ئەفراندن لە داستانی گەلە جیاوازەکانەوە

فیکر 2017-01-31 کۆمێنت 1798 جار بینراوە

ئەفراندن لە داستانی گەلە جیاوازەکانەوە

حەکیم کەکەوەیس

لە ئاینە ئاسمانییەکاندا هاتووە کە خوا جیهانی لە شەش ڕۆژدا خەلق کردووە، دیاریشە هەموو زندەوەرانی لە سێ ڕۆژی دواییدا خەلق کردووە. یەکەم جار پەلەوەر، ئەوجا ئاژەڵانی سەر زەوی لە کۆتاییشدا مرۆڤی دروست کردووە. زۆرینەی میللەت و ئاینەکان داستانی خۆیان بۆ دەستپێکردنی ژیان هەیە، ئەگەرچی ڕوونیشی ناکەنەوە کە پێش خولقاندن چی هەبووە. زۆرینەیان وای پیشان دەدەن وەک ئەوەی خوا ئەو بێسەروبەییەی ڕێکخستبێ کە پێشتر هەبووە، ئەوەش بۆ ئەوەی بارودۆخێکی وا دروست بکا کە ژیانی مرۆڤی تیادا بگونجێ. هێزی وێرانکەری ناردۆتە شوێنی دوور تا لێی بمێننەوە چونکە مرۆڤ بەو بنەمایانەوە وابەستە دەبێ کە خوا دایاندەنێ.

لای گەلی دۆگۆن (Dogon )ی ئەفریقایی:

ئەنجامی جووتبوونی خوا لەگەڵ زەویدا وەک خوا داینابوو، جمکی مرۆ دەرنەچوو، بەڵکو کەمتیار دەرچوو. بەڵام خوا بێهیوا نەبوو و جارێکی تر هەوڵی دایەوە و ئەو جارە جمکێکی بە ناوی (نومو - Nummo ) بوو کە نیوەیان بە مار دەچوو. مارەکان، لە پێستی خۆیان تەنوورەیەکیان بۆ دایکە ڕووتەکەیان(زەوی) دروست کرد، کە وشە سەرەتاییەکانی زمانی لە سەر تۆمار کرابوو. خوا (ئەمما) لەوە بێهیوا بوو بە جووتبوون لەگەڵ زەویدا، مرۆڤ لە سەر شێوەی خۆی خەلق بکا بۆیە بڕیاری دا جووتێ مرۆڤ لە سەر شێوەی خۆی، لە قوڕ دروست بکا.

منداڵی ئەوانە، دوو ڕوویان هەبوو، ڕوویەک نێر و ڕوویەک مێ. تەنها بە بڕینی بەشێکی ئەندامی زاوزێی نێرینەکە و بەشێ لە ئەندامی مێینەکە، دەبن بە دوو بەشەری تەواو و لێکدابڕاوی پاکژ.
داستانی خولقاندن لای گەلی دۆگۆن زۆر درێژ و ئاڵۆزە و تەنها پیاوانی ئاین بە درێژی دەیزانن، بەڵام کڕۆکەکەی ئەوەیە کە خولقاندنی مرۆڤی بێعەیبی تەواو زۆر زەحمەتە. تەنانەت خوداش کە ناچار بوو خۆی دروستی بکا، نەیتوانی بە بێ کەموکورتی دروستی بکا بۆیە ملی دا و داوای لە مرۆ کرد خۆیان ئەو کەموکورتییە پڕ بکەنەوە کە خوا نەیتوانی عیلاجی بکا. عادەتی خەتەنەکردن لەوەوە هاتووە تا مرۆڤەکان کەموکورتییەکانی خوا پڕ بکەنەوە.

 بە پێی بۆچوونی گەلانی (بوشونگۆ - Boshongo  )ی ناوەڕاستی ئەفریقیاش، لە سەرەتاوە تەنها تاریکی و ئاو و خوای گەورە (بومبا - Bumba ) هەبوونە. ڕۆژێکیان خوا (بومبا) ژان دەیگرێ و ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی بڕشێتەوە و "خۆر" هەڵبێنێتەوە. ئیدی خۆریش بوو بە هۆی وشکبوونی هەندێ ئاو و دەرکەوتنی زەوی و هێشتاش خوا، ژانەزگ بەری نەدابوو و ئەمجارە مانگ و ئەستێرەی هەڵهێنایەوە. ئەوجا هەندێ گیانداری وەک پڵنگ و تمساح و کیسەڵی هەڵهێنایەوە و لە کۆتاییشدا، مرۆڤی هەڵهێنایەوە.

لە باکووری زەوی

بە پێی داستانەکانی باکووری زەوی، (Ask ) یەکەم پیاوی خولقاو بووە و (Embla ) یەکەم ژن بووە. بە پێی داستانەکە، "ئودن "، بە هاودەمێتی "Höner " و "Lodur " یەکەم دوو مرۆڤی بەم شێوەیە دروست کردووە: دوو بنەدار لە دەم زەریا بوون. دارەکان یەکێکیان قەڵەمتۆز "  Embla  " بوو و ئەوی تر سنۆبەر "  Ask " بوو. ئودن، یەکەمیانی کردە پیاو و دووەمیشیان ژن، بەڵام نە زمانیان هەبوو نە هەست و هۆش. لەبەر ئەوە، "هوێنەر"ی هاودەمی ئودن، وزە و بزاوتنی پێ بەخشین و "لۆدور"یش هەست و عەقڵی پێدان. ئیدی کۆشکی "میدگۆرد"یان پێ درا تا تیایدا بژین... ئەو کۆشکەش کەوتبووە ناوەڕاستی زەوییەوە و جێی ئودن بوو.

لای هندییە سوورەکان:

هندییە سوورەکان، کە ناویان (هورون – Huron )ە، لە دەم دەریاچە گەورەکانی ئەو شوێنەی کە ئەمڕۆ لە ئەمەریکای باکووردا پێی دەگوترێ ویلایەتی ئۆنتاریۆ دەژیان. داستانی ئەفراندن لای ئەمانە بۆمان باس دەکا کە لە سەرەتاوە جگە لە ئاو و هەندێ گیانداری ئاوی کە تیایدا دەژیان، هیچی تر نەبوو، بەڵام کتوپڕ لە ئاسمانەوە کچێکی عازەب بەربووەوە و دوو سۆنە گرتیانەوە و بانگی هەموو گیاندارانی ئاویان کرد بچنە لایان بەڵام تەنها کیسەڵێکی گەورە بە گوێی کردن و چوو. ئەوانیش کچەکەیان لە سەر پشتی دانا. دوایی، لەگەڵ گیاندارانی تری زەریادا کۆبوونەوەیان کرد تا تەگبیر بکەن چ لەو کچە بکەن. ئیدی بەو ئەنجامە گەیشتن کە دەبێ زەوی بدۆزنەوە تا ئەو کچەی لە سەر بژێ. کیسەڵەکان، لە بن زەریا قوڕیان هێنا تا کچەکە لە سەر پشتیان قایمی بکا و بیکا بە زەوییەکی فرەوانی پڕ لە کشتوکاڵ. کاتێ کچەکە بەربووەوە، زگی پڕ بوو و دوایی جووتێ کوڕی بوو، یەکێکیان چاکەخواز بوو و ئەوی تریان خراپەکار بوو. خراپەکە، هەر لەگەڵ لەدایکبوونیدا دایکی خۆی کوشت. دوای ناشتنی، ڕووەکی ناودار لە جەستەیەوە سەریان دەرهێنا. پەتاتە لە سەریەوە شین بوو و گەنمەشامی لە سینگیەوە و قاوە لە باسکیەوە. کوڕەکانی، زەوییەکەیان لە نێوان خۆیاندا بەش کرد. بەدکارەکە، هەموو گیاندارە دڕندەکانی خەلق کرد، بەڵام کوڕە چاکەکە هەموو گیاندارە سوودبەخشەکانی خەلق کرد.



ئەم داستانە کە ئاڕاستەی بەرەو پەرستنی زەوییە، لە ناو هەموو هندیە سوورەکانی باکووری ئەمەریکادا برەوی هەیە. تیایدا خولقێنەر هاوکاری مرۆڤ لەوەدا دەکا کە لە سەر زەوی پەیوەندی لە نێوانیاندا پێکبێنن و برەو بە گونجان و لێکحاڵیبوون بدەن. خوا لێرەدا شێوازی کیسەڵی زەریا وەردەگرێ. لای گەلێکی تری هندییە سوورەکان کە ناویان (چەیانی - 
Cheyennei )ە خواوەند شێوازی جۆرە مراوییەکی کێوی هەیە چونکە مراوی سەرچاوەی هەموو بوونەوەرانە.

______________________________________________________________

سەرنج:

من ئەو داستانانەم هەڵبژاردوون بەڵام یۆنان و زەردەشتییەکان و ئەهلی هەق و ئێزدی و فیرعەونەکان و چین و هند و ژاپۆن... هتد، هەر یەکەیان لە بارەی خولقاندنی مرۆڤەوە داستانی تایبەت بە خۆی هەیە و ئەگەر باسی هەموویان بکرێ زۆر دەخایەنێ، جگە لەوەی ماندووبوونێکی زۆری دەوێ هەم بۆ نووسین دەوێ، هەم بۆ خوێندنەوە.

١. پێ دەچێ مەسەلەی خەتەنەکردنیش هەر لە ناوەڕاستی ئەفریقاوە، بە شێوەی ئەو داستانە سەری هەڵدابێ و لەوێوە پەڕیبێتەوە بۆ دوورگەی عارەبی و لەگەڵ غەزاکانیشدا، گەیشتبێتە نەتەوە موسوڵمانەکان. لە دەقە شیعرێکی فەرەزدەقیشدا باسی ئەوە هەیە کە ئاگرپەرستان – واتە زەردەشتییەکان، خەتەنەیان نەکردووە و ئەوەش بە سووکایەتی و دواکەوتن لە قەڵەم دەدا.

٢ ناوەڕۆکی ئەم بابەتەم، لە سایتەکانەوە هێناوە.

loperamid ratiopharm loperamid za decu loperamid 4mg
تاگەکان    
حەوتەمین کۆڕبەندی هاوسانی فەرهەنگ مێژوو قودس پۆدکاست ڕانانی کتێب دەروون نائومێدی شەڕ ئیلحاد خوێندنەوە زانست زمان قوتابخانەکانی نوور گۆرانی
فیکر
2017-01-31 کۆمێنت 1798 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی