خەیاڵپڵاوى

فیکر 2017-09-28 کۆمێنت 1634 جار بینراوە

خەیاڵپڵاوى

نووسینی: مصطفی محمود

وەرگێڕانی: یوسفی مەلا خەلیل

محەمەد ئەفەندیى بەسیوونی پیاوێکى سادە بوو، نیوەى تەمەنى لە خوێندندا بەسەر بردووە و نیوەکەى دیکەیشى خەریکى لە بیرکردنى ئەو خوێندنەى ڕابردوویەتى لە نووسینگەى کارەکەیدا .

ئەو لە دونیادا هیچ شتێکى لە کن گرینگ نییە، تەنیا یەکڕستە نەبێت پێى پڵێى، "قۆپچەى چاکەتەکەت کراوەتەوە و شێوەت شێواوە و، بەڕێز نایەیتە پێش چاو"! ئاخر ئەو جگە لە ڕێز چ نموونەیەکى ترى باڵاى لە بەرچاودا نییە .

بە درێژایى تەمەنى تەنیا بە دووى یەک ئامانجدا وێڵە، ئەویش ڕێزە !

ڕۆییشتە کۆلێژى بازرگانى، بۆ ئەوەى پێى بێژن "فێرخوازێکى بەڕێزى زانستگەیە"، خێرا پەیوەندیى بە کارێکەوە کرد، سا بڵێن فەرمانبەرێکى ڕێزدارە. پێشوەخت ژیانى هاوسەرى پێکهێنا، بەڵکوو بڵێن هاوسەرێکى هێژایە !

لە مانگى هەشتدا (تەڕبووشى) لەسەر دەکرد و بۆینباخى لە مل دەکرد بۆ ئەوەى بڵێن، پیاوێکى شایستەیە !

ئەو بەرلەوەى بپەیڤێت، تاوێک تێدەفکرێت، نەک سەبارەت بەو شتەى خۆى ئارەزووى گوتنى هەیە، نا بەڵکە بەتەمایە بزانێت لە سات و بۆنە و شوێنە گشتییەکاندا چ گوتەیەک کەسە ڕێزدارەکان پتر پاتەى دەکەنەوە تا ئەمیش وەک ئەوان بیڵێتەوە، پاشان بە خۆشحاڵییەوە قسەى وان کەسان دووبارە دەکاتەوە و نێولەپى دەستەکانى وێک_دەخشێنێ و بەملاولاى خۆیدا سەرێک سووڕ دەدا تا ئەو چاوانە بچنێتەوە کە بە ڕێزەوە تەماشاى دەکەن، هەر وەک چۆن جووتیار بەرى لۆکەى کێڵگەى دەچنێتەوە !

ئەو ژنەکەى خۆى خۆش ناوێت، ژنەکەیشى حەوسەڵەى ئەمى نییە، هاوزەمان پاریزگاریى لە ڕووکەشى پەیوەندیى نێوانیان دەکات، تەنیا بۆ ئەوەى بە هێژایى بمێنێتەوە !

ناتوانیت بە تەواوى بزانیت ئەو کێیە، ئاخر ئەو زۆربەى کات ئەو خودە نییە کە هەر پیاوێکى سەربەست خاوەنیەتى .

ئەو هەردەم بەو لەونەیە کە تۆ دەتەوێت، نەک ئەوەى خۆى خولیایەتى و، دەمێکە کەسایەتیى خۆى لە بەرانبەر چنگخستنى ڕێز و ڕەزامەندیى خەڵکییدا فرۆشتووە و، بۆ تاقە ساتێکیش نەکۆشاوە، بیر لە ماناى ئەم هێژابوونە بکاتەوە و تا هەنووکە نە مشتومڕێکى لەبارەوە کردووە و نە گومانێکى لا گەڵاڵە بووە !

لە لاى ئەو، ڕێزداربوون بڵندترین بەهایە کە هەرچیى ڕاستییە لە ئاستیدا دەکوژێتەوە، تەنانەت هەقیقەتى خۆیشى !

ڕۆژێک محەمەد ئەفەندییم پێ گەییشت و دەموچاوى بێزاریى لێ دەبارى. منیش پرسیم چیى بووە؟ لەوپەڕى گرژییدا گوتى، نەفرەت لەم نەوەیە، بیهێنە پێش چاوت خزمەتکارێکمان هێشتا تەمەنى شانزدەساڵانى تێ نەپەڕاندووە، ئەمڕۆ دەرکەوت کە سکپڕە و بانگەشەى ئەوەیش دەکات ئەو ڕووداوە بە هۆى کوڕەکەى منەوە بووە! درۆزنى کچى درۆزن، ئاخر مەگەر دەکرێت کوڕى من وەها کارێک ئەنجام بدات! کوڕەکەى من لە ماڵباتێکى نێودار و هێژادا پەروەردە بووە .

منیش بە ئارامییەوە پێم گوت، ئەم جۆرە پێشهاتانە نایەنە پێش تەنێ لە خێزانە بەڕێزەکاندا نەبێت !

ئەو خێزانانەى بە دەست قەبزییەکى درێژمەوداوە دەناڵێنن، گەر ڕۆژێکیش لە پڕدا بەو هۆیەوە ڕیخۆڵەیان بتەقێ، تووشى رووداوێکى سەیر نەهاتوون ...

_ ئەم قسە پڕوپووچانە چیین تۆ دەیانڵێیت؟ !

+ من تەنیا ڕاستییەکان دەڵێم، چییت بەسەر خزمەتکارەکەدا هێنا؟

_ بێ گومان وەدەرم نا، مەگەر دەکرێت لەگەڵ ئەم بەڵایەدا ژیان بەسەر ببەم؟ !

+ وا دیار بوو کەیفى بە سەرنجەکانى منیش نەدەهات، ئاخر منیش بۆ ئەو جۆرێکى دیکەى بەڵا بووم کە نەیدەویست هاوڕێگەم بێت .

ئەو بە ڕێگەى خۆیدا ڕۆییشت و منیش بە ڕێگەى خۆمدا، لێ هەر بیرم لێ دەکردەوە ئەو ئێستا گەڕایەوە بۆ ئەوەى لەگەڵ ژنێکدا بخەوێت کە هیچ خۆشى ناوێت و ئەویش هەمانشێوەیە بۆ ئەم. هەموو ئەمانە تەنیا لە پێناو هێشتنەوەى ڕێزدا !

ژنەکەیشى بە هەمانڕەنگ گشت ئەو دژوارییانە تەنیا بۆ خاترى سێ ژەم و خەرجییەکى ڕۆژانە و دیسانەوە ڕێزدا، قەبووڵ دەکات !

ئەو کوڕەى بیست ساڵى تەواو هەڵستان و دانیشتنى تەنیا خواردن و خواردنەوەى ڕێز بو، لە پێناو ساتێک ئاوێزانبوون لەگەڵ خزمەتکارێکدا، هەرچیى ڕێزە بە یەکجار هەڵى ڕشاندەوە !

لە کۆتادا، دەکرێت بڵێین قوربانیى هەموو ئەم کارەساتانە کچەى بەلەنگاز بوو! ئاخر ئەو کارەکەى و پاکی و ژیانیشى لە پێناو دووگیانییەکى نادیاردا لە دەست دا ...

هەموو ئەمانە بەبێ بەرانبەر، خۆ ئەم (کچە) ڕێزیشى بۆ هەمیشەیى لە دەست چوو! تەنانەت ڕێز بوو بە دزێوترین ناو لە یادگەیدا .

بە ڕاى من، ئەوە هەموو مرۆڤێک خەمبار دەکات، چون ئەوى بێچارە لە جیاتیى هەموو ئێمە، باجى هەڵەکانى دا. ئەوە ئەو داوێنپیسییە بچووکەیە، کە هەموو داوێنپیسییە گەورەکانی نێو چواردیواری ماڵانی بە نێوی هاوسەرگرییەوە پێ دادەپۆشرێت و، یەک لە دیارترین ئەو دووڕووییانەى کۆمەڵگەیشە کە بە نێوی ڕێزەوە، ڕووى ڕاستینەى خۆیانى پێ پەردەپۆش دەکەن !

محەمەد ئەفەندیى کابرایەکی تا بڵێى دووڕووە، هەرچەند دەمامکى جۆربەجۆرى ڕێزى پۆشیوە، کوڕەکەیشى تاوانەکەى زۆر لە تاوانى ئەو (کچە) داماوە گەورەترە کە هەڵەى هەمووانى بەسەردا ساخ بوویەوە ...

تاگەکان    
کوردستان شەڕ ژیانی پێغەمبەر سەرفیترە وەلی ئەمر کۆمه‌ڵه‌ بەڵگه‌یه‌ک که‌ له‌ شوێنی خۆیاندا نین نامە فەلسەفەی ئەخلاق گەڕان نائومێدی کونە ڕەشەکان خێوەتگە جنۆکە کتێب ڕانانی کتێبب
فیکر
2017-09-28 کۆمێنت 1634 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی