ناکۆکییە سیاسییەکان لە نێوان هاوەڵاندا 2

فیکر 2016-11-28 کۆمێنت 1981 جار بینراوە

ناکۆکییە سیاسییەکان لە نێوان هاوەڵاندا: (پەیامێک لەمەڕ پێگەی کەسان و پیرۆزیی مەبدەئەکانەوە)

نووسەر :

محمدی کوڕی موختاری شەنقیتی

بەکوردیکردنی:

 یوسف مەلا خەلیل

بەشی دووەم

مشتومڕی نێوان ئایدیاڵ و نموونە

بێگومان ئەو پێوەندییە توندوتۆڵەی لە نێوان ڕەسەناندنی شەرعیی و هۆشیاریی مێژووییدا هەیە، زۆر لەوە پتەوتر و بەهێزترە کە هەندێک بیری لێ دەکەنەوە، ئاخر کاتێک هەر مرۆڤێک وێنەیەک لە زەینیدا هەڵدەگرێ و لە ژیانیدا دەیکاتە سەرمەشقی خۆی، لە سێ بەشی سەرەکی پێک هاتووە :

·         بەشێکی وێنەکە، نموونەیەکی باڵا و ئایدیاڵە کە لە وێنەی کۆمەڵە پرەنسیپێکی ڕووتدا خۆ دەنوێنێ و، هەمیشە وەک ڕێباز و پەیامێک لێی دەڕوانێ و بە تەمایە وەک خۆی دەستی پێوە بگرێ و بە موو لێی لا نەدات .

·         بەشێکی دیکەی، نموونەی کۆمەڵە کەسانێکن، بوونەتە سەرمەشق و تا ڕادەیەکی باش توانیویانە لەو پرەنسیپانەی ئەم بە گەورە و گرانیان دەزانێ، نزیک ببنەوە، بۆیە هەردەم هیوای وایە شوێنپێی ئەوان کەسانە هەڵگرێت و تا دەتوانێ وەک ئەوان مامەڵە لەگەڵ پێشهاتەکاندا بکات .

·         بەشەکەی دی، بریتییە لەو ئامراز و هۆکارانەی ئەوانی سەرمەشق لە کاتی خۆیدا بە سەرکەوتوویی لە خزمەتی پرەنسیپەکاندا بەکاریان هێناون، بۆیە ئەمیش تا دەتوانێ پشت بەو ئامرازانە دەبەستێ و بە لایەوە گرنگ دێنە پێش چاو .

         هەرگیز مێژووی مرۆڤایەتی بەخۆیەوەی نەدیوە  _ و نایبینێ_ دۆز و پەیامەکان لە نموونە و هەڵگرانییدا بە ڕەهایی و وەکوخۆی بێنە دی، چون ئەمەیان ئیدی لە دەرەوەی توانای مرۆڤە. تەنانەت سەردەمانی بوونی پەیامبەران _کە ئیدی ئەوان لە چڵەپۆپەی مرۆڤبووندان_ تخووبەکانی زەمان و مەکان نەیانهێشتووە پەیام و مەبدەئەکان بە شێوەیەکی ڕەها لە هەڵگران و پەیامداراندا ڕەنگ بدەنەوە، بە واتایەکی دی هەرگیز نەتوانراوە کارێک بکرێ ئایدیاڵ یەکسان بێ بە نموونەکەی، یا دینداری بۆ ئاستی دین بەرز ببێتەوە، چون دین خەڵاتێکی خودایی تەواوە، لێ دینداری بەدەستهێنراوێکی ناتەواوی مرۆڤەکانە. لێرەشدا دەکرێ ئەو ڕووداوەی نێردراوی خودا کاتێک لە دوا ساتەکانی ژیانیدا، چاوی لەوە بوو دووبارە و سەرلەنوێ بنیاتنانەکەی ئیبراهیم پێغەمبەر بۆ ماڵی خودا نۆژەن بکاتەوە، وەک نموونەیەک بۆ ئەم بابەتە بهێنینەوە .

         جگە لە پەیامبەران، واتە مرۆڤانی ئاسایی، ئەوە بێگومان هەڵە و تاوانەکانیان بۆشاییەکەی نێوان دین و دینداریی پتر فراوان دەکەن، ئاخر خۆ ئەوان وەک پەیامبەران لە تاوان پارێزراو نیین !

         بێگومان هەموو مرۆڤەکان ڕۆشنبیرییان لەو ئاستەدا نییە تا بتوانن جیاوازی لە نێوان پرەنسیپ و هەڵگرەکەیدا بکەن، یاخود بێن خاڵێکی جیاکەرەوەی دیار لە نێوان ئەو و ئامرازەکانی لە زەمەنێکی دیاریکراودا دابنێن، بۆیە لێرەوە دەردی ((بەرجەستەکردنی بنەماکان لە کەسایەتییەکان))دا سەردەردێنێ: کە بریتییە لەو حاڵەتەی مەبدەئەکان لە کۆمەڵە کەسانێکی هەڵگریاندا بەرتەسک دەکرێنەوە و وا دەزانرێ ئەوانی هەڵگر بە تەواوی و بێ یەک و دوو یەکسانن بە مەبدەئەکانیان، هاوزەمان ئەوان هەرچەندە کەسانی گەورە و گران و چاک بن، لە کۆتاییدا هەر مرۆڤن و بێ هەڵە و کەموکورتی نابن و، ئەو ئامرازانەش ئەمانی پەیامدار لەو زەمەنە دیاریکراوەی خۆیاندا هەرچەند بە سەرکەوتوویی خستبێتیانە خزمەتی مەبدەئەکانەوە و لە قۆناغەکانی بناغەدانان و سەرەتادا سەرکەوتوو بووبن، دووبارە لە کۆتاییدا ناتوانن لە تخووبەکانی زەمان و مەکان خۆ قوتار بکەن !

         دواتر لەم دەردی ((بەرجەستەکردن))ەشەوە دوو دەردی دی چێ دەبن، ئەوانیش: جەبرگەرایی و چەقبەستوویین. دەردی ((جەبرگەرایی)) واتە باوەڕت وا بێ کە ئیدی هەرگیزاوهەرگیز ڕێی تێ ناچێ شتێک باشتر لەوە ببێت و ڕوو بدات کە بووە و تێپەڕیوە و، ڕوانیینە لە ڕابردوو بەو چاوەی، کە تازە ئەو ڕووداوانە زەبرگەلێکی دیار و کاریگەر و هەتاهەتایین بە نێوچاوانی هەموانەوە و چ چارەیەکیشمان بۆ دەربازبوون لێیان پێ شک نابرێ، لەمەشەوە ملکەچبوونی ئێستا بۆ تەواوی داکشانەکانی ڕابردوو چێ دەبێ و، دەرگا لەبەردەم هەستکردن بە هەڵەکانی ڕابردوو و هەوڵدان لە پێناو ڕاستکردنەوە و چاککردنیاندا، بە تۆپزی داخراو دەبێ .

         دەردی ((چەقبەستوویی))ش بریتییە لە تەمەڵیکردن و قایلبوون بەو ئامراز و هۆکارانەی لە ڕابردوودا بەکارهێنانیان سەرکەوتوو بووە، وێڕای ئەوەی لەگەڵ ئێستادا ناگونجێن و بۆ داهاتووش دەست نادەن و، دەبنە مایەی دواکەوتنی مەبدەئەکان لە ڕەوڕەوەی ژیان، هەرچەند لە ڕابردوودا، ڕێبەر و خاڵی بەهێزیان بووە !

         چارەسەری هەموو ئەمانەش ئەو هۆشیارییە مێژووییەیە کە هزری زەمەن دەخاتە نێو لێکۆڵینەوە و هەڵسەنگاندنی مەبدەئەکانەوە و، هەر بەمەش جیاوازیی نێوان ئایدیاڵ و نموونەکەی زۆر بە زوویی دەردەکەوێت: واتە لە نێوان پرەنسیپ و هەڵگرانی، یان پرەنسیپ و ئەو ئامرازانەی لە خزمەتییدا بەکار دەبرێن، لێرەشەوە دەرگاکانی هەڵسەنگاندنێکی ڕاست و دروستی ڕابردوومان بە ڕوودا دەکرێنەوە و، بەرەو مانەوە و پارێزراوبوونی خانووەکەمان لە ڕزان و ڕووخان بۆ داهاتوو ڕێنموونیمان دەکەن !

         هەربۆیە کاتێک بنەما بۆ پرەنسیپەکانی ئیسلام وەک سیاسەت و حوکم _بۆ نموونە_ دادەنرێ، نابێ تەنێ ئەوەمان لەکن بەس بێ کە ئەم بابەتانە لە کۆی داڕشتنی فەرموودەیەکدا هاتوون کە باسی شورا و پەیماندان و دادگەریی دەکەن و تەواو، بە بێ ئەوەی شیکردنەوەیەکی مێژوویی درشت و قوڵ لە بارەی قۆناغەکانی هەڵکشان و داکشان و نزیککەوتنەوە و دوورکەوتنەوە لەو مەبدەئانە لە مێژووی ئوممەتدا بکرێ، بەتایبەت قۆناغی ڕۆنان و سەرەتا کە قۆناغێکی زۆر هەستیارە و هەموان هێندە گرنگ لێی دەڕوانن، زۆرجار دەیکەنە بنەما و سەرچاوە و بۆی دەگەڕێنەوە .

         بێگومان هەرچەندە توێژەر خۆی لە ڕۆنان و سەلماندنی بنچینەیەکی گرنگی وەک (مەرجی بوونی دادپەرەوەریی لە حوکم و دابەشکردندا) ماندوو بکات، سەرەنجام هەر یەکێک لەوانەی لێ قیت دەبێـتەوە کە تووشی دەردی بەرجەستەکردنی بنەماکان لە کەسایەتییەکاندا بوون و، بێت و بڵێ ئەوەتا فڵانە گەورەپیاو و فڵانە خەلیفە لە ساتی دابەشکردنی ماڵ و سامان و پێگەکانی وڵاتدا خزم و خوێش و نزیکانی خۆی وەپێش هەموان خستووە .

         دیسان هەرچەند بێـت و خۆی بە باسی بنەمایەکی وەک (مافی میللەتە سەرۆکی خۆی هەڵبژێرێت)ەوە شەکەت بکات، دیسان یەکێکی هەر لێ زیت دەبێـتەوە کە ڕەخنەی ئەوەی لێ بگرێ و بڵێ هەندێک لە گەورەپیاوان و دەسەڵاتدارانی ڕابردوو ئەو مافەیان بۆ میللەتیان بە ڕەوا نەبینیوە و خۆیان کوڕ و نەوەی خۆیان وەک جێنشین لە جێی خۆیان جێگیر کردووە .

         بێگومان چ چارەیەک نییە لەم هەموو قەیرانە فیکری و کردارییە قوتارمان کا، تەنێ دەستگرتن بەو ئامۆژگارییەی نێردراوی خوداوە نەبێ، کە بە ئەبوزەری غیفاری فەرموو: ((قول الحق و ان کان مرا))، واتە: ((گوتنی حەق، ئەگەچی تاڵیش بێ)) و، دەستخستنە سەر هەموو هەڵە و کەموکورتییەکان و باسکردنیان، بە بێ منجەمنج و ئەم و ئەو خاترگرتن، بەتایبەت هەڵەی ئەو کەڵەپیاوە گەورانەی کە لە ڕابردووی ئەم ئوممەتدا بوونەتە سەرمەشق و جێی بایەخی هەموان بوون .

         ئەو پیاوە گەورانە خزمەتی گەورەیان پێکەش بە پەیامی ئیسلام کرد و، بێگومان پاداشتیان لای خودای باڵادەست و بیانووی لێخۆشبوونیشیان هەر لای ئەوی بەسۆز و میهرەبانە. وەلێ دەبێ باش ئەوە بفامین کە مەبدەئەکان نەمر و هەمیشەیین و، پارێزگاریلێکردنیان پێویست و، ڕوونییان لە بیر و زەینی خەڵکییدا ئەرکی سەرشانی هەموومانە. بە دڵنیاییشەوە پێویستیی خەڵکی بە دۆز و وێنەیەکی باڵا زۆر زیاترە لە نموونەگەلێکی مرۆیی هەرچەندە بەرز بووبنەوە، دوای ئەوەی خودا بە کۆمەڵە پەیامبەرێکی پاک و بێخەوش لە هەموانی دی بێپێویستی کردوون .

   

تاگەکان    
دوعا باران ئەیاد قنێبی بوومەلەرزە سایکس-بیکۆ کتێبی هاوسانی ژن نیشتیمان شیرک خاڵبەندی یاری خوێندنەوە زمان هاوڕەگەزخوازی زانکۆ
فیکر
2016-11-28 کۆمێنت 1981 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی