نووسينى: ئاكام ئاكامى

به‌شی دووه‌م (كۆتایی)

دوای ڕوونكردنه‌وی ئه‌و تێكه‌ڵییانه‌ی له‌ نێوان (القضاء والقدر) و بابه‌ته‌كانی سیسته‌می هۆكاره‌كان و زانستی خودا و ئازادی مرۆڤدا هه‌یه‌، له‌ به‌شی یه‌كه‌می پرسه‌كه‌مان  هه‌ر بابه‌تێكمان له‌و بابه‌تانه‌ به‌ كورتی و به‌ گوێره‌ی پێویستی پرسه‌كه‌ شیكرده‌وه‌ و جیاكاریمان له‌ نێوانیان كێشا. به‌وه‌ی مرۆڤ به‌و ئازادییه‌ی پێی دراوه‌ و له‌ ژێر زانستی خودایی و به‌ به‌كارهێنانی سیسته‌می هۆكاره‌كان، ڕۆڵی له‌ دیاریكردی چاره‌نووسی و به‌رپرسیارێتی هه‌ڵگرتنی ئه‌و چاره‌نووسه‌یشدا هه‌یه‌. له‌م به‌شه‌دا پرسه‌كه‌مان ته‌رخان ده‌كه‌ین بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م پرسیارانه‌: ئایا ڕۆڵمان چییه‌ له‌ دیاری كردنی چاره‌نووسمان؟  ئایا ته‌مه‌ن درێژ ئه‌كرێته‌وه‌؟  ئایا ئه‌گه‌ر خۆشبه‌ختی (السعادة)  یان به‌دبه‌ختی (الشقا‌ء) نووسرابێت له‌سه‌ر كه‌سێك  شیاوه‌ بگۆڕێت ؟ سوودی ئه‌م بابه‌ته‌ چییه‌؟پاشان ده‌رخستنی ڕۆڵی كاریگه‌ری مرۆڤ له‌ نووسینه‌وه‌ی چاره‌نووسی خۆیدا له‌ ژێر زانستی خودایی . ئه‌مه‌ش له‌ ڕێگای تێروانینی ئایه‌ته‌كانی قورئان و حه‌دیسه‌ ڕِاست و باوه‌ڕپێكراوه‌كانی پێغه‌مبه‌ره‌وه‌ (صلی الله علیه‌ وسلم). ئه‌و حه‌دیسانه‌ی ئه‌یهێنینه‌وه‌ پله‌ی باوه‌ڕپێكراوێكه‌ی هیچی كه‌متر نه‌بێت له‌ پله‌ی (حسن) له‌ زانستی حه‌دیسدا. بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م پرسیارانه‌ ئه‌توانین به‌ پۆزه‌تیڤه‌وه‌ وه‌ڵام بده‌ینه‌وه‌، به‌ڵێ ئێمه‌ ڕۆڵمان هه‌یه‌ له‌ دیاری كردنی چاره‌نووسمان، ئه‌توانین له‌ ڕێگای ئامرازه‌كانی گۆڕِینی قه‌ده‌ره‌وه‌ كه‌ خوای گه‌وره‌ به‌ ویستی خۆی دایناوه‌ چاره‌نووسی خۆمان بگۆڕین و ته‌مه‌نی خۆیشمان درێژ بكه‌ینه‌وه‌ و حاڵ و بارمان به‌ره‌و چاكتر ببه‌ین، ئه‌و ئامرازانه‌یش خۆی ئه‌بینێته‌وه‌ له‌  كرده‌وه‌ی چاك، سه‌ردانی خزم و كه‌س و كار (صلة‌ الرحم )، چاكه‌كاری له‌گه‌ڵ دایك و باوكدا،به‌خشین. له‌ ڕێگای دوعا كردنه‌وه‌ شیاوه‌ به‌دبه‌ختی بگۆڕێت بۆ خۆشبه‌ختی. ده‌توانین وه‌كو مرۆڤ ڕۆڵی كاریگه‌رمان هه‌بێت  به‌ گشتی له‌نووسینه‌وه‌ی چاره‌نووسی خۆماندا له‌ژێر زانستی خوادا .

له‌ ئایه‌ته‌كانی قورئانه‌وه‌ ده‌ست پێ ئه‌كه‌ین، با سه‌رنج بده‌ینه‌ ئه‌م ئایه‌تانه‌ی خواره‌وه‌ و وردبینه‌وه‌ له‌ گۆڕین و ڕۆڵی مرۆڤ له‌نووسینه‌وه‌ی چاره‌نووسی خۆیدا كه‌ له‌ قورئاندا ئایه‌تگه‌لێكی زۆر هه‌ن، به‌ڵام ده‌رفه‌تی نووسینه‌كه‌م جێگای هێنانه‌وه‌ی هه‌مووی نییه‌ .سه‌رنجی ئاماژه‌كان بده‌ین كه‌ چۆن له‌ ڕێگای سیسته‌می هۆكاره‌كان و له‌ ژێر زانستی خودا، مرۆڤ به‌شداره‌ له‌ هه‌ڵبژاردن و گۆڕینی چاره‌نووسی خۆیدا به‌ ئازادی، چۆن شته‌كان به‌ گرتنه‌به‌ری هۆكاره‌كان ئاكامه‌كه‌ی ده‌گۆڕێت .

ئاماژه‌ی یه‌كه‌م "فَلَوْلا كَانَتْ قَرْيَةٌ آمَنَتْ فَنَفَعَهَا إِيمَانُهَا إِلا قَوْمَ يُونُسَ لَمَّا آمَنُوا كَشَفْنَا عَنْهُمْ عَذَابَ الْخِزْيِ فِي الْحَيَاةِ الدُّنْيَا وَمَتَّعْنَاهُمْ إِلَى حِين" (يونس: 98) (هیچ گه‌لێكی پێشوو نه‌بووه‌ ئیمانیان هێنابێت  و ئیمانه‌كه‌یان سوودی هه‌بووبێ بۆیان،مه‌گه‌ر گه‌له‌كه‌ی یونس نه‌بێت كاتێك ئیمانیان هێنا سزای سه‌رشۆڕی ژیانی دونیامان له‌سه‌ر هه‌ڵگرتن و تا ماوه‌یه‌كیش چێژبه‌خشی ناز و نیعمه‌تمان كردن). لێره‌دا ئاماژه‌ی ئایه‌ته‌كه‌ ڕامانده‌كێشێت بۆ ئیمانی گه‌له‌كه‌ی پێغه‌مبه‌ر یونس، كاتێك خوای گه‌وره‌ سزای خۆی نارده‌ سه‌ریان ئه‌م گه‌له‌ ئیمانیان هێنا و سزاكه‌یان له‌سه‌ر هه‌ڵگیرا. ئه‌گه‌ر ئیمانیان نه‌هێنایه‌ چی ئه‌بوو؟ ئه‌وه‌ی ئه‌بوو سزاكه‌ ئه‌سه‌پا به‌ سه‌ریاندا و قه‌ده‌ره‌كه‌ جێبه‌جێ ده‌بوو، به‌ڵام كاتێك به‌ ئازادی ئیمانیان هێنا، ئه‌و ئیمان هێنانه‌ بووه‌ هۆكارێك بۆ ئه‌وه‌ی سزاكه‌ له‌سه‌ریان لاچێت و قه‌ده‌ریان له‌ سزادانه‌وه‌ بگۆڕێت بۆ چێژبردن له‌ ژیان به‌ هۆكاری ئیمان هێنان. به‌ مانایه‌كی تر به‌شداربوون له‌ نووسینه‌وه‌ی چاره‌نووسی خۆیان له‌ سزای خودایه‌وه‌ بۆ نه‌مانی سزا و خۆشگوزه‌رانی تا ماوه‌یه‌ك .

 ئاماژه‌ی دووه‌م له‌سه‌ر پێغه‌مبه‌ر یوسفه‌ له‌و كاته‌ی ئافره‌تانی میسر شه‌یدای جوانی یوسف بوون داوای كاری خراپ و داوێنپیسییان لێ كرد. ئه‌میش په‌نای برده‌ به‌ر دوعا بۆ ڕزگاربوونی له‌ داوی ئافره‌تان ."قَاڵ رَبِّ ٱلسِّجْنُ أَحَبُّ إِڵیَّ مِمَّا ێدْعُونَنِی إِڵیْهِ " (وتی خوایه‌ زینداینم پێ خۆشتره‌ وه‌ك له‌وه‌ی بانگم ئه‌كه‌ن بۆی) هه‌ر به‌دوای دوعاكه‌دا خودای گه‌وره‌  فه‌رمووی "فَاسْتَجَابَ ڵهُ رَبُّهُ" (خودای گه‌وره‌ وه‌ڵامی دایه‌وه‌).پرسیارێك بكه‌ین ئه‌گه‌ر پێغه‌مبه‌ر یوسف داوای خۆشی و پاراستنی بكردایه‌ له‌ جیاتی زیندان چاره‌نووسی به‌ره‌و  كوێ ده‌ڕۆیشت ؟ گومانم له‌وه‌دا نییه‌ به‌ره‌و عاقارێكی جیاوازتر ده‌ڕۆیشت وه‌ك له‌ زیندان، چونكه‌ دوعاكه‌ی هه‌رچۆن بوایه‌ به‌و جۆره‌ وه‌ڵام ئه‌درایه‌وه‌. ناكرێت بڵێین خودای گه‌وره‌ زیندانی بۆ هه‌ڵبژارد بۆیه‌ ڕوونه‌ ئه‌م پێغه‌مبه‌ره‌ ڕۆڵی هه‌بوو له‌ دیاری كردنی چاره‌نووسی خۆی بۆ ماوه‌ی چه‌ند سالێك له‌ ڕێگای دوعاوه‌ كه‌ زیدانی پێ خۆشتره‌ وه‌ك له‌وه‌ی بانگی ده‌كه‌ن .

ئاماژه‌ی سێیه‌م له‌م ئایه‌ته‌دایه‌ له‌سه‌ر ڕزگاربوونی پێغه‌مبه‌ر یونس له‌ناو سكی نه‌هه‌نگێك به‌ هۆكاری زیكری خوای گه‌وره‌ و دوعاكرن "وَذَا النُّونِ إِذْ ذَهَبَ مُغَاضِبًا فَظَنَّ أَنْ لَنْ نَقْدِرَ عَلَيْهِ فَنَادَى فِي الظُّلُمَاتِ أَنْ لَا إِلَهَ إِلَّا أَنْتَ سُبْحَانَكَ إِنِّي كُنْتُ مِنَ الظَّالِمِينَ * فَاسْتَجَبْنَا لَهُ وَنَجَّيْنَاهُ مِنَ الْغَمِّ وَكَذَلِكَ نُنْجِي الْمُؤْمِنِينَ " (87-88 الانبياء)  (كاتێك زه‌نون _په‌یامبه‌ر یونس_ به‌ توڕه‌بوونه‌وه‌ ڕۆیشت گومانی وا برد كه‌ ده‌سه‌ڵاتمان به‌ سه‌ریدا ناشكێته‌وه‌، هاواری كرد له‌ تاریكایی _ناوسكی نه‌هه‌نگه‌كه‌_  كه‌ هیچ په‌ره‌ستراوێك نییه‌ ته‌نها تۆ نه‌بێت پاك و بێگه‌ردی بۆ تۆ من له‌ سته‌مكارانم. وه‌ڵامان دایه‌وه‌ و له‌ غه‌مه‌كه‌ی ڕزگارمان كرد، ئا به‌و شێوه‌یش بڕواداران ڕزگار ده‌كه‌ین). له‌م ئایه‌ته‌دا به‌ ڕوونی دیاره‌ خودای گه‌وره‌ له‌ڕێگای دوعاوه‌ پێغه‌مبه‌ره‌كه‌ی خۆی له‌ غه‌م و له‌ تاریكی ناو سكی نه‌هه‌نگێك ڕزگار كردووه‌. واته‌ به‌ به‌كارهێنانی (سیسته‌می هۆكاره‌كان و سونه‌نی خوای ) لێره‌دا دوعا و ته‌سبیح كردن بوو ئه‌و پێغه‌مبه‌ره‌ ڕزگاری بوو. قورئان زۆر به‌ ڕوونی باسی ده‌كات "فَڵوْڵا أَنَّهُ كَانَ مِنَ الْمُسَبِّحِینَ" (الصافات :143) (ئه‌گه‌ر ته‌سبیحات و له‌ زیكركه‌ران نه‌بوایه‌ كه‌ زیكری" لَا إِلَهَ إِلَّا أَنْتَ سُبْحَانَكَ إِنِّي كُنْتُ مِنَ الظَّالِمِينَ "  ده‌وته‌وه‌ ، ئه‌وا ئه‌نجامه‌كه‌ی "لَلَبِثَ فِي بَطْنِهِ إِلَى يَوْمِ يُبْعَثُونَ" ( له‌ناو سكی ئه‌و نه‌هه‌نگه‌یا تا ڕۆژی قیامه‌ت ده‌مایه‌وه‌). هۆكاری ڕزگاربوونی له‌ناو سكی نه‌هه‌نگه‌كه‌ ته‌سبیح كردن و زیكركردن بووه‌. ئه‌گه‌ر دوعا و زیكری نه‌كردایه‌ چی ده‌بوو؟ هه‌ر قورئان به‌ ڕوونی وه‌ڵامان ده‌داته‌وه‌ " لَلَبِثَ فِي بَطْنِهِ إِلَى يَوْمِ يُبْعَثُونَ" (له‌ناو سكی ئه‌و نه‌هه‌نگه‌یا تا ڕۆژی قیامه‌ت ده‌مایه‌وه‌). كه‌واته‌ لێره‌دا ئاماژه‌یه‌ی ئایه‌ته‌كه‌ بۆ گۆڕینی چاره‌نوسی ئه‌و پێغه‌مبه‌ره‌یه‌ له‌ تاریكی و خه‌م به‌ به‌كارهێنانی دوعا كردن و زیكر كردن .

ئاماژه‌ی چواره‌م له‌م ئایه‌ته‌دایه‌ له‌سه‌ر پێغه‌مبه‌ر نوح كاتێك بانگی قه‌ومه‌كه‌ی ده‌كات بۆ خوداپه‌ره‌ستی و له‌ خواترسان تاكو بێته‌ هۆكاری لێخۆشبوون و كاتی مردنیان دوا بخان "أَنِ  اعْبُدُوا اللَّهَ واتَّقُوهُ وأطِيعُونِ (3) يَغْفِرْ لَكُمْ مِنْ ذُنُوبكُمْ وَيُوَخِّرْكُمْ إلـى أجَلٍ مُسَمًّى" (نوح:3-  4) (خودا بپه‌رستن و لێی بترسن و گوێڕایه‌ڵی بكه‌ن ئه‌ویش له‌ تاوانه‌كانتان خۆش ده‌بێت و كاتی مردنتان بۆ دواده‌خات  _ته‌مه‌نتان درێژده‌كات_)  لێره‌دا زۆر به‌ ڕوونی  قورئان دڵنیایی داوه‌ له‌سه‌ر ته‌مه‌ن درێژكردنه‌وه‌ كه‌ دواخستی واده‌ی مردنه‌. واتا هۆكارێك كه‌ مردنی پێ دوابخرێت و ته‌مه‌نی پێ درێژ بكرێت و له‌تاوان خۆشبوون هه‌بێت له‌چوارچێوه‌ی سیسته‌می هۆكاره‌كان و سونه‌نی خوایی بریتییه‌ له‌ خواپه‌ره‌ستی و له‌خواترسان و گوێڕایه‌ڵی فه‌رمانه‌كانی خودای  گه‌وره‌ وه‌كو پێغه‌مبه‌ر نوح ئامۆژگاری گه‌له‌كه‌ی خۆی ده‌كات. ئه‌گه‌ر ئه‌و پێغه‌مبه‌ره‌ نه‌یزانیایه‌ خواپه‌ره‌ستی و له‌خواترسان و گوێڕایه‌ڵی فه‌رمانه‌كانی خودای  گه‌وره‌ هۆكاری دواخستی واده‌ی مردنه‌ چۆن بانگی گه‌له‌كه‌ی ده‌كات به‌و شێوازه‌؟

ئاماژه‌ی پێنجه‌م له‌م ئایه‌ته‌دا له‌سه‌ر جووڵاندنه‌وه‌ی تاك و كۆمه‌ڵگایه‌ بۆ دروستبوونی گۆڕانكاری "إِنَّ اللَّهَ لا یُغَیِّرُ مَا بِقَوْمٍ حَتَّی یُغَیِّرُوا مَا بِأَنفُسِهِمْ"(الرعد:11) (خوای گه‌وره‌ بار و حاڵی هیچ قه‌ومێك ناگۆڕێت تاكو خۆیان بار و حاڵی خۆیان نه‌گۆڕن).له‌م ئایه‌ته‌دا ده‌بینین (سیسته‌می هۆكاره‌كان و سونه‌نی خوای ) كاری خۆی ده‌كات له‌ گۆڕینی تاك،گه‌ل و نه‌ته‌وه‌كان  كه‌ گۆڕانكاری له‌ ڕێگای گه‌ل و نه‌ته‌وه‌كان خۆیانه‌وه‌ ده‌كرێت . واتا ئه‌وه‌ ئێمه‌ین به‌ جووڵاندن و كار و كرده‌وه‌كانمان ڕۆڵمان هه‌یه‌ له‌ گۆڕینی چاره‌نووسی خۆمان چی وه‌كو تاك یان گه‌ل یان نه‌ته‌وه‌. هه‌روه‌ك ده‌رهاویشته‌ی ئه‌م ئایه‌ته‌یه‌ فێرمان ده‌كات. نه‌ك ئه‌و گه‌ل و نه‌ته‌وه‌ی بیه‌وێت گۆڕانكاری ئه‌نجام بدات سستی و بێ كرده‌وه‌یی هه‌ڵبژێرێت  و چاوی له‌ ئاسمان بێت، وه‌ك وتراوه‌ " ئاسمان زێر نابارانێت "، یان بوترێت هه‌موو شتێك به‌سه‌رمان دێت ویستی خوایه‌ و نوسراوه‌ته‌وه‌، ئه‌گه‌ر وایه‌ ڕووداوه‌كان كاری خودان بۆچی ئه‌م ئایه‌ته‌ دابه‌زیوه‌ و وتراوه‌؟

له‌هه‌ر پێنج ئایه‌تاكانی سه‌ره‌وه‌ ئاماژه‌كان ڕوونن له‌سه‌ر ڕۆڵی مرۆڤ له‌ نووسینه‌وه‌ی چاره‌نووسی و به‌شداری كردنی له‌ سڕینه‌وه‌ و جێگیركردن و گۆڕانكاری قه‌ده‌ری خودادا، ئه‌ویش به‌ به‌كارهێنانی سیسته‌می هۆكاره‌كان و ئاكتیڤ بوونی ئه‌و هۆكارانه‌، به‌ڵام هه‌موویشی به‌ زانستی خودا .

پاش ئه‌و ئاماژه‌ قورئانییانه‌ی هێنامانه‌وه‌ له‌سه‌ر بوونی ڕۆڵی مرۆڤ و به‌شداری كردنی له‌ چاره‌نووسی خۆیدا،له‌سه‌ر ئه‌م ئایه‌ته‌ به‌ وردی ڕاده‌وه‌ستین  "يَمْحُو اللَّهُ مَا يَشَاءُ وَيُثْبِتُ  وَعِنْدَهُ أُمُّ الْكِتَابِ" (الرعد: 39 ( (الرعد: 39 ( (ئه‌وه‌ی خوا بیه‌وێ‌ ئه‌یسڕیته‌وه‌ و ئه‌وه‌یشی بیه‌وێ‌ جێگیری ده‌كات و سه‌رچاوه‌ی كتێبی لایه‌). وشه‌ی (ێمْحُو) به‌ واتای سڕینه‌وه‌ و لابردنی شوێنه‌وار دێت. هه‌رچی وشه‌ی(يُثْبِتُ) هه‌یه‌ به‌ مانای جێگیركردن دێت. (ۆعِنْدَهُ أُمُّ الْكِتَابِ) لێكدانه‌وی زۆری بۆ كراوه‌ و هه‌ندێن له‌ شیكه‌ره‌وه‌كانی قورئان (موفه‌سیرین) به‌ زانستی خودا _علم الله_ ناوی ده‌به‌ن، هه‌ندێكی تریان به‌ كۆی كتێبه‌كان و بنه‌مای كتێبه‌كان دای ده‌نێن. پۆلێكی تریشیان به‌ (لوح المحفوظ) شی ده‌كه‌نه‌وه‌. هه‌ر یه‌كه‌یش له‌و شیكه‌ره‌وانه‌ تێگه‌یشتنی خۆی هه‌یه‌ بۆ وشه‌كه‌. ئه‌وه‌ی به‌ به‌هێزتری ئه‌زانین له‌ به‌ڵگه‌كان (أُمُّ الْكِتَابِ) زانستی خودا ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ گۆڕانی به‌ سه‌ردا نایه‌ت به‌ هیچ جۆرێك .

ئه‌م ئایه‌ته‌ "يَمْحُو اللَّهُ مَا يَشَاءُ وَيُثْبِتُ  وَعِنْدَهُ أُمُّ الْكِتَابِ" كرۆكی باسه‌كه‌مانه‌ پێویسته‌ به‌ وردییه‌كی زۆره‌وه‌ لێی بڕوانین.خودی خۆم سه‌یری زیاتر له‌ 45 ته‌فسیری باوه‌ڕپێكراوی  وه‌كو وةكو (الطبري، ابن كثير،القرطبي، ابن الجوزي، الشوكاني، السيوطي، الرازي، الماوردي، الخازان،النسفي، الالولسي،ابو السعود، الزمشخري، البيضاوي، ابو حيان، السمرقندي، ابن عاشور، الشعراوي،الطبطبائي، الحبري...هتد)   كردووه‌ له‌سه‌ر ئه‌م ئایه‌ته‌ و به‌ وردی بیروڕاكانم لێكداوه‌ته‌وه‌ و هه‌ڵمسه‌نگاندون، به‌ پێی پێوه‌ری نزیكی له‌ دروستی و ڕاستی و ئاماژه‌ی ڕووكه‌شی ئایه‌ته‌كه‌ (ظاهر الایه‌) ، ماناكه‌ی و هۆكاری دابه‌زینه‌كه‌ بۆم ده‌ركه‌وت هه‌موو بیروڕاكان  و تێگه‌یشتنه‌كان له‌سه‌ر ئه‌م ئایه‌ته‌ ئه‌بێته‌ چه‌ند به‌شێكه‌وه‌، به‌ڵام دوو به‌شیان بوونه‌ته‌ دوو ده‌سته‌ له‌هه‌مووی به‌هێزتر و له‌ هه‌مان كات دژ یه‌كتر. ئه‌م دوو ده‌سته‌یه‌ هه‌ر یه‌كه‌یان به‌ڵگه‌ی خۆی هه‌یه‌ بۆ پاڵپشتی كردنی تێگه‌شتن و بیروبۆچوونه‌كه‌ی .

ده‌سته‌ی  یه‌كه‌م  بریتین له‌ (ابن عباس،مجاهد، سعید بن جبیر، القرظی، ابن زید)، ئه‌م ده‌سته‌یه‌ سه‌رجه‌می تێگه‌یشتنه‌كان و لێكدانه‌وه‌كانیان ئه‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌م ئایه‌ته‌ تایبه‌ته‌ (المخصوص)  دووره‌ له‌ گشتی بوون (عام فی كل شی‌ء.) به‌ڵگه‌كانیشیان جۆراوجۆره‌ و به‌هێزترینیان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ خۆشبه‌ختی (سعادة‌) و به‌دبه‌ختی (شقا‌ء) ته‌مه‌ن و رزق دیاری كراوه‌ و جێگای گۆڕنكاری نییه‌.كاتێكیش  ئه‌م ئایه‌ته‌ لێك ده‌ده‌نه‌وه‌ ده‌ڵێن هه‌موو شتێك قابیلی سڕینه‌وه‌ و جێگیر كردنه‌  ته‌نها ئه‌م چواره‌ نه‌بێت: خۆشبه‌ختی، به‌دبه‌ختی، ته‌مه‌ن و رزق .

جێگای ئه‌وه‌ نییه‌ له‌ وتارێكی ئاوا  قه‌باره‌دا مامناوه‌ندا هه‌موو به‌ڵگه‌كان بخه‌ینه‌ ڕوو به‌ڵام به‌هێزترینی  به‌ڵگه‌كان و نزیكترینی له‌ ڕاستییه‌وه‌ به‌كورتی ده‌خه‌مه‌ ڕوو، ئه‌گه‌ر سه‌یری ته‌فسیری (ابن كثير ، الطبري ، القرطبي ، ابن جوزي ،  السيوطي ، الالولسي ، الشوكاني، الرازي)    بكه‌ین له‌ لێكدانه‌وه‌ی ئه‌م ئایه‌ته‌دا "يَمْحُو اللَّهُ مَا يَشَاءُ وَيُثْبِتُ " بۆ ده‌سته‌ی یه‌كه‌م وته‌ی ابن عه‌باس  و مجاهد و الكلبی دێننه‌وه‌  و هاومه‌شره‌به‌كانیان ده‌بینین له‌سه‌ر ئایه‌ته‌كه‌ نكۆڵی ده‌كه‌ن له‌وه‌ی به‌دبه‌ختی و خۆشبه‌ختی و ژیان و مردن  شیاوی گۆڕان بێت و بسرێته‌وه‌ و جێگیر بكرێـت. عن سعید بن جبیر عن ابن عباس" فیمحو الله ما یشا‌و إلا الشقا‌و والسعاده‌، والحیاه‌ والموت، وفی روایه‌ "يَمْحُو اللَّهُ مَا يَشَاءُ وَيُثْبِتُ " قال كل شی‌و، إلا الموت والحیاه‌، والشقا‌و والسعاده‌، فإنهما قد فرغ منهما."  واته‌: سه‌عیدی كوڕی جوبیر ،له‌ ابن عباسه‌وه‌ ئه‌گێڕێته‌وه‌ خوای گه‌وره‌ هه‌رچی بوێت ئه‌یسڕێته‌وه‌ ته‌نها به‌دبه‌ختی و خۆشبه‌ختی و ژیان و مردن نه‌بێت. له‌ گێرانه‌وه‌یه‌كی تردا هه‌ر له‌ ابن عه‌باسه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌م ئه‌یاته‌ "يَمْحُو اللَّهُ مَا يَشَاءُ وَيُثْبِتُ " وتویه‌تی هه‌موو شتێك ده‌گرێته‌وه‌، ته‌نها ژیان و مردن و به‌دبه‌ختی و خۆشبه‌ختی نه‌بێت ، چونكه‌ ئه‌وانه‌ ته‌واو و بوونه‌ و ده‌ستیان لێ هه‌ڵگیراوه‌ .

  قال مجاهد "يَمْحُو اللَّهُ مَا يَشَاءُ وَيُثْبِتُ " إلا الحیاه‌ والموت، والشقا‌ء والسعادة‌ فإنهما لا یتغیران. واته‌: موجاهیدیش ده‌رباره‌ی ئه‌م ئایه‌ته‌" يَمْحُو اللَّهُ مَا يَشَاءُ وَيُثْبِتُ " ده‌ڵێت هه‌مووی ئه‌گرێته‌وه‌ ته‌نها و مردن و به‌دبه‌ختی و خۆشبه‌ختی نه‌بێت ، چونكه‌ ئه‌وانه‌ ناگۆڕێن. كه‌واته‌ زانیمان ده‌سته‌ی یه‌كه‌م تێگه‌یشتنی بۆ ئایه‌ته‌كه‌ گشتی (عام) نییه‌، به‌ تایبه‌تی (المخصوصي) داده‌نێن. پابه‌ندی چوار چه‌مكی ئه‌كات كه‌ ئه‌وانه‌ ناگرێته‌وه‌، وه‌كو مردن و ژیان و به‌دبه‌ختی و خۆشبه‌ختی .

ده‌سته‌ی دووه‌م پێكهاتوون له‌  (عمر، وابن مسعود، وأبي وائل، والضحاك، وابن جريج وكعب الأحبار، والكلبي.) بیر و بۆچوونه‌كانی ئه‌م ده‌سته‌یه‌ بۆ ئایاته‌كه ‌"يَمْحُو اللَّهُ مَا يَشَاءُ وَيُثْبِتُ "  ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئایه‌ته‌كه‌ گشتییه‌ و تایبه‌تمه‌ند نییه‌ به‌ هیچ شتێكه‌وه‌ و هه‌ر شتێك له‌ قه‌ده‌ریشدا بێت، ئه‌گه‌ر قه‌زایش كرابێت و بڕیاری له‌سه‌ر درابێت شیاوی سڕینه‌وه‌ و جێگرتنه‌وه‌ و گۆڕین و جێگیركردنه‌ . ته‌نانه‌ت ته‌مه‌ن و ژیان و به‌دبه‌ختی و خۆشبه‌ختی  ده‌كرێت بگۆڕێت دوای جێگیربوونی، بسڕێته‌وه‌ دوای نووسینی، درێژ بكرێته‌وه‌ پێش كۆتایی پێهێنانی له‌ چوارچێوه‌ی سیسته‌می هۆكاره‌كان و به‌كارهێنانی هۆكاره‌كان وه‌كو دوعا و كرده‌وه‌ی چاك و به‌خشین و په‌یوه‌ندی به‌سۆزی خزمایه‌تی .

ئه‌گه‌ر سه‌یری ته‌فسیری (ابن كثير ، الطبري ، القرطبي ، ابن جوزي ،  السيوطي ، الالولسي ، الشوكاني ، الرازي ، ابو حيان) بكه‌ین له‌ لێكدانه‌وه‌ی ئه‌م ئایه‌ته‌كه‌دا بۆ وته‌كانی ده‌سته‌ی دووه‌م  ده‌بینین وته‌ی به‌ناوبانگی عمری كوڕی خه‌تاب جێگیر ده‌كه‌ن به‌م شێوه‌یه‌  "عن أبـي عثمان النهديّ، أن عمر بن الـخطاب قال وهو يطوف بـالبـيت ويبكي: اللهمّ إن كنتَ كتبتَ علـيّ شِقوة أو ذنبـاً فـامـحه، فإنك تـمـحو ما تشاء وتثبت. وعندك أمّ الكتاب، فـاجعله سعادة ومغفرة . " واته‌: له‌ ابی عسمانی النهدی ئه‌یگێڕێته‌وه‌ كه‌ عمری كوڕی خه‌تاب به‌ گریانه‌وه‌ ته‌وافی به‌ ده‌وری كه‌عبه‌داكردووه‌ و وتویه‌تی خوایه‌ ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر من تاوانێك یان به‌دبه‌ختیت نووسیوه‌ بیسڕه‌وه‌، چونكه‌ تۆ ئه‌وه‌ی بته‌وێت ئه‌یسڕیته‌وه‌ و ئه‌وه‌ی بته‌وێت جێگیری ئه‌كه‌ی و سه‌رچاوه‌ی كتێبت لایه‌، سا بیكه‌ به‌ خۆشبه‌ختی و لێخۆشبوون. ده‌بینین به‌ ڕوونی عومه‌ری كوڕی خه‌تاب داوای سڕینه‌وه‌ ی تاوان و به‌دبه‌ختی ئه‌كات بۆ جێگیركردنی لێخۆشبوون و خۆشبه‌ختی له‌ ڕێگای دوعا كردنه‌وه‌. لێره‌دا ئه‌پرسین ئه‌گه‌ر گۆڕینی چاره‌نووس و قه‌ده‌ر ڕێگه‌پێدراو نه‌بوایه‌ عمری كوڕی خه‌تاب بۆچی ئه‌و دوعایه‌ ئه‌كات؟

هه‌رچی سه‌باره‌ت به‌ ابن مسعوده‌ له‌ ته‌به‌ریدا هاتووه‌ و موفه‌سیره‌كانی تریش هه‌موویان له‌ ته‌به‌ریوه‌ وه‌ریان گرتووه‌ و جێگیریان كردووه‌  " عن أبـي قِلابة، عن ابن مسعود، أنه كان يقول: اللهمّ إن كنت كتبتنـي فـي أهل الشقاء فـامـحنـي وأثبتنـي فـي أهل السعادة." واته‌: ابی قلابه‌ له‌ ابن مه‌سعود ئه‌یگێرێته‌وه‌ كه‌ وتویه‌تی خوایه‌ ئه‌گه‌ر تۆ منت له‌ به‌دبه‌ختان نوسیوه‌ ئه‌وا بیسڕه‌وه‌ و جێگیرم بكه‌ له‌ خۆشبه‌ختان. به‌ هه‌مان دوعاكردنیش هه‌ر له‌ ابن كپیر و الگبری و ته‌فسیره‌كانی تردا هاتووه‌ له‌سه‌ر أبی وائل هه‌مان دووعای عمری كوڕی خه‌تاب و ابن مسعودی كردووه‌ .

الطبری و ابن كثیر و القرطبی  وته‌ی كعب الاحبار دێننه‌وه‌ له‌سه‌ر گۆڕینی چاره‌نووس و شیاوی گۆڕینی قه‌ده‌ر و ده‌ڵێن "أن كعبـاً قال لعمر رضي الله عنه: يا أمير الـمؤمنـين، لولا آية فـي كتاب الله لأنبأتك ما هو كائن إلـى يوم القـيامة، قال: وما هي؟ قال: قول الله: [يَـمْـحُو اللّهُ ما يَشاءُ وَيُثْبِتُ وَعِنْدَهُ أُم الكِتابِ." واته‌: كه‌عبی الاحبار به‌ عمری كوڕی خه‌تابی وتووه‌ ، ئه‌ی ئه‌میری ئیمانداران ، ئه‌گه‌ر ئایه‌تێك له‌ كتێبه‌كه‌ی خوادا نه‌بوایه‌ ئه‌وه‌ی تا ڕۆژی قیامه‌ت ڕووی ئه‌دا پێم ڕائه‌گه‌یاندی، ئه‌ویش وتی كامه‌یه‌، كه‌عبیش وتی: خودا ویستی له‌سه‌ر هه‌رچی بێت ئه‌یسڕێته‌وه‌ و ئه‌وه‌یشی ویستی له‌سه‌ری بێت جێگری ده‌كات  و سه‌رچاوه‌ی كتێبی لایه‌ .

ئه‌گه‌ر به‌ڵگه‌ی موفه‌سیره‌كان و زانانیش بینینه‌وه‌ له‌ كتێبه‌كانی خۆیانه‌وه‌ به‌ وته‌ی خۆیان ده‌بینین زۆربه‌یان پاڵپشتی خۆیان ده‌ربڕیوه‌ بۆ ده‌سته‌ی دووه‌م، كه‌ به‌ڵێ ئه‌و ئایه‌ته‌ گشتییه‌ و هه‌موو شتێكی قه‌ده‌ر ده‌گرێته‌وه‌ و قابیلی سڕینه‌وه‌ و جێگیركردنه‌ له‌ژێر زانستی خوادا، هه‌روه‌ها دژی ئه‌و بۆچوونه‌ن كه‌ گوایه‌ ئه‌م ئایه‌ته‌  تایبه‌ته‌ و پابه‌ندی ئه‌كه‌ن به‌ چه‌ند شتێك و هه‌ندێ‌ چه‌مكه‌وه‌. ده‌یشڵَێن ڕووكه‌شی ئایه‌ته‌كه‌ (الظاهر الایة)  گشتییه‌و و ناكرێت تایبه‌تمه‌ند بكرێت . ئه‌گه‌ر ده‌ست پێ بكه‌ین به‌ یه‌كه‌م موفه‌سیری قورئان، له‌ڕووی باوه‌ڕپێكراویه‌وه‌ پله‌ی به‌رزه‌ و به‌ به‌ڵگه‌ سه‌یر ده‌كرێت ،ابن الكپیر له‌ ته‌فسیره‌كه‌یدا به‌ ناوی (تفسیر القرأن الكریم) له‌سه‌ر ئایاته‌كه‌ ده‌نگی خۆی ئه‌خاته‌ پاڵ ده‌سته‌ی دووه‌م  و ده‌ڵێت بۆچوونی ده‌سته‌ی دووه‌م به‌ دڵه‌وه‌ ده‌چێت و به‌ڵگه‌ی زیاتریش دێنێت بۆ پاڵپشتی قسه‌كانی عمری كوڕی خه‌تاب و هاوده‌سته‌كه‌ی. القرطبی له‌ ته‌فسیره‌كه‌یدا به‌ ناوی (الجامع الاحكام القران) له‌سه‌ر ئایه‌ته‌كه‌ ده‌ڵێت ئه‌م بابه‌ته‌ به‌ بیروبۆچوون و ئیجتهاد نییه‌، به‌ڵكو له‌سه‌ر به‌ڵگه‌یه‌ و ئه‌گه‌ر ئه‌و به‌ڵگه‌یه‌ ڕاست بوو ئه‌وا ڕاوه‌ستان له‌سه‌ری پێویسته‌، ئه‌گه‌ر نا  ئه‌وا ئه‌م ئایه‌ته‌ گشتییه‌ و هه‌موو شتێك ئه‌گرێته‌وه‌. پاشان به‌ڵگه‌كانی ده‌سته‌ی دووه‌م دێنێته‌وه‌ بۆ قسه‌كه‌ی. شه‌وكانی له‌ ته‌فسیره‌كه‌یدا به‌ ناوی (فتح القدیر) له‌سه‌ر ئایه‌ته‌كه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات ئایه‌ته‌كه‌ گشتییه‌ و دواتر ئه‌ڵێت ئه‌وه‌ی ئه‌یكوژێنیته‌وه‌  و ئه‌یسرێته‌وه‌ و جێگیری ده‌كات له‌ لوح الحفوڤ  به‌ ویستی خۆی. الطبطبائی له‌ ته‌فسیری خۆیدا له‌سه‌ر ئایه‌ته‌كه‌ (المیزان فی التفسیر القران )  دڵنیایی دده‌دات كه‌ گشتییه‌ و هه‌موو شتێكی نێوان ئه‌رز و ئاسمان ده‌گرێته‌وه‌. بۆچوونی ده‌سته‌ی یه‌كه‌میش هه‌مووی دێنێته‌وه‌ و ده‌ڵێت وته‌كانیان به‌تاڵه‌ و ناكرێت ئه‌م ئایه‌ته‌ تایبه‌تمه‌ند بكرێت به‌ ته‌مه‌ن و رزق و به‌دبه‌ختی و تاوان سڕینه‌وه‌ . الالوسی له‌ ته‌فسیره‌كه‌یا به‌ ناوی (روح المعانی)  ئایه‌ته‌كه‌ به‌گشتی ئه‌زانێت  و  زۆر به‌ توندی پاڵپشتی وته‌كان و بۆچوونه‌كانی ده‌سته‌ی دووه‌م ده‌كات هه‌تا له‌سه‌ر ئه‌مه‌ پرسه‌ نامیلكه‌ی نووسیوه‌ كه‌ قه‌زلی ئه‌زه‌لیش قابیلی گۆڕانه‌ به‌ دوعا كردن .الطنطاوی له‌ ته‌فسیره‌كه‌یا به‌ ناوی (الوسیط فی التفسیر القران الكریم ) له‌سه‌ر ئایه‌ته‌كه‌ ئه‌ڵێـت ڕووكه‌شی رێخراوه‌ی قورئان ده‌ریده‌خات گشتییه‌ و له‌ هه‌موو شتێكدایه‌ .

ئه‌گه‌ر سه‌یری ئایاته‌كانی قورئانیش بكه‌ین، وه‌كو پێنج ئایه‌تمان شیكرده‌وه‌ ئاماژه‌ی زۆر سه‌رنجڕاكێش ده‌بینن كه‌ پاڵپشتی بیروبۆچوون و تێگه‌یشتنی ده‌سته‌ی دووه‌م ده‌كه‌ن و به‌هێزی ده‌كه‌ن، كه‌ به‌ڵێ ئه‌و ئایه‌ته‌ "يَمْحُواْ ٱللَّهُ مَا يَشَآءُ وَيُثْبِتُ " گشتییه‌ و هه‌موو شتێك ده‌گرێته‌وه‌ له‌ بواری سڕینه‌وه‌ و جێگیر كردندا .

ئێستا دێینه‌ سه‌ر حه‌دیسه‌كان بۆ پاڵپشتی كردنی ده‌سته‌ی دووه‌م وه‌كو به‌ڵگه‌ی به‌هێز و خۆ لێ لانه‌ده‌ر له‌سه‌ر ڕۆڵ و به‌شداری مرۆڤ له‌ نووسینه‌وه‌ی چاره‌نووسی خۆیدا، به‌ هه‌مان شێوه‌ی ئایه‌ته‌كانی قورئان زۆر زۆرن جێگای ئه‌وه‌ نییه‌ هه‌مووی بێنینه‌وه‌.ئه‌و حه‌دیسانه‌یش وه‌كو وتمان له‌سه‌ر كرده‌وه‌ی چاك، سه‌ردانی خزم و كه‌س و كار  و به‌جێهێنانی په‌یوه‌ندی به‌سۆزه‌ له‌گه‌ڵیان،چاكه‌كاری له‌گه‌ڵ دایك و باوكدا،پاره‌ به‌خشین و دوعا كردنه‌وه‌ شیاوه‌ به‌دبه‌ختی بگۆڕێت بۆ خۆشبه‌ختی و ته‌مه‌ن درێژ بكه‌ینه‌وه‌. پله‌ی باوه‌ڕپێكراوی هه‌ریه‌كه‌یشیان له‌ حه‌سه‌ن كه‌متر نییه‌ له‌ زانستی فه‌رمووده‌دا .

حه‌دیسی یه‌كه‌م له‌سه‌ر به‌جێهێنانی په‌یوه‌ندیه‌ له‌گه‌ڵ خزم و دۆستان "عن أنس رضي الله عنه أن النبي صلى الله عليه وسلم قال: من سره أن يبسط له في رزقه وأن ينسأ له في أثره فليصل رحمهِ" (البخاري ومسلم متفق عليه)  واته‌: هه‌ر كه‌سێك پێی خۆشه‌ رزقه‌كه‌ی درێژ بكرێته‌وه‌ و ته‌مه‌نی زیاد بێت ئه‌وا با په‌یوه‌ندیسۆزداری له‌گه‌ڵ خزم ودۆستان به‌ جێ‌ بگه‌یه‌نێت. لێردا وته‌بێژ پێغه‌مبه‌ره‌ (صلی الله علیه وسلم)، حه‌دیسه‌كه‌ له‌ هه‌ردوو سه‌حیحی بخاری و موسلیمدا هه‌یه‌ و به‌ ڕوونی و بێ پێچ و په‌نا و لێكدانه‌وه‌ بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ به‌جێهینانی په‌یوه‌ندی خزمایه‌تی و پێدانی سۆز و خۆشه‌ویستی بۆیان هۆكاره‌ بۆ درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌ن و زیادكردن و به‌ فه‌ڕكردنی رزق .

حه‌دیسی دووه‌م  له‌سه‌ر بوون به‌ دراوسێی باش و ڕه‌وشت به‌رزی و په‌یوه‌ندیان به‌ چانووسی مرۆڤه‌وه‌: "عن عائشة رضي الله عنهما أن النبي صلى الله عليه وسلم قال: «صلة الرحم، وحسن الخلق، وحسن الجوار، يعمرن الديار، ويزدن في الأعمار" ( أخرج الإمام أحمد في مسنده والبيهقي عن (صححه العلامة في صحيح الجامع: 3767). واته‌: له‌ عایشه‌وه‌ ره‌زای خوای لێبێت پێغه‌مبه‌ر صلی الله علیه وسلم وتویه‌تی (به‌جێهێنانی په‌یوه‌ندی به‌سۆزی له‌گه‌ڵ خزم ودۆستان ، ڕه‌وشت به‌رزی ، بوون به‌ دراوسێیه‌كی باش ، وڵات ئاوه‌دان ئه‌كه‌نه‌وه‌ و ته‌مه‌نه‌یش درێژ ده‌كه‌نه‌وه‌. كه‌واته‌ مرۆڤ به‌ به‌كارهێنانی هۆكاری ڕه‌وشت به‌رزی، بوون به‌ دراوسێیه‌كی باش، به‌جێهێنانی په‌یوه‌ندی  له‌گه‌ڵ خزم و دۆستان ده‌توانێت  ڕۆڵی هه‌بێت له‌نوسینه‌وه‌ی چاره‌نووسی خۆی و وڵاته‌كه‌ی، بۆ چاره‌نووسی خۆی ئه‌وه‌یه‌ ته‌مه‌نی درێژ بكاته‌وه‌، چاره‌نوسی وڵاته‌كه‌یشی  ئه‌وه‌یه‌ ئاوه‌دانی بكاته‌وه‌ .

حه‌دیسی سێیه‌م ڕه‌نگدانه‌وه‌ی كردنی كرده‌وه‌ی چاك و چاكه‌كاری و به‌خشین  له‌نوسینه‌وه‌ی چاره‌نووسی مرۆڤدا: " عن أبي أمامة قال: قال رسول الله صلى الله عليه وسلم: "صنائع المعروف تقي مصارع السوء، وصدقة السر تطفئ غضب الرب، وصلة الرحم تزيد في العمر " (اخرجه طبراني ، صححه الالباني)  واته‌: له‌ ئه‌بی ئومامه‌وه‌ ئه‌گێرێته‌وه‌ كه‌ پێغه‌مبه‌ری خودا صلی الله علیه وسلم ئه‌فه‌رمێت چاكه‌كار له‌ ئاكامی خراپ پارێزراوه‌، به‌خشینی نهێنی توڕه‌یی خودا ئه‌كوژێنێته‌وه‌ و به‌جێهێنانی سه‌ردانی خزم ودۆستان ته‌مه‌ن درێژ ده‌كات .

حه‌دیسی چواره‌م و به‌ دوو گێرانه‌وه‌ی جیاواز باسی گرنگی  و سوودی پاڕانه‌وه‌یه‌ (دوعا) له‌سه‌ر قه‌ده‌ر و گۆڕینی چاره‌نووس "ولا يرُدُّ القَدَرَ إلا الدُّعاءُ" (فأخرجه أحمد والترمذي وابن ماجه، وحسَّنه الألباني في الجامع) (پێغه‌مبه‌ر صلی الله علیه وسلم ده‌فه‌رموێت: ته‌نها دوعا قه‌ده‌ر ئه‌گێڕێته‌وه‌.  عن عائشه‌ أن النبی صلی الله علیه وسلم قال: "والدعاء ينفع ممَّا نزل وممَّا لم ينزل، وإن البلاءَ لينزل فيتلقَّاهُ الدُّعاء فيعْتَلِجَانِ إلى يوم القيامة". واته‌: دوعا سودبه‌خشه‌ به‌وه‌ی دائه‌به‌زێت و به‌وه‌ی دانه‌به‌زیوه‌ و، به‌ڵا و تاقیكاری دائه‌به‌زێت و ڕووبه‌ڕووی دوعا ئه‌بێته‌وه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كا تا ڕۆژی قیامه‌ت. (الحديث حسَّنه الألباني في (الجامع روى الحاكم). حه‌دیسی پێنجه‌م بریتییه‌ له‌ "وقنی شر ما قچیت."( رواه أحمد وأصحاب السنن). واته‌ : بمپارێزه‌ له‌ شه‌ڕی ئه‌وه‌ی قه‌زات كردووه‌. به‌ گوێره‌ی ئه‌م به‌ڵگه‌ حه‌دیسه‌یه‌ ئه‌توانرێت گۆڕانكاریش له‌ قه‌زادا بكرێت كه‌ لایه‌نی جێبه‌جێكردن و كرداره‌كی فه‌رمانه‌ خوایه‌كانه‌، خۆ ئه‌گه‌ر په‌ناگرتن له‌ شه‌ڕی قه‌زای خودایی ڕێگه‌پێدراو نه‌بوایه‌، ئه‌وا ڕێگه‌پێدرا نه‌بوو ئه‌و دوعایه‌ بكرێت. كه‌واته‌ بۆمان ده‌ركه‌وت ئه‌م حه‌دیسانه‌ و چه‌ندانی تریش هه‌ن  دڵنیای ده‌ده‌ن و ئاماژه‌یان تیایه‌  بۆ ڕۆڵی كرداری مرۆڤ له‌ نوسینه‌وه‌ی چاره‌نووسی خۆیدا. بیروبۆچوونی ده‌سته‌ی دووه‌م به‌هێز ده‌كه‌ن له‌وه‌ی مرۆڤ شیاوه‌ به‌ به‌كارهێنانی هۆكار و ئامرازه‌كان له‌ نێو قه‌ده‌ردا به‌شداربێت له‌ گۆڕانكاری و نوسینه‌وه‌ی چاره‌نووسی خۆی .

ئه‌وه‌ی ماوه‌ته‌وه‌ بیڵێین بۆچوونی ده‌سته‌ی  دووه‌م په‌سه‌ند ده‌كه‌ین كه‌ ده‌ڵێن ئایه‌ته‌كه‌ "يَمْحُواْ ٱللَّهُ مَا يَشَآءُ وَيُثْبِتُ"  گشتییه‌ و هه‌موو شتێك ده‌گرێته‌وه‌. هه‌موو شتێك هه‌ر له‌ ته‌مه‌ن و رزق و به‌به‌دختی و خۆشبه‌ختی ، قابیلی گۆڕان و سڕینه‌وه‌ و جێگیركردنه‌ له‌ ژێر زانستی خودا. په‌سه‌ندێكه‌یشمان له‌سه‌ر بنه‌مای بیركردنه‌وه‌یه‌كی بێ لایه‌نی و وردی ئه‌و ئایه‌ته‌ و ئایه‌ته‌كانی تریش له‌ قورئاندا به‌ سه‌دانن كه‌ ئاماژه‌یان تیایه‌ بۆ ڕۆڵی مرۆڤ، ئازادی مرۆڤ و به‌شداری مرۆڤ له‌ نوسسینه‌وه‌ی چاره‌نووسی خۆی له‌ژێر زانستی خودا، پاشان ئه‌و فه‌رمووده‌ ڕاست و حه‌سه‌نانه‌ی هێنامانه‌وه‌ به‌ گوێره‌ی پێویست باس له‌ ڕۆڵی كرده‌ی مرۆڤ ده‌كه‌ن له‌ نووسینه‌وه‌ی چاره‌نوسیدا، دواتر بۆچوونی موفه‌سرینیشمان بینی به‌شێكی گه‌وره‌یان هه‌مان بۆچوونی ده‌سته‌ی دووه‌میان پێ په‌سه‌ند و ڕه‌وایه‌ كه‌ ئایه‌ته‌كه‌ گشتییه‌ و تایبه‌ت نییه‌.بۆیه‌ ناكرێت قه‌ده‌ر به‌ زۆر سه‌پێنراو بێت و پێشینه‌ نوسراوبێت . كرده‌وه‌ی مرۆڤی په‌ك بخرێت كه‌چی مرۆڤ ئازاد بێت، خاوه‌نی بیر و بیركردنه‌وه‌ بێت به‌ توانای خۆی، سیسته‌می هۆكاری گه‌ردوونیش دانرابێت، لێپرسینه‌وه‌یشی له‌گه‌ڵ بكرێت له‌سه‌ر كرده‌وه‌كانی! ئه‌گه‌ر وا بێت ئه‌وه‌ مرۆڤ نییه‌، به‌ڵكو ڕۆبۆتێكه‌ و لێپرسینه‌وه‌ی له‌سه‌ر نییه‌.به‌ڵكو مرۆڤ ڕۆڵی هه‌یه‌ له‌ نوسینه‌وه‌ی چاره‌نووسی خۆیدا به‌ ئازادی و به‌شداری و هه‌ڵبژاردنی خۆی له‌ناو قه‌ده‌ردا له‌ژێر زانستی بێ كۆتایی خوادا. هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و ئازادی و به‌شداری و هه‌ڵبژاردنه‌یشه‌ دادگای خودایی ده‌كرێت له‌سه‌ر كرده‌وه‌كانی له‌ ڕۆژی دوایدا. ئه‌وه‌یشی بیروبۆچوونی جه‌بر و سه‌پێنراوی هێنایه‌ كایه‌وه‌ ، گوایه‌ هه‌موو شتێكی مرۆڤ پێشینه‌ ئاكامكراوه‌ و نوسراوه‌ته‌وه‌ له‌لایه‌ن خوداوه‌ و كه‌س نابێت به‌رهه‌ڵستكاری بكات. سیاسه‌ت  و به‌رژه‌وه‌ندی كورسی  و ویلایه‌تی پادشایی بوو، بۆ به‌رگری كردن له‌ مانه‌وه‌ و درێژه‌پێدانی كورسی ده‌سه‌ڵات و نه‌گۆڕینی ویلایه‌تی پادشا ، شاردنه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و كرده‌وه‌ی پیس، له‌كه‌دار، شه‌رمهێنه‌ر، خه‌ڵه‌تێنه‌ر به‌ناوی دینه‌وه‌، كپكردنی بۆچوونه‌ جیاوازه‌كان و ده‌نگه‌ ئازاده‌كان له‌ ڕێگای زۆرلێكردن و له‌ناوبردنی به‌رهه‌ڵستكاران و نه‌یارانی ده‌سه‌ڵات و پادشا به‌ كوشتنیان. گوایه‌ هه‌موو ئه‌مانه‌ كرده‌وه‌ی خوایین و پێشتر له‌لایه‌ن خواوه‌ نوسراوه‌ته‌وه‌ و ئه‌م سته‌مكار و بكوژانه‌ هیچان له‌سه‌ر نییه‌، بیروباوه‌ڕی جه‌بری و سه‌پاندن داهێنرا .

 ئه‌وه‌ی له‌ كۆتایدا گرنگه‌ ئاماژه‌ی پێ‌ بدرێت سوودی ئه‌م بابه‌ته‌یه‌، سووده‌كه‌ی خۆی ده‌بینێته‌وه‌ له‌ به‌رزكردنه‌وه‌ی هه‌وڵدان و چالاكردنی كه‌سه‌كان و تاكه‌كان بۆ ڕووكردنه‌ كرده‌وه‌ی چاك و چاكه‌ كاری. وزه‌یه‌كی ئازادی رۆحییه‌ بۆ هه‌مووان به‌ ئاگامان ده‌كات له‌وه‌ی خۆشمان بڕیارده‌رین له‌ چاره‌نووسی خۆمان. هیوا به‌خشینه‌ به‌تاوانباران و به‌دبه‌ختان كه‌ بێ هیوا نه‌بن له‌ ژیان و ڕۆژی دوایی .فێرمان ده‌كات پۆزه‌تیڤانه‌ بیربكه‌ینه‌وه‌ له‌وه‌ی هه‌موو شتێك بۆ مرۆڤ پێشینه‌ دیاریكراو نییه‌، به‌ڵكو مرۆڤیش خاوه‌نی به‌شداری و هه‌ڵبژاردنه‌ به‌ ئازادی له‌ دیاریكردنی چاره‌نووسی. دووباره‌ ژیانه‌وه‌ی ناخ و كه‌سیایه‌تیمانه‌ به‌ره‌وه‌ به‌هێزبوون  و باڵا بوون به‌ ڕۆڵ و هه‌وڵدانی خۆمان. له‌سه‌ر ئاستی كۆمه‌ڵایه‌تی گۆمه‌ڵگایه‌كی ئاكتیڤ و چالاك  بۆ كاركردن به‌رهه‌م دێنێت. كۆمه‌ڵگایه‌كی به‌ ئاگا و به‌هه‌ست ده‌بێت له‌ ئاستی چاره‌نووسی و داكۆكی كردن له‌ چاره‌نووسی. له‌ ئاستی ڕۆشنبیری كۆمه‌ڵگایشه‌وه‌ به‌م تێڕوانین و ڕوحێته‌وه‌ ئه‌توانرێت زۆر كاریگه‌رانه‌ ڕۆشنبیری  بنیات بنرێت، نه‌ك به‌ ڕوحێكی به‌زیوی دوور له‌واقیع ، چاوی ته‌نها له‌ زیندوكردنه‌وه‌ی مێژوو بێ .



Share :

بابەتی زیاتر

زۆرترین سەردان کراو

پرسیار و وەڵام
پێنووسی تۆ
At the same time, the US Pacific Command spokesman rolex uk Dave Benham confirmed to the media, the rolex replica watches headquarters in Hawaii time 15 at 11:21 (Beijing time at 5:21 on the replica rolex watches 16th) to detect North Korea in the missile test The Benham said the missile had exploded immediately after the launch. The US military is assessing what kind of missiles the test shot is.




کتێب
  • شتێكی كه‌م له‌باره‌ی (یاشار كه‌مال) و (ت
  • په‌یكه‌ر و وێنه له‌نێوان ده‌ق و واقیعدا‌
  • له‌باره‌ی ڕۆمانی (كاتژمێری بیست و پێنجه‌
  • زمان له‌ كتێبی (یه‌ک کاتژمێری ماوه‌ بۆ ن
  • قسه‌یه‌ك له‌مه‌ڕ كتێبی پێشبینی لێزانه‌ ق
  • دیاردەی هەڵگەڕانەوە لە دین
ڕاپرسی

شێوازی نوێی ماڵپەڕی هاوسانیت پێ چۆنە؟