ڕیشه‌ی ته‌نیایی مرۆڤ

فیکر 2017-11-17 کۆمێنت 3816 جار بینراوە

نووسینی: غوڵامحوسێن ئیبراهیمیی دینانی

وەرگێڕانی: موحەمەد دلێر

تەیکردنی ئەو ڕێگەیەی لە نێوانی جیهانی (حصول) و عالەمی (حضور)دا کێشراوە، تەنیا کاتێک ئەگەری ڕوودانی هەیە کە مرۆڤ بتوانێت مەودایەک لە خۆی دوور بگرێت، لەوێدا کە کەسەکە ئەو مەودایە لە خۆی دوور دەگرێت، جیاوازیی نێوان (خودی حەقیقی) و (خودی مەجازی)یش خۆی دەنوێنێت. ئەو کەسانەی ناتوانن ئەم ڕێگایە تەی بکەن و خودی حەقیقی لە خودی مەجازی جیا بکەنەوە، لە دیاریکردنی هەوراز و نشێوی وشەکان و جیاوازیی میانەی لایەنی دەرەکی و ناوەکیی لەفزەکانیشدا ڕووبەڕووی کێشە دەبنەوە. مەوداگرتن لە خود بە جۆرێک لە جۆرەکان دەبێتە هۆکاری تەنیایی مرۆڤەکانیش.

     یەکێک لە بیرمەندە گەورەکان لە ڕستەیەکی کورتدا وتوویەتی: "ئەگەر من لە بیری خۆمدا نەبم، کێ لە بیری مندا دەبێت؟ ئەگەر تەنیا لە بیری خۆمدا بم, چ بەهایەکم دەبێت؟ ئەگەر ئێستا لە بیرکردنەوەدا نەبم، ئەو کاتە چ کاتێکە؟"، وتەی ئەم بیرمەندە لە چەند ڕوویەکەوە تاوتوێکردن و لێکدانەوە هەڵدەگرێت. (من) کاتێک بە جێناوی (من) لەبارەی خۆمەوە دەدوێم، بۆگەڕاوەی جێناوی (من)؛ دیمەنی ئامادەیی (من)ە و لە دیمەنی ئامادەیی مندا؛ جگە لە (من) کەس بوونی نییە. لەم خەڵوەتگەیەدا کە دەتوانرێت بە نهێنیی سوەیدا ناو بنرێت (سوەیدا خاڵێکی ڕەشە لە دڵدا کە شوێنی هەستەکانە)، جگە لە من, هەر شتێکی تر بە بێگانە (غەیر) دەناسرێت.

     پرسێکی بونیادی و گرنگ کە لێرەدا دێتە پێشەوە، ئەوەیە کە (من) چۆن دەتوانم تێبگەم لەوەی جیایە لە (من) و ئەگەر هەمیشە لەم خەڵوەتگەی خودەدا کە (نهێنیی سوەیدا)ی پێ دەوترێت، قەتیس بم، چیم بۆ وتن دەبێت؟

     بە چاوپۆشین لەوەی چۆن دەتوانین لەو بازنەی بۆگەڕاوەی (من)ەدا هەنگاو بەرەو دەرەوە بنێین و سنووری نێوان (من) و (جگە لە من) هەڵبگرین، لەوە دڵنیاین کە مرۆڤ تا نەتوانێت ئاگایی لە بازنە و ناوچەی تایبەتی بوونی خۆی بە دەست بهێنێت, نابێتە خاوەنی شوناسی مرۆیی. بۆگەڕاوەی جێناوی (من) کە بە ناوچە و سنووری تایبەتی کەسی دەناسرێت، خەڵوەتگایەکی تایبەتە کە بێگانە ناتوانێت بەرەو ئەوێ هەنگاو هەڵهێنێت، ئەمەش هەمان ئەو شتەیە کە (تەنیایی مرۆڤ) نیشان دەدات. ئەم تەنیاییە جۆرێکە, بە ڕۆشتنە ناو قەرەباڵغییش ناڕەوێتەوە. ئەم تەنیاییە حەقیقەتی شوناسی کەسەکی پێک دەهێنێت و ئەوەی ئاگای لەم خەڵوەتە نەبێت، توانای دەرککردنی مانای ژیانی مرۆیی نابێت.

     کورتەی قسە ئەمەیە: مانای تەنیایی لە پەیوەندیی بە باسی بونیادیی (من) و (جگە لە من)ەوە پێک دێت، تا کاتێک ئەم پرسە باس نەکرێت, ناتوانرێت دەربارەی ئاگایی قسە بکرێت، ئەڵبەتە لە جێیەکیش کە ئاگایی نەبێت, مرۆڤ ناتوانێت بژی. باسی تەنیایی مرۆڤ هەر لە ڕۆژگاری کۆنەوە لە بەرهەمی هەندێک لە فەیلەسووفاندا بە شێوەی جیاواز هێنراوەتە بەر باس، بەڵام لە ڕۆژگاری ئێمەدا زیاد لەوەی دەربارەی خودی تەنیایی مرۆڤ قسە بکرێت، دەربارەی پارچەپارچەبوونی سوناسی مرۆڤ قسە دەکرێت. ئەڵبەتە کاتێک تەنیایی مرۆڤ فەرامۆش دەکرێت، بە دوایدا یەکپارچەبوونی مرۆڤیش فەرامۆش دەکرێت و لە ئەنجامدا پارچە پارچە و لەتوپەت دەبێت.

    

ڕیشەی تەنیایی مرۆڤ لە دیدی نووسەرانی جیهانەوە

زۆرێک لە نووسەرانی ئەم ڕۆژگارە, ئاوڕیان لە (تەنیایی مرۆڤ) داوەتەوە و لە ڕستە شیعری – فەلسەفەییەکانیاندا, یان لەو شیعرانەدا کە بە شێوازێکی نوێ دەریانبڕیون, ئەم (تەنیایی مرۆڤ)ەیان خستووەتە بەر باس. یەکێک لەوانە لە زمانی خۆرئاوابوونی کەنار دەریاوە کە دوورترین جێیەکە چاو بڕی بکات و کۆتاییترین ئاسۆی دیدەنی مرۆڤە، دەست پێ دەکات و دەڵێت: خودی مرۆڤ تەنیاییە. پشکی هەر تاکێک لەم ژیانە, ڕادەی تەنیاییەتی. پێشگۆ (پێشبینیکەر)، تەنیایی بە مانای ورد و ڕێکی ژیان دەزانێت، واتە چەندێک هەست بە تەنیایی بکەین؛ بەو ئەندازەیەش هەستمان بە ژیان کردووە. بەڵێ، ژیان تەنیاییە و تەنیاییش ژیان. ئەم وتەیەی پێشگۆکە، کەنارێکی دوورەدەست دەیگێڕێتەوە کە ڕووی لە خۆرئاوا واز بووە. ئەو کەنارە، ڕەنگە مانای تەنیایی و ژیانی بە ئەندازەی پێشگۆ زانیبێت و ڕەنگیشە ئەم پێشگۆیە بە ئەندازەی ئەو. هەر چۆنێک بێت، ئەم وتەیەی ئەو پێشگۆیە, لە زمانی خۆرئاوابوونی کەنارێکەوە گواستراوەتەوە و بە ئێمە گەیشتووە.

     لێرەدا بەم چەشنە زیادەیەک دەڵێم کە: خۆرئاوابوونی کەنار دەریا، نەک تەنیا دەربارەی تەنیایی دەدوێت، بەڵکو ئەگەر سینەی ئەم کەنارە شەق بکەیت، ئەگەری زۆرە ئاماژە بە نهێنییانێک بکات کە تەنیا لەگەڵ مەیدانی فراوانی نهێنیی خاڵی ڕەشی دڵی مرۆڤدا گونجاوییان هەیە. کاتێک دەربارەی ڕازی سکووت دەدوێین، لە قووڵترین بازنەی بوونی مرۆڤدا هەنگاو دەنێین و لەوێشدا کەنارێکی دوورەدەست دەبینین کە ڕووی لە خۆرئاوابوون واز بووە. ئەوەی ئاشنای ڕازەکانی سکووتە، چەندێک حەزی خۆی بۆ گفتوگۆی بەجێ پیشان دەدات, بە هەمان ئەندازە لە دەمەقاڵێ لەگەڵ پڕوپاگەندەکاراندا خۆی بە دوور دەگرێت, لێرەدایە کە فەلسەفە مرۆڤ لە بن کێلکیدا دەبینێت و بەدیهاتنی بوونەوەرانیش بە جۆرێک لە فەلسەفە هەژمار دەکات. ئەوەی بەدیهاتنی بوونەوەران بە  فەلسەفە دادەنێت، بە دوای بیسەرێکدایە کە نەزانراوەکانی خۆی لێلدا باس بکات، لێ بۆ بیستنی نەزانراوەکان چ کەسێک دەتوانێت شایستەتر بێت لە خودی خۆی؟

     ئەوەی دەتوانێت گوێ لە نەزانراوەکانی خۆی بگرێت، لێل (تەعەققولی مەستی)یشدا ئاشنا دەبێت و لە (مەستیی تەعەققول)دایە کە عیشق دەردەکەوێت. عیشق بەبێ مەعریفەت و موحیببەتی خاڵی لە هەرجۆرە بیرێک، ڕاکێشانێکی کوێرانەیە و ئەگەر لە بازنەی بوونی ئینساندا وە دی هاتبێت، لەژێر ناوی (غەریزە)دا خۆی دەنوێنێت. وەحدەت و یەکێتیبوون، یەکێکە لە تایبەتمەندییە ئاشکراکانی عیشق. هەر بەو جۆرەی عەقڵیش پەیوەندیی بە عالەمی موڕسەلاتەوە هەیە و عالەمی موڕسەلات بە بنەمای وەحدەت و بونیادی یەکبوونی جیهان دەزانرێت. کەواتە جەنگی نێوان (عەقڵ) و (عیشق) لە ڕاستیدا بوونی نییە و ئەوانەی بڕوایان بەم جەنگە وەهمییە هەیە و یەکێک لە عەقڵ یا عیشقیان بەبێ ئەوی تریان دەوێت، بە ئەنجام ناگەن. زانایان، پیتی (واو)یان بە نیشانەی وەحدەت و یەکێتیبوون لە عالەمی عیشقدا دەزانی و پیتی (یاء)یان بە نیشانەی تەفرەقە و جیاوازی هەژمار دەکرد. دەبێت هەمیشە باسی (لەیلا و مەجنوون) بکرێت و مەسەلەی (لەیلا یا مەجنوون) بە هیچ شێوازێک بە قسەیەکی پەسەند و گونجاو دانانرێت.

تاگەکان    
وەرزش زانست کتێبی هاوسانی سایکس-بیکۆ تەنیایی تەوبە کۆمه‌ڵه‌ بەڵگه‌یه‌ک که‌ له‌ شوێنی خۆیاندا نین دیزاینی زیرەک ژیانی پێغەمبەر گفتوگۆ بوونەوەری ئاسمانی یاسا کۆیلایەتی مۆدێرنیتە ئایین
فیکر
2017-11-17 کۆمێنت 3816 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی