نووسینی: ئەحمەد محەممەد نەقاش
تسیۆلکۆڤسکی دەڵێ"مەحاڵی ئەمڕۆ مومکینی سبەینێیە"، لەسەدەی ڕابردوودا(سەدەی ٢٠)، ئەم نەشتەرگەرییە بابەتێك بووە، کە لە خەیاڵی هەندێک کەسدا چ جێگایەکی تری نەگرتۆتەوە، ئەم نەشتەرگەرییە دەچێتە نێو نەشتەرگەریی "گواستنەوە ئەندام"، نەشتەرگەریی گواستنەوەی ئەندام، یەکێکە لە سەرنجڕاکێشترین دۆزینەوەکانی مێژووی پزیشکی[i]، لە هەندێک حاڵەتیشدا تاکەسەرچاوەی هیوایە بۆ نەخۆشەکانی شکستی ئەندامێك لە ئەندامەکانیان،(بڕوانە شێوەی١، ئەو ئەندامانەی دەکرێت بگوێزرێنەوە).
مەرج نییە ئەندامی جۆرێك(specie ) بۆ هەمان جۆر بگوێزرێتەوە، پزیشکانی نەشتەرگەری لەزانکۆی"ماریلاندی پزیشکی- Maryland Medical university "[ii]، لە شاری (بێڵتمۆر-Beltmor )، سییەکانی بەرازێكی گەورە و پێگەشتوویان لێ کردەوە، خۆشبەختانە بەم زووانە دەگەڕێنرێتەوە بۆ ژیان(بەهۆی خوێنپێدانی)، دووبارە ڕەنگی سوور بووەوە و دەست بە کارکردن دەکات، لەسەر مەیمونێکی تەمەن ٨ ساڵ[iii]، جۆری بەیبون-Baboon (بڕوانە شێوەی ٢)، ئەگەری گواستنەوەیشی بۆ مرۆڤ دادەنرێت، چونکە ئەندامەکانی بەراز بۆ مرۆڤ دەگونجێت!(بڕوانە شێوەکانی ٣،٤ و ٥، ئەو ئەندامانەی لە بەرازەوە بۆ مرۆڤ دەشێت، پیشاندراون).
هەموو کارێك، بەربەستێکی هەیە، بەربەستی ئەم نەشتەرگەرییەیش ، بریتییە لە بەیەكبەستنەوەی مولولەکانی خوێن دوای لێکردنەوەیان، ئەویش پێی دەوترێت"Vessel Anastomosis "، بەڵام ئێستا گەلێک تەکنیکی هەیە، بەڵام لە کۆندا زۆر ماندووکەر بوو، لەو سەردەمەدا بۆ لەحیمکردنی مولولەکانی خوێن، ئێسك، زیو، زێڕ و ماددە گەیەنەرەکان، بەکار دەهێنران، بەڵام ئەم ماددانە ئەنجامی زۆر دڵخۆشکەر و دڵنیاییی بە ئێمە نەدەبەخشی. پزیشکێکی فەڕەنسی بە نێوی "ئەڵێکسس کاڕڵ-Alexis carrel (بڕوانە شێوەی ٦)، ئەم ئەنجامانەی پێشووی گۆڕی، بە بەکارهێنانی میتۆدێکی باشتر و وردتر لەوانی تر، ئەو دەرزیی زۆر ورد و تیژ و، داوی زۆر باریکی بە کار هێنا[iv].
لە ساڵی(١٩٠٨)دا کاڕڵ و فیسیۆلۆجستێکی ئەمریکی بە ناوی(چاڕڵس گەثری-Charles Guthrie ) یەکەم نەشتەرگەریی گواستنەوەی سەریان بە سەرکەوتوویی بۆ سەگێک ئەنجامدا نەشتەرگەرییەکەیان بەم شێوەیە بوو:
با ناو لە سەگەکان بنێین، (سەگی ١) و (سەگی ٢)، یەکەمجار سەری (سەگی ١)یان لە لاشەی جیا کردەوە، ئینجا بەسەر شانی یاخود بڵێین ملی (سەگی ٢)یان، بەستەوە، لوولەی خوێنەکانیان بە شێوەیەك بەستەوە کەوا یەکەم جار خوێن بۆ سەری (سەگی١)بڕوات، پاشان بۆ (سەگی٢). سەری (سەگی١) بۆ ماوەی ٢٠ خولەك خوێنی بۆ نەڕۆیشت، دواتر خوێنی بەسەرکەوتویی بۆ گواسترایەوە، ئینجا جووڵەی هەموو شتەکانی تری دوای یەک کاتژمێر بۆ گەڕایەوە، بەڵام بۆ ماوەیەکی کەم سەگەکان ژیان، نەیانتوانی زۆر بژین، لە ساڵی ١٩١ خەڵاتی نۆبڵیان پێ بەخشرا لەسەر کارەکەیان. )بڕوانە شێوەی ٧)، جا ئەم نەشتەرگەرییەیش دووبارە نوێبونەوەیەکی تری بەخۆیەوە بینی، ئەویش لە لایەن (د.ڤلادمیر دیمۆخۆف -vladmir dimokhov ) (بڕوانە شێوەی ٨)، لە هەموو ڕوویەکەوە نەشتەرگەرییەکەی لە گشت پزیشکانی بەر لە خۆی سەرکەوتووتر بوو، چونکە سەگەکانی ئەو پزیشکە دەیانتوانی بجوڵێن، شایانی باسیشە یەکەم جار لە ساڵی ١٩٥٣دا ئەنجامی دا و، چوار سەگ بۆ ماوەی ٢٢ ساڵ ژیان، ئینجا دوای ئەوەی توێژینەوەکەی خۆی بڵاو کردەوە، دەرکەوت کەوا چەند ئاگادار و ورد بوون لەسەر ئەم کارەی[v].
لەساڵی ١٩٧٠دا نەشتەرگەرێکی مێشك بە نێوی (د.ڕۆبەرت وایت – Dr. Robert White )(بڕوانە شێوەی ٩)، نەشتەرگەریی گواستنەوەی سەری ئەنجام دا. نەشتەرگەرییەکەی لەسەر ٤ مەیموون کرد، بە کرداری یەکبەستنی خێرا،(بڕوانە شێوەی ١٠)، مولولەکانی خوێنی بە یەکدی گەیاند(بڕوانە شێوەی١١-١٢)، دوای تێپەڕبینی ٣-٤ کاتژمێر لە نەشتەرگەرییەکە، گشتیان دەیانتوانی بجوڵێن و ببینن.(بڕوانە شێوەی ١٣)[vi].
دواتر پزیشکێکی چینی بە نێوی(شاو- پینگ ڕێن – xiao-ping reng (بڕوانە شێوەی ١٤))، لەسەر مشك تاقی کردەوە و کەمترینیان ٢٤ کاتژمێر و زۆرترینیان ٦مانگ ژیان[vii] .(بڕوانە شێوەکانی ١٥-١٦).
دوکتۆر وایت وتویەتی: "ئەو شتەی هەموو سەردەمانێ بووەتە خەیاڵی زانستی، ئەفسانەکەی فرانکنشتاینە، ئەو پیاوەی مرۆڤێ بە تەواوی دروست دەکات بە بەیەکبەستنی چەند بەشێکی جیاوازی لەش، ئەم ئەفسانەیە لە سەرەتای سەدەی ٢١دا دەبێتە ڕاستییەکی تاقیگەیی(Clinical Reality ). سەرەتا هەنگاوەکەیشی بە گواستنەوەی سەر دەبێت، گواستنەوەی سەر یاخود لاشە، ئەمەیش دەگەڕێتەوە بۆ تواناکانتان". شایانی باسە ئێستایش سەرەتای سەدەی ٢١ە و، دوکتۆر سێرجیۆ کاناڤێرۆ -Dr.sergio canavero )(بڕوانە شێوەی ١٧)، دەیەوێت ئەم نەشتەرگەرییە بکات، ئەڵبەتە لە سیمینارەکانی کاناڤێرۆدا کاریگەریی دوکتۆر وایتی بەڕوونی بەسەرەوە دیارە. (٨-٩)[viii]
بەربەستەکانی نەشتەرگەرییەکە و چارەسەرەکەی:
١. پڕۆتۆکۆڵی کەمکردنەوەی پلەی گەرمیی لاشە - HYPOTHERMIA PROTOCOL :
هەموو ئەو دەمارانەی لە سەردا هەن، گەر بۆ ماوەیەکی کەم خوێنیان بۆ نەڕوات، ئەوا لە کار دەکەون، کاناڤێرۆ چارەسەری بۆ ئەم کێشەیە دۆزیەوە. شیردەرەکان(Mammals ) بۆ ماوەی یەک کاتژمێر بێ خوێن دەتوانن بمێنن، بەڵام بە مەرجێ پلەی گەرمی لە نێوان ١٢-١٥ پلەی سانتیگراد(Co )بێت[ix] ، چونکە کەمکردنەوەی پلەی گەرمی دەبێتە هۆی ئەوەی چالاکی خانەکان کەم بکات و بۆ ماوەیەکی زیاتر لە ژیاندا بمێننەوە، هۆکاری سەرەکییش داوانەکردنی ئۆکسجینە(O2 ).
٢. بڕینی دڕکەپەتك – Cutting Spinal cord :
دڕکە پەتك(بڕوانە شێوەی ١٨): گرنگترین پێکهاتەیە لە نێوان لاشە و مێشكدا[x]، هەروەك سپاگێتی وایە[xi]، دەتوانین بڵێین پەیوەندیی مرۆڤ بە دەوروبەریەوە دەهێڵێتەوە. بۆ وێنە گەر بێتو دەستمان بۆ شتێکی گەرم ببەین ئەوا وامان لێ دەکات کە هەست بە گەرمی بکەین و، دەستمان لێوەی بەدوور بگرین، ئەڵبەتە کارگەلێکی تریش دەکات، ئەم دڕکە پەتکە (٤٠cm -٥٠cm ) درێژە[xii]، هەندێک خانەی ئەم دڕکەپەتکە، بە شێوەیەک تایبەتمەندە کەوا ناکرێت دابەش ببێت. هەربۆیە هەندێک جار شوێنی برینێکی یاخود زیانپێگەیشتنێکی چاك نابێتەوە[xiii] ، جا گەر بێتو ئەم دڕکە پەتکە ببڕدرێت، واتە پەیوەندیی نێوان ئەم مرۆڤە و ژینگەی دەرەوە بڕدراوە، لە هەمووی سەیرتر ئەوەیە کە ناکرێت دووبارە پەیوەندییەکە چاك بکرێتەوە. گەر ببڕدرێت، تووشی حاڵەتێك دەبێت پێی دەڵێن (Scar -الندبة) ئەنجامەکەیشی نەمانی پەیوەندیی نێوان مێشك و لاشەیە. کاناڤێرۆ چارەسەری بۆ ئەمەیش دۆزییەوە، ئەو وتی کەوا هەڵدەستێت بە دروستکردنی جۆرێکی چەقۆی تایبەت، کە تێچووی چەقۆکە بەتەنیا (٢٠٠٠٠٠$ دووسەتهەزار دۆلار)ە.[xiv]
کاناڤێرۆ ناوی ئەم نەشتەرگەرییە وەك ڕێگایەکی پڕ لە مەترسی ناو دەبات(بڕوانە شێوەی ١٩).
چیمان پێویستە بۆ ئەم نەشتەرگەریە:
١. تیمێکی پزیشکی، لە ١٥٠ پزیشك پێك هاتبێت.
٢. ٣٦ کاتژمێر کارکردن.
٣. دوو خۆبەخش: یەکێک لەم خۆبەخشانە، بە شکستی لاشە دەناڵێنێت، ناوی نەخۆشەکە(ڤاڵێری سپیریدۆنۆ- Valery Spiridonve )(بڕوانە شێوەی ٢٠).
پەراوێزەکان:
[i] https://www.healthxchange.sg/men/heart-lungs/types-organ-transplants
[ii] https://www.medschool.umaryland.edu/
[iii] https://www.nature.com/news/new-life-for-pig-to-human-transplants-1.18768
[iv] https://www.ncbi.nlm.nih.gov/pmc/articles/PMC5116034/ The history of head transplantation: a review
[v] https://www.ncbi.nlm.nih.gov/pmc/articles/PMC5116034/ The history of head transplantation: a review
[vi] https://www.ncbi.nlm.nih.gov/pmc/articles/PMC5116034/ The history of head transplantation: a review
[vii] https://www.ncbi.nlm.nih.gov/pmc/articles/PMC5116034/ The history of head transplantation: a review
[viii] https://www.ncbi.nlm.nih.gov/pmc/articles/PMC3821155/ HEAVEN: The head anastomosis venture Project outline for the first human head transplantation with spinal linkage (GEMINI)
[ix] https://www.ncbi.nlm.nih.gov/pmc/articles/PMC3821155/ HEAVEN: The head anastomosis venture Project outline for the first human head transplantation with spinal linkage (GEMINI)
[x] https://nba.uth.tmc.edu/neuroscience/m/s2/chapter03.html
[xi] https://www.youtube.com/watch?v=_EHCHv5u3O4
[xii] https://nba.uth.tmc.edu/neuroscience/m/s2/chapter03.html
[xiii] https://www.christopherreeve.org/living-with-paralysis/health/how-the-spinal-cord-works