قانع خورشيد
بەشی یەکەم
به دوو تكا و دوو پێشه‌كییه‌وه ده‌ست پێ ده‌كه‌م و دواتر ده‌چمه ناو كرۆكی ئه‌و بابه‌ته‌وه كه ده‌مه‌وێت قسه‌ی له‌باره‌وه بكه‌م. ئومێدم وایه له هه‌ر چواریان ورد ببنه‌وه، ئه‌نجا بچنه ناو بابه‌ته سه‌ره‌كییه‌كه‌وه، پاشانیش به‌ینی خۆتان و خوا حوكم بده‌ن.
تكای یه‌كه‌م:
له هه‌موو ئه‌و به‌ڕێزانه‌ی زۆر ئاگاداری ڕاگۆڕینه‌وه و ململانێی فیكری و زانستی نین -چ له نێو كایه‌ی بابه‌ته دینییه‌كاندا بێت یا بابه‌ت و زانسته مرۆیی و ئه‌زموونییه‌كان- تكام وایه خۆیان له‌م بابه‌ته كڕ بكه‌ن و نه‌یخوێننه‌وه، گه‌ر خوێندیشیانه‌وه وا بزانن هیچیان نه‌بیستووه. چون كه‌سێك ئاگاداری ئه‌و هه‌موو ڕه‌خنه و دژیه‌كوه‌ستانه‌وانه‌ی مێژووی مرۆیی نه‌بێت, گورجێ به‌م جۆره نووسینانه سه‌غڵه‌ت ده‌بێت, ئیتر یا دینداره و به (لا حه‌وله وه‌لا قووه‌ته) و (براكه‌م له خوا بترسن) و (با وریای برایه‌تیمان بین و دڵه‌كانمان ڕه‌ش نه‌بێت) سه‌رنجی خۆی ده‌رده‌بڕێت, یا بێدینه و به پێ خاوسی خۆی فڕێ ده‌داته ناو باسه‌كه‌وه و ڕسته‌گه‌لی وه‌ك (دین سه‌رچاوه‌ی شه‌ڕ و جه‌نگه) و (ئیسلامییه‌كان هه‌میشه ناوخۆیاندا وه‌هانه) و (ئه‌گه‌ر حاڵتان له نێو خۆتاندا وا بێت, ده‌بێت دژی ئه‌وانی تر چۆن بن؟!) باراشی خۆی ده‌هاڕێت.
ڕاستییه‌كه‌ی منی بچووك, زۆر خۆم له‌وه به بانتر ده‌زانم لا به لای ئه‌م جۆره هه‌ڵسه‌نگاندن و گوتانه و خاوه‌نه‌كانیاندا بكه‌مه‌وه و ڕوون ده‌زانم كه‌سانی ژیر و خوێنه‌وار ئاوه‌ها له‌گه‌ڵ بابه‌تی ڕه‌خنه‌ییدا –ئه‌گه‌رچی زمانی ڕه‌خنه‌كه‌یش توند بێت- ڕووبه‌ڕوو نابنه‌وه.
ئه‌وه‌ی ئاگای له زانا و بیرمه‌ند و فه‌یله‌سووفانی خۆرهه‌ڵات و خۆرئاوا بێت، باش ده‌زانێت كه له نێویاندا شه‌ڕه‌قسه و هه‌ڵچوون و جنێوی نامووسییش هه‌یه! ده‌زانم ئه‌مه كارێكی باش نییه كردوویانه و ده‌یكه‌ن, وه‌لـێ به‌ڵگه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م جۆره جه‌نگ و ململانێ زانستی و فیكرییانه په‌یوه‌ندییان به زات و خووی مرۆڤه‌وه هه‌یه و دوور و نزیك به هۆی دین و ئیسلام و ڕۆژهه‌ڵات و نه‌ته‌وه‌وه و زمانه‌وه نین و به‌ڵگه‌یش نین بۆ نزمیی ئاستی خاوه‌نه‌كانیان!
تكای دووه‌م:
تكای دووه‌مم ده‌رباره‌ی هه‌موو ئه‌و نووسینانه‌ی به‌نده‌یه كه ڕه‌خنه‌یین, تكام له خوێنه‌ری به‌ڕێز ئه‌وه‌یه له كرۆكی ڕه‌خنه‌كه وردبێته‌وه و تێیبگات, ئه‌نجا بڕیاری له‌سه‌ر بدات. چون زۆر جار ڕه‌خنه له شتێك ده‌گیرێت و خوێنه‌ران بیریان بۆ لایه‌كی تر ده‌چێت, تۆ ده‌ڵێیت فڵانه قسه و گوته و لێكدانه‌وه نابنه به‌ڵگه‌ی فڵان ئه‌نجامگیری, دواتر ئه‌مه ڕوون ده‌كه‌یته‌وه, كابرا دێت له‌سه‌ر ئه‌نجامه‌كه شه‌ڕت له‌ته‌كدا ده‌كات و ئێژێت یانی تۆ باوه‌ڕت به‌و قسه‌یه نییه؟! له‌كاتێكدا تۆ دوور و نێزیك باست له ده‌ره‌نجامی قسه و بۆچوونی به‌رانبه‌ر نه‌كردووه, به‌ڵكو ده‌رباره‌ی به‌ڵگه‌هێنانه‌وه‌ی نازانستییانه‌ی ئه‌و دواویت.
پێشه‌كیی یه‌كه‌م:
هه‌ڵه‌یه وه‌ڵامی پرسیار به پرسیار بده‌ینه‌وه و بۆ په‌رچدانه‌وه‌ی قسه‌یه‌ك بابه‌ت به لاڕێدا ببه‌ین, تۆ ڕه‌خنه له من ده‌گریت و ده‌ڵێیت: "جه‌نابت مامۆستای قوتابخانه‌یت و هیچ ساڵێك كتێب به قوتابییه‌كانت ته‌واو ناكه‌یت." كه‌چی من بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ت و ڕه‌تكردنه‌وه‌ی تۆمه‌ته‌كه‌ت, ده‌ڵێم: "جا تۆ ئامۆزایه‌كت هه‌یه په‌نجا ساڵ ته‌مه‌نێتی و هێشتا ژنی نه‌هێناوه, تخوا عه‌یب نییه بۆی؟"! له كاتێكدا جگه له‌وه‌ی ئه‌م دوو باسه هیچ په‌یوه‌ندییه‌كیان به یه‌كه‌وه نییه و تۆ به‌رپرسی هه‌ڵه‌ی خزمه‌كانت نیت، به ڕه‌به‌نێتیی ئامۆزاكه‌یشت ڕازی نیت و له شوێنی خۆیدا ڕه‌خنه‌ت له‌ویش گرتووه.
له‌م نیشتیمانه‌ی خۆماندا و به‌تایبه‌ت له فه‌زای مه‌جازی و تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا مۆدێلێكی زۆر ناشیرین په‌یدا بووه, كه ڕه‌خنه له هه‌ركێ ده‌گریت كۆمه‌ڵێك كه‌سی ئه‌ملا و ئه‌ولا كه نه ده‌یانناسیت و نه ده‌تناسن و كه‌س نازانێت بۆچی سه‌نگه‌ریان لـێ گرتوویت و داخی چی‌یان له دڵدایه به‌رانبه‌رت, لێت قیت ده‌بنه‌وه و باسه‌كه ده‌به‌نه‌وه لای فڵان حیزب و فڵان شه‌خس... ئه‌مه یه‌كجار عه‌یبه‌یه, له كاتێكدا ئه‌وه‌ی منی به‌نده له نزیكه‌وه بناسێت ده‌زانێت له گوتنی ئه‌و شته‌یدا به حه‌قی ده‌زانم, سڵ له هیچ كه‌سێك ناكه‌مه‌وه و باكم له كه‌س نییه, هه‌رگیزیش كوێرانه باره‌كه‌ڵڵام بۆ هه‌موو هه‌ڵوێسته‌كانی ئه‌و حیزبه نه‌كردووه كه ئینتیمام بۆی هه‌یه و هه‌میشه ڕه‌خنه‌م له هه‌ندێ وه‌زیر و به‌رپرس و بانگخوازیان بووه و هه‌یه.
جا ئه‌م نووسینه ڕه‌خنه‌ییانه په‌یوه‌ندییان به ئینتیمای نه‌ته‌وه‌یی و ناوچه‌یی و حیزبییه‌وه نییه، زۆر جار كه شتێكی له‌م جۆره ده‌نووسم, كه‌سانێك ده‌ڵێن زبانه‌كه‌ی زبره و وشه‌ی و ده‌ربڕینی نه‌شیاو و خراپی تێدایه, چه‌ندین جار له‌به‌ر ئه‌و ڕه‌خنانه نووسینی فه‌یسبوكمم لابردووه یان گۆڕیومه و ده‌ستكارییم كردووه, به‌ڵام قه‌ت حه‌وسه‌ڵه‌ی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌وانه‌م نییه كه نییه‌ت ده‌خوێننه‌وه و ده‌یبه‌نه باسی حیزب و فڵان و فیساردا, ئاخر كه‌سێك ئه‌گه‌ر وته‌بێژی حیزب و حكوومه‌ت بێت, حه‌قه له په‌رچیدا له جێی خۆی قسه به حكوومه‌ت و حیزبه‌كه‌ی پشتی بڵێیت, به‌ڵام كه به ناوی خۆیه‌وه قسه ده‌كات, چ حاجه‌ت به گۆڕینی باس و تیرهاوێشتنه بۆ پشته‌سه‌ری؟!
پێشه‌كیی دووه‌م:
هه‌ندێ كه‌س فێر بوونه هه‌ر ڕه‌خنه‌یه‌كی كه‌مێك توند ببینن، یه‌كسه‌ر ده‌ڵێن ئه‌مه زمانی سه‌له‌فییانه‌یه و میانڕه‌و نابێت وا بێت و... ده‌یكه‌ن به هه‌را و زه‌نا. جیاوازییه‌كی گه‌وره له نێوان زمانی زبری ئاسایی و زمانی تایبه‌تی سه‌له‌فییانه‌دا هه‌یه, ئه‌ویش ئه‌وه‌یه, هێرشه‌كانی ئه‌وان حوكمی شه‌رعین و جنێوه‌كانیان فه‌توای دینی و بڕیاری قیامه‌تیین, به مانایه‌ك ئه‌وان ده‌بنه وته‌بێژی خوا, بۆ نموونه ده‌ڵێن: فڵان كه‌س كافره, زه‌ندیقه, مونافیقه, مورته‌ده, ده‌بێت بدرێت له ملی و له‌م جۆره ناو و سیفه‌ت و حوكمانه‌ی كه دیاره چه‌نده ترسناكن, وه‌لـێ كه‌سێكی تر ده‌كرێت به به‌رانبه‌ره‌كه‌ی بڵێت: نه‌فام, چه‌واشه‌كار, ترسنۆك, دۆڕاو... ئه‌ڵبه‌ت به‌نده له پێگه‌ی به‌رگریكردن له‌م جنێوانه‌ی جۆری دووه‌مدا نیم و به جوانیان نازانم, به‌ڵكو ته‌نیا ده‌مه‌وێت بڵێم ئه‌مه زمانی ترسناكی سه‌له‌فییه‌كان نییه, جۆرێكی تره له سروشتی هه‌ندێكمان, كه پێده‌چێت ڕۆژهه‌ڵاتی بین یا ڕۆژئاوایی, باوه‌ڕدار بین یا بێباوه‌ڕ, بازاڕی بین یا خوێنه‌وار و قه‌ڵه‌مبه‌ده‌ست... هه‌ندێكیشمان ئوسلووبی قسه و نووسینمان به جۆرێك ده‌رده‌كه‌وێت كه حه‌قیقه‌ته‌كه‌ی وا نییه, چنینه‌وه‌ی خوێنه‌ر یا گوێگر وایه كه ڕه‌خنه و گفتوگۆكه به شه‌ڕ وه‌رده‌گرێت, نه‌ك ئه‌وه‌ی خودی ڕه‌خنه‌كه شه‌ڕانی بێت.
نكووڵی له‌وه ناكه‌م زمانی ڕه‌خنه و مشتومڕی من زبره, هه‌ندێك جار زۆریش برینداركه‌رانه‌یه, له مێژه له‌گه‌ڵا خۆمدا ده‌كۆشم ئارامتر بم و ده‌نگه گڕه خواكردێكه‌م به ده‌ربڕینێكی نه‌رم تۆزێك ناسك بكه‌مه‌وه, وا ده‌زانم تا ئه‌ندازه‌یه‌ك له هه‌وڵه‌كه‌مدا چوومه‌ته پێشه‌وه و ئومێد ده‌كه‌م باشتریش بم, به‌ڵام ئه‌وه‌م هه‌یه هه‌رگیز دوای هیچ مشت‌ومڕ و كه‌نگه‌شه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ ئه‌وی به‌رانبه‌ردا به‌ینم تێك ناچێت و گورجێك له ژیانی ئاسایی و بابه‌تی تردا ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ی له‌سه‌ری ناكۆكیمان ده‌بێت پشتگوێ ده‌خه‌م و ده‌یخه‌مه خانه‌ی له‌بیرچوونه‌وه‌وه, مه‌گه‌ر ئه‌و جیقڵدانه‌ی ته‌نگ بێت و دۆخه‌كه تێك بدات و پێی قه‌بووڵ نه‌كرێت. هیچ كاتیش په‌نا بۆ نازناوی خراپیی دینی –وه‌ك كافر و زه‌ندیق و ڕافیزی و...- نابه‌م.
ئه‌وه‌ی من زمانم تیژه, ناكاته ئه‌وه‌ی شین بۆ ڕووناكبیربوونم بگێڕدرێت و نیشانه‌ی ئه‌وه بێت توندڕه‌و و وه‌ها و وه‌ها بم و به‌رانبه‌ر زه‌ربی سفر بكه‌م, مرۆڤ كاتی ڕه‌خنه‌كردنی كه‌سێك جه‌خت له‌سه‌ر هه‌ڵه‌كان ده‌كاته‌وه و نوكی قه‌ڵه‌می توند له‌سه‌ر ئه‌و كه‌موكورتییه داده‌گرێت كه ده‌یه‌وێت بیخاته ڕوو, ئه‌مه بێماناییه تا ڕه‌خنه‌یه‌ك ده‌گریت شانامه‌یه‌كی ستایش و موجامه‌له و ماریفه‌ت بخه‌یته پێشی, گرنگ ئه‌وه‌یه نه‌گوترێت فڵان كه‌س هیچی باشی نییه و هێرشی دینی نه‌كرێته سه‌ر و به بێ‌دین و دژه خوا نه‌درێته قه‌ڵه‌م.
پێم خۆشه ده‌روونناسییانه شیكاری كه‌سێتیی ڕه‌خنه‌لێگیراو بكرێت, به‌ڵام زۆر دژی نییه‌تخوێندنه‌وه‌م. فه‌رقێكی زۆره بڵێیت "فڵانه كه‌س چون كه‌وتووه‌ته ڕقه‌كارییه‌وه له‌ته‌ك فیساردا, زۆر له بۆچوونه‌كانی له‌ژێر كاریگه‌ریی ئه‌م ڕقه‌یدایه و به ئاڕاسته‌ی دژی كه‌سه‌كه‌ی نه‌یاریدا ده‌ڕوات" یا "ئه‌م كه‌سه له ژێر هه‌ژموونی ئه‌و فیكر و ئایدیۆلۆجیایه‌دا بڕیار ده‌دات و لێكدانه‌وه ده‌كات, بۆیێ فیكری تا بێت لاده‌دات" له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یدا بێژیت "ئه‌م كه‌سه بۆ ئه‌وه‌ی داخ بكاته دڵی فیساری به‌رانبه‌ریه‌وه و تۆڵه‌ی خۆی بكاته‌وه وا ده‌كات" یا "بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رانی ئایدیۆلۆجیای فڵانی لێی ڕازی بن و ده‌ستی به پشتدا بێنن, وا ده‌كات"، ئه‌وه‌ی یه‌كه‌م ورد و زه‌ریفتره و ئه‌مه‌ی دووه‌م شاڵاوبردنه بۆ سه‌ر دڵ و خوێندنه‌وه‌ی نییه‌ته, كه ده‌شێت ڕاست بێت, به‌ڵام تا به‌ڵگه‌ی ڕوونی له‌سه‌ر ساغ نه‌بێته, گوتنی په‌سه‌ند نییه. من وه‌ك خۆم بوونی ده‌نگی جیاوازم پێ خۆشه، چون هیچ نه‌بێت ده‌بێته هۆی جووڵه‌ی فیكری و هاتنه به‌رهه‌می دنیایه‌ك باس و نووسینی قووڵ و پڕمانا.
کۆتایی بەشی یەکەم
لینکى بەشەکانى تر:
بەشى دووەم
بەشى سێیەم
بەشى چوارەم
بەشى پێنجەم
بەشى شەشەم
بەشى حەوتەم و کۆتایى