نووسینی: دوكتۆر یوسف قه‌ره‌زاوی
وه‌رگێڕانی: میران مه‌جید
به‌شی یه‌كه‌م
هه‌ندێك له توێژه‌رانی
سه‌رده‌م هه‌ڵهێنجانێكی سه‌یریان كردووه بۆ فه‌رموده‌ی (خیر القرون قرني ثم الذین
یلونهم ثم الذین یلونهم). واته: باشترین سه‌رده‌م سه‌رده‌می منه (ئه‌و زه‌مه‌نه‌ی
هاوه‌ڵانی تێدا بوون)، پاشان ئه‌وانه‌ی له دوای ئه‌وانه‌وه دێن (تابعین)، پاشان ئه‌وانه‌ی
له دوای ئه‌وانه‌وه دێن(تابیعی تابیعین)، كه ئه‌مه ناوه‌ڕۆكه‌كه‌یه‌تی (به‌ڕاستی
ئه‌و مرۆڤایه‌تییه‌ی كه ئیسلام له خۆیی ده‌گرێت له ڕۆییشتندایه به‌ره‌و خراپتر،
نه‌ك به‌ره‌و باشتر، ئه‌م ڕۆییشتنهیش به‌ره‌و خراپتر حه‌تمییه و هیچ شتێكیش نییه
پێشی پێ بگرێت، به پێی ئه‌م فه‌رموده‌یه و هاوشێوه‌كانی بێت.)
له‌به‌ر ئه‌مه وا گومان
ده‌برێت كه ئه‌م جۆره فه‌رموودانه هه‌ڵبه‌ستراو و دروستكراو بن، جا یاخود له ڕاستیدا
له‌به‌ر ئه‌وه‌یه كه له كۆندا ڕوویان داوه، ئه‌گه‌ر وای دابنێین ئه‌وانه‌ی كه
ئه‌م فه‌رموده‌یه‌یان دروستكردووه مسوڵمانی ڕاسته‌قینه بوون، یاخود بۆ ئاڕاسته‌كردنی
كاروانی ئیسلامه به‌ره و چه‌قبه‌ستوویی، ئه‌گه‌ر وای دابنێین ئه‌وانه‌ی كه ئه‌مه‌یان
دروستكردووه دووڕوون). (أسس التقدم عند مفكري الإسلام في العالم العربي الحدیث)(للدكتور
فهمي جدعان).
له ڕاستیدا ئه‌م فه‌رموده‌یه سه‌حیحه و زانایانی ئیسلام كۆكن له‌سه‌ر سهحیحبوونی، یه‌ك زانای
سوننی و موعته‌زیلی _ ئه‌وه‌نده‌ی من ئاگاداربم_ تانه‌یان له سه‌نه‌د و مه‌تنه‌كه‌ی
نه‌داوه، به‌ڵكوو ئیبن حه‌جه‌ر و سیوطی و بێجگه له‌وانیش له زانایانی گێڕه‌ره‌وه،
باسی ئه‌وه‌یان كردووه كه ئه‌م فه‌رمووده‌یه یه‌كێكه له فه‌رمووده موته‌واتیره‌كان.
(نظم المتناثر في الحدیث المتواتر) (للكتاني).
بۆیه به (دروستكراو) زانینی
ئه‌م فه‌رموده‌یه: تۆمه‌ت دانه پاڵ ئوممه‌ته
به‌وه‌ی كه نه‌زان و كاڵفامن و، بره‌ودانه به پووچی و، ئه‌وه‌ی لێ ده‌خوێنرێته‌وه
كه ئه‌م ئوممه‌ته به درێژاییی ئه‌و هه‌موو ماوه‌یه له‌سه‌ر گومڕایی كۆبوونه‌ته‌وه،
ئه‌مه‌یش ڕێگه‌یه‌كه بۆ هه‌ڵته‌كاندنی هه‌موو ئایین.
به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئه‌م توێژه‌ره
به‌ڕێزه له‌باره‌ی فه‌رمووده‌كه‌وه تێی گه‌ییشتووه و، ئه‌و ئهنجامانهیش كه له‌سه‌ری
هه‌ڵی چنیون، ناته‌واون.
ئه‌م فه‌رمووده‌یه تهنهابهڵگهیه
له‌سه‌ر گه‌وره‌ییی ئه‌و نه‌وه‌یه‌ی كه ئایینیان له پێغه‌مبه‌ره‌وه (د.خ) وه‌رگرتووه
و، له ئامێزی پێغه‌مبه‌رێتیدا په‌روه‌رده بوون و، گه‌واهیده‌ر و بینه‌ری شتانێك
بوون له نیشانه‌كانی په‌روه‌ردگار كه خه‌ڵكانی تر نه‌یان بینیوه، ئه‌و نه‌وه‌یه
شوێنكه‌وته‌ی ڕێگه‌ی ڕاستی پێغه‌مبه‌ری خودا (د.خ) بوون و، قه‌ده‌ر خستوونیه‌ته ژێر
بارێكه‌وه كه جگه له‌وان چ كه‌سانێكی دی ئه‌و كۆڵهیان نه‌دراوه به كۆڵدا، ئه‌وه
ئه‌و نه‌وه‌یه‌ن كه قورئانیان بۆ ئه‌م ئوممه‌ته هێنا و، فه‌رمووده و سوننه‌ته‌كانیان
بۆ ڕیوایه‌ت كردن، خودا فه‌تحی چه‌نده‌ها ده‌وڵه‌تی له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌وان كرد و، گه‌لانی
به‌هۆی ئه‌وانه‌وه ڕێنموونی كردن. پاشان ئه‌و نه‌وه‌یه‌ی له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌م هاوه‌ڵانه
فێربوون و، ڕووناكییان له‌وانه‌وه وه‌رگرتوو و، شوێنپێی ئه‌وانیان هه‌ڵگرتووه، نه‌وه‌ی
سێهه‌میش له‌سه‌ر ڕێگه‌ی ئه‌وان ڕۆییشتوون و شوێنكه‌وته‌ی چاكی ئه‌وانه بوون، ڕه‌زای
خوا له‌سه‌ر هه‌موویان بێت.
هیچ خوێنه‌رێكی به‌ویژدان
گومانی له‌وه نابێت كه (دره‌وشانه‌وه‌ی ڕۆحی) بۆ ئه‌و نه‌وانه‌ی كه نزیك بوون له
سه‌رده‌می پێغه‌مبه‌ری خاتهمهوه، هێز و قووڵی و فراوانییه‌كی وه‌های هه‌بووه، كه
هه‌مان ئه‌و دره‌وشانه‌وه‌یه به نه‌وه‌كه‌ی تر نه‌گه‌ییشتووه، به‌ڵام ئه‌مه‌یش له
گشت‌دا بووه نه‌ك له وردهكاریدا و، له كاروباری دین و ته‌قوادا بووه نه‌ك له ئیشی
دونیا و زانست و بنیاتناندا، ئه‌م شتانه ده‌گونجێت نه‌وه‌كانی دواتر سه‌ركه‌وتووتر
بن تێیدا له نه‌وه یه‌كه‌مینه باشه‌كان له ڕووی پابه‌ندییه ئایینییه‌كانه‌وه.
پێغه‌مبه‌ر (د.خ) موژده‌ی
داوه به ئوممه‌ته‌كه‌ی كه ده‌بنه خاوه‌نی موڵكه‌كانی كیسرا و قه‌یسه‌ر، خشڵه‌كانیان
له پێناوی خودادا ده‌به‌خشن، ڕۆژێك دێت ده‌بنه خاوه‌نی ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژئاوا، خۆشگوزه‌رانی
ده‌گاته ڕاده‌یه‌ك، وای لێ دێت خاوه‌نپاره كه‌سێك نادۆزێته‌وه كه زه‌كاته‌كه‌ی
لێ وه‌ربگرێت، ئارامی و ئاساییش به جۆرێ به‌رقه‌رار ده‌بێت، وای لێ دێت ئافره‌ت به‌ته‌نها
له ئێراقه‌وه ده‌ڕوات هه‌تا ته‌وافی ماڵی خوا ده‌كات، له خوا نه‌بێت له هیچ كه‌س
ناترسێت، خاكی عه‌ره‌بیش ڕۆژێك ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ حاڵی باخ و باخات و, ئاو و كانیی
ده‌ورانی زووی، ئایا ئه‌مانه هه‌مووی هه‌نگاونانه به‌ره‌و خراپتر؟!
له ڕاستیدا هه‌ر خوێنه‌رێك
دوور بێت له ده‌مارگیری و، سته‌م له مێژوو نه‌كات، ده‌زانێت كه خه‌لیفه‌كانی ڕاشیدین
له دوای پێغه‌مبه‌ری خودا (د.خ) له كاروباری دونیادا زۆر پێشكه‌وتن، كۆمه‌ڵێ زیادكاریی
جوانیان پێشكه‌ش كرد كه له سه‌رده‌می پێغه‌مبه‌ردا (د.خ) بوونیان نه‌بوو. ئه‌وه
ئه‌وانه‌ن كه فه‌رمانمان پێكراوه شوێن ڕه‌وت و ڕێبازیان بكه‌وین و، ئه‌وه ئه‌و
ڕێگه‌یه كه درێژه‌پێده‌ری ڕێگه‌ی پێغه‌مبه‌ره (د.خ).
له دوای سه‌رده‌می ڕاشیدین
و له زه‌مانی ئه‌مه‌وی و عه‌باسییه‌كاندا، زانیومانه كه موسڵمانان داهێنان و زیادكارییهكی
وه‌هایان كردووه كه له زه‌مه‌نی پێغه‌مبه‌ردا (د.خ) و ڕاشیدینيشدا نه‌بووه، زانایانی
ئوممه‌ت ددانیان پێدا ناون و، كۆده‌نگیی له‌سه‌ر ڕه‌وایه‌تییان دامه‌زراوه.