ئامادهكردنی: پێشهنگ عهلی
پێناسە و كورتەیەك:
بریتییە لە كرداری هەڵمژینی دووكەڵی جگەرە یان نێرگەلە لە ڕێگەی دەمەوە کە دواتر لەوێوە دەگاتە بۆرییە هەوایییەكانی سنگ.
جگەرە كە لە ماددەی تووتن دروست دەكرێت، نزیكەی 4000 ماددەی كیمیایی لە خۆ دەگرێت. 69 دانەیان بە دڵنیاییەوە لە ڕووی زانستییەوە بوونیان سەلمێندراوە، كە دەبنە هۆی شێرپەنجە. لەوانە: نیكۆتین، زەرنیخ، co ، co2 ، قوڕقۆشم، نیكڵ، بەنزین، ئامۆنیا ...تاد.
مێژووی دروستبوونی جگەرە:
مێژووی بەكارهێنانی جگهره دەگەڕێتەوە بۆ 5000 ساڵ پ.ز كە لە بۆنە ئایینی و سروودە دینییەكاندا بە كار دەهێنرا.
سەرەتا بۆ سەرئێشە و هەندێك نەخۆشیی پێست بە كار دەهێنرا. دواتر باڵیۆزی فەرەنسا بە ناوی (جان نیكۆت) گەڵاكەی وەكوو چارەسەر نارد بۆ پاشای فەرەنسا و هەر بە ناوی خۆیشییەوە ناو نراوە. پاشان كە دەست كرا بە هاوردەكردنی، ئەم ماددەیە وەك ئەوەی ئاگر بە پووش و پەڵاشەوە بنێیت، لەوەش خێراتر بڵاوبووەوە و دواتریش ئەم دەردە بۆ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئەفریقا و وڵاتانی ئیسلامی گوازرایەوە.
جگەرە گەورەترین دەردە كە ڕووبەڕووی مرۆڤایەتی بووەتەوە، بە وتەی (مایكڵ راسڵ)ی دەروونناس بێگومان جگەرە بە گەورەترین و ترسناكترین جۆری ئالودەبوون دادەنرێت لە مێژووی مرۆڤایەتیدا.
هۆكارەكانی جگەرەكێشان بەگشتی:
1_ بۆ دەرخستنی ئەوەی كە تۆ ئازادیت، سەربەستیت، هەرچییەكت بوێت دەتوانیت بیكەیت و ناترسیت.
2_ بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ دەورووبەردا -ئاخر هاوڕێكانم جگەرە دەكێشن!-
3_ سەرنجڕاكێش دەربكەویت یان كەسێكی ئارام بێیتە پێش چاو.
4_ سەربەخۆیی خۆت بسەلمێنیت.
5_ ڕۆشنبیر دەربكەویت، شاعیر، هونەرمەند، نووسەر، فەیلەسوف...تاد.
6_ دایك و باوك كە جگەرەكێش بن، تۆش سەرسامیت و لاساییان دەكەیتەوە.
7_ ئەوانەی كاریگەرییان لەسەر بیر و تێڕوانینت هەیە، گەر جگەرەكێش بن پاڵنەرت دەبن بۆ جگەرەكێشان. ئیتر با ئهكتەر، سیاسی، زانا، فەیلەسوف، شاعیر یا ههر كهسێكی تر بێت.
8_ هەوڵدان وەك هۆكارێك بۆ كێشدابەزاندن.
9_ ڕیكلامی كۆمپانیاكان. -ئەمریكا قەدەغەی كردووە ڕەواجی پێ بدرێت-
10_ پیشاندانی خۆ وەك كهسێكی تایبهت -(من جیاوازم)- و حەزكردن بە خۆدەرخستن بەوەی من لەوانەی دەوروبەرم ناچم و فرە جیاوازم.
11_ چێژبردن لە سەركێشی، حەزی فزووڵی لە مرۆڤدا.
12_ بۆ ڕاهاتن لەگەڵ تەنیاییدا و هاودەمیكردنی تەنیایی.
13_ هەرزانیی جگەرەیش یەكێكە لە هۆكارەكان بۆ ئاسانی دەستەبەركردن و دەستكەوتنی ئەم ماددە زیانبەخشە و بڵاوبوونهوهی.
زیانە جەستەیییەكان:
هەندێ لە لێكۆڵینەوەكان دەڵێن: هەر جگەرەیەك نزیكەی 6000 ماددەی خامی تێدایە و لە كاتی سووتانیدا نزیكەی 7000 ماددەی كیمیایی لێ دەردەچێت، كە 69 دانەیان دەبنە هۆی شێرپەنجە!
1_ مێشك و كۆئەندامی دەمار: بە هۆی بوونی نیكۆتینەوە كە لە ماوەی كەمتر لە 6 چركەدا دەگاتە مێشك، مرۆڤ تووشی ئالودەبوون دەبێت، سەنتەرێك لە مێشكدا (چێژ)ی بیركردنەوە دەشێوێنێت، خانە خۆڵەمێشییەكانی مێشك كەم دەكاتەوە و بەرەو لاوازبوونیان دەبات. (ئەو توێژە تەنك ئەكاتەوە كە بەرپرسە لە زمان و یادگە و هەستكردن).
2_ كۆئەندامی هەناسە: هەر لە ناوپۆشی دەم و لووت و قوڕگ و پووكەوە بگرە تا دەگاتە سیكڵدانۆچكە هەواییەكان، شێرپەنجەی ناودەم، تێكدانی بۆریچكە هەواییەكانی سینگ بە شێوەی نەخۆشیی درێژخایەن، ڕەبو، نیشتنی قیر لە بۆشاییەكانی سینگدا . كێشانی 10 جگەرە، ڕۆژانە و بۆ ماوەی ساڵێك، دەبێتە هۆی دروستبوونی كیلۆیهك قیر! كاریگەریی co2 لەسەر هەناسە، هایدرۆجین و سیانید كە دەبنە هۆی ڕەنگكردنی ددانەكان و نینۆكەكان و مانەوە و نیشتنی لە سینگدا، سیستەمی پاككردنەوەی سییەكان تێكدەشكێنێت، ئۆكسیدی زینگ، ڕێڕەوە هەواییەكان تەنك ئەكاتەوە و كاری ڕیشاڵە یارمەتیدەرەكان قورس و سەخت ئەكات بۆ دەردانی بەڵغەم و شلە ناوییەكان، بۆیە بەردەوام كۆكە و بەڵغەم هەراسانی كردوون. سییەكان هەستیاری و حەساسییەتیان بەرانبەر بە نەخۆشی زیاد ئەبێت، بە هۆی خراپبوونی ڕووپۆشی نێو دەم و سییەكان.
3_ كۆئەندامی هەرس و جگەر: جگەرە تووشبوون بە شێرپەنجەی ناودەم و سورێنچك و گەدە و پەنكریاس و جگەر و كۆلۆن و كۆم زیاد دەكات. دڵەكزێ (GERD) ، قورحەی دوانزەگرێ و گەدە، هەوكردنی پەنكریاس، هەوكردنی ڕیخۆڵە، هەندێكیش دەڵێن مەترسیی بەردی زراویش زیاد دەكات.
4_ دڵ و بۆڕییەكانی خوێن: هاتووچۆی خوێن بە نێو خوێنبەر و خوێنهێنەرەكاندا سەخت دەكات و خوێن خەست دەكات، هەندێ جار سەر بۆ گیرانی تەواوەتیی بۆرییە خوێنییەكانی جەستە و تەنانەت سەر بۆ سڕینەوەی ئەو بەشەی جەستەیش دەكێشێ. ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی جەڵتەی دڵ و نەخۆشییەكانی دڵ و خوێنبەرەكانی دڵ.
5_ كاریگەریی نەرێنیی گەورەی لەسەر ژنی سكپڕ و خستنەوەی وەچەی ناتەواو و كەمێكیش پێشوەخت.
هەندێك ئاماری زیانی جەستەیی:
1_ جگەرەكێش لە 10% توانای سێكسی لە دەست دەدات.
2_ 90%ی شێرپەنجەی سینگ بە هۆی جگەرەوەیە.
3_ بۆ ماوەی 10 ساڵ زیاد لە 40%ی سیستەمی بەرگریی لەشی دادەبەزێت.
4_ 45%ی نەخۆشیی دڵ و بۆرییەكانی خوێن بە هۆی جگەرەوەیە.
5_ 75%ی ئەوانەی هەوكردنی سییەكان و گیرانی بۆرییەكانی هەوایان هەیە جگەرەكێشن.
6_ لە یەك جگەرەدا 25 مگم تووتن هەیە و 3 مگم دەگاتە سییەكان، لە 20 جگەرەدا 60 مگم بەسە بۆ كوشتنی مرۆڤ.
7_ هەموو نۆ چركەیەك كەسێك بە هۆی جگەرەوە ڕاستەوخۆ دەمرێت، ناڕاستەوخۆ یەك ملیۆن كەس دەمرن!
8_ كێشانی 20 جگەرە بۆ ماوەی 1 ساڵ لە ڕۆژێكدا نیو كیلۆ قیر كۆ دەكاتەوە.
9_ 90% جگەرەكێشەكان به كێشانیەوە ئالووده دەبن، ئهمهیش لە ئالوودهبوون به كحوول و هیرۆیین و كافایین زیاتره.
10_ دوای 30 خولەك لە یەكەم جگەرە لێدانی دڵ بۆ ئاسایی دەگەڕێتەوە، دوای 10 ساڵ وازهێنان ئەوجا 50% ئەگەری تووشبوونت بە شێرپەنجە كەم دەبێتەوە.
11_ 1 ملیار و 100 ملیۆن كەس لە جیهاندا جگەرە دەكێشن.
12_ لە وڵاتاندا 5/1ی مردنی پیاوان بە هۆی جگەرەوەیە.
13_ وڵاتی چین یەكەم وڵاتە لە جگەرەكێشاندا.
لایەنی دەروونی:
عادەت: ڕەفتارێكە بەردەوام بێ ئاگا دووبارە دەبێتەوە!
ئیدمان (ئالوودهبوون): عادەتێكی بێزراوە، بە هۆی پاڵنەری نەستەوە، لە توانا و هۆشی مرۆڤ دهردهچێت.
شێوازی ژیان: بەرنامەی سەرەكیی ژیانە، گەر وریا نەبێت، دهبێته عادەت!
جگەرەكێشان: ڕەفتارێكی دووبارەبووەوەی مرۆیە، لە ئەنجامی كاردانەوەی بۆ دەوروبەر و ژیان، زۆر بە ئاسانی دەگۆڕێت بۆ ئیدمان.
* گەورەترین شتێك كە ئازاری ئالودەبووان دەدات، بیركردنەوە لە ژیانە بە بێ ئەو شتەی هۆگری بوون.
** كەسی ئالووده هەمیشە بانگەشەی ئەوە ئەكات كە هێشتا لە توانایدایە كە كۆنترۆڵی خۆی بكات، بەڵام وا نییە!