی ڕابردوودا بهسهریدای هێنا و شتێكی ئه‌وتۆی لێ نه‌هێشته‌وه.
مێژووی دروستبوونی قه‌ڵای كه‌ركووك دیار نییه، هه‌ر مێژوونووسه شتێك ده‌ڵێت، هه‌ندێك سه‌ره‌تای دروستبوونی بۆ سه‌رده‌می ئاشوور ناسیرپاڵی دووه‌م (884-858)ی شای ئاشوورییان ده‌گێڕنه‌وه، لێ مێژوونووسی تر هه‌ن له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ن كه قه‌ڵای كه‌ركووك مێژوویه‌كی زۆر له‌وه كۆنتری هه‌یه، ئه‌مانی دوایی پێیان وایه له چوار هه‌زار ساڵ له‌مه‌وبه‌ره‌وه تا كۆتایی نه‌وه‌ده‌كانی سه‌ده‌ی بیسته‌می زایینی، به‌به‌رده‌وامی مرۆڤ له‌و قه‌ڵایه‌دا نیشته‌جێبووه.
من ده‌توانم پێداگری بكه‌م له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی تا ئه‌م ساته‌یش ژیان و نیشته‌جێبوون له‌سه‌ر ئه‌و قه‌ڵایه به‌رده‌وامه. هۆكاره‌كه‌یشی له ناو نووسینه‌كه‌دا ده‌بیننه‌وه!
قه‌ڵای كه‌ركووك یان درووستتر وایه بڵێین شاری كه‌ركووكی كۆن ده‌یان ناوی گۆڕیوه و چه‌ندین ئیمپراتۆریایش حوكمیان كردووه.
له سه‌رده‌می ئاشوورییه‌كاندا به (ئارابخا) ناوی ڕۆیشتووه، دواتر ورده ورده گۆڕاوه بۆ ئارافا و دواتریش بۆ (عه‌ره‌فه).
ئه‌سكه‌نده‌ری مه‌كدۆنی كاتێ بۆ شه‌ڕی فارس هاتووه، ئه‌و قهڵایهیشی داگیركردووه، دوای مردنی ئه‌سكه‌نده‌ر، كه‌ركووك كه‌وتووه‌ته به‌ر به‌شی یه‌كێك له فه‌رمانده‌كانی، به ناوی (سلووكس) و ناوی شاره‌كه‌یش گۆڕاوه بۆ (كه‌رخ سلووكس).
ئه‌وانه‌ی باسكران هیچیان بێگومان نین، چون له قووڵایی مێژوودان و ته‌نانه‌ت به‌شێكیان بۆ به‌ر له نووسینه‌وه‌ی مێژوویش ده‌گه‌ڕێنه‌وه.
یاقووتی حه‌مه‌وی له سه‌ده‌ی سیازده‌ی زایینی‌دا، وه‌سفی قه‌ڵای كه‌ركووكی به‌وه كردووه، له‌سه‌ر زه‌وییه‌كی نه‌وی دروستكراوه و ده‌كه‌وێته نێوان هه‌ردوو شاری داقووقا (داقووق) و ئه‌ربل (هه‌ولێر)ه‌وه.
دوای هاتنی ئیسلام قه‌ڵای كه‌ركووك له لایه‌ن چه‌ندین ده‌سه‌ڵاته‌وه حوكم كراوه، ئومه‌وی، عه‌بباسی، سه‌فه‌وی و عوسمانی.
دۆكیومێنتی نووسراو هه‌یه پیشانی ده‌دات قه‌ڵاكه له سه‌رده‌می ئیمپراتۆریای عوسمانی‌دا ڕووخێنراوه و سه‌رله‌نوێ دروستكراوه‌ته‌وه. ورده‌كارییه‌كانی ئه‌و باسه لێره‌دا ناخه‌مه ڕوو. نیشانه و شوێنه‌واره‌كانی ئێستای قه‌ڵاكه‌یش پشتی ئه‌و ڕاستییه ده‌گرن. ئاخر شێوازی خانوو و باڵه‌خانه‌كانی قه‌ڵاكه به هی سه‌رده‌می پێش ئیسلام ناچن.
پێنج مزگه‌وتیش له‌سه‌ر قه‌ڵا هه‌ن، كه ته‌نانه‌ت ناوه‌كانیشیان به زمانی توركمانییه. نه‌ك هه‌ر ئه‌وه بگره چوار ده‌رگا سه‌ره‌كییه‌كه‌ی قه‌ڵایش دیسان ناوه‌كانیان به زمانی توركمانی بڵاوبووه‌ته‌وه، توركمانه‌كان ئه‌مه ده‌كه‌ن به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌ی قه‌ڵای كه‌ركووك و ته‌واوی شاری كه‌ركووكیش هی نه‌ته‌وه‌ی توركمانه، وه‌لێ هۆكاری ناونانهكان ڕوونه، سه‌رده‌مانێكی زۆر كه عوسمانییه‌كان حوكمی كه‌ركووك و به‌شێكی زۆری كوردستانیان كردووه، زمانی فه‌رمی توركی بووه، ئیدی وه‌ك چۆن ناوی زۆر شوێن تا ئێستایش به توركی گۆده‌كرێت، وه‌ك قه‌ره‌داغ، قه‌ره‌ته‌په، قه‌ره‌بڵاغ، ئاڵتوون كوێپری... ئه‌وه‌یش قه‌ڵای كه‌ركووكیش ده‌چێته ئه‌و چوارچێوه‌یه‌وه.
به‌گوێره‌ی وێنه‌یه‌كی وارگه‌ی گووگڵ قه‌ڵاكه لاكێشهییه، درێژییه‌كه‌ی له باكووره‌وه بۆ باشوور (556) مه‌تره و پانییه‌كه‌یشی له ڕۆژهه‌ڵاته‌وه بۆ ڕۆژئاوا (459) مه‌تره، ڕووبه‌ره‌كه‌ی له‌نێوان (215-255) هه‌زار مه‌تر دووجادایه. به‌و پێیه‌یش ده‌كاته نزیكه‌ی دووهێنده‌ی ڕووبه‌ری قه‌ڵای هه‌ولێر كه ڕووبه‌ره‌كه‌ی (115) هه‌زار مه‌تر دووجایه.
قه‌ڵاكه چوار ده‌روازه‌ی سه‌ره‌كیی هه‌یه كه به‌م ناوانه ناسراون: طوب قابو، طاش قابو، يدي قزلر، حهلوهچی.
چه‌ند شوێنه‌وارێكی گرنگی تێدایه، له‌وانه:
1. مزگه‌وتی دانیال په‌یامبه‌ر. له‌ناو مزگه‌وته‌كه‌دا مه‌زارگه‌ی دانیال په‌یامبه‌ر هه‌یه، كه تا ئێستایش خه‌ڵكی ده‌چنه سه‌ری و ڕازونیازی له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن، به‌تایبه‌ت له ڕۆژانی شه‌ممه‌دا. دوو گۆڕی تریشی تێدایه، گوایه هی دوو په‌یامبه‌ر بن، به ناوه‌كانی عوزێر و حونه‌ین.
جێی پرسیاره، چۆن سێ په‌یامبه‌ر ئاوها یه‌كیان گرتووه و له نێوان چه‌ند مه‌ترێكدا نێژراون!
2. مزگه‌وتی گه‌وره یان ئولو جامی.
3. گومه‌زی شین یان كووك گوبهند. گۆڕی ئافره‌تێكی سولجووقیی تێدایه، به ناوی (بووغدای خاتوون).
4. مزگه‌وتی عوریان.
5. كڵێسای كلدانیی (أم الأحزان).
6. قه‌یسه‌ریی قه‌ڵا.
هه‌ریه‌ك له‌وانه ورده‌كاریی زۆری هه‌یه و من نامه‌وێت لێره‌دا باسیان بكه‌م.
حكوومه‌تی به‌عس و تێكدانی قه‌ڵای كه‌ركووك:
سه‌ددام حوسێن ڕێكه‌وتی 16/3/1990 سه‌ردانێكی كه‌ركووكی كرد و دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی، بریاری وێرانكردنی قه‌ڵاكه‌ی ده‌ركرد، له ڕێكه‌وتی 29/11/1990 بڕیاره‌كه خرایه بواری جێبه‌جێكردنه‌وه.
به‌گوێره‌ی گوته‌ی شوێنه‌وارناسی مه‌زنی كورد، به‌ڕێز عه‌بدولڕه‌قیب یووسف، دوای هه‌وڵێكی زۆری ئه‌و و ئاگاداركردنه‌وه‌ی ناوه‌نده نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و به‌ده‌نگهاتنی سكرتێری ئه‌و كاتی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و بیل كلینتۆنی سه‌رۆكی ئه‌مریكا، دوای ڕووخاندنی ته‌نیا سه‌د خانوو، پرۆسه‌ی وێرانكردنهكه ڕاگیراوه. تا ئه‌وه‌ی سه‌ددام حوسێن جارێكی تر و له ڕێكه‌وتی 1/4/1998دا سه‌ردانی كه‌ركووكی كرده‌وه و بڕی 700 ملیۆن دیناری عێراقیی بۆ بونیادنانه‌وه‌ی قه‌ڵاكه ته‌رخانكرد، كه مانای دووباره ده‌ستكردنه‌وه بوو به ڕووخاندن و تێكدانی!
ئه‌وه بوو خه‌ڵكی نیشته‌جێی ناو قه‌ڵاكه‌یان به‌زۆر ده‌ركرد و له به‌رانبه‌ردا سهردوو پارچه زه‌وییه‌ك و بڕێكی دیاریكراو پاره‌یان وێ دان.
لێ تا ئێستایش ژیان له‌ناو قه‌ڵاكه‌دا به‌رده‌وامه، ئه‌ویش له ڕێی ژنێكی بێنه‌وای بیرسادهوه، كه به تاقی ته‌نیا له‌ناو باڵه‌خانه‌یه‌كی نیو قه‌ڵاكه‌دا ده‌ژێت و پۆلیس و پاسه‌وانه‌كان چاویان لێیه‌تی و خه‌لكیی زیارهتكهریش خێری پێ ده‌كه‌ن و نانی بۆ ده‌به‌ن!
ڕۆژی هه‌ینی 14ی ئۆكتۆبه‌ری 2016، سه‌ردانی ئه‌و قه‌ڵایه‌مان كرد و بۆ ماوه‌ی سه‌عات و نیوێك به نێویدا سووڕاینه‌وه و لێی وردبووینه‌وه.
ئه‌و شوێنه بۆنی قووڵاییه‌كانی مێژووی لێ دێت. ئومێد ده‌كه‌م كاربه‌ده‌ستان خه‌می بخۆن و سه‌رله‌نوێ زیندووی بكه‌نه‌وه. دیمه‌نی ئه‌و هه‌موو ته‌لاره ڕووخاوه، دڵی مرۆڤ ده‌گرێت و له ئاست دڕنده‌یی ڕژێمی به‌عسیشدا سه‌ری ده‌سووڕمێنێت.
*** سه‌رچاوه‌كانی ئه‌م كورته نووسینه:
- قلعة كركوك الاثرية، مصطفى العراب.
- كركوك عبر التأریخ، عزيز قادر صمانجى. موسوعة تركمان العراق.
- تدمير قلعة كركوك.. مراجعة لمحاولات عبدالرقيب يوسف للدفاع عنها. طارق كاريزي. الصوت الاخر، العدد 367.