ڕوونکردنەوەیەک لەسەر کتێبی هێزی ئێستا و ڕۆحانییەت بەبێ ئایین

نووسینی: بنار جەبار
کتێب 2024-08-04 کۆمێنت 3 خولەک بۆ خوێندنەوە 640 جار بینراوە

بسم الله الرحمن الرحيم

چەند ساڵێک لەمەوبەر، کتێبێکی ئینگلیزیی ئێکهارت تۆڵێم بە ناوونیشانی "هێزی ئێستا" وەرگێڕا. ناوەڕۆکی ئەم کتێبە سادەیە و کۆمەڵێک تەکنیک بۆ مانەوە لە ساتی ئێستادا دابین دەکات. ڕاستییەکەی، ئەم بەرهەمە شتێکی نوێی تیادا نییە، بەڵکو ئاشناکردنی خوێنەرانە بە هەندێک ڕێگەی پێشترزانراو بۆ کەمکردنەوەی خەم لە ڕابردوو و نیگەرانی لە داهاتوو.

دەکرێت سێ پەیامی سەرەکیی لەم کتێبە وەربگرین:

1. هەموو ژیان زنجیرەیەک ساتی ئێستایە: ئەم وانەیە لە ئایین و کەلەپوورە جیاوازەکاندا هەیە؛ دەکرێت داوەریی جیاوازی لەسەر بکرێت، لە هەندێک ڕووەوە بە باش و لە هەندێک ڕووەوە بە خراپ بزانرێت. هەرچۆنێک بێت، مرۆڤ گەر بیەوێت لە کارەکانیدا تەرکیز بکات، لە نوێژەکانیدا ئامادە بێت، هەروەها سەرنجشێواو نەبێت، نابێت هەمیشە خەمی ڕابردوو و داڵغەی داهاتووی هەبێت. بۆیە بە داوەریی من، ئەم پەیامە لایەنی ئەرێنیی زۆرە.

2. ئەو ئازارانەی تووشت دەبن زادەی بەرهەڵستیتە بۆ ئەو شتانەی ناتوانیت بیانگۆڕیت: ئەم وانەیە لای ڕێبازی فەلسەفیی ستۆیسیزم (ڕەواقییەت) و تەسەوف و لە جێی تریش هەیە. ئەمەیش دەکرێت لە ڕووی ئەرێنی و نەرێنییەوە تەماشا بکرێت.

3. لە ڕێگەی چاودێریکردنی هزرتەوە، دەتوانیت کۆتایی بە ئازارەکانت بێنیت: ئەم وانەیەیش نزیکایەتیی لەگەڵ دەروونناسیی مەعریفیی ڕەفتارگەراییدا هەیە. دەکرێت مرۆڤ بە چاودێریکردنی هزری، تێبگات لەوەی ئەو بیرکردنەوە بەردەوامانەی لە هزریدا دێن و دەچن خودی ئەو نین و لێکەوتێکن (عەرەزن). کاتێک لێیان ڕادەمێنێت، دەکرێت هۆکارەکانی خەمباری و تووڕەیی و دڵخۆشیی بدۆزێتەوە، بۆ نموونە دەکرێت بۆی ئاشکرا ببێت هەرکاتێک بیر لە کەسێکی دیاریکراو بکاتەوە، توڕە ببێت. ئەمە یارمەتیی دەدات چیتر بیر لەو کەسە نەکاتەوە، یان خۆی ڕابهێنێ بەو بیرکردنەوەیە تووڕە نەبێت. بە کورتییەکەی، نووسەر پێی وایە ئەوەی مرۆڤ هۆشیار دەکاتەوە بیرکردنەوە نییە، بەڵکو چاودێریکردنی بیرکردنەوەکانە. ئەمەیش لە ڕەهەندی جیاوە قسە هەڵدەگرێت و لێرەدا لام گرنگ نییە.

لە کۆتاییدا، هەموو کتێبەکە لەم خاڵەدا پوخت دەبێتەوە: ئەو مرۆڤەی لە ساتی ئێستادا دەژی خۆشبەختە.

مەبەستم لەم پێشەکییە ئەوە بوو ئەم کتێبە بێسوود نییە و سوودی لی وەردەگیرێت، بگرە دەکرێت لایەنە ئەرێنییەکانیشی زیاتر بن، بەڵام هەرچۆنێک بێت، پێویستە قسە لەسەر ڕەهەندێکی تری کتێبەکە بکەم.

ئەم کتێبە لە هەناوی بزاڤێکدا دەرکەوتووە کە هەوڵ دەدات لە دەرەوەی ئایین جۆرێک لە مەعنەوییەت و ڕۆحانییەت جێگر بکات. ئەم بزاڤە، ڕۆحانییەتی سەردەمی نوێ، نایەوێت بەتەواوەتی بە گژ سیستمی ماددەگەرا و چێژگەرای جیهانیدا بچێتەوە، بۆیە و لە پەنایەکدا و دوور لە ئایین هەندێک تەکنیک جێبەجێ دەکات تاکو لە جیهانی تەنگی ماددەگەرادا هەناسەیەک بدات. ئەم مەیلە لە هەندێک جێی کتێبەکەدا دەردەکەوێت، بەداخەوەیشم کە لە کوردستان زۆرێک لەوانەی کتێبەکە دەکڕن، خۆیان ئەم مەیلەیان هەیە. کتێبەکە کە تا ئێستا سێ جار چاپ کراوە، بەگشتی لە لایەن ئەو کەس و ڕێکخراوانەوە سەرف کراوە کە باوەڕیان بە ڕۆحانییەتی بێئایین هەیە و بگرە هەندێکیشیان بەتەواوەتی دژی ئایینن. مەبەستیشم لەو لایەنانە زیاتر ئەوانەیە کە لە یۆگا و هەندێک جۆری تێڕامان و فەلسەفەی وزەدا ڕۆچوون.

لەم ڕووەوە، وەکو وەرگێڕێک کە ناوم لەسەر کتێبگەلی ئیسلامی نووسراوە و ڕەنگە هەندێک کەس وا گومان ببەن هەر کتێبێک من وەرمگێڕابێت باش و بەسوود بێت، پێویستە ڕوونی بکەمەوە ئەم کتێبە لایەنێکی خراپی هەیە و گرفتئامێزە، هەروەها ڕۆحانییەت بە هیچ جۆرێک لە دەرەوەی ئیسلام مرۆڤ ناگەیەنێت بە مەنزڵ، ڕاستییەکەی نەک ڕۆحانییەت، بەڵکو هیچ ڕێیەکی تر جیا لە ئیسلام مرۆڤ بەرەو سەرفرازی نابات. لە خودا داواکارم لە هەر کاریگەرییەکی خراپی ئەم کتێبە لەسەر خەڵک بمبەخشێت.

سەرەڕای هەموو ئەمانەیش، هەندێک مامۆستای بەڕێز لە کاردانەوەیاندا بۆ ڕۆحانییەتی سەردەمی نوێ، بەشێکی فراوانی کەلەپووری ئیسلامی و تەسەوفی ئیسلامی ڕەت دەکەنەوە، هەروەها تۆمەتی ناڕەوا لە پێشەنگانی مەعنەوی دەدەن؛ وەڵامدانەوەی ئەوانیش نیگەرانکەرە و زیانەکەی زیاترە لە سوودەکەی.

لا اله الا انت سبحانك اني كنت من الظالمين.

 

تاگەکان    
مانا کوردستان کرێکار شەهید ڕانانی کتێبب کۆرۆنا ئیسرائیل ئابورریی ئیسلامی مێژوو ئەیاد قنێبی حەمەدۆک گۆرانی کورد تەوبە #پیری
کتێب
2024-08-04 کۆمێنت 3 خولەک بۆ خوێندنەوە 640 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی