ترسان لە دێوەزمەی داهاتوو - ڕانانێک لەسەر دڕدۆنگی (قەلەقی)

نووسینی: ڕێناس ئەحمەد
فیکر 2024-04-27 کۆمێنت 3 خولەک بۆ خوێندنەوە 467 جار بینراوە

+ مرۆڤ بە گشتی ناسکە، بەڵام ئەوانەی قەلەقن زیاتر هەست بە ناسکیی خۆیان دەکەن. کە بە نێو ئەم ژیانە ڕەقەدا تێدەپەڕن، هەمیشە لەوە دەترسن کە نەبادا بشکێن، یان ژیان بیانهاڕێت.
 ترسی مانەوە بە سەلامەتی لەنێو ژیاندا، دڕدۆنگی و قەلەقی دروست دەکات، هەمیشە ترسێک هەڕەشە لە مانەوەمان بەسەلامەتی، دەکات. کەسایەتیی دڕدۆنگ تا لە کۆی ژیانی یەکلا نەبێتەوە، تێر بە چاوی خۆی ناخەوێت.
 بە وتەی دۆستۆیڤسکی، تووشبوونە بە دەردی زۆربیرکردنەوە.
 بە دەربڕینێکی سادە: هەمیشە بیرمان لای ئەوەیە بۆچی فڵان شت ڕوویدا و، تۆ بێژی ماوەیە تر چی ڕوو بدا؟ ئایا بەو شێوە دەبێت کە من دەیخوازم؟

+ داهاتوو ئەو دیمەنە تەماوییەیە کە هیچی تیا بەدەرناکەوێت و هەمیشەیش چاو هەڵدەگڵۆفین سا بەڵکو خوایە شتێک ببینین.
ئێمە لە لەدەستدانی ئێستای خۆمان دەترسین، ترسی گۆڕان و کورتهێنانمان لە داهاتوودا، ئۆقرەیی لەبەر هەڵگرتووین، بۆ هەمیشە چاوەڕێین ناگەهان شتێک ڕوو بدات.
چاوەڕوانی، ئەو دۆخە ناخۆشەیە کە بەرۆکمان پێ دەگرێت، ئاخر هەموومان چاوەڕوانی ئەو ساتەین کە تێیدا دەژاکێین، چاوەڕوانیی مرۆڤ بۆ پووکانەوە، گەلێک تاڵە.
بە شێوازێکی تر: چاوەڕوانی هاتنی ئەو ڕووداوەین کە لێی دەترسین، بۆ نموونە پیری، مەرگ، نەخۆشی و ...
+ شەو، کە تاریکی هەموو جێگەیەک دەتەنێت و، بەرگی تەمبەڵی بەبەر ئاوەزیشماندا دەکات، ئەو کاتەیە کە مرۆڤ تیایدا زیاتر هەست بە قەلەقی دەکات.
ئاخر لە شەودا مرۆڤ زیاتر بەناو خۆیدا شۆڕ دەبێتەوە و زیاتر لەگەڵ خۆیدا لەنێو ژینگەیەکی تاریکدا تاوتوێی داهاتووی و چارەنووسی خۆی دەکات.
بۆیە: شەو و تەنیایی، دوژمنی گەورەی مرۆڤی دڕدۆنگن.

+ دڕدۆنگی، هەستکردنێکی بەردەوامە بە گرێیەکی ڕەق وەک بەرد لەنێو سنگتدا و، لەنێو ئاوەزیشتدا هەمیشە حیساباتێکی تەواونەکراو هەیە کە بەدوای کاتێکی بەتاڵدا ڕادەکەیت تا تیایدا تەواوی بکەیت، کەچی وەک ژمارەی بێکۆتا، هەر کۆتایی نایە و، دەرەنجامەکەیشی نادۆزیتەوە.

+ مرۆڤی دڕدۆنگ لە خۆی هەڵدێت و، پتر لە هەر کەسێکی تر ئاتاجی مژۆڵبوونە بە شتێکەوە کە لە خۆی بستێنێتەوە و دەرفەتی بیرکردنەوەی لە خۆی و چارەنووسی خۆی بۆ نەهێڵێتەوە.
بۆیە باشترە مرۆڤە قەلەقەکان هەمیشە سەرقاڵ بن ئەگەر بە شتێکی بێسوودیشەوە بێت.

+ ئەوانەی زیاتر لە ئێستا، لە داهاتوودا دەژین و، بە خەیاڵ هەموو بەدبەختی و نەهامەتییەکیان بەسەر خۆیاندا هێناوە و هەموو هۆکارێکی لۆجیکی و عاتیفیشیان کردووە بە پێشگریمانەی، دڕدۆنگەکانن. ئاخر ئەوان بە خەیاڵ سەدان جار ژاکان و لە دەستدانی نزیکترین کەسەکانی خۆیانیان بینیووە، نەک ئەوەی یەکجار بە واقیعی بیبینن و کۆتایی پێ بێت.

+ پەیوەندییەکی بەهێز لە نێوان مرۆڤی هەستیار و مرۆڤی دڕدۆنگدا هەیە و، زۆرجار هەستیاربوون سەر بۆ دڕدۆنگی دەکێشێت.
بابایەک بە بچووکترین دیمەنی هەژاری یان ستەم یان ڕق بشڵەژێت و تووشی خەم و کەسەری بکات، مرۆڤێکی دڕدۆنگی لێ دەردەچێت.
مرۆڤە قەلەقەکان زۆربەی جار هەمان مرۆڤە ترسنۆکەکانن، ترس پێشەکییە بۆ دڕدۆنگی.
بەکورتی: تا هەستناسکتر و دڵناسکتر بین، زیاتر ئەگەری تووشبوونمان بە قەلەقی هەیە. تا زیاتریش بترسین، زۆرتر لێکدانەوە دەکەین، لێکدانەوەی زۆر و نەگەیشتن بە ئەنجام قەلەقی نەبێت، چییه؟

+ هەمیشە ئەو مرۆڤانەی کەسایەتیی کامڵخواز (Perfectionist)یان هەیە، ئەوانەن کە زوو تووشی قەلەقی دەبن، ئاخر ئەوانە دەیانەوێت هەموو شتێک لە جێگای خۆیدا بێت و، هەموو شتێک ڕێک بە ڕێی خۆیدا بڕوات، بۆئەوەی ئەمەیش بێتە جێ، دەبێت هەمیشە لێکدانەوە بۆ ئەگەرە نەخوازراوەکان بکەن، ئەمەیش سەرەتایە بۆ دڕدۆنگی.
مرۆڤێک هیوا و داخوازیی زۆر بێت، زیاتر بۆ قەلەقی لەبارە، ئاخر بە هاتنەپێشی کۆسپێک، قەلەق دەبێت
بەکورتی: چاوەڕوانییەکانمان سنووری قەلەقیمان دیاری دەکەن. تا چاوەڕوانیمان زیاتر بێت، زیاتر قەلەق دەبین.

+زانین، جیهانبینیی فراوان و دەرککردنی زیاتری ژیان، ئەگەر لەخۆیدا شتێکی باش بێت، بۆ مرۆڤی دڕدۆنگ بەڵایە و، زۆر جار زیاتر قەلەقی دەکات. لێکۆڵینەوەکانیش دەڵێن کە ژیر و زیرەکەکان زیاتر تووشی گرفتی دەروونی دێن.

+ هاوتا لەگەڵ بێدەسەڵاتیدا، قەلەقی بەرەو پێشەوە دەچێت. توانا و زاڵێتی زۆر جار دڕدۆنگی لەبار دەبات، ئاخر کاتێک زانیت دەتوانی بەسەر کۆسپەکاندا زاڵ بیت، قەلەقیت دەڕەوێتەوە.

تاگەکان    
حزبی ئیسلامی #پیری کۆرۆرنا ئازادی فێمینیزم کتێب دەروون سایکس-بیکۆ نوێژ زانست کوردستان دەربارەی کتێب موناجات ئیسرائیل نەتەوایەتی
فیکر
2024-04-27 کۆمێنت 3 خولەک بۆ خوێندنەوە 467 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی