کوفر چییە و، کافر کێیە؟

فیکر 2017-03-12 کۆمێنت 5855 جار بینراوە

دیاردەى زیادەڕەویکردن لە تەکفیردا

بەشى شەشەم

نووسینی : د . یووسف قه‌رزاوی

 وه‌رگێڕانی : میران مەجید

بێجگە لە شیرک، هەموو گوناهێکى تر لێخۆشبوون دەیگرێتەوە :

بنەماى پێنجەم: _بریتییە لە دووپاتکردنەوەى بنەماى پێشوو _ ئەو گوناهەى کە لێخۆشبوونى نییە بریتییە لە هاوەڵدانان بۆ خواى گەورە، بەڵام بێجگە لە شیرک گوناهەکانى تر _بە گەورە و بچوکەوە_ ئەکەوێتە بەردەم مەشیئەت و ویستى خواى پەروەردگارەوە، ئەگەر ویستى لێیان خۆشدەبێت و، ئەگەر نەیویست سزایان دەدات .

خواى گەورە دەفەرموێت (إن الله لايغفر أن يشرك به ويغفر مادون ذلك لمن يشاء ومن يشرك بالله فقد ضل ضلالا بعيدا) (النساء_116)  واتە: بێگومان خوا لەوانە خۆش نابێت کە هاوەڵ و هاوبەشى بۆ دادەنێن، بەڵام  لە تاوانى کەمتر لە شیرک بۆ هەرکەسێک خۆى بیەوێت و شایستە بێت ئەبورێت، دەسا بزانن هەرکەسێک شەریک و هاوبەش دابنێت بۆ خودا بەڕاستى لەڕادەبەدەر گومڕا و سەرلێشێواوە .

مەبەست لە شیرک لەم ئایەتە و هاووێنەکانیدا: شیرکى گەورەیە (الشرك الأكبر)، ئەویش بەهاوبەشدانانى خودایەکى تر یا چەند خودایەکى ترە لەگەڵ (الله) دا (جل جلالە)، ئەم وشەیە ئەگەر بەڕەهایى هات، ئەوە ئەم مانایە دەگەیەنێت .

هاووێنەى ئەمەش کوفرى گەورەیە: مەبەستم کوفرى ئینکاریکردن و داننەنان بە خودادا .

حافزى ئیبنو حەجەر دەفەرموێت: هەرکەسێک نکۆڵى لە پێغەمبەرێتى موحەممەد (د.خ) بکات _بۆ نموونە_، ئەوە کافر دەبێت با لەگەڵ خودادا شەریکى تریشى بڕیار نەدابێت و، لێخۆشبوونیشى بۆ نییە بەبێ جیاوازى لەنێوان زانایاندا، بەڵام تاوانەکانى تر کە لە خوار کوفر و شیرکەوەن، ئەوە دەچنە ژێر ویستى ئیلاهییەوە، هەرکەسى ویست لێى خۆشدەبێت و، هەرکەسیشی ویست سزاى دەدات، وەکو دوو ئایەتەکەى پێشوو باسیان کرد (ويغفر مادون ذلك لمن يشاء).

پێشەوا ئیبنو تەیمییەش دەفەرموێت: دروست نییە ئەم لێخۆشبوونە تایبەت بکرێت بە کەسی تۆبەکارەوە، چونکە شیرک و گوناهەکانى تر بەنیسبەت ئەوەوە جیاوازى نییە، واتە: بەهۆى تۆبەکەیەوە دەچێتە ژێر ویستى پەروەردگارەوە ئەگەر شیرکیشى کردبێت لێى خۆشدەبێت، وەکو خواى گەورە دەفەرموێت (قل يعبادي الذين أسرفوا على أنفسهم لاتقنطوا من رحمة الله إن الله يغفر الذنوب جميعا) (الزمر_53)  واتە: ئەى محمد (د.خ) لەمنەوە بڵێ: ئەى بەندەکانى من، ئەى ئەوانەى ستەم و زیادەڕەویتان لەخۆتان کردووە، ئێوە لە ڕەحمەت و میهرەبانى خودا بێ ئومێد مەبن، بەڕاستى خوا لە هەموو گوناهێک خۆشدەبێت .

کەواتە ئەگەر ئەو کەسەی شیرکەکەی کردووە، تۆبە بکات لە دونیادا ئەوە خودا لێی خۆش دەبێت، بەڵام ئەگەر تۆبەی لێ نەکات، ئەوە خودا لێی خۆش نابێت .

لە فەرموودەى سەحیحى پێغەمبەریشدا هاتووە کە دوپات لە کرۆکى ئەم ئایەتە پیرۆزە دەکاتەوە کە لە خوار شیرکەوە هەموو گوناهەکانى تر ڕەوانەى ویستى پەروەردگار دەکرێن. بوخارى لە عیبادەى کوڕی ێامتەوە ڕیوایەتى کردووە کە پێغەمبەر (د.خ) لەکاتێکدا کۆمەڵێک لە هاوەڵانى بەدەورەوە بوون فەرمووى: (بايعوني على ألا تشركوا بالله شيئا, ولاتسرقوا, ولاتزنوا, ولاتقتلوا أولادكم, ولا تأتوا ببهتان تفترونه بين أيديكم وأرجلكم, ولا تعصوا في معروف. فمن وفى منكم فأجره على الله, ومن أصاب من ذلك شيئا, فعوقب في الدنيا فهو كفارة له, ومن أصاب من ذلك شيئا ثم ستره الله, فهو إلى الله, إن شاء عفا عنه وإن شاء عاقبه).  واتە:  پەیمانم پێبدەن لەسەر ئەوەى هاوبەش بۆ خودا بڕیار نەدەن و، دزى نەکەن و، زینا نەکەن و، منداڵەکانیشتان نەکوژن و، بوختان بۆ یەکترى نەکەن و قسە هەڵنەبەستن و، پێچەوانەى چاکە نەکەن، جا هەرکەسێک بەردەوام بێت لەسەر ئەو شتانەى کە پەیمانى پێکردووە، ئەوا پاداشتەکەى لەسەر خواى گەورەیە و، هەریەکێکیش توشى یەکێک لەم گوناهانە بوو بێجگە لەشیرک، پاشان خودا گوناهەکەى داپۆشى، ئەوە کارى دەچێتە لاى خودا، ئەگەر ویستى لێى خۆشدەبێت و، ئەگەر ویستیشى سزاى دەدات .

مەبەستی فەرموودەکە لەسەر  ئەوانەى کە توشى تاوانە گەورەکان دەبن، ڕوونە، کە پەیماندانەکە و دوورکەوتنەوەکە لێى کەوتووتە ئەستۆى خاوەنەکەى و، لە ئیسلام نایکاتە دەرەوە، بەڵکو ئەوەشى لەسەرى سزا دەدرێت، سزاکە دەبێتە کەفارەت بۆى و پاکى دەکاتەوە، ئەگینا دەچێتە ناو ویستى پەروەردگارەوە .

زاناى گەورە مازەرى دەفەرموێت: ئەم فەرموودەیە وەڵامى ئەو خەواریجانەى تێدایە کە خەڵک بەهۆى گوناهەوە کافر دەکەن و، وەڵامى ئەو موعتەزیلانەشى تێدایە کە سزا بڕیار دەدەن بۆ فاسق ئەگەر هاتوو مرد و تۆبەى نەکرد، لەبەر ئەوەى پێغەمبەر (د.خ) هەواڵى داوە کە ئەوە دەچێتە ژێر ویستى خوداوە و، نەیفەرمووە: پێویستە خودا سزایان بدات .

گیبیش دەفەرموێت: ئەم فەرمودەیە ئاماژەى ئەوەى تێدایە کەدەبێت دەست بگیرێتەوە لەسەر شایەتیدانى ئاگر بۆ کەسێکى دیاریکراو، تەنها ئەوانە نەبێت کە دەقێک لەبارەیانەوە هاتووە .

دابەشکردنى کوفر لە دەقەکاندا بۆ گەورە و بچوک :

بنەماى شەشەم: لەڕاستیدا کوفر لە زمانى قورئان و سوننەتدا، هەندێکجار مەبەست پێى کوفرى گەورەیە، ئەو کوفرەى کە مرۆڤ لە کۆمەڵى مسوڵمانان دەکاتە دەرەوە، بەنیسبەت حوکمەکانى دونیاوە و، مانەوەى هەتاهەتایشى لە قیامەتدا بۆ بڕیار دەدات بەنیسبەت ئاخیرەتەوە .

وە هەندآ جاریش مەبەست پێى کوفرى بچوکە، ئەو کوفرەى کە هەڕەشەکان بۆ خاوەنەکەى دەستەبەر دەکات بەبێ مانەوەى هەتاهەتایی لە ئاگردا و، خاوەنەکەشى لە کۆمەڵى مسوڵمانان ناکاتە دەرەوە، بەڵکو دەیچوێنێ بە کەسى دەرچوو لە فەرمانى خودا و کەسى سەرپێچیکارەوە .

کوفر بە ماناى یەکەم، بریتییە لە ئینکاریکردنى بەئەنقەستى ئەو بەرنامەیەى کە محمد (د.خ) هێناویەتى، یاخود هەندێ لەو بەرنامەیە، یانی ئەوەى کە پێویستە لە دین بزانرێت .

کوفر بەماناى دووەم، ئەو گوناهانە دەگرێتەوە کە سەرپێچى فەرمانەکانى خوداى پێدەکات، یاخود کارێک دەکات کە خودا نەهى لێکردووە و، فەرمودەیەکى زۆریش لەم ڕووەوە هاتووە، بۆ نموونە ( من حلف بغیر الله فقد کفر) یاخود ( فقد أشرك)، ( لاترجعوا بعدي كفارا يضرب بعضكم رقاب بعض), ( لاترغبوا عن آبائكم فإنه كفر بكم أن ترغبوا عن آبائكم), ( من قال لأخيه ياكافر فقد باء بها أحدهما).  کوفر لەم فەرموودانەدا، گشتى بەماناى دووەم دێت .

ئێمەش وتمان: ئەم کوفرەى لەم دەقانە و هاووێنەکانیاندا هاتووە کوفرێک نییە کە خاوەنەکەى لە کۆمەڵى مسوڵمانان بکاتە دەرەوە، بەهۆى ئەم بەڵگانەوە :

هاوەڵان لەنێوان خۆیاندا جەنگاون و کەسیشیان ئەوى ترى کافر نەکردووە .

 لە پێشەواى بڕوادارنەوە (عەلى کوڕى ئەبو تالیب) بەشێوەیەکى دروست بۆمان گواستراوەتەوە: کە ئەو هیچ کەسێکى لەوانەى لە شەڕى جەمەلدا لە دژى جەنگان کافر نەکرد، یاخود شەڕى ێەفین، بەڵکو بە سەرپێچیکار و هەڵگەڕاوە ناوى بردن _هەڵبەت هەڵگەڕاوە بە مانا سیاسییەکەى نەک مانا ئایینییەکەی_ و، فەرمودەى سەحیحى پێغەمبەریشمان هەیە (د.خ) کە بە عەممار دەفەرموێت ( تقتلك الفئة الباغية) واتە: کۆمەڵێکى زاڵم و گوناهبار تۆ دەکوژن. هەروەکو چۆن فەرموودەى سەحیحمان هەیە لەبارەى خەواریجەوە کە دەفەرموێت ( تقتلهم أدنى الطائفتين إلى الحق ) واتە: نزیکترین کۆمەڵیان لە ڕاستییەوە لەگەڵیان دەجەنگێ. کە مەبەست ئیمامی عەلییە (ر.خ) کە لەگەڵیان جەنگا .

هەروەکو چۆن قورئانى پیرۆز ئیمانى بۆ ئەو دوو کۆمەڵە چەسپاندووە کە شەڕ لەگەڵ یەکتردا دەکەن (وإن طائفتان من المؤمنين اقتتلوا) (الحجرات_9) هەروەکو چۆن برایەتى ئیمانیشى لەنێواندا چەسپاندوون (إنما المؤمنون إخوة فأصلحوا بين أخويكم) (الحجرات_10). وێنەى ئەمەش فەرمودەى ( من قال لأخيه ياكافر) ئەوەى بە براکەى بڵێت ئەى کافر. دەبینین برایەتییان بۆ بڕیار دەدات، برایەتیش لەبەینى کافر و مسوڵماندا نابێت، کەواتە ئەمەش ئاماژەى ئەوەى تێدایە کە بەم قسەیەى لە بازنەى ئیمان ناچێتە دەرەوە .

نموونەیەکى تر ( من حلف بغير الله فقد كفر أو أشرك) واتە: هەرکەسێک سوێند بەغەیرى خوا بخوات ئەوە بەڕاستى کافر یاخود موشریک دەبێت. یاخود دەفەرموێت ( من أتى عرافا أو كاهنا فصدقة بما يقولة فقد كفر بما أنزل الله على محمد) واتە: هەرکەسێک بچێتە لاى کەسێکى فاڵچى یا کەسێکى کاهین کە بانگەشەى زانینى ڕابردوو دەکات و بەڕاستگۆى بزانێت لە قسەکانیدا ئەوە بەڕاستى کافر بووە بەوەى کە بۆ محمد (د.خ) دابەزیوە لەلایەن خوداوە .

لەگەڵ ئەمەشدا یەک زاناى مسوڵمان بەدرێژایی زەمانى پێشوو ئەم کوفرەى بە کوفرێکى دەرچوو لە کۆمەڵی مسوڵمانان دانەناوە و، بە هەڵگەڕاوەى نەزانیوە .

بەردەوامیش لە هەموو زەمانێکدا خەڵکى سوێندیان بە غەیرى خودا خواردووە و، فاڵچى و کاهینەکانیان بەڕاست زانیوە و، زانایان و ئەهلى دینیش ئەم ئیشەیان بە باش نەزانیوە و ئەو کەسانەیان بە گومڕا و فاسق زانیوە، بەڵام بڕیارى موڕتەدبوونیان نەداون، یاخود خێزانەکانیان لێ جیانەکردونەتەوە و، نەشیان وتووە کە مردن نوێژیان لەسەر مەکەن، یاخود لە گۆڕستانى مسوڵماناندا مەیان نێژن. لە فەرمودەیەکى مەرفوعدا هاتووە ( إن هذه الأمة لا تجتمع على الضلالة) واتە: بەڕاستى ئەم ئومەتە لەسەر گومڕایى کۆنابێتەوە .

لەبەر ئەم هۆکارەش ئیبن قەییم هەندێ فەرموودە باس دەکات کە باسى کوفرى تێدایە لەسەر ئەنجامدانی هەندێ تاوان و پاشان دەڵێ :

مەبەست ئەوەیە کە بەڕاستى گوناهەکان هەموویان لە جۆرى کوفرى بچوکن (الكفر الأصغر) و، هەموویان دژى شوکرن، کە بریتییە لە کارکردن بە تاعەت و گوێڕایەڵی خودا، کار و کۆششیش یا شوکرە یاخود کوفر، یاخود سێیەمیانە نە ئەمیانە و نە ئەویانە .

کوفر بەواتاى یەکەم _مەبەستم کوفرى گەورەیە_ لەبەرامبەر ئیمانەوە دێت، دەوترێت ئیماندار و کافر، هەروەکو پەروەردگار دەفەرموێت (فمنهم من آمن ومنهم من كفر) (البقرە_253). یاخود دەفەرموێت (الله ولي الذين آمنوا يخرجهم من الظلمات إلى النور والذين كفروا أوليائهم الطاغوت يخرجونهم من النور إلى الظلمت) (البقرة_257). ياخود (كيف يهدي الله قوما كفروا بعد إيمانهم) (آل عمران_ 86).

بەڵام کوفر بەواتای دووەم _ مەبەستم کوفرى بچووکە_ لەبەرامبەر شوکرەوە دێت، مرۆڤ یا شوکرانەبژێرى نیعمەتەکانە یاخود کوفرانەى ئەو نیعمەتانە دەکات، مافى خۆیان نادات، هەرچەندە ئەگەر کافریش نەبووبێت بەو شوکرانەنەکردنەیان .

خواى گەورە لە وەسفى مرۆڤەکاندا دەفەرموێت: (إنا هديناة السبيل إما شاكرا و إما كفورا) (الإنسان_3). واتە: بێگومان ئێمە ڕێگەى (باش و خراپ)مان پێ نیشاندا، سەرپشکمان کرد، یا سوپاسگوزار (ئیماندار) دەبێت، یا سپڵە و بێباوەڕ و خوانەناس. هەروەها دەفەرموێت: (و من شكر فإنما يشكر لنفسه ومن كفر فإن ربي غني كريم) (النمل_40).واتە: هەرکەسێک سوپاسگوزار بوو بۆ خۆى دەیکا و کەڵکەکەشى بۆ خۆى دەگەڕێتەوە و،  کێیش سپڵە و ناشکور بوو ئەوە بێگومان پەروەردگارى من خوایەکى بێنیاز و بەبەخششە .

 لە سەحیحى بوخاریشدا فەرموودەیەک هاتووە کە باسى هۆکارى چوونە دۆزەخى ئافرەتان دەکات: ( إنهن يكفرن, قيل يارسول الله يكفرن بالله؟ قال: (يكفرن العشير, ويكفرن الاحسان). واتە: ئەوان کافر دەبن، وترا ئەى پێغەمبەرى خوا (د.خ) بەرامبەر بەخودا کافر دەبن؟ فەرمووى (بەرامبەر مێردەکانیان کافر دەبن و بەرامبەر ئەو چاکە و خزمەتانە کافر دەبن کە بۆیان دەکەن و پێى نازانن ).

لەبەر ئەمە کاتێک ئیبن حەجەر قسەى قورتوبیمان بۆ دەگوازێتەوە کە دەڵێت: کاتێک وشەى کوفر لە زمانى خوداوە (شارع) دێت ئەوە مەبەست لێى نکۆڵیکردنى زانراوە پێویستەکانى دینى ئیسلامە .

 سەرنجى لەسەر دەدات و دەڵێت: لەڕاستیدا وشەى کوفر لە شەرعدا بەواتاى نکۆڵیکردن لە بەخششەکان و وازهێنان لە شوکرانەى بەخشەر و جێبەجێنەکردنى فەرمانەکانى هاتووە، وەکو چۆن پێشتر لە پەرتووکى (الإيمان)دا لە دەروازەى ( کفر دون کفر)دا لە فەرموودەى ئەبى سەعیددا ( يكفرن الإحسان ....إلخ) باسکرا .

لەڕاستیدا پێشەوا بوخارى (ر.خ) لە پەرتووکى ئیماندا چەند دەروازەیەکى داناوە بۆ بەرپەرچدانەوەى ئەو خەواریجانەى کە بەهۆى گوناهى گەورەوە مسوڵمانان کافر دەکەن. لەوانە دەروازەى (كفران العشير, و كفر دون كفر).

 دەستەواژەى (کفر دون کفر)یش لە ئیبن عەباس و هەندێ لە تابیعینەوە لە ڕاڤەى ئەم ئایەتەدا (ومن لم يحكم بما أنزل الله فأولئك هم الكافرون) (المائدة:44)، هاتووە .

لەڕاستیدا ئەمەش دەمانگەیەنێت بەوەى کە کوفر دابەش دەبێت بۆ چەند پلەیەکى جیاواز لە نێوان گەورە و بچووکدا، ئەمەش دابەشبوونێکە، لە سەلەفەوە هاتووە .

  هەر ئەم دابەشکردنەیش خۆى لە شیرک و دووڕووى و فیسق و زوڵمیشدا دێت، هەریەکێک لەمانە دابەش دەبێت بۆ گەورەیەک کە مانەوەى هەتاهەتایى لە ئاگردا واجب دەکات و، دابەش دەبێت بۆ بچووکێکیش کە ئەو مانەوە هەتاهەتاییە واجب ناکات و، لەکۆمەڵى مسوڵمانانیش نایکاتە دەرەوە .

بوخاریش لە سەحیحەکەیدا دەروازەى (ظلم دون ظلم)ى باسکردووە و بەڵگەى بە فەرمودەکەى ئیبن مەسعود هێناوەتەوە کاتێک کە ئایەتى سورەتى ئەنعام (الذين آمنوا ولم يلبسوا إيمنهم بظلم أولئك لهم الأمن وهم مهتدون) (82) دابەزى . واتە: ئەو کەسانەى بڕوایان هێنا و لە هەمان کاتدا ناهەقى و شیرکیان تێکەڵ بە ئیمانەکەیان نەکرد، ئاسایش و نەبوونى ترس لە سزاى خوا هەر بۆ ئەوانە، نەک بۆ بتپەرستەکان و هەر ئەوانیشن ڕێنماییکراون بۆ ڕێگەى ڕاست .

هاوەڵان فەرموویان ئەى پێغەمبەرى خودا کێ لە ئێمە زوڵمى لە نەفسى خۆى نەکردووە؟ فەرمووى : وەک ئەوە نییە کە ئێوە دەیڵێن، (لم يلبسوا إيمانهم بظلم )، (بظلم) لێرەدا واتە: شیرک. ئایا ئێوە فەرموودەى پەروەردگارتان نەبیستووە کە دەفەرموێت (إن الشرك لظلم عظيم) (لقمان:13)؟

ئەوەى لەم فەرموودەیە وەردەگیرێت بەو شێوەیەى کە بوخارى دەیەوێت ئەوەیە: کە هاوەڵان وا لە وشەى (ظلم) گەشتبوون کە هەموو جۆرەکانى تاوان دەگرێتەوە، پێغەمبەریش (د.خ) ئەمەى ڕەت نەکردەوە، بەڵام ئەوەى بۆ ڕوونکردنەوە کە لێرەدا مەبەست لە گەورەترین جۆرى زوڵمە کە ئەویش شیرکە، ئەمەش ئاماژەیە لەسەر ئەوە کە (ظلم) جۆراوجۆرە .
____________________________________________________________________________________________

: بەشەکانی تر

بەشی یەکەم
بەشی دووەم
بەشی سێیەم
بەشی چوارەم
بەشی پێنجەم

تاگەکان    
ئایا سۆفیا هاوڕەگەزخوازی گێڕانەوە دەربارەی کتێب پارەی ئیلیکترۆنی باران مێژوو حەمەدۆک موناجات ئازادی دەروونی خوێندنەوە نوێژ کوردستان تەکنۆلۆژیا
فیکر
2017-03-12 کۆمێنت 5855 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی