ژیان قۆناغێکی ڕۆژی پەسڵانە

فیکر 2018-03-04 کۆمێنت 2413 جار بینراوە

نووسینی: دكتۆر فه‌همی عه‌لی عه‌زیز

لە وەڵامی ئەو پرسیارەیدا کە دەڵێت؛ یەکەم هۆکاری مردن چییە؟

وتوویانە: ژیانە!

ئەم وەڵامە چەندێک بێمانایە، ئەوەندەیش مانادارە. تۆ بڵێیت ئێمە بۆ مردن لەدایک بووبێتین، یان خودی ژیان خۆی یەکێکە لە قۆناغەکانی مردن؟!

لەو چەند ڕۆژەی ڕابردوودا کورتە ڤیدیۆیەکی کاریگەرم بۆ نێردرا لە لایەن (مامۆستا قانع خورشیدی زێدە پایەدارەوە)، باسی پووچێتیی ژیان و حەتمییەتی مردنی دەکرد. منیش لەگەڵ ( خاتو لۆزان) ی خێزانمدا تەماشام کرد. پاش تەماشاکردنی لە ناخمدا کۆمەڵێک شت ڕوویاندا ڕایانچڵەکاندم، هەست و ویژدانی قەتماغەکردووی جوڵاندم، هێندە کاری تێ کردم، دواجار ئەم نامەیەم بۆ مامۆستای ئازیزمان ناردەوە:

((مامۆستا گیان سڵاو: لەگەڵ لۆزانی خێزانم تەماشامان کرد. چونکە ئەو ئافرەت بوو، چونکە ئەو تۆزێک بەرائەتی تیا مابوو، چونکە ئەو هێشتا هەستناسک و توێکڵی نائینسانییەتیی ڕەق نەبووبوو وەکو منی پیاو: زۆر گریا.

وەلێ من بە هۆی ئەستووربوون و ڕەقبوونی قاوغی ژیانەوە هیچ نەیجوڵاندم، تەنها گوێم لە شتێک بوو و هیچی ترنا، دەتگوت پەیکەرێکم و بە چەکوش داویانە بەسەرمدا .

لێت ناشارمەوە مامۆستا قانع، ژیان وا وڕ و کاسی کردووم، ئەگەر( مەحوی ) قیامەتی بەس کاتی قیامەت بهاتایەتەوە فکر، من لە ناو ژیانیشدا ژیان ناکەم و نایەتەوە فکرم و، نازانم کە دەژیم.
ژیان زۆر سەختە مامۆستا گیان، جاری وا هەیە خەریکە ئەگەمە ئەو بڕوایەی کە ژیان بۆ خۆی قۆناغێکی ڕۆژی پەسڵانە، ئەگەرنا بۆچی هێندە سەخت و بڕسکبڕە!

ژیان یان هەرهیچ نەبێت ژیانکردن لەم دەڤەرەدا، دوور نییە دۆڵێک نەبێت لە دۆڵەکانی دۆزەخ، بیرێک نەبێت لە بیرەکانی سەقەر، ئەدی ئەوە نییە هەر بێکۆتا و هەر دووبارە و سەدبارە و هەزاربارە و ناخۆشتر و ناخۆشتر دەبێتەوە!

ئەدی ئەوە نییە وەکو دۆزەخ هەموو شەوانێک دەمانمرێنن و، بۆ بەیانیی داهاتوو، تا سەر لەنوێ دەست بکەینەوە بە ئازارچەشتن، جارێ تر زیندوو دەکرێینەوە!

نەخێر خەریکە بگەمە ئەو بڕوایەی کە سەختترین قۆناغی قیامەت، خودی ژیانە.
ئەدی ئەگەر وا نییە، بۆچی هەموومان وا کاس و بێحەواس بووینە، هۆشیاری سەرخۆش، "تری الناس سکاری وماهم بسکاری" کتومت ئێستەیە، هەر جستوجۆمانە و پێ ناگەین، هەر گفتوگۆمانە و تێ ناگەین، برا دوور لە برا و کەس لە کەس و هەمووی نەفسی نەفسییەتی!

ئاخر ئەمانە هەمووی نیشانە و ماکەکانی ڕۆژی قیامەت نین، مەگەر وا نەوتراوە لە قورئانی پیرۆزیشدا؟!
دوور نییە ئەوەی کە ئێمە ناومان لێ ناوە مردن، ساتی پێدانەوەی ـ کتابی ئەعمالمان ـ نەبێت، دوور نییە ئەم دۆخە پردی سراط نەبێت، دوور نییە ئەم جۆرە خراپەی حوکم و مەسئولە ناچیزانەی سواری کۆڵمان بوونە کردەوەی خۆمان نەبن، ئەوەی کە دەڵێن لە قەبردا لەسەر شکڵی شتێکی ناشیرین پیشانی مرۆڤی دەدەن و پێی دەڵێن: ئەوە کردەوەی خۆتە و تەماشایکە!

مەگەر تەنها ئایەتی "هل اتی علی الانسان حین من الدهر لم يكن شيئاَ مذكورا" مستێک بدات لە کەپووی بەرزی غرورمان، ئینسان زۆر ڕۆیشت مامۆستا گیان، زیادەڕەویی زۆری کرد، کەوتوومەتە گومان لە سەبر و ئارامی و قودرەتی چاوەنۆڕیی خودایش، کەنگێ ئەمرێ دەکات بە دەستپێکردنی ڕۆژی حیساب، ئەرێ درەنگی نەکرد؟!
یان دوور نییە دەستی پێ نەکردبێت و ئێمە لە حاڵەتی کاسبوون و تاساندا بین و پێمان نەزانیبێت!))

بۆ بینینی ڤیدیۆكه‌ كلیك لێره‌ بكه‌

تاگەکان    
خاڵبەندی کۆرۆنا بوومەلەرزە قوتابخانەکانی نوور سەرفیترە شیرک فەلەستین نائومێدی سۆفیگەری دەروون دەروونی پارەی ئیلیکترۆنی مۆدێرنە ئەیاد قنێبی وەرزش
فیکر
2018-03-04 کۆمێنت 2413 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی