ئایا موسوڵمان دەچێتە دۆزەخەوە؟

فیکر 2017-01-18 کۆمێنت 2339 جار بینراوە

دیاردەى زیادەڕەویکردن لە تەکفیردا

بەشی چوارەم

نووسینی : د . یووسف قه‌رزاوی - وه‌رگێڕانی : میران مەجید

هەرکەسێک لەسەر یەکتاپەرستى بمرێت بەهەشتى بۆ واجب دەبێت .

بنەماى دووەم : هەرکەسێک لەسەر یەکتاپەرستى مرد _واتە، لا إلە إلا الله_ دوو شت لای پەروەردگار بەدەست دەهێنێت .

         ڕزگاربوون لە مانەوەى هەتاهەتایی لە ئاگردا، ئیتر هەرچەند گوناهی کردبێت، جا گوناهەکە پەیوەست بێت بە مافى خوداوە وەکو زینا، یاخود پەیوەست بێت بە مافی بەندەوە وەکو دزى، هەرچەندە بەهۆى گوناهەکانییەوە بچێتە دۆزەخەوە دواتر هەر دێتە دەرەوە و شتێکى مەحالڕ نییە، مادام مسقاڵە زەڕڕەیەک ئیمان لەدڵیدا هەبێت .

         بەڵگەیش لەسەر ئەمە کۆمەڵێک فەرموودەی مەشهورن لە بوخارى و موسلیم و کتێبەکانى ترى سوننەتدا، لەوانە: گێڕدراوەتەوە لە عوبادەى کوڕى ێامتەوە کە پێغەمبەرى خودا (د.خ) فەرموویەتی: ((مَنْ قَالَ: أَشْهَدُ أَنَّ لاَ إِلٰهَ إِلاَّ الله وَحْدَهُ لاَ شَرِيكَ لَهُ، وَأَنَّ مُحَمَّدا عَبْدُهُ وَرَسُولُهُ، وَأَنَّ عِيسَىٰ عَبْدُ اللّهِ وَابْنُ أَمَتِهِ وَكَلِمَتُهُ أَلْقَاهَا إِلَى مَرْيَمَ وَرُوحٌ مِنْهُ، وَأَنَّ الْجَنَّةَ حَقٌّ، وَأَنَّ النَّارَ حَقٌّ، أَدْخَلَهُ الله مِنْ أَيِّ أَبْوَابِ الْجَنَّةِ الثَّمَانِيَةِ شَاءَ). لە ئەبوزەڕیشەوە گێڕدراوەتەوە کە دەفەرموێت: چوومە خزمەت پێغەمبەرى خودا (د.خ) ئەویش فەرمووى: ما مِن عبدٍ قال : لا إلهَ إلا اللهُ ، ثم ماتَ على ذلك إلا دخَلَ الجنة . یاخود "إن الله قد حرم على النار من قال لا إله إلا الله يبتغي بذلك وجه الله". واتە: تەنها وتنێکی دەمى نەبێت کە مەبەستی ئەوە بێت خۆی و ماڵى لە ئاگر پێ ڕزگار بکات وەکو دووڕووەکانى سەردەمى پێغەمبەر(د.خ).

         ئەنەسی کوڕى مالیکیش دەگێڕێتەوە کە پێغەمبەرى خودا(د.خ) فەرموویەتی: يَخْرُجُ مِنْ النَّارِ مَنْ قَالَ لَا إِلَهَ إِلَّا اللَّهُ وَفِي قَلْبِهِ وَزْنُ بُرَّةٍ مِنْ خَيْرٍ وَيَخْرُجُ .” واتە: هەرکەسێک بڵێت هیچ خودایەک نییە جگە لە خودای تاقانە و، هێندەی کێشی دەنکە گەنمێکیش خێر لە دڵیدا بێت، لە ئاگر دێتە دەرەوە .

         بەکورتیش ماناى ئەو فەرموودانەى پێشوو ئەوەیە: کە هەرکەسێک لە ناخى دڵیەوە و بەبێ ڕیا و دووڕوویی شایەتومان بێنێت و لەسەرى بمرێت ئەوە دەچێتە بەهەشتەوە هەرچەندە گوناهیشی هەبێت و چوبێتە دۆزەخیشەوە لێخۆشبوونى خودا دەیگرێتەوە و لە جەهەننەم دێتە دەرەوە .

         لە هەردوو سەحیحی بوخاری و موسلیمەوە، لە فەرموودەى ئەبوزەڕەوە هاتووە کە پێغەمبەر (د.خ) فەرموویەتى “: أَتَانِي جِبْرِيلُ عَلَيْهِ السَّلَام ، فَبَشَّرَنِي أَنَّهُ مَنْ مَاتَ مِنْ أُمَّتِكَ ، لَا يُشْرِكُ بِاللَّهِ شَيْئًا ، دَخَلَ الْجَنَّةَ " ، قُلْتُ : وَإِنْ زَنَى ، وَإِنْ سَرَقَ ، قَالَ : وَإِنْ زَنَى وَإِنْ سَرَقَ ”. واتە: جبریل هاتە لام و مژدەى پێدام کە هەرکەسێک لە ئوممەتەکەى تۆ بمرێت و هاوبەشی بۆ خودا دانەنابێت دەچێتە بەهەشتەوە. دەفەرمووێت گوتم: ئەگەر زینا و دزیشی کردبێت؟ جوبرەئیل فەرمووى: بەڵێ ئەگەر زینا و دزیشی کردبێت .

          لە سەحیحی موسلیمیشدا هاتووە کە عوبادە دەفەرموێت، گوێم لە پێغەمبەرى خودا بوو (د.خ) کە دەیفەرموو: "مَنْ شَهِدَ أَنْ لَا إِلَهَ إِلَّا اللَّهُ وَأَنَّ مُحَمَّدًا رَسُولُ اللَّهِ حَرَّمَ اللَّهُ عَلَيْهِ النَّار". واتە: هەرکەسێک شایەتى بدات کە هیچ پەرستراوێکى بەحەق نییە جگە لە (الله) و، موحەمەدیش نێردراوى خودایە، ئەوا خودا ئاگرى دۆزەخى لەسەر حەرام دەکات .

         فەرموودەى تریش لەم بارەوە زۆرن و، مەبەستەکەشیان ئاشکرایە کە کەلیمەى شەهادەت دەبێتە هۆى چوونە بەهەشت و ڕزگاربوون لە ئاگر. مەبەست لە چوونە بەهەشت، چوونە بەهەشتە ئەگەر لە کۆتایشدا بێت، لەدواى سزادانى لە ئاگردا بۆ ماوەیەک .  ڕزگاربوون لە ئاگریش، مەبەست پێی ڕزگاربوونە لە مانەوەی هەتاهەتایی لە ئاگردا . ئەمەشمان لەبەر ئەوە گوت کە ئەم فەرموودانە و ئەو فەرموودانەی تریش کۆبکەینەوە (جمع) کە بەهەشت حەرام دەکەن و ئاگر واجب دەکەن بۆ کەسانێک کە هەندێک لە گوناهەکان دەکەن، چونکە دروست نییە دەقەکان بکەین بەگژ یەکتردا .

هەڵوەشێنەرەوەکانى ئیسلام

         بنەماى سێیەم: ئینسان دواى ئەوەى کە بەهۆى شایەتومانهێنانەوە دێتە ناو ئیسلامەوە، دەبێت _بەهۆى موسڵمانبوونەکەیەوە_ پابەندبێت بە هەموو فەرمانەکانى ئیسلامەوە، پابەندبوونیش واتە باوەڕهێنان بە عەدالەت و پیرۆزى هەموو ئەو فەرمانانە و، پێویستە ملکەچ و تەسلیمیان بێت و، کاریان پێبکات. مەبەستم ئەو فەرمانانەیە کە بە دەقی ڕاشکاو و چەسپاو لە قورئان و سوننەتدا هاتوون، بەجۆرێک کە نەتوانێت سەرپشک ببێت بەرامبەریان کە بتوانێت قبولڕ یاخود ڕەتیان بکاتەوە، وەرى بگرێت یا وازى لێبهێنێت، بەڵکو پێویستە ملکەچ و تەسلیمیان ببێت و، پێیان ڕازی بێت، حەڵاڵیان بە حەڵالڕ و، حەرامیان بە حەرام بزانێت. باوەڕى بە واجبێتی ئەوە ببێت کە واجب بووە و، ئەوەش بە سوننەت بزانێت کە کراوە بە سوننەت .

         خواى گەورە دەفەرمووێت:  "وَمَا كَانَ لِمُؤْمِنٍ وَلَا مُؤْمِنَةٍ إِذَا قَضَى اللَّهُ وَرَسُولُهُ أَمْرًا أَن يَكُونَ لَهُمُ الْخِيَرَةُ مِنْ أَمْرِهِمْ "(احزاب _ 36) واتە: بۆ هیچ پیاو و ژنێکى بڕوادار نییە کاتێک خوا و پێغەمبەرەکەى بڕیارى کارێکیاندا، سەرپشک بێت لە کردنیاندا. "إِنَّمَا كَانَ قَوْلَ الْمُؤْمِنِينَ إِذَا دُعُوا إِلَى اللَّهِ وَرَسُولِهِ لِيَحْكُمَ بَيْنَهُمْ أَنْ يَقُولُوا سَمِعْنَا". (النور_51) واتە: بەڵکو وتە و گوفتارى بڕوادارەکان کاتێک بانگ دەکرێن بۆ لاى خوا و پێغەمبەرەکەى (د.خ) بۆئەوەى لە نێوانیاندا دادوەرى بکات، هەر ئەوەیە کە بڵێن بیستمان و گوێڕایەڵیشین. "فَلاَ وَرَبِّكَ لاَ يُؤْمِنُونَ حَتَّىٰ يُحَكِّمُوكَ فِيمَا شَجَرَ بَيْنَهُمْ ثُمَّ لاَ يَجِدُواْ فِيۤ أَنْفُسِهِمْ حَرَجاً مِّمَّا قَضَيْتَ وَيُسَلِّمُواْ تَسْلِيماً". (انساء_ 65) واتە: نەخێر وەک ئەوە نییە دووڕووەکان دەیزانن، سوێند بێت بە پەروەردگارت ئەى پێغەمبەر، نابنە باوەڕدار تا بۆ یەکلاکردنەوەى کێشەکانی نێوانیان تۆ دەکەنە دادوەر و ئەوساش بەرامبەر بەو بڕیارەى تۆ داوتە هەست بە هیچ ناڕەحەتییەک نەکەن لە دەروونیاندا و بەچاکییش ملکەچ و تەسلیم ببن .

         ئەوەی لێرەدا گرنگە بزانین، هەندێ لە فەرمانەکانى ئیسلام لە واجب و حەرامکراوەکان و سزاکان و جگە لەوانەیش، بەشێوەیەکی یەکجارى نەچەسپاوە و، نەبووە بە فەرمانێکى گومانهەڵنەگر، کە هیچ جۆرە شک و گومانێک ڕووى تێنەکات و دڵنیابین کە دینى خودا و بەرنامەکەیەتى، ئەوەى کە زانایان پێى دەڵێن (المعلوم من الدين بالضرورة). واتە: ئەوەى کە پێویستە لە دیندا بزانرێت .

         نیشانەى ئەم شتانەش کە پێویستە بیانزانین ئەوەیە کە هەموو کەس دەیانزانێت، جێگیربوونى پێویستى بە سەیرکردن و بەڵگە نییە، ئەمەش وەکو فەرزییەتى نوێژ و زەکات و شتەکانى تر لە ڕوکنەکانى ئیسلام و، حەرامییەتى کوشتن و زینا و خواردنى ڕیبا و خواردنەوەى عارەق و گوناهە گەورەکانى تر و، وێنەى فەرمانە چەسپاوەکانى ترى وەکو هاوسەرگیری و تەڵاق و میرات و حەددەکان (الحدود) و تۆڵە (القصاص) و هاووێنەکانیان .

         هەر یەکێک ئینکارى شتێک لەم زانراوە پێویستانەى دین بکات یاخود سوکى بکات و گاڵتەى پێبکات، ئەوە بەئاشکرا کافر دەبێت و، حوکمى هەڵگەڕاوە لە ئیسلامی بەسەردا دەدرێت، ئەمەش لەبەر ئەوەى ئەم فەرمانانە بە ئایەتى ڕاشکاو چەسپاون و، فەرموودەى متەواتریان لەبارەوە هاتووە و، کۆدەنگى ئوممەتیشی نەوە لەدواى نەوە لەسەر بووە، بۆیە هەرکەس بەدرۆی بخاتەوە ئەوە دەقى قورئان و سوننەتى بەدرۆ خستۆتەوە و ئەمەش کوفرە .

         هیچ کەسێکیش لەم فەرمانە هەڵناوێردرێت تەنها ئەوانە نەبێت کە تازە مسوڵمان بوون، یاخود لەشوێنێکى دوورەدەست و دوور لە مسوڵمانان و شوێنى فێربوونى زانست ژیاون، ئەم جۆرە کەسانە ئەگەر هاتوو ئینکارى هەرشتێک لە زانراوە پێویستەکانى دینیان کرد  عوزریان بۆ هەیە، هەتا دینى خودا فێردەبن و تێدەگەن، دواى فێربوون ئیتر مامەڵەکردن لەتەکیاندا وەکو مامەڵە کردن لەگەڵ کۆى مسوڵماناندا دەبێت .


dexamethason blog dexamethason wikipedia dexamethason revlimid
amitriptylin pris smertehvorvikan.site amitriptylin tinnitus
تاگەکان    
حەوتەمین کۆڕبەندی هاوسانی تەوبە فەلسەفەی ئەخلاق دەروونناسی دیمانە ئەیاد قنێبی فەلەستین ئازادی خوێندنەوە کتێبی هاوسانی مردن عیرفان دەروونی چیرۆک فێمینیزم
فیکر
2017-01-18 کۆمێنت 2339 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی