حه‌په‌سان

فیکر 2018-01-31 کۆمێنت 1261 جار بینراوە

نووسینی: شێخ عبدالله

وتراوە ڕاستترین کاردانەوە بەرامبەر بە مردن حەپەسانە. لەحززەی بیستنی هەواڵی مردن، لە سەر گۆڕستان، لە ناشتنی مردوودا دیققەت بدە کەم جار کەسە نزیکەکانی مردووەکە هاوار دەکەن! تەنانەت ئەگەر مردوەکەش نەناسی ئەوا کاتێ لە خەڵکەکە ورد دەبیتەوە دەبینی دۆستە فرە نزیکەکانی مت بوون، بێ دەنگن، ئەوان تەنها بە جەستە ئامادەی مەراسیمەکەن و بەخەیاڵا چوون
.

خەڵک زۆرە ئیدیعای دینداری دەکا و بە ڕواڵەتیا بە پیشەکەیا، بە قسە و نووسینەکانیا ، بە ئامادە بوونی لە مەراسیمە ئاینیەکاندا کەسێکی پابەند دیارە، بەڵام شتێک هەیە پێی دەتوترێ ڕۆحی ئاین؛ بیدوێنە ئەو پەی پێ نەبردووە!

خەڵك هەیە دەنووسێ و کتێب خڕ دەکا وەك پوول، ئامادەی کۆڕ و کۆبوونەوە ڕۆشنبیریەکانە. ناوی نووسەرەکان و کتێبەکان دەزانێ، چاپخانەکان شارەزایە، پەیوەندی بە دەزگاکانی چاپکردنەوە هەیە، وەلێ شتێك کە نایزانێ ئامانج لە نووسین و خوێندنەوەیە!

کوڕ هەیە ڕاوە کچ دەکا، کچ ڕاوە کوڕ دەکا. بیان بینە خۆیان سەغڵەت دەکەن و پەیوەندی دەبەستن و نامە دەنێرن و تەلەفون دەکەن، بەڵام شتێك کە نایزانن ژیانە، خۆشەویستییە!

زۆربەی خەڵك لە بۆنەکانا، لە کارەساتەکانا زوو پۆست لە سەر گەرمترین هەواڵ دەکەن و، وێنە سامناك و وروژێنەرەکانی جەنگ بڵاو دەکەنەوە و جنێو بە سەرکردەکان دەدن و ئیدانەدەکەن، بەڵام ئەوەی نایزانن شوێنی خۆیانە بە نیسبەت هاوکێشەکانەوە!

لە کۆبانیا ، لە سەرپێڵا، لە عەفرینا؛ من نەمناڵی سووتا و نە خانووی ڕوخاو و نە جەرگی سوتاو سرنجم ڕاناکێشێ! ئەوەی سرنجم ڕادەکێشێ خاڵی لاواز ئەو میللەتەیە، لێزمەی بارانی نەگبەتیەکانیانە. جوگەلەی خوێن ڕێبکا ئەو میللەتە ناچارە بە ئیدانەی ئەم و ئەو ئیکتیفا بکا!

من چاوەڕێم.

من چاوەڕێی حەپەسانێکی گەورەم ، بە ئەندازەی کارەساتەکان هەموو ئەو کەسانەی بەشخوراون، زوڵم لێکراون مت ببن. حەپەسان گەورەترین کاردانەوەیە بەرامبەر بە کارەسات، هونەر و شارەزایی و ئەزموونی ناوێ. حەپەسان شێوەیەکی تایبەتی نیە، مەراسیم نیە، بەڵکو بە ئاگا هاتنەوەیەکی هەم تاکە کەسێ و هەم کۆمەڵگایە! هەمان ئەم چالاکیانەیە کە ئێستا دەکرێن بەڵام وەکو ئەوانەی ئێستا بێ ڕۆح نیە.

تاگەکان    
پۆدکاست بووژانەوە بوونەوەری ئاسمانی مۆدێرنە کۆرۆنا نیشتیمان جنۆکە دەروونی ژیانی پێغەمبەر ئایا سۆفیا ڕانانی کتێبب نەتەوایەتی ئەیاد قنێبی دەروون پارەی ئیلیکترۆنی
فیکر
2018-01-31 کۆمێنت 1261 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی