عه‌تر و گوڵاو و خۆبۆنخۆشكردنی ئافره‌تان (به‌شی پێنجه‌م و كۆتایی)

فیقهی 2018-04-20 کۆمێنت 5340 جار بینراوە

نووسینی: قانع خورشید


هه‌ندێ ڕوونكردنه‌وه‌ی خێرا

دوای تێكه‌ڵكردنی ئه‌و چه‌ند بابه‌ته‌ جیاوازه‌ و خستنه‌ڕوویان، ده‌كرێت بگوترێت، هیچ به‌ڵگه‌یه‌كی قورئانی و فه‌رمووده‌یه‌كی ڕاست و دروست و ڕوونی پێغه‌مبه‌ری ئازیز دروود و سه‌لامی خوای لێ بێت نییه،‌ بیسه‌لمێنێت خۆبۆنخۆشكردنی ژنان به‌ ڕه‌هایی حه‌رامه‌. قسه‌ له‌ سه‌نه‌دی ئه‌و فه‌رموودانه‌ كرا كه‌ ده‌ڵێت، ئه‌وی بۆنی خۆش له‌ خۆی بدات و به‌ لای پیاواندا تێپه‌ڕێت تا بۆنی لێ بكه‌ن، ئه‌وا زیناكاره‌ و ڕوون كرایه‌وه‌ كه‌ لاوازن و بۆ ئه‌وه‌ ناشێن حوكمێكی وا ترسناكیان پێ بدرێت. فه‌رمووده‌یه‌كی سه‌حیحیشمان باس كرد كه‌ زه‌ینه‌بی سه‌قه‌فییه‌‌ گێڕاویه‌تیه‌وه‌ و گوتوویه‌: پێغه‌مبه‌ر صلى الله عليه وسلم فەرموویه‌تی: "إذا شهدت إحداكن العشاء فلا تطيب تلك الليلة: ئه‌گه‌ر یه‌كێك له‌ ئێوه‌ی ژنان بۆ عیشا ئاماده‌ بوون -له‌ مزگه‌وت - با ئه‌و شه‌وه‌ خۆی بۆنخۆش نه‌كات." له‌ ڕیوایه‌تێكی تردا هاتووه‌: "إذا شهدت إحداكن المسجد فلا تمس طيبا: ئه‌گه‌ر كه‌سێكتان هاتنه‌ مزگه‌وت، با ده‌ست له‌ هیچ بۆنێكی خۆش نه‌دات."[1] ئه‌م دوو فه‌رمووده‌یه‌ هه‌ردوكیان له‌ سه‌حیحی موسلیمدا هه‌ن. به‌ڵام چوار تێبینیی گرنگیان له‌سه‌ر هه‌یه‌:

یه‌كه‌م: به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك تێیاندا نه‌هاتووه‌ بڵێت ئه‌گه‌ر بۆن له‌ خۆیان بده‌ن، زینایان كردووه‌ و وه‌ك زیناكار وه‌هان.

دووه‌م: باسی نوێژی عیشایه‌ له‌ مزگه‌وت‌ یا ده‌رباره‌ی هاتن بۆ مزگه‌وته‌ به‌ گشتی و پێغه‌مبه‌ر فه‌رموویه‌ له‌ وه‌ختی هاتن بۆ مزگه‌وتدا با ژنان گوڵاو له‌ خۆ نه‌ده‌ن، ئیتر به‌ ڕه‌هایی نه‌یفه‌رمووه‌ بۆنی خۆش بۆ ژنان حه‌رام و گوناهه‌، بۆیه‌ كه‌س ناتوانێت قسه‌ و حوكم بۆ فه‌رمایشتی پێغه‌مبه‌ری ئازیز زیاد و له‌ خۆوه‌ به‌ ناوی ئه‌وه‌وه‌ حه‌ڵاڵ و حه‌رام بكات. نموونه‌ی ئه‌مه‌ وه‌ك خواردنی پیاز و سیر و كه‌وه‌ره‌، كه‌ له‌ كاتی هاتن بۆ مزگه‌وتدا نه‌هییان لێ كراوه‌ و نه‌هییه‌كه‌ی پیاز و سیر زۆر له‌ عه‌تر بۆ ئافره‌تان توندتریشه‌، كه‌چی كه‌س نه‌یگوتووه‌ له‌ حاڵ و شوێنی تردا ئه‌و نه‌هییه‌ له‌ خواردنی سیر و پیاز هه‌ر به‌رده‌وامه‌. ئیتر لێره‌یشدا ڕێك وه‌ك ئه‌وه‌، ده‌توانین بڵێین ژنان له‌ كاتی چوون بۆ مزگه‌وتدا، به‌ تایبه‌ت بۆ نوێژی عیشا -چون له‌ یه‌كێك له‌ فه‌رمووده‌كاندا باسی عیشا به‌ تایبه‌ت كراوه‌ و ئه‌و گێڕانه‌وه‌یش ته‌واوتره‌ - با گوڵاو له‌ خۆ نه‌ده‌ن.

سێیه‌م: بۆچی له‌ یه‌كێك له‌ گێڕانه‌وه‌كاندا به‌ ته‌نیا باسی نوێژی عیشا كراوه‌؟ به‌نده‌ وای بۆ ده‌چم چون عیشاكان دنیا فێنكه‌ و پێویست به‌ خۆبۆنخۆشكردن ناكات. ئه‌و فه‌رمووده‌ سه‌حیحه‌یش كه‌ عائیشه‌ ده‌ڵێت له‌ كاتی ئیحرامدا میسكمان له‌ خۆمان ده‌دا -به‌ مه‌رجێك میسك بۆنه‌كه‌ی زۆر توند و تیژه‌ - و پێغه‌مبه‌ریش سه‌لامی خوای لێ بێت هیچی نه‌ده‌گوت، ده‌یسه‌لمێنێت كاته‌كانی تر فه‌رقی هه‌یه‌، چون ئه‌و كاتانه‌ مرۆڤ -چ ژن بێت و چ پیاو‌ -عه‌ره‌ق ده‌كات و پێویسته‌ بۆنی خۆی خۆش بكات. قسه‌كه‌ی دایكه‌ عائیشه‌یش ڕێك ئه‌مه‌ ده‌سه‌لمێنێت كه‌ ده‌ڵێت "عه‌ره‌قمان ده‌كرد و چه‌وریی میسكه‌ به‌ ڕامیك تێكه‌ڵكراوه‌كه‌ به‌ نێوچاوماندا ده‌تكایه‌ خواره‌وه‌".

چواره‌م: به‌ ده‌یان نموونه‌ی تر ده‌سه‌لمێت كه‌ فه‌رمان و نه‌هیكردن له‌ فه‌رمایشتی پێغه‌مبه‌ری ئازیزدا دروود و سه‌لامی خوای لێ بێت، بۆ فه‌رزكردن و حه‌رامكردن نییه‌، به‌ڵكو بۆ په‌سه‌ندی و ناپه‌سه‌ندی یان سوننه‌تبوون و مه‌كروهییه‌، مه‌گه‌ر فه‌رمووده‌یه‌ك كه‌ به‌ ده‌ق تێیدا فه‌رمووبێتی وا بكه‌ن چون فه‌رزه‌ و وا مه‌كه‌ن چونكی حه‌رامه‌، یا هه‌ڕه‌شه‌ی سزای خوایی باس كردبێت و... له‌م جۆره‌ پاڵپشت و قه‌رینانه‌ی تێدا هاتبێت. یانی ئه‌گه‌ر پێغه‌مبه‌ر دروودی خوای لێ بێت: فه‌رمانی به‌ شتێك كرد، ئه‌وا ئه‌و شته‌ سوننه‌ته‌ نه‌ك فه‌رز و ئه‌گه‌ر نه‌هییشی لێ كرد، ئه‌وا ئه‌و شته‌ مه‌كرووهه‌ نه‌ك حه‌رام.

ئه‌گه‌ر كار به‌ بنه‌مای چواره‌م بكه‌ین، -كه‌ له‌ مه‌زهه‌بی شافیعیدا كارپێكراوه‌ و پێشه‌وا نه‌وه‌وی بۆ سه‌لماندنی ئه‌م بنه‌مایه‌، نێزیكه‌ی 500 فه‌رمووده‌ی به‌ نموونه‌ هێناوه‌ته‌وه‌ و ئاماژه‌ی پێ داون‌.‌ له‌و فه‌رموودانه‌دا ئه‌مر به‌ چه‌ندین كار كراوه‌ و نیوچه‌ كۆڕایه‌ك له‌نێو ئوممه‌تدا هه‌یه‌ كه‌ ئه‌و كارانه‌ هه‌موویان سوننه‌تن نه‌ك واجب و نه‌هییش هاتووه‌ و ئوممه‌تی موسڵمانان باوه‌ڕیان وایه‌ ئه‌و نه‌هیلێكراوانه‌، مه‌كرووهن نه‌ك حه‌رام - ئه‌و كات ده‌توانین بڵێین خۆبۆنخۆشكردنی ژنان له‌ كاتی هاتن بۆ مزگه‌وتیشدا حه‌رام نییه‌ و ته‌نیا ناپه‌سه‌ند و مه‌كرووهه‌، یانی ئه‌گه‌ر ژنێك به‌ عه‌ترله‌خۆدراوی بێت بۆ مزگه‌وت، گوناهبار نییه‌، به‌ڵام به‌ بێ عه‌تر بێت، خێری زیاتری ده‌گاتێ و كارێكی باشتری كردووه‌. هه‌ر ئه‌و فه‌رمایشته‌ی دایكه‌ عائیشه‌ باشترین سه‌لمێنه‌ری ئه‌م حه‌قیقه‌ته‌یه‌، چون ئه‌وان ئیحرامیان به‌ستووه‌، دیاره‌ به‌ نیازی مزگه‌وتی حه‌رام و مه‌ككه‌ چوونه‌ و له‌ به‌جێهێنانی فه‌ریزه‌ی حه‌ج و عومره‌دا بوونه‌، میسكی تێكه‌ڵ به‌ ڕامیكیشیان له‌ خۆیان داوه‌! ئه‌مه‌ دوو ڕاستی ده‌سه‌لمێنێت: یه‌ك، نه‌هییه‌كه‌ی پێغه‌مبه‌ر له‌ به‌كارهێنانی عه‌تر بۆ ژنان له‌ مزگه‌وتدا بۆ حه‌رامی نییه‌. دوو، گشت كاتێك وه‌كو یه‌ك نییه‌ و بۆ هه‌ندێ جار ته‌نانه‌ت مه‌كرووهیش نییه‌.

ئه‌گه‌ر بیشچینه‌ خزمه‌تی ئه‌و فه‌رمووده‌ لاوازانه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ژنانێك ده‌كه‌ن، گوڵاو له‌ خۆیان ده‌ده‌ن و له‌ یه‌ك دوو دانه‌یاندا ژنی خۆبۆنخۆشكردوو به‌ زیناكار وه‌سف كراوه‌، ئه‌وا پێش هه‌ر شتێك وه‌ك پێشتر باس كرا، ده‌بێت بێژین: فه‌رمووده‌ی لاواز بۆ حه‌رام و حه‌ڵاڵكردن ده‌ست نادات و حوكمی مه‌ترسیداری پێ هه‌ڵناسێت. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر فه‌رمووده‌یه‌ك به‌ لای هه‌ندێ زانا و فه‌رمووده‌ناسه‌وه‌ دروست و بێعه‌یب بێت و به‌ لای هه‌ندێكی تره‌وه‌ لاواز و عه‌یبدار، ئه‌وه‌ قسه‌ی تاقمی دووه‌م پێش ده‌خرێت.

باش وایه‌ خاڵێكی تر بخرێته‌ سه‌ر قسه‌ی پێشوو و بگوترێت: ئه‌گه‌ر ئه‌و فه‌رمووده‌ لاواز یا مشتومڕله‌سه‌ره‌ دژی فه‌رمووده‌ی تری له‌ خۆی ڕاستتر هاته‌وه‌، ئه‌وه‌ هه‌ر قسه‌ی تێدا نییه‌ كه‌ ده‌بێت وه‌لا بنرێت و لای لێ نه‌كرێته‌وه‌، چون كار به‌ فه‌رمووده‌ ڕاسته‌كه‌ پێویسته‌ و ئه‌میش دژی ئه‌وی دییه‌ و دوو دژیش جه‌م ناكرێن. پێشتر چه‌ند جار ئاماژه‌ به‌و فه‌رمووده‌ ڕاست و ساغه‌ كرا كه‌ دایكی ئیمانداران عائیشه‌ گێڕاویه‌تیه‌وه‌ و گوتوویه‌: "كنا نخرج مع النبي صلى الله عليه وسلم إلى مكة فنضمخ جباهنا بالسك المطيب عند الإحرام فإذا عرقت إحدانا سال على وجهها فيراه النبي صلى الله عليه وسلم فلا ينهانا: ئێمه‌ له‌گه‌ل پێغه‌مبه‌ردا بۆ مه‌ككه‌ ده‌رده‌چووین و نێوچاوانی خۆمان به‌ میسكی تێكه‌ڵ به‌ ڕامیكی بۆنخۆشكراو چه‌ور ده‌كرد، كاتێكیش یه‌كێكمان عه‌ره‌قی بكردایه‌ میسكه‌كه‌ی به‌ نێوچاواندا ده‌هاته‌ خواره‌وه‌ و پێغه‌مبه‌ریش ده‌یدیت و ڕێی لێ نه‌ده‌گرتین و نه‌هیی لێ نه‌ده‌كردین."‌ ئه‌مه‌ له‌ حاڵێكدایه‌ به‌ پێی ده‌قی قورئانی پیرۆز، ژنانی پێغه‌مبه‌ر سه‌لامی خوایان لێ بێت وه‌ك هیچ ژنێكی تر نین و ئه‌ركیان قورستره‌ و ده‌بێت زیاتر خۆیان له‌ گوناهـ و حه‌رام بپارێزن، ده‌ی ئه‌گه‌ر بۆ وان ڕه‌وا بووبێت میسك له‌ خۆیان بده‌ن، بۆ ئه‌ودوای ژنانی باوه‌ڕدار ئاساییتره‌.

له‌ حاڵێكیشدا وای دابنێین، ئه‌و فه‌رموودانه‌ی ده‌ڵێن ژنی عه‌تراوی و خۆبۆنخۆشكردوو وه‌ك زیناكار وایه‌، دروست و به‌جێن و بمانه‌وێت له‌گه‌ل ئه‌و فه‌رموودانه‌یدا وا دژ دێنه‌وه‌، وه‌ك فه‌رمووده‌كه‌ی دایكه‌ عائیشه‌ و كۆی ئه‌و فه‌رموودانه‌ی باسی په‌سه‌ندیی عه‌تر و بۆنی خۆش ده‌كه‌ن و هانی موسڵمانان ده‌ده‌ن خۆیان بۆنخۆش بكه‌ن -هیچ به‌ڵگه‌یه‌كیش نییه‌ ئه‌و هاندانانه‌ به‌ پیاوان تایبه‌ت بكات- جه‌م و كۆیان بكه‌ینه‌وه‌، ده‌بێت ڕێگه‌ چاره‌یه‌ك بدۆزینه‌وه‌، ئه‌گه‌رنا ناچار ددان به‌وه‌دا بنێین پێغه‌مبه‌ری ئازیز سه‌لامی خوای لێ بێت قسه‌ی دژیه‌كی كردووه‌ و ئه‌مه‌یش نه‌شیاو و نابه‌جێیه‌. له‌م كاته‌دا چه‌ند ئه‌گه‌رێك هه‌ن، هه‌ندێكی له‌ بابه‌ته‌ وه‌رگێڕراوه‌كاندا ئاماژه‌یان پێ دراوه‌ و پێویستیان به‌ یه‌ك تۆز ڕوونكردنه‌وه‌ی زیاتره‌ و خاڵی تریش هه‌ن، نه‌گوتراون و ده‌بێت بگوترێن.

له‌ دووان له‌و فه‌رموودانه‌دا وا ژنی عه‌ترله‌خۆده‌ر به‌ زیناكار له‌ قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن، وا ده‌رده‌كه‌وێت نییه‌تی عه‌ترله‌خۆدانه‌كه‌ فره‌ گرنگه‌ و هه‌موو خۆبۆنخۆشكردنێك حه‌رام و گوناھ نییه‌، به‌ڵكو ته‌نیا له‌و حاڵه‌ته‌دا هێنده‌ گوناهه‌ وا ژنه‌ نیازی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ پیاوان بۆنی لێ هه‌ڵمژن، هه‌ر بۆیه‌یش به‌ لایاندا تێده‌په‌ڕێت: "أيما امرأة استعطرت فمرت على قوم ليجدوا ريحها فهي زانية." به‌ پێی (فاء التعقیب -فمرت -) و (لام التعلیل -لیجدوا -)ی نێو ئه‌م ڕیوایه‌ته‌، ژنه‌ دوای عه‌ترله‌خۆدانه‌كه‌ به‌ نیازی سه‌رنجڕاكێشانی پیاوان، گورجێ ده‌ڕوات و خۆی بۆ كۆمه‌ڵه‌ پیاوێك نمایش ده‌كات و به‌ به‌رده‌میاندا ده‌گوزه‌رێت. ئه‌مه‌ ئه‌گه‌ر وێنا بكرێت و دیمه‌نه‌كه‌ بێنیته‌ پێش چاوی خۆت، ئه‌و ئافره‌تانه‌ت بیر ده‌خاته‌وه‌ كه‌ خه‌ریكی كاری نائه‌خلاقی و خراپن، یان مۆده‌ن و بۆ نمایشی جل و به‌رگ به‌ پێشی كۆمه‌ڵێك ته‌ماشاچی و كڕیاردا به‌ لار و له‌نجه‌ دێن و ده‌چن و خۆ ده‌نوێنن.

جگه‌ له‌وه‌ی ده‌رباره‌ی نیازی ژنانی بۆنخۆش گوترا، دوو مه‌سه‌له‌ی تری گرنگ له‌و فه‌رموودانه‌وه‌ وه‌ ده‌ست دێن: یه‌كه‌م، ئه‌گه‌ر پیاویش به‌ نییه‌تی خراپه‌وه‌ بۆنی خۆی خۆش بكات و به‌ لای ده‌سته‌یه‌ك ئافره‌تدا بگوزه‌رێت تا به‌ ناڕه‌وا سه‌رنجیان ڕابكێشێت و ئاره‌زوویان بجووڵێنێت، دیسان هه‌ڕه‌شه‌كه‌ ده‌یگرێته‌وه‌، چونكی له‌ ئیسلامدا و لای خوای گه‌وره‌، كار به‌ نییه‌ته‌ و نیازی پشتی ئیش، فره‌ گرنگ و كاریگه‌ره‌. دووه‌م، ئه‌و زینایه‌ی باس كراوه‌، شتێكی مه‌جازییه‌ و زینای هه‌قیقی نییه‌. ئه‌گه‌ر له‌ فه‌رمووده‌كانی پێغه‌مبه‌ر علیه‌ السلام ورد ببینه‌وه‌، ده‌زانین هه‌موو ئه‌و گوناهانه‌ی په‌یوه‌ندییان به‌ ئاره‌زووی سێكسییه‌وه‌ هه‌یه‌، به‌ هه‌ر ئه‌ندامێك ئه‌نجام بدرێن، هه‌ر پێیان ده‌گوترێت زینا، به‌ڵام كه‌ كار چووه‌ سه‌ر هه‌قیقه‌ت و مه‌سه‌له‌ ورد كرایه‌وه‌، زینا ته‌نیا به‌وه‌ ده‌گوترێت كه‌ هه‌مووان ده‌یزانین!

له‌ حه‌دیسدا هاتووه‌ "هه‌ر ئه‌ندامێك له‌ ئه‌ندامه‌كانی جه‌سته‌ به‌شی خۆی له‌ زینای بۆ نووسراوه‌، چاو زینا ده‌كات، زیناكه‌یشی ڕوانین و سه‌رنجدانه‌، ده‌ست زینا ده‌كات، زیناكه‌یشی پێداهێنان و خشانه‌ و..."[2] ئه‌م زینایه‌یشی لێره‌دا هاتووه‌، هه‌م له‌و ڕووه‌وه‌یه‌ دڵی كچه‌ لای پیاوانه‌ و بۆ ورووژاندنی ئه‌وان خۆی عه‌تراوی ده‌كات‌، ئه‌مه‌یش زینا و حه‌زی خراپی دڵیه‌تی، هه‌میش به‌ هۆی به‌كارهێنانی گوڵاوه‌كه‌یه‌وه‌ ده‌بێته‌ هۆی ڕوانین و بۆنكردن و ئاره‌زووجووڵاندنی وان، ئه‌وانیش به‌مه‌ تووشی چه‌ند زینایه‌كی مه‌جازی ده‌بن و چون ئه‌م به‌ ئه‌نقه‌ست بووه‌ته‌ هۆكاری ئه‌وه‌‌، وه‌ك ئه‌وه‌یه‌ خۆی ئه‌و كاره‌ی كردبێت، بۆیه‌ خۆیشی به‌ زیناكار حسێب ده‌كرێت. ئه‌م زینایانه‌ له‌ گوناهه‌ بچووكه‌كانن و به‌ گوناهی گه‌وره‌ ناژمێردرێن.

مه‌سه‌له‌یه‌كی تری هه‌ستیار و گرنگ، باسی زێده‌ڕۆییكردنه‌... ئيسلام دينى داد و ميانگرییە، هه‌ر شتێك زێده‌ڕۆیی تێدا بكرێت و سنوور و ئه‌ندازه‌ی تێدا ڕه‌چاو نه‌كرێت، به‌ ناپه‌سه‌ندی حسێب ده‌كات، ده‌ستشاشی و فره‌خه‌رجێتییش له‌ بازنه‌ی زێده‌ڕۆییدایه‌ و له‌ خانه‌ی حه‌رامدا داده‌نرێت. له‌ یه‌كێك له‌ ڕیوایه‌ته‌كاندا هاتووه‌: "فتعصف ریحها"، یانی ژنێك عه‌تر له‌ خۆی بدات و بۆنی وه‌ك ڕه‌شه‌با هه‌ڵبكات و توند و خه‌ست بڵاو ببێته‌وه‌... ئاوه‌ها گوناهی كردووه‌ و... كه‌سێكی وه‌ها ده‌ستشڵپ، هه‌قێتی ئاوا هه‌ڕه‌شه‌ی لێ بكرێت، بۆیه‌ به‌ هیچ كلۆجێك ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌یه‌ كچ و ژنانێكی به‌ ئه‌ندازه‌یه‌كی ماقووڵ خۆیان بۆنخۆش بكه‌ن، ناگرێته‌وه‌. ئیتر ده‌بێت ئافره‌تان ڕه‌چاوی ئه‌مه‌ بكه‌ن و به‌ جۆرێك بۆنی خۆش له‌ خۆیان بده‌ن،‌ له‌ نێزیكه‌وه‌ نه‌بێت هه‌ست به‌ بۆنه‌كه‌یان نه‌كرێت. یان جۆره‌ عه‌ترێك به‌ كار بهێنن زۆر تیژ و خه‌ست نه‌بێت.

حه‌قیقه‌تێكی تری دووسه‌ره‌ هه‌یه‌، ده‌بێت كچان باش بیزانن، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ پیاوان به‌رانبه‌ریان زۆر هه‌ستیار و ئاماده‌ن بۆ ورووژان، به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی سیستمی بیركردنه‌وه‌ی پیاو زۆر ترسناكتره‌ له‌وه‌ی ژنان بیری لێ ده‌كه‌نه‌وه‌، زۆرینه‌ی پیاوان هه‌ر كه‌ ئافره‌تێك سه‌یری كردن، یا به‌ ده‌میانه‌وه‌ پێكه‌نی، یا نامه‌ی له‌گه‌ڵدا گۆڕینه‌وه‌... وا لێكدانه‌وه‌ ده‌كه‌ن وه‌ك بڵێیت ئه‌و ئافره‌ته‌ مه‌یل و حه‌زێكی له‌ دڵدایه‌ بۆیان، ئیتر گورج نه‌خشه‌ی بیریان ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر شتی نێزیكه‌ ئاره‌زووی سێكسی، زۆر زیاتر و زووتر له‌ ژنانیش ده‌ورووژێن، بۆیه‌ ته‌قه‌ی پێڵاو، بۆنی عه‌تر، ئاوازی قسه‌ و تۆنی ده‌نگ... هه‌موو ئه‌مانه‌ كار ده‌كه‌نه‌ سه‌ر مه‌یلی خراپه‌یان و حه‌ز و خه‌یاڵیان بۆ شتی ناڕه‌وا ده‌جووڵێنن، پێویستیش ناكات كه‌س خۆی به‌ مه‌ڕی پێغه‌مبه‌ر نیشان بدات، دینداره‌كان سه‌یرێكی قورئان بكه‌ن ده‌زانن و بێدینانیش یه‌كجار سه‌رسامی تیۆرییه‌كانی فرۆیدن، هه‌ر به‌وه‌یشدا بزانه‌ چه‌نده‌ سێكس به‌ هۆ و پاڵنه‌ری گشت هونه‌ر و ده‌رد و كێشه‌كانی ژیانی دنیا ده‌زانن!

بڕوانه‌، خوای گه‌وره‌ چی به‌ خێزانه‌كانی پێغه‌مبه‌ر ده‌فه‌رموێت: [يا نساء النبي لستن كأحد من النساء إن اتقيتن فلا تخضعن بالقول فيطمع الذي في قلبه مرض وقلن قولا معروفا: ئه‌ی ژنانی پێغه‌مبه‌ر! ئێوه‌ وه‌كو هیچ ژنێكی تر نین، ئه‌گه‌ر په‌رواتان هه‌یه‌، له‌ ئاخاوتندا خۆ ناسك مه‌كه‌نه‌وه‌، چون دوایی ئه‌وی نه‌خۆشینی له‌ دڵدایه‌ ته‌ماح ده‌كات، به‌ڵكو سروشتیانه‌ قسه‌ی ئاسایی بكه‌ن(الأحزاب: 32). پیاوی دڵنه‌خۆشیش له‌ كۆمه‌ڵگه‌دا فره‌ن، یا زۆرینه‌ نه‌خۆشییان هه‌یه‌!

یان له‌م ئایه‌ته‌ ورد ببنه‌وه‌: [وقل للمؤمنات يغضضن من أبصارهن ويحفظن فروجهن ولا يبدين زينتهن إلا ما ظهر منها وليضربن بخمرهن على جيوبهن ... ولا يضربن بأرجلهن ليعلم ما يخفين من زينتهنبه‌ ژنانی ئیمانداریش بڵێ، با چاویان بپۆشن –چاوله‌ده‌ر نه‌بن­ - و داوێنیان بپارێزن و جوانییه‌كه‌یان ده‌رنه‌خه‌ن، مه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی لێی ده‌ركه‌وتووه‌ و با سه‌رپۆشه‌كه‌یشیان بده‌نه‌ سه‌ر درزی سنگیاندا... با به‌ پێیشان ته‌قه‌ له‌ زه‌وی نه‌ده‌ن تا به‌و جوانییه‌یان بزانرێت وا شاردوویانه‌ته‌وه‌] (النور: 31). له‌و دوو ئایه‌ته‌دا قورئان یه‌كجار ورده‌كارانه‌ ئاره‌زووی كه‌فوكوڵاویی پیاوی خستووه‌ته‌ ڕوو، كه‌ به‌ ده‌نگی ناسك و ناز و نووزی قسه‌ و به‌ ته‌قه‌ی پێیش ده‌ورووژێت!

كه‌ ژنان ئه‌مه‌یان زانی، ده‌بێت ئه‌وه‌یش بزانن زۆر كۆمپانیا هه‌ر به‌ مه‌به‌ست، گوڵاوی ورووژێنه‌ر دروست ده‌كه‌ن و به‌ ئاشكرایش له‌سه‌ری ده‌نووسن عه‌تری سێكسی، یا ماركه‌كه‌یان دیاره‌ هیی چ كۆمپانیا و دامه‌زراوه‌یه‌كه‌ و بۆ كه‌سانی وریا و ئاگا، ناسراو و ڕوونن، لێره‌وه‌ ده‌بێت كچان و ژنان هه‌م وریای ورووژاندنی پیاوان به‌ گشتی بن و هه‌میش له‌و جۆره‌ عه‌ترانه‌ دوور بكه‌ونه‌وه‌، ئه‌گه‌رنا به‌ ڕاستی گوناهبار ده‌بن و تووشی زیانی دنیا و قیامه‌ت دێن، له‌ ناشیرینكردن و سوككردنی خۆیشیان زیاتر هیچی تریان ده‌ست ناكه‌وێت. ئیتر به‌ ئه‌ندازه‌یه‌كی گونجاو و به‌ بۆنگه‌لێكی سروشتیی فێنك، ده‌توانن خۆیان پاك و بۆنخۆش ڕابگرن و تووشی گوناهیش نه‌یه‌ن، خۆ به‌كارهێنانی بۆنی ژێره‌وه‌ (معطرات) و بڕین و نه‌هێشتنی بۆنی ناخۆشی جه‌سته‌، چ به‌ هۆی عه‌ره‌قه‌وه‌ بێت یا هه‌ر هۆیه‌كی تر، نه‌ك ئاساییه‌ بۆیان، به‌ڵكو پێویستیشه‌، چون پیسی و بۆنناخۆشی، لای خه‌ڵك و لای خوایش شتانێكی بێزراو و حه‌زپێنه‌كراون.

ده‌كرێت له‌ جێی ئه‌وه‌یشی بڵێین له‌شفرۆشه‌كان له‌ مه‌دینه‌دا وه‌ختێك ده‌چوون بۆ له‌شفرۆشی، وایان ده‌كرد و خه‌ڵكی به‌وه‌دا له‌شفرۆشه‌كانیان ده‌ناسییه‌وه‌ و له‌ نوێژكه‌رانیان جیا ده‌كردنه‌وه‌، كه‌مێك ماقوول و قه‌بووڵكراوانه‌تر قسه‌ له‌ مه‌سه‌له‌كه‌ بكه‌ین و بێژین، له‌ هه‌موو زه‌مه‌ن و كۆمه‌ڵگه‌یه‌كدا، له‌ گشت مێژوو و جوگرافیایه‌كدا كه‌سانی نه‌جیب و سه‌لار و خه‌ڵكانی سووك و لاساریش هه‌ن، هه‌ر یه‌ك له‌مانه‌یش چ له‌ شێوه‌ی قسه‌كردن و ڕۆیشتندا بێت و چ له‌ به‌رگ و پۆشاكدا و، چ له‌ بۆن و به‌رامه‌دا و چ له‌ شێوه‌ی سه‌ر و شكڵ و ڕوخساردا بێت، ئه‌خلاقییات و داب و ڕه‌وشتی تایبه‌تیی خۆیانیان هه‌یه‌، خراپان به‌ هه‌ندێ سیفه‌تی ده‌ره‌وه‌دا ده‌ناسرێنه‌وه‌، وه‌هایش ڕێك ده‌كه‌وێت كه‌سێك له‌ ڕووكه‌شدا به‌ خراپان بچێت و له‌ ده‌رووندا پاك و چاك بێت، به‌ڵام بۆ پاراستنی چاكان و تێكه‌ڵنه‌بوونیان له‌ته‌ك خراپاندا، قورئان و پێغه‌مبه‌ر هه‌ندێك ڕێ و شوێنی تایبه‌تیان گرتووه‌ته‌ به‌ر و داوایان كردووه‌ چاكان له‌ ڕوخسار و دیوی ده‌ره‌وه‌یشدا به‌ خراپان نه‌چن و خۆیان له‌ ئاكار و شێوه‌ی ئه‌وان دوور بگرن.

چاو بكه‌نه‌ ئه‌م ئایه‌ته‌ پیرۆزه‌: [يا أيها النبي قل لأزواجك وبناتك ونساء المؤمنين يدنين عليهن من جلابيبهن ذلك أدنى أن يعرفن فلا يؤذين: ئه‌ی پێغه‌مبه‌ر! بڵێ به‌ هاوسه‌ر و كچه‌كانی خۆت و ژنانی ئیمانداران، با پۆشاك و له‌چكه‌كانیان به‌سه‌ر سنگ و جه‌سته‌یاندا شۆڕ بكه‌نه‌وه‌، ئه‌وه‌ كه‌مترین شتێكه‌ به‌ هۆیه‌وه‌ بناسرێنه‌وه‌ و ئازار نه‌درێن] (الأحزاب: 59). بەم ئایه‌ته‌دا ده‌رده‌كه‌وێت، كچان و ژنانی تر هه‌بوونه‌ به‌شێك له‌ لاق و قۆڵیان به‌ده‌ره‌وه‌ بووه‌ و زۆر خه‌می پۆشته‌یی خۆیانیان نه‌بووه‌ و له‌ به‌رانبه‌ریشدا وه‌ك ئێستا و هه‌ر قۆناغێكی تری مێژووی مرۆیی، پیاوانێك هه‌بوونه‌، ڕێیان پێ گرتوون و گێچه‌ڵیان بۆ دروست كردوون، جا بۆ ئه‌وه‌ی ژنه‌ چاك و پاكه‌كان بناسرێنه‌وه‌ و ڕێیان پێ نه‌گیرێت، خوای گه‌وره‌ ده‌فه‌رموێت با به‌رگیان ڕێكتر و دیار بێت و له‌گه‌ڵ ناوه‌وه‌یاندا ڕێك بێته‌وه‌ و هه‌ر به‌وه‌دا بزانرێت ئه‌مانه‌ ئه‌هلی كاری خراپ نین و به‌م خۆپارێزییه‌یش، چاوی ته‌ماحی نه‌خۆشان له‌ خۆیان ببڕن.

له‌ ژێر سێبه‌ری تێگه‌یشتن له‌م ئایه‌ته‌دا ده‌كرێت بگوترێت، ئه‌و فه‌رموودانه‌یشی هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ژنانی عه‌ترله‌خۆده‌ر ده‌كه‌ن و پێیان ده‌ڵێن با نه‌یه‌نه‌ مزگه‌وت، ڕێك ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن له‌خۆدانی بۆنی توند و خه‌ست بۆ ژنانی سه‌لار و سه‌نگین باو نه‌بووه‌ و نیشانه‌یه‌ك بووه‌ بۆ كه‌سانی ناباش، ئیتر به‌و هۆیه‌وه‌ ئازار دراون و ڕێگه‌یان پێ گیراوه‌ و بوونه‌ته‌ هۆی به‌لاڕێدابردنی پیاوانی دڵنه‌خۆشیش، بۆیه‌ لێیان قه‌ده‌غه‌ كراوه‌. به‌ ئه‌گه‌رێكی دوور و بێ هیچ زانیارییه‌كی سه‌لمێنه‌ریش، ده‌كرێت گومان بۆ ئه‌وه‌ بڕوات له‌ سه‌رده‌می نه‌فامیدا یه‌كێك له‌ نیشانه‌كانی ژنانی ناپاك ئه‌وه‌ بووبێت، به‌ شه‌واندا بۆنی خه‌ست و تیژیان له‌ خۆ دابێت و له‌ ماڵ ده‌رچووبێتن، ئیتر وه‌ك له‌خاكنانی ئه‌و نه‌ریت و ڕه‌وشته‌ خراپه‌ و بۆ پاراستنی ژنانی داوێنپاك، پێغه‌مبه‌ر فه‌رمووبێتی ڕه‌وا نییه‌ ژنی ئیماندار به‌ نییه‌تی مزگه‌وته‌وه‌ به‌ شه‌ودا ده‌ربچێت و له‌ چه‌شنی ژنانی ناپاك عه‌تر له‌ خۆی بدات. به‌ڵام وه‌ك وتم، ئه‌مه‌ ته‌نیا ئه‌گه‌رێكی دوور و بێبه‌ڵگه‌یه‌ و هیچی تر!

دوا شتیش به‌ پێویستی ده‌زانم بگوترێت ئه‌وه‌یه‌، ئه‌و به‌شه‌ی له‌ یه‌كێك له‌ ڕیوایه‌ته‌كاندا ده‌ڵێت: "فلتغتسل غسلها من الجنابة"، گوایه‌ ڕێك به‌ هۆی عه‌ترله‌خۆدانه‌وه‌ ئه‌وه‌نده‌ گوناهی گه‌یشتووه‌ وه‌ك بڵێیت به‌ ڕاسته‌وه‌ زینای كردبێت و پێویستی به‌ غوسڵ هه‌بێت، ڕوون دیاره‌ لاوازه‌ و وا نییه‌، چون جگه‌ له‌ سه‌نه‌ده‌كه‌ی، مه‌تنه‌كه‌یشی ناڕێك و دوور له‌ ڕووحی ئیسلامه‌تییه‌. خۆ ئه‌گه‌ر وه‌ها بێت، ده‌بێت حه‌دی زیناكاریشی به‌سه‌ردا جێبه‌جێ بكرێت، كه‌سیش وه‌های نه‌گوتووه‌.

ئه‌ڵبه‌ت ئه‌م هه‌موو ڕوونكردنه‌وانه‌ بۆ كاتێك پێویستن، ته‌واوی ئه‌و فه‌رموودانه‌ی ده‌ڵێن نابێت ژنان عه‌تر له‌ خۆیان بده‌ن و ئه‌گه‌ر خۆیانیان بۆنخۆش كرد، زینایان كردووه‌، ڕاست بن و له‌ ڕووی سه‌نه‌ده‌وه‌ كێشه‌یه‌كیان نه‌بێت، كه‌ هه‌یانه‌ و هیچی ئه‌و فه‌رموودانه‌ی ژنی گوڵاوله‌خۆده‌ریان به‌ گوناهبار و زیناكار ناساندووه‌ ساغ و دروست نین! والله أعلم بالصواب.

به‌و هیوایه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌ شتێك له‌ ڕاستی ڕوون بكاته‌وه‌ و په‌یامه‌كه‌ی نێوی وه‌ك پێویست بگات و خوای گه‌وره‌ به‌ خێر و چاكه‌ی قبووڵ بفه‌رموێت.

 لینکى بەشەکانى تر:
بەشى یەکەم
بەشى دووەم

بەشى سێیەم
بەشى چوارەم

پەراوێز


[1] ئەگه‌ر كه‌سێك تاقه‌تی گه‌ڕانی هه‌بێت، ده‌توانێت به‌ دوای قسه‌ی زانایاندا بڕوات و بۆى ده‌ركه‌وێت كه‌ ده‌ربڕینی یه‌كه‌م ته‌واوتره‌ و ته‌نیا بۆ نوێژی عیشا گوتراوه‌ با ژنان خۆیان بۆنخۆش نه‌كه‌ن.

[2] عن ابن عباس قال: ما رأيت شيئا أشبه باللمم (أي صغائر الذنوب) مما قال أبو هريرة أن النبي صلى الله عليه وسلم قال: «إن الله كتب على ابن آدم حظه من الزنى، أدرك ذلك لا محالة. فزنى العينين النظر. وزنى اللسان النطق. والنفس تمنى وتشتهي. والفرج يصدق ذلك أو يكذبه» البخاري (5889) ومسلم (2657).


تاگەکان    
جەنگی هۆشیاری دیمانە وەلی ئەمر کتێبی هاوسانی زانست کورد پۆرن ئەنیمی ئایا سۆفیا وەچەخستنەوە نائومێدی کۆمه‌ڵه‌ بەڵگه‌یه‌ک که‌ له‌ شوێنی خۆیاندا نین هاوڕەگەزخوازی بوووژانەوە چەواشەکاریی_لۆژیکی
فیقهی
2018-04-20 کۆمێنت 5340 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی