من لە
کوێی ئەم ژیانەدا گوزەر دەکەم؟
لە کامە مەنفادا هاتووچۆ دەکەم؟
من بە دوای چیدا دەگەڕێم؟
بە دوای چیدا سەرگەردانم؟
من لە خۆم ناگەم... خودا لە خۆم ناگەم!
من وەک کۆیلەیەک بەدەم ئازارەوە
بەدەم ئەشک و ئێش و ژانەوە
بۆ هەمیشە لەم شار بۆ ئەم شار
بەسەرگەردانی تیا دەسووڕێمەوە
بەڵێ من سەلمانی فارسیم
بە دوای زێدی حەقدا
دونیا لە خۆم حەرام دەکەم
بەڵێ من مەولانام
بە دوای شەمسی خۆمدا
گەڕیدەی دەستی ئەم و ئەو دەکەم
بێهۆشم، دانیشتووم لەمەیخانەیەکی چکۆلە
بۆ خۆم دەردەدڵ دەکەم
وای لە من وای لەمن
من من من
ئەو منانە سەرم بەرەو فەتاربوون دەبا
وەک مەنسوور بە «انا الحق»
بە فەتوای چەند شەعزان
پارچە پارچەم دەکەن
وای لە من خودا وای لە من خودا
دەمەوێ بگەڕێمەوە
گەڕانەوەیەک
کە پێی ئێژن خەرابات
وای کە قوربانی ئەم خەراباتەم
ئەم خەراباتە داڵدەی دڵی بێکەسانە
داڵدەی دڵە بێهیواکانە
لە چاوەڕوانیدا
هەمیشە لەم دەرگایە دەڕوانن
کە ئیتر بۆ تاهەتا
کۆتایی بەم چاوەڕوانییە دێنن
دێوانە ئەمڕۆ دڵی پڕە یاران
هەرکەسێ دێتە ژیانمەوە
وەک من تەنیا دەبێ
وەک من سەرگەردان دەبێ و
بەم سەرگەردانییەیش
دەبێ سەر نێتەوە
بۆیە پێتان ئێژم
دوور بن لێمەوە
دوور بن لێمەوە
هێندە دوور بن
بە نێوانی بەهەشت و
جەهەندەمەوە
من گڵاوم گڵاو
ئەی دۆستان من گڵاوم
تا ئێرە بۆ دونیا
ئیتر دەمەوێ لەگەڵ تۆ بدوێم
ئەی خالقی مەزنم
ئەرێ تۆیش وەک ئەمانەی دونیا
دەرگام لەسەر دادەخەی؟
وەڵامی
ئاهەکانم
فوغانەکانم
تۆیش نادەیتەوە؟
ئەی خودا گیان
من ئای لەم منەم
لێرەیش ناهێڵێ لەگەڵ تۆدا بدوێم
لێرەیش ناهێڵێت دەردەدڵ کەم
چەندە گوناهبارم خودا
چەندە گوناهبارم خودا
چەندە تەنیام
چەندە حەز بە دیدار دەکەم من
ئەی خودا ئەی خودا
ئێستا لە گیانم ئاگرێ بۆتەوە
لە ئاگرەکەی ئەولا دەچێ
چی بکەم؟ دەبێ غەزەبی تۆ بێ؟
یا نووری تۆ بێ؟
مەولام بمسووتێنە بە نووری خۆت
بمسووتێنە بە جوانیی جەماڵی خۆت
من عاشقم عاشق