نووسینی: قانع خورشید
بهشی دووهم
موسڵمان تەنیا لە فیقهـ و فەتوادا میانڕەوبوونی خۆی ناسەلمێنێت، بەڵكو دەبێت لە ئەدەب و فیكر و ئەخلاقیشدا وێنای ئەو تێگەیشتنە ساغ و تەواو و تۆكمەیە بكات و نیشانی هەمووانی بدات. چون ئاشكرایە ئەم چەمكە هەر ئەوە نییە بە قسە بگوترێت، ئەوە كردارە پشتڕاستیی ئیدیعا دەسەلمێنێت.
وەك لە سەرەتاوە ئاماژەم پێ دا، گشت كەسێك شانازی بەوەوە دەكات دەم لە عەدالەت بكوتێت، بەڵام چەندن ئەوانەی بە كردار دادپەروەری دەچەسپێنن و كاری پێ دەكەن؟ كەمینەیەكی یەكجار كەم! هەموو عالەم باسی وەفاداری دەكەن و وەفاداران دەگمەنن! سەرتاسەری جیهان باسی خزمەت و مرۆڤدۆستی دەكەن و زۆرینەیش لە هەوڵی خۆگەورەكردندان و جارجار كەسانی تریان بیردەكەوێتەوە... میانڕەوبوونیش ڕێك ئاوەهایە، بەڵێ ئاتاجی سنوورێكی دیار و ناساندن و تەنزیری فیكرییە، بەڵام گرنگتر لەمە جێبەجێكردن و، وەك واقیع نیشاندانییەتی.
ئەوەی كە خوای گەورە لە سوورەتی (المائدة)دا، دەربارەی دادپەروەری دەیفەرموێت: [يا ايها الذين آمنوا كونوا قوامين لله شهداء بالقسط ولا يجرمنكم شنئان قوم على الا تعدلوا اعدلوا هو اقرب للتقوى واتقوا الله إن الله خبير بما تعملون]. وریا بن ڕق و كینەیەكی كۆنتان بەرانبەر گرووپ و دەستەیەك واتان لـێ نەكات لە دادپەروەری لا بدەن... ڕێك بە كردەیی خستنە بەرچاوی دادپەروەری و ناوەندگیرییە، ئاخر یەكێك لە ماناكانی وەسەتییەت (میانڕەوی) ئەم دادپەروەرییەیە.
دوای ئەم قسانە ئەوە ڕوون دەبێتەوە كە مەبەست لە میانڕەوی ئەوە نییە هەمیشە لە ناوەڕاستی دووبەرەدا بووەستی، بۆ نموونە ئەگەر گرووپێك گوتی پێغەمبەران ڕاستن و گرووپێك گوتی ڕاست ناكەن، تۆ بێیت ڕێگەیەكی ناوەند بكەیتەوە و بڵێیت هەندێ جار ڕاست دەكەن و جار جارێكیش ڕاست ناكەن! ئەمە ڕێك كافربوونە و وەك ئەوەیە بڵێیت هیچ ڕاست ناكەن!
بەڵكو ئەوە دروستە بە ڕاست بڵێیت ڕاست و بە درۆ بڵێیت درۆ و بە شتی ڕێژەییش بڵێیت هەندێ جار وایە و تاو تاویش ئاوەها. كۆنترۆڵكردن نەفس لە پەڕگیری و زیادەڕەوی سەختە، فرەیش سەخت. ئاخر ئێمە وا خولقاوین زوو تووڕە دەبین و زوو شتمان بیردەچێت و هەر زوویش بە لاڕێدا دەچین یا دەبردرێین! ئەم سیفەتە لە باوكە ئادەممانەوە یەخەی ئەم مەخلووقەی بەرنەداوە و دیاریشە كە تازە بەری نادات، [فنسي ولم نجد له عزماً]، بەم هۆیەشەوەیە خوای گەورە بەوە ئامۆژگاری ژن و مێردی بەشەڕهاتوو دەكات كە ڕێز و خۆشەویستی پێشوویان بیرنەچێت و، گورجێ ئەوپەڕ لە یەك نەگرن و بڕیاری تەڵاق نەدەن و دۆ و دۆشاو تێكەڵا بە یەك نەكەن [ولا تنسوا الفضل بينكم]، ئاخر زۆربەمان ئاوەهاین و زوو بە ڕەهایی حوكم دەدەین، دواییش حوكمەكەی خۆمان بە سەر دینەكەمانەوە ساغ دەكەینەوە، لە كاتێكدا پاڵنەرێكی دەروونی و زاتی لە پشتەوەیە و بۆ خۆمان پێمان لە زۆر ڕاستی و حەقیقەت ناوە و حسێبێكمان بۆ نەكردووە.
ئەوانەی گوتاری عەقڵانی پێشكەشی كۆمەڵگە دەكەن نابێت ئیش و كاریان ببێتە لەسەر خوێندنی واعیزان و هەر باسی هەڵەكانی وان بكەن، چون مرۆڤ تەنیا عەقڵ نییە و ئەوەی بەس گوتاری عەقڵی دەرخوارد بدرێت، خۆی كارێكی ناعەقڵانییە! ئەوانەیشی هەر باسی حەڵاڵ و حەرام دەكەن، نابێت بەوە نەقدی ئەهلی دڵ و خودان ئاوەزان بكەن، كە خەریكی بیدعە و حەرامن، ئاخر ئەوانەیش مرۆڤن كە دەیانەوێت بە وەڵامی حەكیمانە و مەنتیقی و پەیبردن بە حیكمەتی حوكمەكان ئاوی دڵیان بدەن، گەر ئیسلامیش بۆ گشت مرۆڤایەتی هاتبێت، دەبێت پشكی ئەمانیشی تێدا بێت. ئەوانەیشی بە وەرزشی ڕووحی و خەڵوەت و كەمخۆری هەوڵی نزیكبوونەوە لە خوا دەدەن هەر موسڵمانن و ئامانجیان ڕەزامەندیی خوایە. ڕێزگرتن و دەرخستنی باشەكانیان ئەركی سەرشانی مرۆڤی حەقدۆستە.
دەبێت بە كردەوە بیسەلمێنین حەق میحوەری كارمانە، ئێمە پەروانەی دەوری شەمی حەقین. ئەو لە كوێ بدرەوشێتەوە ئێمە لەوێ تا ئاستی سووتان خۆمانی بە قوربان دەكەین. دەبێت ڕووگەی تەواوی كارمان حەق بێت، ئەو لە كوێ بوو پێویستە ڕووی ئێمە لەوێ بێت، ئێمە گوڵەبەڕۆژەین و حەقیش خۆر. پێغەمبەر صلی الله علیە وسلم دەفەرموێت: "ألا إنَّ رحی الإسلام دائرة، فدوروا مع الإسلام حیث دار". (ئاگادار بن دەستاڕی ئیسلام دەسووڕێت، دەی ئێوەیش ئیسلام چۆن و بە چ لایەكا سووڕا وا بسووڕێن). ئیتر نە صەحابە بۆ ئێمە دەبێتە مەحەكی ڕاست و هەڵە و نە تابیعی و نە فڵان شێخ و زانا و مەلا! بەڵكو ئەوە حەقە، بە سیفەتی دیار و نووری درەخشانیەوە، ڕاست و هەڵەبوونی ئەوانمان بۆ دەردەخات، ئەوە بەڵگە و مەنتیق و بەراوردە حەقبوون و نەپێكانی هەموو ئەوان دەردەخات و ئێمە ناچار دەكات شوێنی ئەویان بكەوین و بە قسەی ئەوی تریان نەكەین.
زۆر جار مێژوو و تێپەڕینی ڕۆژگار بۆ زۆرینەی خەڵكی دەردەخەن كام كەس و كێها دەستە لەسەر حەق بوونە و لە ناوەڕاستی ڕاستە شەقامەكە لایان نەداوە، نەوەی دواتر ددان بە ڕاستگۆیی و كاردروستیی حەقخوازاندا دەنێت، چون هاوچەرخبوون و نزیكی پەردەیەكی ئەستوورە و بانی زۆر چاو دەگرێت و ناهێڵێت نووری ڕاستی فەرق كەن!
پاراستنی بێلایەنی، یا حەقلایەنی، وا دەكات هەموو پەڕگیرەكان -كە زۆرینەن- دژت بوەستن و پەلارت تێ بگرن و تانەت لـێ بدەن، ئەمەیش سەختیی كاری میانڕەوانە خەست دەكاتەوە، ئیتر پیاو و باوەڕدارم دەوێت بەرگەی ئەو هەموو هێرشە بگرێت كە لە چوار دەورەوە ڕوواڕووی دەبنەوە! خوا دەستی هەموومان بگرێت و نەمانسپێرێتە كەس، تا لە ڕاستڕەوی نەترازێین.
infidelity in marriage
link reasons people cheat
how to install cell phone spy software
click free android spy software
cialis sample coupon
read coupons cialis