جەنگ لە پێناوی خودا یان هاوەڵان؟

فیکر 2017-02-06 کۆمێنت 3197 جار بینراوە

وانەیەکی گرنگ لە عەممارەوە

نووسينی: محمدی كوری موختاری شەنقيتی

وةركێڕانی: يوسف مەلا خەليل

ئەو ڕێبازەی ئێمە لەم توێژینەوەیەدا بانگەوازی بۆ دەکەین و دەمانەوێ پێڕەوی بکەین و، واشدەزانین شێخولئیسلام ئیبنوتەیمییە و کۆمەڵێک لە فەرموودەناسان لە باشترین و شیاوترینی ئەو کەسانە بوون کە بە دیقەت و بەرچاوڕوونییەوە لەم بابەتەیان کۆڵیوەتەوە و جێبەجێیان کردووە، ئەوەش  بریتییە لەو ڕێبازەی بەهۆی ڕاگرتنی هاوسەنگی لە نێوان دوو بابەتی گرنگدا خۆی هێشتووەتەوە و بەردەوامی بەخۆی دەدات، ئەوانیش "ڕێزی پێگەی کەسەکان" و "پەیوەستبوون بە مەبدەئەکانەوەن ".

هەر ئەو ڕێبازە بە شێوەیەک ڕۆ نراوە، ڕەچاوی لایەنگیری و یەکلابوونەوە بۆ یەکێک لەو دوانە دەکات، بەتایبەت ئەو ساتانەی یەکلابوونەوە بۆ یەکێکیان، "مەبدەئەکان" یاخود "کەسەکان"، وەک پێویستییەکی بەرچاوی کرداری و شەرعی خۆی دەسەپێنێ و، پێکەوەکۆکردنەوە و بیانووبۆهێنانەوەیان بە کارێکی ئەستەم و نەشیاو دێـتە ئەژمار و، وا دەخوازێـت لەو کاتەدا بێ منجەمنجکردن و بەوپەڕی ڕاشکاوییەوە خۆ بۆ پرەنسیپەکان یەکلا بکرێتەوە !

دەتوانین جوانترین پەند و گرنگترین وانەمان لەمەڕ ئەم بابەتەوە لە بەسەرهاتەکەی عەمماری کوڕی یاسر و ساتەکانی جەنگی جەمەلەوە چنگ بکەوێ، (( لە  عەبدوڵڵای کوڕی زیادی ئەلئەسدییەوە دەگێڕنەوە کە فەرموویەتی: ئەو کاتانەی تەڵحە و زوبەیر و عائیشە بەرەو بەسرە بەڕێ کەوتن، عەلی، عەمماری کوڕی یاسر و حەسەنی کوڕی بەرەو کووفە نارد، کاتێک گەشتنە ناو شارەکە هەردووکیان چوونە بەرزترین شوێنی دوانگەکە و عەممار کەمێک لە خوار حەسەنەوە وەستابوو، ئێمەش هەموومان لە دەوریان کۆ بووینەوە، جا لەو ساتەدا گوێم لە عەممار بوو دەیگوت: وا عائیشە بەرەو بەسرە بەڕێ کەوتووە، سوێند بە خوا لە دونیا و دواڕۆژدا ئەو هاوسەری پێغەمبەرەکەتانە، بەڵام خودای گەورە و کارجوان بەو تاقی کردوونەتەوە، تا دەرکەوێ گوێڕایەڵی خودا دەکەن یان ئەو))، لە گێڕانەوەیەکی دیکەدا هاتووە: ((من باش دەزانم ئەو لە دونیا و قیامەتدا هاوسەری پێغەمبەرەکەتانە، وەلێ بەو تاقیتان دەکاتەوە، تا ڕوون بێتەوە شوێنی خودا دەکەون یاخود ئەو))، لە شوێنێکی دیدا: ((عائیشە هاوژینی پێغەمبەرەکەتانە لە دونیا و پەسڵاندا، لێ تاقیکردنەوەیەکە و تووشتان بووە))، لە ڕیوایەتێکی دیکەدا: (( عەممار گوتی: پێشەوای بڕواداران ئێمەی ناردووە تا ئاگادارتان بکەینەوە، بزانن وا دایکمان بەرەو بەسرە کەوتووەتە ڕێ))، لە لەفزێکی دیکدا دەڵێ: (( شایەتی دەدەم بە حەق کە ئەو هاوسەری پێغەمبەرەکەتانە)).

((لە عەمری کوڕی غالبەوە دەگێڕنەوە: پیاوێک نزیکی عائیشە کەوتەوە، هاوزەمان عەممار لەو نێوەندەدا بوو، دەستبەجێ لێی هاتە دەست و خێرا گوتی: ئەوە ئازاری خۆشەویستەکەی پێغەمبەری خودا دەدەی؟))

حافیز ئیبنوحەجەر بەم شێەوەیە لەم بارەیەوە دەپەیڤێـت: ((مەبەست لەو قسە و هەڵوێستەی عەممار لەو ڕووداوەدا ئەوەیە، لەو بەرەنگاربوونەوەیەدا هەرچییەک بووبێ، حەق میوانی عەلی بووە و، هاوکات عائیشە بەم هەڵوێستەی لە ئیسلام دەرنەچووە و، هەر بە هاوسەری هەمیشەیی پێغەمبەری خودا ماوەتەوە و لە بەهەشتیشدا لەگەڵیدا دەبێ، ئەمەش نیشانەی ئەوپەڕی خۆپارێزی و بەویژدانی عەممار و سووربوونیەتی لەسەر لایەنگیری و یەکلابوونەوەی بۆ بەرەی ڕاستی)).

((ئەبوهورەیرەش دەڵێ: ڕاستییەکەی عەممار زۆر ڕاستگۆیانە هەڵوێستی خۆی نواند و، بەرەنگاربوونەوە بەرەو ئاستێک نزمی نەکردەوە پەنا بۆ لەکەدارکردن و ناشرینیکردنی بەرانبەرەکەی ببات، وێڕای هەڵگیرسانی جەنگ لە نێوانیاندا، لێ شایەتی چاکە و رێزی تەواوی بۆ عائیشە دا)).

شێخولئیسلام ئیبنوتەیممیە لەم بارەوە دەڵێ: ((بێگومان عەممار شایەتی ئەوەی بۆ عائیشە دا کە هاوسەری پێغەمبەری خودایە و لە ئەهلی بەهەشتە، لەگەڵ ئەوەشدا خەڵکی بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوەی بە شەڕکردن یاخود هەر شێوازێکی دیکەی ڕووبەڕووبوونەوە لە دژی، هان دەدا)).

لەمانە هەموو گرنگتر ئەوە بوو، عەممار بۆ هەموو گوێگران و دەوروبەرەکەی ڕوون کردەوە کە ئەم ڕووداوە نەخوازراوە، تاقیکردنەوەیە، جا باوەڕداری هەستیاری دووربین، پێویستە هەر زوو هەستی پێ بکات و خۆی بۆ ئامادە بکات، ئەوە تاقیکردنەوەیەکی سەختی وەهایە مرۆڤ دەخاتە نێو دۆخێکی دژوارەوە، ئاخر لەو کاتەدا پیرۆزی مەبدەئەکان و پێگەی کەسەکان وێک نایەنەوە و وەک دوو هاودژ خۆ دەنوێنن و پێکەوەکۆکردنەوەیان لە یەک بازنەدا وەک مەحاڵ وایە، بۆیە دەبێ خۆ بۆ یەکێکیان یەکلا بکرێتەوە و تەنێ پشتگیری یەکێکیان بیت، "گوێڕایەڵیی خودا" یاخود "ئەو"، کارەکە لە نێوان "ئەم" یان "ئەو"دا قەتیس دەبێ و بە هەڵبژاردنی تەنێ یەکێک لەو دوانە هەڵوێستی تۆ دیاری دەبێ، ئەو ساتانەی گوێڕایەڵیی ئەمی ئافرێنراو لە بەرانبەر گوێڕایەڵیی ئەوی ئافرێنەردا دەوەستێتەوە !

ئای حافز ئیبنولجەوزی چەند جوانی فەرمووە کاتێک دەڵێت: "بزانە، لە بنەماکاندا لاسایی هیچ کەسێک ناکرێـتەوە، نە ئەبوبەکر و نە عومەر، ئەمەش بنەمایەکە و دەبێ شتەکانی دیکەی پێ بپێورێت و، ئاگاداریشبە هەرگیز قسە و هەڵوێستی کەسە لە دڵدا مەزنەکانتان بە بنەما لێ نەگۆرێت و،  مەزنییان نەتاتۆقێنێت و چاکییان لە خشتەتان نەبات ".

بەدڵنیاییەوە ئەگەر ئەو توێژەرانەی لەمەڕ ناکۆکییە سیاسییەکانی نێوان هاوەڵان دەکۆڵنەوە، لەم گۆشەنیگایەوە لە بابەت و ڕووداوەکانیان ڕوانیبا و وەک _تاقیکردنەوەیەک_ هەڵیانسەنگاندبا، سەرکەوتووانە دەیانتوانی زۆرێک لە ڕاستییەکان بەدەست بهێنن، ئاخر لەو کاتەدا تەنیا تا ئەو ڕادەیە پارێزگارییان لە پێگەی کەسایەتییەکان دەکرد، کە سنووری مەبدەئەکان ڕێگەی پێ دەدان و، لە کۆتایی ڕێگەکەشدا هەر پرەنسیپەکە دەبوو بە پێوەر و بەرمەبنای ئەو، بڕیار بەسەر پەسەند یان ناپەسەندبوونی کەس و ڕووداوەکاندا دەدرا، بێ ئەوەی بکەونە نێو دەردی بەرجەستەکردنەوە و پرەنسیپەکان لە قاڵبی مرۆڤەکاندا بەرتەسک بکەنەوە !

گرنگی و گەورەیی هەڵوێست و گوتەکانی عەممار تەنیا لەوەوە سەرچاوە ناگرن کە زانایان شایەتی خوداناسی و پارێزکاری و دانایی و بەویژدانییان بۆ داوە، بەڵکو پێغەمبەری خوداش شایەتی ئەوەی بۆ داوە کە لە کاتی ناکۆکییەکاندا عەممار بەرەی حەق دەگرێت، کە دواتر باسی دەکەین .

تەنانەت عەممار لە لایەن بەارنبەرەکانیشیەوە شایەتی لەسەرحەقبوونی بۆ دراوە، لەوانە عائیشە ڕەزای خودای لێ بێ. ئیبنوحەجەر دەڵێت: "تەبەری بە سەنەدێکی دروست لە ئەبی یەزیدی ئەلمەدینییەوە گێڕاویەتییەوە کە دەڵێ: کاتێک کۆتایی بە جەنگی جەمەل هات، عەمماری کوڕی یاسر بە عائیشەی گوت: ئای ئەم ڕێگەیە چەندە دوورە لەو پەیمانەی بۆتان دیاری کرابوو، مەبەستی ئەو ئایەتە بوو کە دەفەموێت: (وقرن فی بیوتکن)، ئەویش گوتی: ئەبولیەقزان؟!، عەمماریش وتی: بەڵێ، عائیشەش فەرمووی: سوێند بە الله تۆم نەدیوە قسەی حەقت نەکردبێت. ئەویش گوتی: سوپاس بۆ ئەو خودایەی لەسەر زمانی تۆ بڕیاری ڕەوابوونی بۆ دام ".

ئەم ڕێبازەی ئیبنوتەیمییش هەر لەو وانە گرنگەی عەممار ئاو دەخواتەوە، هەر بۆیە کاتێک لەم باسانە دواوە، گرنگترین تایبەتمەندی ڕێبازەکەی کە بەهۆیەوە پێی دەناسرێـتەوە، ئەو هاوسەنگی و دادپەروەرییەیەتی کە تێیدا زۆر جەخت لەسەر پێدانی مافی مرۆڤەکان و هەڵسەنگاندیان وەک خۆی دەکاتەوە و، مکووڕە لەسەر پێدانی مافی حەق خۆی و، دانانی حەق لەسەرووی هەموو کەسایەتییەکانەوە لە هەر پێگە و شوێنێکدا بن. ڕێبازەکەی خۆی بەکورتی لەم دەستەواژە ناوازەیەدا ڕوون دەکاتەوە و دەڵێت: "ئەوەی ڕێگەی هاوسەنگی و دادپەروەری بگرێتەبەر ئەوا، هەرکەسێک شایستەی ڕێز و گەورەیی بێت، ئەم بە مەزن و ڕێزدار لەقەڵەمی دەدات و، مافی حەق دەدات و بە گەورەی ڕادەگرێـت و، بەزەیی بە دروستکراوەکاندا دێتەوە و، باش دەزانێت کە دەشێت هەر مرۆڤێک هەم چاکەی هەبێت و هەم خراپە، هەم پەسن بکرێت و هەم لۆمە، هەم پاداشت بدرێـتەوە و هەم سزا و، لە لایەکەوە خۆش بویسترێت و لە لایەکەوە تووڕەیی ئاڕاستە بکرێت."    

 

toilax vejledning edanmarkhalsbrand.site toilax microlax
amitriptylin pris smertehvorvikan.site amitriptylin tinnitus
تاگەکان    
موناجات چەواشەکاریی_لۆژیکی کتێبی هاوسانی نیشتیمان دیمانە دوعا مردن شەڕ پۆرن یاری کۆمەڵکوژیی بۆسنە پۆدکاست زانست ئەنیمی ئیلحاد
فیکر
2017-02-06 کۆمێنت 3197 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی