ئەحمەد محەمەد نەقاش
[email protected]
ئۆگەنێسن-Og
ئۆگەنێسن توخمێکی ڕادیۆئەکتیڤی دەستکردە، کەمێکی لەبارەوە دەزانرێ. بە ناکانزا پۆلێن کراوە، هاوکات، پێشبینی دەکرێ لە دۆخی گازیدا بێ. یەکێکە لە گازە خانەدانەکان (ئەو توخمانەی هێزی تەواویان نییە بۆ دروستکردنی بەند).
لە پێشوتردا، ناوی (یونونۆکتیوم-ununoctium) بوو، ناوێکی جێگرەوەیە و لە لاتینیدا بە مانای (یەك. یەك. هەشت، کە ژمارە گەردیلەکەیەتی) دێ. لە نۆڤەمبەری 2016دا ناوی گۆڕدرا بە (ئۆگەنێسن-Oganesson)، لە لایەن دەزگای (IUPAC).
ئەم توخمە ناو نراوە بە ناوی زانا (یوری ئۆگەنێسن-Yuri Oganesson) وەکو پاداشتێك بەرانبەر ئەو توێژینەوەیەی لەسەر توخمەکانی (دوای ئەکتیناید-)Transactinide کردبووی.
ئۆگەنێسن، لە ساڵی 2002دا لە لایەن زانا ڕووسەکانەوە دۆزرایەوە، لە پەیمانگای (Joint Institute for Nuclear Research) لە شاری دوبنەی ڕووسیا. بەر لە سێ ساڵ، لە ساڵی 1999دا، تیمێك لە تاقیگەی (لاورێنس بێرکەلی-Lawrence Berkeley) لە کالیفۆڕنیا یەکەم توێژینەوەی خۆیان لەسەر توخمی 118 بڵاو کردەوە. بەڵام لەبەر ئەوەی ئەنجامەکان دووبارە و وەرگیراو بوون، بەناچاری توێژینەوەکەیان وەرگرتەوە و بڵاویان نەکردەوە. لە ساڵی 2006دا، توخمەکە بە شێوەیەکی فەرمی بڵاو کرایەوە، لە لایەن (تاقیگەی لیڤەرمۆر-Lawrence Livermore National Labaratory)، کە لەگەڵ زاناکانی شاری (دوبنە) کاریان دەکرد.
ئۆگەنێسن یەك ئایزۆتۆپی هەیە ئەویش، Og294ە، نیوەتەمەنەکەیشی نزیکەی 0.89مللیچرکەیە. لە ڕێگەی کەمبوونی ئەلفایی (کردەیەکە، بەسەر توخمە ناجێگیرەکاندا دێت، بۆ ئەوەی جێگیرتر بن. لەم کردەیەدا، ناوکی گەردیلە هەڵدەستێ بە زەخیرەکردنی دوو پڕۆتۆن و دوو نیوتڕۆن لەناو قوتوویەك، زاناکان پێی دەڵێن (تەنۆلکەی ئەلفا-Alpha Particle) لەو کاتەی گەردیلە لەکاتی کەمبوونی ئەلفایی، دوو پڕۆتۆن لەدەست دەدا، توخمەکە دەگۆڕێ بۆ توخمێکی تر، نموونەیش ئەو توخمەیە کە باسەکەمانی لەسەرە). دەبێتە (لیڤەرمۆریوم-Lv).
لەبەر ئەوەی ئەمەیش توخمێکی (دوای یۆرانیۆم-Trasnuranuim)ی دەستکردی مرۆڤە، بارستە گەردیلەکەی بەستراوە بە ئایزۆتۆپەکەی، ئەم توخمەیش یەك ئایزۆتۆپی هەیە، بۆیە لە داهاتوودا بارستەگەردیلەی نوێی بۆ دروست دەبێ.
زانا ڕووسەکان، بە لێکدانی گەردیلەکانی (کالیفۆڕنیوم-Californium) لەگەڵ ئایۆنەکانی (کالسیۆم-Calcium) بۆ ماوەی 1080 کاتژمێر، سێ گەردیلەی ئۆگەنێسنیان دەستکەوت، لەبەر ئەوەی چەند گەردیلەیەکی کەمی بەردەستە تاوەکو ئێستا هیچ تایبەتمەندییەکی لە ڕووی بەکارهێنانەوە نییە و ئەوەی هەیە لەژێر خوێندندایە.
سەرچاوەکان:
1. https://www.livescience.com/41460-facts-about-ununoctium.html
2. https://education.jlab.org/glossary/alphaparticle.html
3. http://periodic.lanl.gov/index.shtml
4. http://education.jlab.org/itselemental