کەمانچەژەن
نووسینی: یووسف بورهان
کتێب
2020-04-23
کۆمێنت
4849 جار بینراوە
تێبینی: ناوەڕۆکی چیرۆکەکە باس کراوە!
دەمێک بوو بیستبووم پیرەمێردی ئەدیب، نووسەر، ڕۆژنامەنووس، شاعیر و وەرگێڕ، ڕۆمانێکی هەس، وەلێ چنگم نەکەوتبوو؛ تا ئەو دەمەی بیستم ناوەندی ڕۆشنبیریی ئەدیبان، ڕۆمانی کەمانچەژەنـی پیرەمێردیان بڵاو کردۆتەوە ... قەدەر وابوو پەتایەک بە ناوی کۆرۆناوە بەرۆکی جیهانی گرت و سەرجەمی مرۆڤایەتیی خزانە نێو ماڵەکانیانەوە؛ ئەمەیشم وەک هەلێکی زێڕین بینی، چونکێ چەندان کاری گرنگم هەبوون و حەوجێم بە کاتێکی لەم جۆرە بوو؛ یەکەمین کاری گرنگم خوێندنەوە بوو.
تاوەکو چەند ساتێ پێش خوێندنەوەی نەمزانیبوو ئەم ڕۆمانە پاچڤەی پیرەمێردە و نووسینی خۆی نییە، چونکێ تەنێ ناوی خۆی لەسەر بوو، بەندەیش سەرنجم نەدابوو کە نووسراوە وەرگێڕان؛ هەرچەندە پیرەمێرد خۆیشی ناوی نووسەرەکەی لە کاتی بڵاوکردنەوەیدا نەنووسیوە -جا بیری چوو بێت، یان خۆی نەینووسی بێت ئەوەیان نەزانراوە-.
ئەم ڕۆمانە سەرگوزەشتەی کاورایەک دەگێڕێتەوە کە هەر لە مناڵییەوە ژینێکی تژی لە ناسۆری هەبووە؛ ئەم کاورایە دایکی خۆی نەبینیوە و بەسەر ئەمەوە مردووە، باوکیشی هیچکات سۆز و خۆشەویستیی پێ نابەخشێت، تا ئەوێ ڕۆژێ کە باوکی ماڵبەدەری دەکات و بە کەمان و خورجێنێکەوە ملی ڕێ دەگرێتە بەر، تا شەکەت دەبێت و لە جێیەکدا وچانێک دەدات و بە کەمانەکەی ئاوازێ دەژەنێ، ئاوازی کەمانچە عەرەبانەیەک بۆ لای خۆی ڕادەکێشێ، کە دوو ئافرەتی تێدایە، یەک پیر و یەک جەوان، لەتەک عەرەبانچییەکی گرژ و مۆن؛ پاش دەمەتەقەیەکی کورت ئالفرێد مۆلەری کەمانچەژەن دەبێتە هاوسەفەری ئەم دوو ئافرەتە، دوای نیگاگۆڕینەوە و گفتوگۆکردن، ئالفرێد شەیدای میکایلای جوان و جەوان دەبێت؛ قەدەری ئەو وا دەبێ لەم سەفەرە بەردەوام بێت و ببێتە میوانی «کۆشکی شاتوو» کە تایبەتە بە ماڵباتی میکایلا؛ لەوێیش خوا دەرووی خێری لێ واڵا دەکات و دەبێتە مەئمووری گومرکی کۆشکی شاتوو؛ بە ڕۆژ کارکردن و بە شەویش کەمانچەژەنین، قەیەرێ بە خۆشی گوزەراندی، تا ڕۆژێ بڕیاری سەفەر دەدرێت و ئالفرێدیش بە سواری ئەسپ دەبێتە یاوەری سەفەرەکەیان؛ چونکێ ئالفرێد ئەسپسوارێکی باش نەبوو، لەم سەفەرەدا تووشی تەگەرەی زۆر دەبێتەوە و پاش بڕینی مەودایەکی کورت لە کاروان دادەبڕێت، هەرچەندەی شین و شەپۆڕ دەکات سوودی نابێ؛ ئالفرێد زۆر دڵگران دەبێ، بەڵام دڵی بەوە خۆش بوو، کە دەیزانی عەشقەکەی ڕووەو چ شارێ ئۆغری کردووە؛ ئیدی بە هەموو جۆرێ هەوڵی گەیشتن بەو شارە دەدات؛ لەم هەوڵدانە تووشی زۆرێک ئاڵۆزی و ناڕەحەتی دەبێتەوە، تا ئەو دەمەی دەکەوێتە ناو ڕووبارێکەوە؛ نووسەر لێرەوە گێڕانەوەی چیرۆکەکە دەداتە دەستی کەسێ بە ناوی فریدریک شۆلەر، کە لەنیوەی ڕێگا دەبێتە دۆستی ئالفرێد، پێکەوە چەندان نەهامەتی و ناسۆری دەچێژن؛ فریدریک دەیگێڕێتەوە کە چۆن ئالفرێد دەکەوێتە ناو ڕووبارەکەوە؛ ئەو کە دەیزانی ئالفرێد مەلەوانی نازانێ، بۆیێ دڵنیا بوو کە ئەو مردووە؛ ئەمیش لەپای دڵسۆزی بۆ هاوڕێکەی بڕیار دەدات کە بە هەرچەشنێ بووە میکایلا بدۆزێتەوە و هەواڵی پێ بدات کە ئالفێرد چلۆن ئازار و نەهامەتیی چەشتووە لەپێناو گەیشتن بە تۆ میکایلا؛ ئیدی نووسەر زۆر درێژەی پێ نادات و فریدریک دەگەیەنێتە ئەو شوێن و ناونیشانەی کە ئالفرێد پێش خنکانی پێی وتبوو، وەلێ چی دەبینێ؟! ئالفێرد نەخنکاوە و لەپێش فریدرێک گەیشتۆتە ئەوێ، ئیدی چۆن گەیشتووە ئەوەیان قەدەرێکی ئیلاهی بووە و نووسەر ئاماژەی پێ نەکردووە، تەنێ باسی ئەوە دەکات کە چی گوزەرا ...
ئەم ڕۆمانە چەندان پەیامی تێدایە، گرنگترین پەیامی ئەوەیە، کە دوای هەر ناخۆشییەک خۆشی دێ؛ هەروەها باسی هەوڵدان و کۆڵنەدان دەکات، جا لەهەر پێناوێکدا بێت؛ یەکێ دی لە پەیامە گرنگەکانی دڵسۆزی و وەفاداری و بەئەمەکیی هاوڕێیەتی دەخاتە ڕوو؛ لەسەرووی هەموویشیەوە ئەم ڕۆمانە بە چەشنێکی خەندەئامێز سەرجەم باسوخواسەکان دەگێڕێتەوە.