زۆرن ئه‌وانه‌ی ده‌م له‌ تێگه‌يیشتنی ئه‌م دوو پرسه‌ ده‌كوتن و وا ده‌زانن هیچیان نه‌هێشتووه‌ته‌وه‌، به‌ قورئان كه‌متر ده‌وێرن، نازانم بۆ؟ ڕێككه‌وتوون كه‌ قسه‌ی خوایه‌! به‌ڵام به‌ربوونه‌ته‌ گیانی سوننه‌ت، هه‌ر فه‌رمووده‌یه‌ك به‌ عه‌قڵی گه‌ڕه‌كه‌كه‌ی وان نه‌خوات، ڕه‌تی ده‌كه‌نه‌وه و‌ مۆری خراپی و دژه‌ قورئانيی لێده‌ده‌ن، بیریان چووه‌ ئه‌و ڕه‌خنەیە‌ی كه‌ له‌ فه‌رمووده‌ی ده‌گرن ده‌توانیت به‌ زیاده‌وه‌ له‌ قورئانی بگریت، بۆ نایكه‌ن؟ قورئان قسه‌ی خودایه‌ گومانی تێدا نییه‌! چۆنت زانی؟ فه‌رمووده‌ بووگه‌ به‌ به‌ڵای سه‌ریان و، كزیی چاویان، هه‌موو جه‌نگه‌ ناوخۆییه‌كانی ئیسلام و ئه‌و به‌ڵایانه‌ی به‌سه‌ر ئیسلامدا هاتوون،‌ ده‌یخه‌نه‌ ئه‌ستۆی فه‌رمووده‌، پێیان وایه‌ ئه‌گه‌ر فه‌رمووده‌ نه‌مێنێت ئیسلام پێش ده‌كه‌وێت و خه‌ڵكه‌كه‌ی به‌ سه‌ربه‌رزی ده‌ژین. باشه‌ واز نه‌ك له‌ فه‌رمووده،‌ له‌ قورئانیش ده‌هێنین، چون زۆرێك ئه‌میش به‌ به‌ڵای سه‌ر مرۆڤایه‌تی ده‌زانن، به‌ڵام ناوێرن ده‌ریببڕن، وازمان هێنا! كێ له‌ مه‌ترسيی چه‌كی ناو‌كی و هایدرۆجینی ده‌مانپارێزێت؟ یان ئه‌و به‌ڵایانه‌ی كه‌ له‌م سه‌د ساڵه‌ی ڕابردوودا به‌سه‌ر كۆی مرۆڤایه‌تیدا هاتوون‌، كوێی فه‌رمووده‌ و ئیسلام لێیان به‌رپرسیاره‌؟ ئه‌رێ ئه‌و‌ نه‌هامه‌تییانه‌ی كه‌ به‌درێژايی مێژوو به‌سه‌ر ئاده‌ميزاددا هاتوون،‌ كێ هێنانی؟! جه‌نگه‌كانی قرطاجه‌ و كاولكارییەكانی مه‌غۆل و كوشتارگه‌كانی بابل و سۆمه‌ری و یاسا سه‌خته‌كانی حامورابی، كوێی ئايین لێیان به‌رپرسیاره‌؟ ئه‌م هه‌موو نه‌هامه‌تیيانه‌ به‌سه‌ر مرۆڤدا دێن، خودی مرۆڤ هۆکاریانە یان چی؟ ئه‌رێ زه‌ینه‌فون له‌ یۆنانه‌وه‌ دێت بۆ یارمه‌تیدانی سوپا زاڵمه‌كه‌ی ساسانیيان، كێ هێنای؟ ئه‌رێ ئه‌سكه‌نده‌ری مه‌كدۆنی ئه‌و هه‌موو شارستانه‌‌تییه‌ی له ‌ناو برد، هه‌رله‌ یۆنانه‌وه‌ كوشتاری كرد هه‌تا ئێران و بابل و ميسر، كێ پێی كرد، كێ پێی وت، كام ئایین و فه‌رمووده‌ لێیان به‌رپرسه‌؟ سته‌مه‌كانی فیرعه‌ونى ميسر و درووستكردنی ئه‌هرامه‌كان به‌سه‌ر شانی خه‌ڵكی ڕه‌ش و ڕووته‌وه‌، كام ئایدیا لێیان بەرپرسە؟ كێ لە جه‌نگی ڤێتنام و بۆمببارانكردنی هیرۆشیما و ناكازاكی و هه‌ڵه‌بجه‌ به‌رپرسه‌؟ له‌برسان مردنی نزیكی چوار ملیۆن هاوڵاتی له شاری‌ (ستالینگراد)دا، بۆ كرا؟ برسیكردنی ئێمه‌ی هاوڵاتيی ئه‌م هه‌رێمه‌ له‌ ئه‌ستۆی كام ئايین و سوننه‌تدايە؟ ده‌ربه‌ده‌ركردنی مووسا و زه‌رده‌شت و محەمەد كێ ئەنجامى دا؟

سرووشتی مرۆڤ وايە‌ كه‌ حه‌زی له ‌شه‌ڕه، له‌ ئاشتیيه، له‌ ئاوه‌دانیيه، له‌ وێرانیيه، هتد. ئه‌م حەزە دژبه‌یه‌كانه‌ له‌ ته‌واوی مرۆڤه‌كاندا هه‌ن‌، هه‌ركه‌سەو به‌ جۆرێك. له ‌به‌رامبه‌ر ئه‌و مرۆڤانەدا کە حەزى كاولكاری تێیاندا زاڵە‌،‌ مرۆڤه‌يلێک هەن کە خەریکى ئاوه‌دانکردنەوەن، بکوژ و کوژراو هەردوک مرۆڤن‌، كه‌واته‌ هه‌موو قوربانییه‌كان مرۆڤ و هه‌موو سته‌مكاره‌كانیش ديسان مرۆڤن!

له‌جێى ڕه‌تكردنه‌وه‌ى ده‌قه‌كان، ئه‌رێ ڕێگه‌ى ته‌فسير و ته‌ئويل له‌ كێ گيراوه‌؟ بۆ هه‌ڵه‌يه‌كى خۆمان كه‌ به‌رامبه‌رمان به‌ هه‌ڵه‌ تێگه‌ييشتووه‌، ده‌يان هۆكار و  سوێند و ته‌فسيرى جياواز ده‌كه‌ين تا بتوانين بيركردنه‌وه‌ى به‌رامبه‌رمان بۆ خۆمان ڕاستبكه‌ينه‌وه‌، ئه‌ى ناتوانين فەرموودەیەک يان ڕيوايه‌تێك ته‌فسيرى جياواز بكه‌ين؟ ئايا مه‌رجه‌ ئێمه‌ له‌ هه‌موو شت تێبگه‌ين يان ئێمه‌ش وه‌ك هه‌ر مرۆڤێكى تر ئاساييه‌ له‌ هه‌ندێك بابه‌ت تێنه‌گه‌ين؟! ئه‌گه‌ر تێگه‌ييشتنى هه‌موومان وه‌ك يه‌ك بووايه‌ سوقرات و كانت و ڕۆسۆ و هتد نه‌ده‌بوون، ئه‌وا هه‌موومان فه‌يله‌سوف ده‌بووين.

ناكرێت ئێمه‌ ڕێگه‌ به‌ خۆمان بده‌ين له‌ هه‌موو بابه‌تێک قسه ‌بكه‌ين، چون بواره‌كانمان جياوازن‌، هه‌موو شت بوارى ئێمه‌ نييه‌، پێده‌چێت من و تۆ له‌ ته‌جويدى قورئاندا زيره‌ك بين به‌ڵام ئه‌مه‌ ئه‌وه‌ ناگه‌يه‌نێت له‌ ته‌فسيرى قورئانيشدا شاره‌زا بين، ده‌بێت ئه‌مانه بۆ كه‌سانى تایبەتمەند‌ جێبهێڵين، ئێمه‌ش خه‌ريكى كارى خۆمان بين، له‌ برى ڕه‌تكردنه‌وه‌ى فه‌رمووده‌، باشتر نييه‌ له‌و بواره‌دا خه‌ريكى لێكۆڵينه‌وه‌ى ورد بين؟ چون لەوانەیە هيچ بوارێك هێنده‌ى بوارى فه‌رمووده‌ فراوان نەبێت، ده‌توانين له‌ڕێگه‌ به‌راوردكردنى فه‌رموودەيه‌ك به‌ فه‌رمووده‌يه‌كى ترەوە، بۆ نموونە، له‌ بوارى تێگەييشتنى ئيسلاميدا چاكسازى بكه‌ين. تا ئێمه‌ به‌بێ زانست خه‌ريكى ڕه‌تكردنه‌وه ‌بين، قسه‌مان پووچتر و نازانستيتر ده‌رده‌كه‌وێت. سرووشتى مرۆڤ وايه‌ هه‌ركات بە تەواوى هەموو شتێکیت ڕەتکردەوە، ئه‌ويش به‌رامبه‌رت هه‌مان كارى تۆده‌كات، بۆيه‌ كه‌سى زانستى هيچكات بابه‌تێك به‌ گشتى، تا لێكۆڵينه‌وه‌ى وردى تێدا نه‌كات، ڕه‌تناكاته‌وه‌.

پێنووسەکانی تری ئەم نوسەرە
کۆت و بەندی نائومێدی
2017-12-06      2529 جار بینراوە
خەمۆکى
2017-11-01      1990 جار بینراوە
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی