نووسینی: ئاره‌شی نه‌ڕاقی - وه‌رگێڕانی: قانع خورشید
یه‌كێك له ئه‌زموونه پڕئازاره‌كانی ژیان ئه‌وه‌یه مرۆڤ دڵبه‌ندی كه‌سانی خۆڵه‌مێشی ببێت. ئاده‌میزاده خۆڵه‌مێشییه‌كان هه‌میشه تۆ له دۆخی هه‌ڵواسراویدا ده‌هێڵنه‌وه: نه دڵت پێ ده‌ده‌ن و نه ده‌هێڵن دڵیان لێ هه‌ڵكه‌نیت. تۆیان به هه‌ڵواسراوی له‌نێوان ئاسمان و زه‌ویدا ده‌وێت. تا ئه‌و ده‌مه‌ی ده‌بینن تۆ دڵپێداویانیت؛ له‌گه‌لتدا سارد و دوورن و هه‌ر كه هه‌ستیان كرد خه‌ریكه دڵیان لێ ده‌بڕیت؛ له‌ته‌كتدا گه‌رم و نێزیك ده‌بنه‌وه. به‌ڵام ته‌نیا تا ئه‌و جێیه وا ده‌بن كه بزانن تۆ داوه‌كه ناپسێنیت و له ده‌ستیان هه‌ڵنایه‌یت. یانی دڵ به تۆ ناده‌ن، وه‌لێ ڕێگری دڵكه‌ندنت ده‌بن!
هه‌ندێك له‌م ئاده‌میزاده خۆڵه‌مێشییانه خۆیان سه‌رگه‌ردان و هه‌ڵواسراون، یانی حسێبی خۆیان له‌ته‌ك خۆیاندا نازانن، ئیتر ڕه‌نگ و تیشكی ئه‌م سه‌رلێشێوان و پێ له حه‌وا بوونه‌یانه له تۆدا ده‌ده‌نه‌وه. هه‌ندێ جاریش گرفتاری جۆرێك نه‌خۆشیی ده‌روونین. ئاوێته و مه‌ڵغه‌مه‌یه‌كی شێواو له بڕوابه‌خۆنه‌بوون و بڕوابه‌خۆبوونێكی زیاد له ئه‌ندازه. یانی هێنده پشت به خۆیان ده‌به‌ستن كه تۆ مه‌فتوون و شه‌یدای خۆیان ده‌كه‌ن، كه‌چی ئه‌وه‌نده‌یش له خۆیان بێمتمانه‌ن كه نه‌توانن وه‌ڵامێكی شیاوی خۆشه‌ویستییه‌كه‌ت بده‌نه‌وه. تۆ له كه‌ش و دۆخێكی خۆڵه‌كه‌وییدا به هه‌ڵواسراوی ده‌هێڵنه‌وه تا شیله‌ی ئه‌و عیشقه‌ی قوربانیانی ده‌كه‌یت و له به‌رپێیاندا هه‌ڵیده‌ڕێژیت، بمژن. به‌ڵام هیچ مایه‌یه‌كت له گیانی خۆیان بۆ خه‌رج نه‌كه‌ن.
ئاده‌میزاده خۆڵه‌مێشییه‌كان به ویست یا بێ ویست، گشت خوێنی سۆزت ده‌نۆشن، وه‌لێ له‌سه‌ر ته‌رمی مردووت فاتیحایه‌كیش ناخوێنن. ساته ناخۆشه‌كانی ژیانیان ته‌ك تۆدا به‌ش ده‌كه‌ن، كه‌چی له خۆشییه‌كاندا ده‌بنه شه‌ریكی ئه‌وانی دی. به سه‌رنجڕاكێشییه‌كانیان هێدی هێدی ته‌ونت به‌ده‌وردا ده‌ته‌نن و تا وه‌خۆت دێیته‌وه، خۆت به‌گرفتاری له‌نێو داویاندا ده‌بینیته‌وه. له قووڵایی دڵته‌وه ده‌زانیت خه‌ریكن شیله و شیرینییه‌كه‌ت ده‌مژن و تڵپه‌كه‌ت ده‌تفێننه‌وه، به‌ڵام به‌رده‌وام بۆ بێوه‌فایی و بێمیهرییه‌كانیان پاساو دێنیته‌وه. ده‌زانیت كه دۆخه‌كه هه‌رگیز باشتر نابێت، كه‌چی بۆ ئه‌وان بیانوو و بۆ خۆت هیوای درۆیینه ده‌تاشیت، ئه‌وه‌نده ده‌مێنیته‌وه تا ده‌گه‌نێیت.
عیشق، مرۆڤ قابیلی برین و لێدان ده‌كات و ئاده‌میزاده خۆڵه‌مێشییه‌كانیش ڕێك له‌و نوخته‌ی برینه‌وه‌یه ده‌ستیان تا ئانیشكیان ده‌به‌نه نێو دڵته‌وه. ئه‌م په‌یوه‌ندییانه عیشق نین، نه‌خۆشیین، جۆرێك هۆگربوونی وێرانكه‌رن. خۆ ئه‌گه‌ر كه‌سێك كه‌وته نێو ئه‌م داوی به‌ڵایه‌وه؛ پێویسته هاوار بكات و بۆ ڕزگاربوونی، له‌وانی دی داوای یارمه‌تی بكات. تا زیاتر له‌نێو ئه‌م داوه‌دا بمێنیته‌وه گرفتارتر ده‌بیت. ده‌بێت وه‌ك تاعوون له ئاده‌میزاده خۆڵه‌مێشییه‌كان هه‌ڵبێیت و ڕاكه‌یت!
ــــــــــــــــــــــــــــ
* بابه‌ته‌كه‌ی دكتۆر نه‌ڕاقی ناونیشانی نییه، ئه‌م ناونیشانه خۆم بۆم داناوه.
** وێنه‌كه‌یش كارێكی هونه‌رمه‌ندی سوێدی (تامی ئینگبێرگ)ه.