ڕەتکردنەوەی فەرموودەی ئاحاد گەر پێچەوانەی یەقین بوو

فیقهی 2019-07-17 کۆمێنت 1928 جار بینراوە

کیف نتعامل مع القرآن، محمد الغزالی، ل ١١٤-١١٦

وەرگێڕانی: ئەحمەد حسێن


بە بۆچوونی جمهووری زانایان، فەرموودەی ئاحاد یەکێکە لە سەرچاوەکانی حوکمی شەرعی لە لقەکاندا، بەڵام گەر بەڵگەیەکی بەهێزتر هەبوو، پشتگوێ دەخرێت. ئەی بەهێزتر کامەیە؟

حەنەفی مەزهەبەکان وەهای بۆ چوون ڕوواڵەتی قورئان، یاخود قیاسێکی بڕاوەیە. مالیکییەکان پێیان وایە کرداری خەڵکی مەدینەیە، بەمەیش فەرموودەگەلێکی زۆریان پشتگوێ خستووە، بۆ نموونە: مالیکییەکان نزای دەستپێکی نوێژیان بەیەکجاری ڕەت کردووەتەوە. نوێژی «تحیة المسجد» لە کاتی گوتاری هەینیدا لای هەردوو مەزهەبەکە درووست نییە. حەنەفییەکان ڕەتیان کردووەتەوە موسوڵمان لەبری بێباوەڕ بکوژرێتەوە، هەروەک مالیکییەکان بە ڕەوای نازانن باوک لەجیاتی کوڕ بکوژرێتەوە، با کوشتنەکە بە مەبەستیش بووبێت. مالیکییەکان خواردنی گۆشتی هەندێک لە گیانەوەرانی وەک سەگ و ماین بە یاساغ نازانن و، پێیان وایە ئەمە ڕوواڵەتی قورئانە کە فەرموویەتی: «قُل لَّآ أَجِدُ فِى مَآ أُوحِىَ إِلَىَّ مُحَرَّمًا عَلٰى طَاعِمٍ يَطْعَمُهُۥٓ إِلَّآ أَن يَكُونَ مَيْتَةً أَوْ دَمًا مَّسْفُوحًا أَوْ لَحْمَ خِنزِير» [الٲنعام: ۱٤٥]

تەنانەت شافیعییەکان ڕەتیان کردووەتەوە کچی خوار دەساڵ بە خواستی خۆی بە شوو بدرێت و گوتوویانە باوکی بۆی هەیە بە شووی بدات.

هەر چوار پێشەواکە شیردانی گەورەیان پێ ڕەتکراوەیە. ئەو فەرموودەیەی دەڵێت تێپەڕبوونی سەگ بە بەر نوێژدا دەیپووچێنێتەوە، جگە لە حەنبەلی و زاهیرییەکان، سێ پێشەواکەی تر ڕەتیان کردووەتەوە. زاهیرییەکان بۆچوونگەلێکی سەیریان لەم بابەتەدا هەن، دەبێژن: ژن گەر بە بەر نوێژدا ڕەت ببێت، بەتاڵی دەکاتەوە، وەلێ گەر لە بەردەمیدا ڕاکشابوو، بەتاڵی ناکاتەوە!

ئەو فەرموودانەی پێشەوایان ڕەتیان کردوونەوە یەکجار زۆرن، بگرە گەلێک فەرموودە هەن، لای بڕێکیان درووستن، لای ئەوانی دی لاوازن. شێخ ڕەشید ڕیزا دەڵێت: پێویستە چاو بە فەرموودەکانی ئاژاوە(الفتن)دابخشێنرێته‌وه‌.

کاتێک ئیبن عومەر «ڕ.خ.» دەفەرموێت: پێغەمبەر «د.خ.» چوار عومرەی کردووە یەکیان لە ڕەجەبدا بووە. کەچی خاتوو عائیشە دەڵێت: هەرگیز لە ڕەجەبدا عومرەی نەکردووە. یان کاتێک عومەر «ڕ.خ.» دەگێڕێتەوە: "مردوو بە هۆی شین و شەپۆڕی کەسوکاریەوە سزا دەدرێت." عائیشە دەڵێت: سوێند بەخوا پێغەمبەر «د.خ.» وای نەفەرمووە، بەڵکە فەرموویە: "مردوو سزا دەدرێت و خزمانی بۆی دەگرین."

جا لە ڕووی عەقڵییەوە چۆن دەکرێت بگوترێت: فەرموودەی ئاحاد بۆ عەقیدە دەست دەدات، لە کاتێکدا بە شێوەی دڵنیایی حوکمێک ناگەیەنێت؟ گەر حوکمە شەرعییەکان بە گومان وەرنەگیرابان، ئەوە فەرموودەی ئاحاد کە گومان دەبەخشێت نەک یەقین، کاری پێ نەدەکرا، وەلێ وەردەگیرێت و کاری پێ دەکرێت، ئاخر گەر ئێمە دوو شایەتیش لەسەر کوشتن بهێنین، هەر ناگەینە دڵنیایی، چون ئەگەری ئەوە هەیە دەستیان تێکەڵ کردبێت، ئیتر چۆن بگوترێت: تاکە فەرموودەیەکی ئاحاد دڵنیایی دەبەخشێت؟! ئەمە قسەیەکی پووچە.

ئێمە هەرگیز بیروباوەڕێکمان نییە لە فەرموودەیەکی ئاحادەوە وەرگیرابێت، وەلێ گەر فەرموودەی ئاحاد شرۆڤەی ئایەتەکانی عەقیدە بێت، دەکرێت وەربگیرێت، وەک فەرموودەکانی پاداشت و سزای ناو گۆڕ و ئەو بابەتانە. هەروەک خوداوەند فەرموویەتی: «..وَلَوْ تَرٰىٓ إِذِ الظّٰلِمُونَ فِى غَمَرٰتِ الْمَوْتِ وَالْمَلٰٓئِكَةُ بَاسِطُوٓا أَيْدِيهِمْ أَخْرِجُوٓا أَنفُسَكُمُ ۖ الْيَوْمَ تُجْزَوْنَ عَذَابَ الْهُونِ..» [الأنعام: 93]

«الیوم» واتە: ئەو ڕۆژە سزا دەدرێن و تا ڕۆژی دوایی چاوەڕوان نابن، سزاکەیش لە بەرزەخ و لەناو گۆڕدایە. پاداشتیش هەروا، خودای مەزن فەرموویەتی: «وَلَا تَحْسَبَنَّ الَّذِينَ قُتِلُوا فِى سَبِيلِ اللَّهِ أَمْوٰتًۢا ۚ بَلْ أَحْيَآءٌ عِندَ رَبِّهِمْ يُرْزَقُونَ» [آل عمران:١٦٩]

گەر وا دابنێین کەسێک دەڵێت: پەروەردگار دانابەزێتە ئاسمانی دونیا، بەڵکە تەجەللی دەکات، جا خۆ ئەمە عەقیدە نییە، تەنیا مانای دەستەواژەیەک کە لە فەرموودەیەکی ئاحاددا هاتووە ڕوون دەکاتەوە. زۆر شت و فەرموودەی تر هەن، کە ڕاڤەن یان خشتگەلێکن لە تەلاری ئیسلامدا و لە جێی خۆیاندا وەردەگیرێن. جا هەر فەرموودەیەکی ئاحاد پێچەوانەی شتێکی یەقینی بێت ڕەت دەکرێتەوە. هەر بۆیە قیرائەتە ڕیزپەڕەکان گەرچی بە فەرموودەگەلی درووستیش هاتوون، بەڵام لەبەر ئەوەی پێچەوانەی متەواتیرن کە دڵنیایی دەبەخشێت، ڕەت دەکرێنەوە.

جا کە دەگوترێت فەرموودەی ئاحاد عەقیدەی لەسەر ڕۆ دەنرێت و دڵنیایی دەبەخشێت، قسەیەکی نادرووستە، بیروباوەڕ لە قورئاندا ڕوون کراوەتەوە و، لای خۆمان - هاوشێوەی مەسیحییەت - بە دەستی کۆڕ و کۆنگرەکان نییە و، هەرگیز بە فەرموودە و گێڕانەوە ئاحاده‌کان دانامەزرێت، وەک باس کرا تەنیا مەگەر لە شرۆڤە و ڕوونکردنەوەی متەواتیری قورئاندا وەربگیرێت.


تاگەکان    
ئازادی ئیلحاد ژن دیزاینی زیرەک یادەوەری لۆجیک خوێندنەوە وەرزش فەلەستین فەرهەنگ دەروونناسی گۆرانی کۆرۆنا شیعر پارەی ئیلیکترۆنی
فیقهی
2019-07-17 کۆمێنت 1928 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی