حەمد بۆ خوای گەورە، کە بێ ویستی ئەو گیایەک لە زەوی ناڕوێت و مرۆڤێک بە پیتێک نادوێت، سەڵات و سەلام لە گیانی پێغەمبەرێکی وا گەورە و سەردار، کە کەسی دی وەکو وی نایێت و مرۆڤی تری وا لە دایک نابێت.
بە پشتیوانیی خوای گەورە و کارئاسانیی ئەو، ڕێکخراوی هاوسانی بۆ پەروەردە و مەعریفە، بە بەشداریی پۆلێک لە گەنجانی دەستەبژێری خاوەنپەیام و دڵسۆز بۆ کوردستان و ئیسلام، کە هەندێکیان لە ڕێکخراوی تری چاک و پاکدا کارا و چالاکن، هەندێکی تریشیان بە نووسین یا گوتن یا هاندان و بەدەمەوەبوون خەریکی خزمەتی ژین و دینی ئەم گەلەن... هەستا بە سازدانی حەوتەمین کۆڕبەندی ساڵانەی خۆی. گەنجانێک کە چەندینیان مامۆستای مزگەوت و وتاربێژی لاو و نووسەر و وەرگێڕانی قەڵەمڕەنگینی پیاو و کەسی چالاکی نێو سۆشیاڵ میدیان... کەسانێک بە پاشخانی ئیسلامیی جیاوازەوە کە خاڵی هاوبەشیان خەمخۆری و پەرۆشی بۆ بەها باڵاکانە و هەموویان لەوەدا یەک دەگرنەوە بە دڵ و گیان هەوڵ بۆ پاراستنی ناسنامەی ئیسلامیی گەلی کورد دەدەن.
ئێمە بە فەزڵی خوای تاقانەوە توانیمان سێ شەو و سێ ڕۆژ لە کەشێکی ئیمانی و مەعریفی و پڕ لە برایی و ڕاجیایی و تەباییدا پێکەوە بین و ڕا و بۆچوون بگۆڕینەوە و سەرەڕای دیدگای جیاواز و هەندێ جار گەنگەشەی توند و سەرسەختانە، دیسان دەست لە دەست و دڵ لای دڵ پێکەوە درێژەمان بۆ گفتوگۆ بدەین. ئێمە لە پێشەوایەکی وەکو شافعییەوە فێر بووین، دەکرێت برا بین با خاوەن ڕای جیا بین.
شانازییەکی گەورەیە بۆ بەندە لەو ماوەیەدا شیاو بووبێتم خزمەتکارێکی بچووکی ئەو هەموو مرۆڤە جوان و بەهیممەتە بم.
دەریایەک سوپاس بۆ هەموو ئەو ئازیزانەی بە ئامادەکردن و بەڕێوەبردنی کۆڕبەندێکی وا تایبەتەوە ماندوو بوون، ئیتر هەر لە هاوڕێکانم لە هاوسانی -ستافی ئیداری و ئیعلامی و ڕێککاری- و بنیاتنەران و بەڕێوەبەرانی ئەو شوێنە دڵڕفێنەی چۆم حەیدەر و کەناڵی NRT4 و کەناڵی سپێدە و چێشتلێنەرە بەڕێزەکان و ئەوانەیشەوە وا بە وشەیەک یا دینارێک دەستگر و یارمەتیدەرمان بوون.
دنیایەک سوپاسیش بۆ ئەو مامۆستا پایەبەرزانەی ئەرکیان کێشا و بەدەم داوامانەوە هاتن و لەوێ وتار و بابەتیان پێشکەش کرد و هەلیان بۆ ڕێکخستین لە خزمەتیاندا بین و بە دڵێکی فراوانەوە تەحەمولی پرسیار و پێشنیار و تەنانەت ڕەخنەی توندی بەشداربووانیش بکەن.