ڕۆڵی مرۆڤ لە نێوان چارەنوسی و قەدەردا

فیکر 2017-07-25 کۆمێنت 3875 جار بینراوە

ڕۆڵی مرۆڤ لە نێوان چارەنوسی و قەدەردا

نووسینى: ئاکام ئاکامى

بەشی یەکەم

بابەتێکی بە سروشت  سەرسوڕهینەر، ورد، قووڵ، فەلسەفی و  لە هەمان کاتدا بەرفراوان. لە لایەکی تریشەوە پرسیاری ناو مێشک  و ویژدانی هەموو مرۆڤەکان بە درێژایی مێژوو. پرسى (قەزا و قەدەر) پرسێکی گرنگ و یەکلایکەرەوەیە لەسەر تێگەیشتنمان بۆ بوون و ژین و داهاتوو. ئەم بابەتە لە ئیسلام و فەلسفە مادییەکانی سەردەم و ڕابردوودا، هەروەها لەشارستانێتەکانى کۆنیشدا هەمیشە جێگای مشت و مڕی گەرم بووە. لە شارستانێتە کۆنەکاندا بڕوایان بە کاریگەری جوڵەی ئەستێرەکان، خۆر و مانگ لەسەر ژیانی مرۆڤەکان هەبووە. لە فەلسەفە مادییەکاندا بڕوایان بە هۆکار و کاریگەری و عیلەی یەکەم هەیە و لە ئیسلامیشدا بڕوا بە (القضاء والقدر) دەکرێتە بنەما. لەم باسی دیاریکردنی ڕۆڵی مرۆڤ لە نێوان چارەنوسی و قەدەردا بە تێروانینێکى ئیسلامییەوە بابەتەکە شیکار دەکەم. ئایا وەکو مرۆڤ ڕۆڵمان هەیە لە نووسینەوەی چارەنووسمان؟ ئایا هەموو شتێک نوسراوەتەوە بۆمان؟ یان هەموو شتێک لە سەرمان پێشینە تۆمار کراوە و ئێمەی مرۆڤیش ئەرکمان جێبەجێکردنی ئەو پێشنە تۆمارانەیە؟ ئایا ژیان درامایەکە لە قەدەر و قەزادا ئاکامدار کراوە؟ یان مرۆڤ  درامای ژیان بە پێنووسی تواناکانی  دەنوسێتەوە؟ ئایا ئازادین لەوەی ئەیکەین و نایکەین و پەیوەندیان بە قەدەرەوە چیە؟ ئایا مرۆڤ لە لایەن خوداوە مافی گۆڕینی چارەنوسی خۆی پێدراوە؟

 خوێنەرانی ئازیز هەر یەک لە ئێمە پێویستە دانیشآ و تێبفکرآ لە مەڕ باسەکەدا، چونکە بابەتێکی هەستیار و یەکلاکەرەوەیە بۆ زۆر بواری ژیانمان، بۆیە پێویستە بیرکردنەوە لە دەقە قورئانی و حەدیسییەکان بەجدی و چاونەترسییەوە بێت لەمەڕ بابەتەکەدا. ئایا ئەم دەقانە خوێندنەوەی تر هەڵدەگرن؟ ئایا ئەوەی پێمان وتراوە لەسەر بابەتەکە ڕاست و ڕەوانە و قابیلی موناقەشە نییە؟ ئایا ئەم  بابەتە هەرچۆن لێی بڕوانیت بەرەو ڕێگایەکی داخراو ئەتبات؟   

 لە سەرەتاوە ئەگەر بپرسین پێناسەی وشە و چەمکی (القضاء و القدر ) و جیاوازی نێوانیان چییە؟

وشەی (القدر) بە مانای (دیاری کرد) یان (تەقدیر) دێت . وشەی (القضاء) بە مانای (یەکلایی کردنەوە)، (کردن) یان (جێبەجێکردن) دێت. جیاوازی نێوان (القضاء والقدر ) لەوەدایە کە (القدر) تایبەتمەندە بە لایەنی زانستی خوداوە بە شتەکان و دیاریکرن و تەقدیریان، بەڵام (القضاء) تایبەتمەندە بە لایەنی کردارەکی و جێبەجێکردنەوە لە زانستی خودادا. دەقی ئایەتی قورئانی زۆر هەن لەسەر وشەکانی (القضاء والقدر)، لێرەدا بە کورتی ئاماژە بە سیانیان ئەدەم: " إِنَّا كُلَّ شَيْءٍ خَلَقْنَاهُ بِقَدَرٍ" (القمر: 49) (هەمووشتێکمان بە قەدەر = دیاریکردن و تەقدیر دروست کردووە، لەم دەقەدا مانای رێژەییش ئەگەیەنێت). "قَدْ جَعَلَ اللَّهُ لِكُلِّ شَيْءٍ قَدْرًا" (الطلاق: 3)  (خودا بۆ هەموو شتێک قەدەر=دیاریکرد و تەقدیرێکی داناوە واتا بە ڕێژەیەک دیاریکردوون). )."إِذَا قَضَى أَمْرًا فَإِنَّمَا يَقُولُ لَهُ كُن فَيَكُونُ" (مریم: 35) )ئەگەر خودا قەزاى  کارێکی کرد ئەوا وتی ببە ئەبێ .(

ئەم بابەتی (القضاء والقدر)ه  تێکەڵە و پەیوەندییەکی لێکجیانەبووەیان لەگەڵ چەند بابەتێکی تر هەیە، کە بە شێوەیەکی سەرەکی لەم سآ بابەتە پێک دێت :

.1         سیستمی هۆکارەکان و سونەنی خودایی

.2         زانستی خودا

.3         ئازادی مرۆڤ     

.1         سیستمى هۆکارەکان ((أسباب)) و سونەنى خودایی

مەبەستمان لە سیستمی هۆکارەکان ئەوەیە کە هەموو شتەکانی بوون هەر یەکەیان هۆکارێکی هەیە بۆ پێگەشتنی، بەدەست هێنانی، گۆڕینی، تازەکردنەوەی یان چاککردنی ... هتد.  نموونە لەسەر سیستمی هۆکارەکان ئەوەیە بۆ ئەوەی دەرچیت لە تاقی کردنەوەیەک پێویستە بخوێنیت، واتە نەخوێندن هۆکارە بۆ کەوتنی کەسێک لە تاقیکردنەوە. دەنگی دەرگا هۆکارە بۆ ئەوەی بزانی کەسێک لە دەرگایە. باران هۆکارە بۆ بوژانەوەی زەوییەکى وشک، بوونی منداڵ ئەبێت ئافرەت و پیاوێک هەبن. لەم نموونانەوە دەرکەوت هەر شتێک هۆکاری خۆی هەیە بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامەکەی، ئەمەش وەکو سیستمێک لە بووندا خودای گەورە دروستی کردووە، کارکردنی ئەم سیستمی هۆکارانە تایبەتمەندی خۆی هەیە بۆ بەدەستهێنانی ئامانجێک پێویستە هۆکارەکان بە کار بێنیت و کاری پآ بکەی .

سونەنی خودایی:  بریتییە لە کۆمەڵێک یاسا و ڕێساى دروستکراوی خودایی کە نەگۆڕ و بەردەوامن لە بووندا. بۆ نموونە شەو و ڕۆژ دوو دروستکراوی خودان کە سونەنی خوداین. نە ڕۆژ پێش شەو دەکەوێت، نە شەویش پێش ڕۆژ دەکەوێت، ئەم پێش و پاش نەکەوتنە سونەنی خوداییە. بوونی  با، باران، هەور، ئەستێرەکان، خۆر و مانگ کە بە سوڕگەی خۆیاندا دەخولێنەوە، هەموویان سونەنی خودایین . مرۆڤێک لە نەبونەوە دێتە بوون، دەچێتە سکی دایکى و دوایی منداڵە، ئینجا گەورە ئەبێ و  دەگاتە قۆناغی بەهێزی و گەنجێتی، پاشان پیرێتی و لاوازی لە کۆتاییدا مردن، هەموو ئەمانە لە سونەنی خودان کە مرۆڤ پێویستە بەو قۆناغانەدا بڕوات .

ئەوەیشمان لەبیرنەچێت جیهانی سیتەمی  هۆکارەکان و هۆیەکان ، سونەنەکانی خودایش بۆ چاو پروتانێکیش بەدەرنین لە توانانینی خودای ، هەموو سات پێویستیشیان بە خودایە بەڕێوەیان ببات ، بەڵام بێ گۆڕین، پێش و پاشکەوتنی هیچ کامیان .

پێویستە لەسەرمان ئەم چەمکانە تێکەڵ نەکەین، لە لایەک بابەتی (القضاء و القدر) و سیستەمی( هۆکارەکان) و سونەنی خودایی ، لە لایەکیشەوە وا بزانین بابەتی (القضاء و القدر) ، باسێکی سەربەخۆیە و تەواو، تەنها پەیوەندی بە خودای گەورەی کارزان و زانا و بەهێزەوە هەیە  و هەموو شتێکی مرۆڤ لە بچووکترین گەردەوە تاکو ڕۆحکێشانی لە ئەزەلەوە لە لایەن خودای گەورەوە دیاری کراوە و کەس ناتوانێ خۆی لێ لا بدات و هەر ئەبآ ڕوو بدات.  بێ ئاگا لەوەی نەخێر وانیە، بەڵکو (القضاء والقدر)  بابەتێکە پەیوەستە بە سیستەمی هۆکارەکان (اسباب)، واتە لە ڕێگای ئەو هۆکارانەی کە خوداى گەورە لە گەردوون و بووندا دایناون مرۆڤ دەتوانێت بەشدار بێت و ڕۆڵی هەبێ لە دیاری کردنی چارەنووسی ئەمڕۆی و داهاتووی لە ڕێگای پەنابردن و کارپێکردنی  سیستەمی هۆکارەکان، بە بەکارهێنانی ئەو عەقڵ و ویستەی پێی دراوە بە بێ دەرچوون لە زانین و زانستی خودایش، لە هەمان کاتدا بە بێ پێکدادانی ئەم دووانەیش_ زانستی خودا و ئازادی و عەقڵی مرۆڤ _  چونکە خودای گەورە خۆی هەوڵدان و هۆکارەکانی هەوڵدانی بۆ مرۆڤ ئاسان کردووە و، ئەقڵ و ئازادی هەڵبژاردنی پێ بەخشیووە، بە بێ ئەوەی ویستی مرۆڤەکان لایەنی جێبەجێکردنی کرداری ویستی خودایی هەڵبوەشێنێتەوە، چونکە ئەم دووانە _ ویستی مرۆڤ و ویستی خودا_ پەیوەندیان بە یەکەوە لەسەر شێوەیەکی ئەستوونی ڕاوەستاوە، نەک لەسەر شێوەیەکی ئاسۆی و بەیەکدادان. بەم شێوەیەش ئاکتیڤبوونی ویستی مرۆڤی ئەسەلمێت و ئەچەسپێت لە چوارچێوەی ویستی خودایی  (ئیرادەی خودایی) نەک (القضاء والقدر)ی خودایی. بە بێ هەڵوەشاندنەوەی کرداری ئادەمى، کە کرداری مرۆڤیش ئەسوڕێتەوە لەسەر بنەمای سیستەمی هۆکاری و سیستەمی سونەنی خودایی. ئەمەیش مانای کەمکردنەوەی توانای خودایی نییە، چونکە ویستی خودای گەورە خۆیەتی کارەکانی گەردوون تەنها بە سیستەمی (هۆکارەکان)  بەم جۆرە بە ڕێوە بڕۆن  ، هەڵبژاردنی کارەکانی مرۆڤ و ویستی مرۆڤ پارادۆکس و پێچەوانەی (القضاء والقدر)ی خودایی نین، بەڵکو پێویستییەکە ئەیسەلمێنێت کە ناکرێت مرۆڤ بە بێ هەڵبژاردنی خۆی، بە جەبری و پێشتر نوسرانەوە کردار(فعل) بکات .

      .2زانستی خودایی

  بابەتی دووەم خۆی ئەبینێتەوە لە زانستی خودایی ( علم الله).  ئایا جیاوازی چییە لە نێوان زانستی خودا و قەزا و قەدەردا؟

)زانستی خودا)  یەکێکە لەو پرسیارانەی لە سەرەتای بابەتەکەوە وروژاندمان، کە بە ڕاستەوخۆیی و کاریگەرانە پەیوەندی بە باسەکەمانەوە هەیە و، قورئانی پیرۆز پڕە لەو ئایەتانەی باسی زانین و زانستی خودا دەکەن، کە بەندە بڕوای تەواوم بەوە هەیە خودای گەورە خاوەن زانستە بەو ڕادەیەى هەموو شتێک ئەزانێت و زانستەکەی هەموو بوونی چنیوە " وَأَنَّ اللَّهَ قَدْ أَحَاطَ بِكُلِّ شَيْءٍ عِلْمًا" (الطلاق:12). واتە: خودا بە زانین و زانست هەموو شتێکی چنیوە و دەورەی داوە. پەیوەندی ئەو زانستە بێسنوورەی خودا لەگەڵ باسەکەمان ئەوەیە، زۆرێکمان لەکاتی خوێندەوە و تێگەیشتنمان لە (قەزا و قەدەر) ، زانستی خودا لەگەڵ ئەو دوو چەمکە تێکەڵ دەکەین ، وا دەزانین ئەوەی خودای گەورە دەیزانێت و علمی پێی هەیە هەر ئەوەیە قچاء و جێبەجێی دەکات! کە مەرج نییە هەموو کات و ساتێک ئاوا بێت، لە لایەکیشەوە بێ ئاگاین لەوەی  زانستی خودا تایبەتمەندى سەپاندن و جەبر و کاریگەری نییە، بەڵکو تەنها تایبەتمەندى ئاشکراکردنە. ئەگەر علمی خودا تایبەتمەندى کاریگەری، سەپاندن و جەبری هەبووایە هەموو شتێک بە گوێرەی زانستە گشتییەکەی بووایە و کاریگەری و قودرەی بووایە، ئەو کات هەموو شت ئەبوویە جەبری و هیچ بەهایەک بۆ ئازادی مرۆڤ، لێپرسینەوە و  بوونی بەهەشت و جەهەنم نەدەمایەوە. ئەو کات مرۆڤ تەنها ڕۆبۆتێک بوو هیچى تر. بەڵکو خودای گەورە بە ئاگا و زانایە بەوەی مرۆڤ خاوەن ئازادی و هەڵبژاردنن، خاوەنی ئیرادەی ئازادن کە خودای گەورە (الله) پێیداون. ئێمەی مرۆڤ جیاوازیمان لەگەڵ هەموو بونەوەرانی تردا چیە؟  عەقڵ و ئازادیە... ئازادیە لە هەڵبژاردنەکان  دوای بیرکردنەوە .

کەواتە جیاوازی نێوان زانستی خودا و (القضاء والقدر) ئەوەیە، هەتا ڕوودان و دیاریکردنی (القضاء و القدر) بە زانستی خودایە، ئەزانێت بەوەی ڕوو ئەدات و ئەوەی ڕوو نادات، بەڵام بە بێ کاریگەری و جەبر و سەپاندنی زانستەکەی، چونکە کاتێک  هەر ڕووداوێک کەوتە ژێر سەپاندن و کاریگەری، ئەوا لە زانستی خودایی (علم الله) دەردەچێت بۆ ویستی خودایی ( شاء الله) .جیاوازە لەوەی زانین و زانستی هەبێ (علم) بەوەی ڕوو ئەدات، لەگەڵ ئەوەی ویستی هەبێ ( شاء) کە شتێک ڕوو بدات .هەموو ویستێکی خودایی (شاء الله) بە زانستی خودایی ڕوو دەدات، بەڵام هەموو زانینێکی خودایی (علم الله) نابێتە ویستی خودایی (شاء الله). وەکو چۆن ناکرێ بێ زانست و زانینی خودای گەورە هیچ ڕوو بدات ، لە هەمان کاتیشدا ئەوەی ڕوویداوە و ڕوو ئەدات، ناکەوێتە ژێر سەپاندن و جەبری زانستەکەی. کەواتە زانستی خودا تایبەتمەندى و سیفاتی ئاشکراکردنە نەک جەبر و سەپاندن .

 .3 ئازادی مرۆڤ

     ئازادی مرۆڤ گەورەترین خەڵاتە خودای گەورە بە مرۆڤەکانی داوە و هەر لەسەر ئەو پێدانی ئازادیەیشە لێپرسینەوە و لێپێچینەوەی داناوە. ئەم ئازادیەیش ڕێکخراوە لە چوارچێوەی سیستمی هۆکارەکان و سونەنی خودایی. بە سەیکردنێکی ئەم ئایەتانەی قورئان و  چەندان ئایەتی تریش کە جێگای ئەوە نییە هەمووی بێنینەوە، هەمووی دڵنیای ئەدەن و ئەیسەلمێنن کە مرۆڤ بەرپرسی کار و کردەوەکانی خۆیەتی و، ئازادە لە ویستی کردنی کردارەکانی، هەرورەها سەرپشک کراوە لەوەی بە دەستی دێنێت لە کردەوە بۆ خودی خۆی. جگە لەوە ئازادە لەوەی خەیر و شەڕی خۆی بنوسێتەوە و سەرکەوتن و دۆڕانی خۆی دروست بکات. وەکو ئایەتاکانی  "إِنَّا هَدَيْنَاهُ السَّبِيلَ إِمَّا شَاكِرًا وَإِمَّا كَفُورًا" (الانسان: 3) ئێمە ڕێنمونیمان کردووە یان شکورانە بژێرە یان کوفرکەرە. "مَّنِ اهْتَدَى فَإِنَّمَا يَهْتَدي لِنَفْسِهِ وَمَن ضَلَّ فَإِنَّمَا يَضِلُّ عَلَيْهَا"  (الاسراء: 15) ئەوەی ڕێنمونی وەرگرێ ئەوا ڕێنموونی بۆ خۆی وەرگرتووە ئەوەیشی سەرلێشێوەبێت ئەوا  لەسەر بۆخۆی سەرلێشێواو بووە. "كُلُّ امْرِئٍ بِمَا كَسَبَ رَهِينٌ"  (الطور: 21) هەموو کەسێک زیندانی دەستی بەرهەمی خۆیەتی. "بَلِ الْإِنسَانُ عَلَى نَفْسِهِ بَصِيرَةٌ (14) وَلَوْ أَلْقَى مَعَاذِيرَهُ"  (القيامة: 14-15)  مرۆڤ لەسەر نەفسی خۆی چاوڕۆشنە، هەتا ئەگەر بیانوویش بێنێتەوە . کەواتە لەم ئایەتە پیرۆزانەوە  دەردەکەوێت  مرۆڤ  ئازادی پێدراوە، بە جۆرێک گومڕا بوون  و  گرتنی ڕێگای ڕاستیش دراوەتە دەست خودی ئەو مرۆڤە خۆیەوە. خۆ ئەگەر ژیانمان پێشتر نوسرابێتەوە و قەڵەم وشک بووبێتەوە لە نووسینەوەیش، ئەگەر ئێمەی مرۆڤ خاوەنی ویست و ئازادی خۆمان نەبین، هەموو شتێکمان لە ژێر چەتری (القضاء والقدر)دا بێت! ئەگەر دروست بوون، گەشەسەندن، کەوتنی میللەتەکان لەژێر سایەی سیستەمی (هۆکارەکان) نەبێت؟ کەواتە چی حیکمەتێک و هۆکارێک لە بوونماندایە؟ ئەگەر مرۆڤ ئازاد و  بەرپرسی کردەوەکانی نەبێت، سەرپشک نەبێت لەوەی هەڵی ئەبژێرێت، لەوەی ئەیکات لەوەی نایکات، لەوەی ئەیڵیت بە زمان و لەوەی نایڵێت، ئیتر ناردنی پێغەمبەران  و دابەزاندنی وەحی لەپایەى چییە و حیکمەتی چی تێدایە؟ بوونی ئاگر و دۆزەخ، بەهەشت و باخچەکانی لە پایەی چییە و حیکمەتی چی تیایە؟ قەدەغەکردنی خراپەکاری و فەرمانکردن بە چاکەکاری لەپایەی چییە و حیکمەتی چی تیایە؟  

هەرچەند مرۆڤ بە تەواوی ئازادی نییە (ئازادی ڕەها)، چونکە وەک چۆن ناکرێت مرۆڤ جەبر  و سەپێنراو بێت و هەموو شتێکی پێشتر بۆ نووسرابێتەوە، ئاوایش ناتوانێ  بە تەواوی ئازاد بێت.  ئەوەندە بەسە و بسەلمێت مرۆڤ ئازادی ڕەها و تەواوی نییە لە بووندا کە مرۆڤ ناتوانێت لە سیستمی هۆکارەکان و سونەنی خودایی دەربچێت.  ناتوانێت هەموو شتێک بزانێت و هەرچی بوێت بیکات. خودای گەورە بیویستایە هەموو خەڵکی ئەخستە ژێر ڕکێفی خۆیەوە و ئیمانیان ئەهێنا "وَلَوْ شَاءَ رَبُّكَ لَآَمَنَ مَنْ فِي الْأَرْضِ كُلُّهُمْ جَمِيعاً" (يونس: 99) واتە: ئەى محمد ئەگەر خودات بیوستایە ئەوەی لەسەر زەوییە بە کۆ هەموویان باوەڕیان ئەهێنا. ئەم ئایەتە بە ڕوونی ئاماژەیە بۆ ئازادی مرۆڤ ، کەواتە نەخێر مرۆڤ لە ژێر چەتری (القضاء والقدر)دا، جەبر نییە و زۆرلێکراو نییە و هەموو شتێکی لەسەر نەنووسراوەتەوە، وەکو چۆن ئازادی ڕەهای نییە، چونکە ئایەتەکان بە ڕوونی ئازادی ویست، ئازادی هەڵبژاردن و سەرپشکی مرۆڤ دەردەخەن. بە بیرکردنەوەیش لە دەقەکان و دوور لەدەقەکانی قورئان  ئەزانین کە مرۆڤ ئازادە، ئازادی مرۆڤ لە چوارچێوەی سیستمی هۆکارەکان و سونەنی خوداییەوە ڕێکخراوە.  لەو لایشەوە مرۆڤ ئازادی ڕەهای نییە، چی  بە گوێرەی دەقەکان یان بە بیرکردنەوەیەکی بچووک لەوەی کێمان پرسی پآ کراوە پێش هاتنە بوونی؟ کێمان بە ویستی خۆی وێنە و شێوازی خۆی کێشاوە؟ کێمان ئازادە لەوەی لە دەرەوەی سنووری سونەنی خوداییدا بیر بکاتەوە؟ کەواتە ئازادی مرۆڤ و سەرپشکردنی لە هەڵبژادنی کردەوەکانیدا بە گوێرەی سیستمی هۆکارەکان و سونەنی خودایی ڕێکخراوە بە جۆرێک نە ئازادی ڕەهای هەیە، نە زۆری لێکراوە و پێشتر کردەوەکانی دیاری کرابێت، پەیوەندی (القضاء و القدر) و  ئازادی مرۆڤ لەوەدایە کە ئازادی مرۆڤ بە تەقدیری خودایی لە ژیاندا لە ڕێگای سیستمی هۆکارەکان و سونەنی خوداییەوە ڕێکخراوە بە جۆرێک وەک چۆن ئازادی ڕەهای نییە، ئاوایش زۆرلێکرا و سەپێنراو نییە بە سەریدا و هەموو شتێکی بۆ نووسرابێتەوە .

تاگەکان    
لۆجیک ڕەخنە وەلی ئەمر چەواشەکاریی لۆژیکی یاسا یادەوەری دەروونی چەواشەکاریی_لۆژیکی دیزاینی زیرەک ستەم #پیری بووژانەوە پۆرن زانایان ژیانی پێغەمبەر
فیکر
2017-07-25 کۆمێنت 3875 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی