بڕیاری دادگەی نێودەوڵەتی مێژووییە بەڵام ناياب نييە

نووسینی: ئیبراهیم فرێحات وەرگێڕانی: محەمەد حەیدەر
فیکر 2024-02-06 کۆمێنت 5 خولەک بۆ خوێندنەوە 604 جار بینراوە

لەو دۆسیەیەی ئەفریقای باشوور لە دژی ئیسڕائیل بەرزی کردەوە بە تاوانی ئەنجامدانی جینۆساید لە غەززە، دادگای نێودەوڵەتی بڕیاری گرتنەبەری چەند ڕێوشوێنێکی دا. لەوانە؛ پابەندکردنی ئیسڕائیلە بە گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێويست بۆ پاراستنی خەڵکی مەدەنی، ڕێگریکردن لە هاندانی کۆمەڵکوژی، ڕێگەدان بە گەیشتنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ خەڵکی مەدەنی، ڕێگریکردن لە لەناوبردنی بەڵگەکان، هەروەها پێدانی ماوەی مانگێک بە ئیسڕائیل بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست، پاشان پێشکەشکردنی ڕاپۆرتێک لەم بارەیەوە. بەڵام بەڕوونی داوای لە ئیسڕائیل نەکرد دەستبەجێ شەڕەکە ڕابگرێت.

بڕیارەکەی دادگای نێودەوڵەتی سەبارەت بە بابەتی جینۆساید لە غەززە بە تەواوی مانایەوە مێژووییە. بەڵام دوو بابەتی گرنگ نەیانهێشت پلەی نایابی بەدەست بهێنێت، ئەوانيش: نکۆڵیی لە دووپێوەری لە مامەڵەکردن لەگەڵ پرسە نێودەوڵەتییەکان نەکرد! بەو پێیەی هەمان دادگا لە ساڵی ٢٠٢٢دا بڕیاری دا بەوەی ڕووسیا دەبێت شەڕ لە دژی ئۆکرانیا ڕابگرێت. سەرەڕای ئەوەی ژمارەی ئەو منداڵە فەڵەستینیانەی لە سێ مانگی یەکەمدا کوژراون دە هێندەی ژمارەی ئەو منداڵە ئۆکراینیانەیە کە لەم ماوەی دوو ساڵەدا کوژراون.

هەروەها بڕیارەکە مامەڵەی لەگەڵ فشارە سیاسییەکان کردووە، چونکە داوای ئاگربەستی هەنووکەیی نەکردووە. ئەمەیش بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەنجوومەنی ئاسایش و ئەمەریکادا ڕووبەڕوو نەبێتەوە. چونکە ئەوکات ئەمریکا مافی "ڤیتۆ"ی دەگرتە بەر بۆ جێبەجێنەکردنی، پاشان بڕیارەکەی بێهودە دەبوو بە هۆی نەتوانینی جێبەجێکردنی.

ئەم بڕیارە دەرچەیەکی بە لایەنی سیاسی بەخشی تاوەکو سنوودارکردنی ڕێوشوێنەکانی ئەم جەنگەی ئیسڕائیل، ئەویش بە دانانی چەند سنوورێک بۆی بەبێ ئەوەی دەستبەجێ بیوەستێنێ، ئەمەیش هەمان ئەو کارەیە وا ئەمریکا داوای دەکات.

ڕەنگە دادگە ترسی ئەوەی هەبووبێت لە حاڵەتی جێبەجێنەکردنی بڕیارەکەی سەبارەت بە وەستانی دەستبەجێی شەڕەکە بە هۆی ڤیتۆی ئەمریکاوە، دەبێتە هۆی نیشانەی لاوازیی ڕۆڵی لە جێبەجێکردنی دادپەروەریی نێودەوڵەتیدا، بۆیە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ملکەچی ڤیتۆی ئەمریکی بوو. واتە ڕووبەڕووبوونەوەکەی نێوانیانی لە ئێستادا دوا خست، بەبێ ئەوەی ڕەتیبکاتەوە لە داهاتوودا، ئەویش بە پاساوی ئەوەی دادگە دواتر دیاری دەکات لەوەی ئایە ئەوەی ئیسڕائیل ئەنجامی دەدات پاکتاوکردنە یان نا.

بەڵام سەرەڕای ئەمانە، بە هۆی کۆمەڵێک پێوەرەوە بڕیارەکە بە مێژوویی و گرنگی دەمێنێتەوە. چونکی بڕیارەکە بە ئاشکرا دانی بەوەدا ناوە کە مەترسیی جینۆساید بوونی هەیە، هەروەها فەڵەستینییەکان لە غەززە مەرجەکانی پاراستنیان بەسەردا جێبەجێ دەبێت وەک گرووپێکی نەتەوەیی، ئەمەیش ڕەنگە ببێتە ڕێخۆشکەر بۆ بە ئیدانەکردنی ئیسڕائیل لە بڕیارەکانی دواتری دادگەدا سەبارەت بەو ڕێوشوێنە سەربازییانەی ئیسڕائیل ئەنجامی داوە لە دژی فەڵەستینییەکان لە غەززە. هەرچەندە بڕیارەکە به ڕاشکاوی داوای ئاگربەست ناکات، بەڵام جێبەجێکردنی ئەستەمە بەبێ بوونی ئاگربەستێکی بەربڵاو، بەبێ ئەوەی گشتگیر بێت. تا ڕادەیەکی زۆر جموجوڵەکانی ئیسڕائیل کۆت دەکات و ستراتیژیی جەنگەکەی لێ دەشێوێنێ.

 بڕیارەکە مێژووییە، چونکە بۆ یەکەمین جارە ئیسڕائیل دەخرێتە بەردەم دادپەروەریی نێودەوڵەتی، هەروەها سیاسەتی “پارێزبەندیی ئیسڕائیل”ی لە دژی دادپەروەریی نێودەوڵەتی نەهێشت، کە ڕۆژئاوا لە مێژوودا پێی بەخشیبوو. 

بڕیارەکە مێژووییە، چونکە ئیسڕائیل دەخاتە بەردەم دادگا بە تۆمەتی جینۆساید، ئەم تۆمەتەیش لە مێژووی مرۆڤایەتیدا زیاتر ڕووبەڕووی ئەو گرووپە چەکدارانە کراوەتەوە کە دڕەندەترین و دێوەزمەترین بوون.

تەنانەت ئەگەر لە دواتریشدا تاوانبار نەکرێن، ئەوا هێشتا بڕیارەکە گرنگە و مانای داڕمانی گێڕانەوە “ئەخلاقییەکەی” ئیسڕائیل و "گوتاری قوربانیبوونەکەی" ئیسڕائیل دەگەیەنێت، کە بۆ دەیان ساڵە لە جیهاندا بانگەشەی بۆ دەکات.

بڕیارەکە شەرمەزارییەکی هەمیشەییە بۆ ئیسڕائیل و تەنانەت سەرەڕای ئەو ڕێوشوێنانەی دواتر دەیگرێتە بەر، ئەوا هەر ناتوانێت لێی دەرباز بێت. ئەوەی وا دەکات داڕمانی "گێڕانەوەی ئەخلاقی" ئیسڕائیل گەورەتر بێت، بوونی زۆرینەی دەنگی پاڵپشتی ١٥ دادوەرە بەرانبەر بە دوو دادوەر بەوەی مەترسیی بوونی جینۆساید هەیە و ئەگەر هەیە هەر بەڕاست جینۆسایدیش هەبێت. ئەو حاڵەتی دابەشبوونەی لە ئەنجومەنی ئاسایشدا هەیە سەبارەت بە ئەگەری بوونی جینۆساییدا بەدیناکرێت لەنێو دادوەرەکاندا، بەڵکو نیمچە کۆدەنگییەکی لەسەر هەیە.

یەکێک لە پایە بنچینەییەکانی بڕیارەکە بریتییە لە دانانی بنەمای لێپرسینەوە و بەدواداچوون. بەوپێیەی داوای لە ئیسڕائیل کردووە لە ماوەی مانگێک لە بەرواری بڕیارەکەوە ڕاپۆرتێک سەبارەت بەو ڕێوشوێنانە پێشکەش بکات کە دەیگرێتە بەر. ئەمەیش بەو مانایەیە لە ئەگەری پابەندنەبوونیدا، ئەوا دەبێت بە پێشێلکاری بڕیارەکانی دادگای نێودەوڵەتی. ئەمەیش ڕێگە خۆش دەکات بۆ ئەوەی ڕێوشوێنی زیاتری لە دژ بگیرێتەبەر. ئیسڕائیل بە پێشکەشکردنی ڕاپۆرتێکی ورد سەبارەت بەو ڕێوشوێنانەی دەیگرێتە بەر بۆ پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی، دەبێتە هۆی ئەوەی بەڵگەی ماددی پێکبهێنێت لەسەر پابەندنەبوونی ئیسڕائیل بە دادپەروەریی نێودەوڵەتی، بە پێچەوانەی لە پێشوودا بە "تۆمەتی" دادەنا.

 دانپێدانانی دادگە بەوەی بەرپرسانی ئیسڕائیل هانی جینۆسایدیان داوە و، ئاماژەدان بە لێدوانەکانی وەزیری بەرگری گالانت سەبارەت بە بڕینی ئاو و خۆراک لە خەلکی غەززە، هەروەها لێدوانەکانی هێرزۆگ سەرۆکی ئیسڕائیلیش سەبارەت بە بەرپرسیارێتیی هەموو فەڵەستینییەکان لە ڕووداوەکانی ٧ی ئۆکتۆبەر، دەبێتە بنەما بۆ تۆمارکردنی داوای کەسی لە دژیان لە دادگەی تاوانی نێودەوڵەتی و هێنانیان بۆ پێشی ئەو دادگەیە.

ئەم بڕیارە، بە واتایەکی تر، ڕێگا بۆ ژمارەیەکی یەکجار زۆر ڕێوشوێنی دیکە لە داهاتوودا دەکاتەوە کە دەتوانرێت لە دژی ئیسڕائیل، وەک دەوڵەت و سەرکردە و تاکەکانی بگیردرێتە بەر.

یەکێک لە دەرەنجامە هەرە گرنگەکانی ئەو بڕیارە ئەوەیە کە ئەوەی ئەمڕۆ لە دادگای نێودەوڵەتی بە تاوانی جینۆساید دادگایی دەکرێ تەنها ئیسڕائیل نییە، بەڵکو ئەو وڵاتانەی ڕۆژئاوایشە کە پشتیوانیی لێ دەکەن، ئەوانەی وا هەر بەتەنها دەستیان تێکەڵاو نەکردووە لەگەڵ ئیسڕائیلدا، بەڵکو هاوبەشی بوون لە ڕێگەی ئەو پشتگیرییە سەربازی، ماددی و دیپلۆماسییانەی کە بۆ پارێزگاریکردن لێی پێشکەشی دەکەن.

بڕیارەکە گورزێکی سەختە لە دووڕوویی و دووفاقیی ڕۆژئاوا لە ئەو پێوەرە مرۆییانەی کە کاری پێ دەکات، چونکە ئەم وڵاتانە لەسەر بنەمای یاسایی دەبنە هاوبەشی جینۆساید ئەگەر بەردەوام بن لە پشتیوانییە ئاشکرا و بێسنوورەکانیان بۆ ئیسڕائیل.

 ئەم بڕیارە دەبێتە هۆی سەرلێشێوانێکی گەورە لە پلانەکانی ئەو وڵاتانەدا، لە پێشیشیانەوە ئەڵمانیایە، کە مێژووەکەی پڕە لەو جینۆسایدانەی لە نامیبیا و لە دووەمین جەنگی جیهانییەوە ئەنجامی داوە. لێرەیشدا دەبێت ئەوە هەڵبژێرێت کە بەم پاڵپشتیەی بۆ ئیسڕائیل بە فەرمی تێوە دەگلێت لە جینۆسایدێکی نوێدا.

سەبارەت بە ئەمریکا، بڕیارەکە دەسەڵاتێکی زیاتری پێ بەخشی بۆ ئەوەی دواجار هەستێت بەجێبەجێکردنی ئەوەی کە لە ئیسڕائیل داوا دەکرا بۆ کەمکردنەوەی شەڕ و پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی. بۆ جێبەجێکردنی ئەو داواکارییانە بڕیارەکە ئەمریکای خستە حاڵەتێکەوە کە دەبێت لەگەڵ ئامۆژگاریکردنی ئیسڕائیلدا، ڕێوشوێنی فیزیکی و کۆنکرێتی دژی حکوومەتی نەتانیاهۆ بگرێتە بەر. واتە ئەم بڕیارە حکوومەتەکەی بایدنی داڕووتان بەوەی خۆی لە پەنای قسەکانەوە نەشارێتەوە و هەنگاو بنێت بۆ ئاستی جێبەجێکردنیان.

سەرکەوتنی ڕاستەقینە لەم دۆسیەیەدا بۆ باشووری ئەفریقایە، کە بە هۆی پەنابردنی بۆ دادگەی دادی نێودەوڵەتیەوە لەلایەن ڕۆژائاوا و ئیسڕائیلەوە هێرشی کرایەسەر.

دانپێدانانی ئەمڕۆی دادگە بە "گومانی بوونی جینۆساید" دەیخاتە لای ڕێچکەی دروستی مێژوو. بەو پێیەی یەکەم و بوێرترین وڵات بوو لە جیهاندا کە توانیی "لە دیواری تانکیدا" بدات، هەروەها خۆیشی ئامادە دەکات بۆ ئەوەی باجی تووڕەیی خۆرئاواییەکان بدات.

لە کاتێکدا زۆرێک لە وڵاتان لە باشترین حاڵەتدا بێدەنگییان هەڵبژاردووە، ئەمەیش دەستەواژەی مارتن لۆسەر کینگ دەهێنێتەوە یاد کە دەڵێت: “لە کۆتاییدا قسەی دوژمنانمان لەبیر ناکەین، بەڵکو بێدەنگیی دۆستانمان لەبیرە”. ئەفریقای باشوور مافی خۆیەتی شانازی بەوەوە بکات کە وەفای بۆ میراتەکەی خۆی هەبووە کاتێک بەرەنگاری نادادپەروەری و جیاکاریی ڕەگەزی بووەتەوە و لەپاڵ ئەو دادپەروەرییەدا وەستاوە کە زۆر کەس خۆیانیان لێبواردووە.

تاگەکان    
فیلم نامە لۆجیک جەنگی هۆشیاری پۆدکاست تەوبە زانایان شیعر کۆیلایەتی سیاسەت یاسا فەلسەفەی ئەخلاق مانا تەلارسازی ئەنیمی
فیکر
2024-02-06 کۆمێنت 5 خولەک بۆ خوێندنەوە 604 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی