زنجیرەى: بیکە بە یاسا (بەشى سێیەم)

فیکر 2018-06-14 کۆمێنت 1486 جار بینراوە

ئامادەکردنی د. صلاح راشد

وەرگێڕانی د. هاوکار عمر

#بیکە_بە_یاسا ٥: تەنانەت کەسانی پەروەردەییش وەک کەسانی سیاسی و ئایینی موبەرمیجن، تەنیا کەمێکیان نەبێت.

- مرۆڤ پێویستی بە خۆڕۆشنبیرکردن هەیە، بۆ ئەمەیش سوود لە کەسانی دی وەردەگرێت و شتیان لێوە فێر دەبێت، بەڵام کێشەکە لێرەوە دەست پێ دەکات کە هەموو ئەوانەی لە چواردەورتدان دەیانەوێت مێشکت بشۆرنەوە و بەرمەجەت بکەن، نەک هۆشیارت بکەنەوە.

- کەسانی موبەرمیج کەسانێک نین ڕای خۆیان لەسەر بابەتێک بخەنە ڕوو، بەڵکوو دەیانەوێت پێت بسەلمێنن کە تەنیا ڕای ئەوان ڕاستە و هیچ هەڵبژاردنێکی تر نییە، بەڵگەی بەهێزیش دەهێننەوە و زۆربەی جار هەوڵی ترساندنت دەدەن، بۆ نموونە دەڵێن ئایین وا دەڵێت، قورئان وا دەڵێت، یان زانست و نەتەوە و نیشتیمان دەکەنە بەهانەی قسەکانیان بۆ ئەوەی ترسێکت لا دروست بکەن و فیکرەکەیان قبووڵ بکەیت.

- ئەوانەی ڕای خۆیان بەبێ ترساندن و دروستکردنی دوودڵی ڕوون دەکەنەوە جیاوازن لەوانەی کە دەڵێن ئەوەی وەک من بیرنەکاتەوە دەچێتە دۆزەخ، یان خۆفرۆش و نیشتمانفرۆشە، هەر کەسێک ئەم دروشمانەی بەکارهێنا وریای بە، بانگەشەکان ڕێگای خۆتت لێ ون نەکەن.

- کەسانی موبەرمیج ڕاستەوخۆ فەرمانت پێ ناکەن، بەڵکوو بەڵگەی بەهێز و بابەتی گرنگى وەک ئایین و زانست و نەتەوە و... هتد دەکەنە بیانوو بۆ قسەکانیان.

- ئەم کەسانە دەیانەوێت لەڕێی بەرمەجەکردنی تۆوە کۆنترۆڵت بکەن و، ئیتر هیچت لەدەست خۆتدا نامێنێت، بۆ هەموو کارێک بە بێ ویستی خۆت دەگەڕێیتەوە بۆ ڕای ئەوان.

- دیارترین کەسانی موبەرمیج سیاسییەکان و کەسانی ئایینین کە دەیانەوێت وات لێ بکەن بێ پرسی ئەوان هیچ کارێک نەکەیت، بەڵام وریا بە کەسانی پەروەردەییش موبەرمیجن چونکە ئەوانیش سەر بە یەکێ لە قوتابخانە هزرییەکان یان سیاسییەکانن و ڕای خۆیان لە سەرچاوەکانی ئەو قوتابخانەیەوە وەردەگرن، چونکە خۆشیان بەرمەجەکراون.

- تۆ لە خۆت بەرپرسیت و دەبێت خۆت ڕاستی بۆ خۆت بدۆزیتەوە، کەس بە خۆڕایى ڕاستیت بۆ نادۆزێتەوە و پێشکەشت بکات، ئەگەر تۆ ڕاستییەکان لە خەڵکی تر وەربگریت ئەوە دەبیتە کۆیلەی ئەوان، لەبەر ئەوە گوێ لە هەمووی بگرە، بەڵام ڕێگە مەدە کەس بەرمەجەت بکات، خۆت بەدوای ڕاستیدا بگەڕێ. بزانە چی بۆ تۆباشە و لەگەڵتدا گونجاوە ئەوە وەربگرە و بڕیاری لەسەر بدە.

- کێشەی بەرمەجەکردن لەوەدایە تۆ دەبیتە کۆیلەی ئەوان و بە قسەیان دەکەیت، ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە بواری گۆڕانکاریت پێ نادات، لە کاتێکدا مرۆڤ لە گۆڕانی بەردەوامدایە، بۆنموونە ئەو شێوازەی کە دایک و باوکت تۆیان پێ پەروەردە کردووە ڕەنگە گونجاو نەبێت تۆش بە هەمان شێوە منداڵەکانت پەروەردە بکەیت، چونکە ژیان لە گۆڕانی بەردەوامدایە.

ڕاهێنان

تێبینیی شێوازی پەروەردەکردن بکە لە کۆن و لە ئێستادا، دەبینیت کە شێوازی پەروەردەی مناڵ گۆڕاوە، بەڵام ئەگەر تۆ بەرمەجە بکرێیت هەمان شێوازی کۆن بەکاردەهێنیت بۆ ئێستا کە گونجاو نییە. منداڵەکانت فێر بکە کە بەردەوام زانیاریی نوێ وەربگرن و  لە شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ زانیارییە نوێیەکاندا باوەڕیان بە خۆیان هەبێت.

#بیکە_بە_یاسا ٥: تەنانەت کەسانی پەروەردەییش موبەرمیجن وەک کەسانی سیاسی و ئایینی، تەنیا کەمێکیان نەبێت.


#بیکە_بە_یاسا ٦: هەشت مانگ جارێک زانست دوو هێندە زیاد دەکات، ئەگەر پەرە بە تواناکانت نەدەیت لە ژیان دوا دەکەویت.

- فولەر ( (Buckminster Fuller کە ئەندازیارێکی ئەمەریکی بوو (چەماوەی دوو هێندەبوونی زانیاریی) دانا کە دەڵێت تا ساڵی ١٩٠٠ هەموو سەدەیەک جارێک زانیاریی مرۆڤایەتی دوو هێندە بووە، لە کۆتایی جەنگی جیهانیی دووەمدا هەموو ٢٥ ساڵ جارێک زانیارییەکان دوو هێندە دەبوون. مۆر (Gordon Moore ) لە ساڵى ١٩٦٥دا وتی زانیارییەکان هەموو دوو ساڵ جارێک دوو هێندە دەبن، لە ئێستادا هەموو ٨ مانگ جارێک زانیارییەکان دەبنە دوو هێندەی پێشوو. واتە ئەگەر تۆ لە ماوەی ٨ مانگدا ئەپدەیتی خۆت نەکەیتەوە ئەو زانیارییانەی لەلاتن کۆن و بێکەڵک دەبن.

- سایتی ویکیپیدیا لە ١٥/١/٢٠٠١دا خرایە کار، لە ئێستادا (٢٠١٨) نزیکەی ٤٨ ملیۆن ئارتیکڵی بە زیاتر لە ٢٠ زمانی جیاواز تێدایە.

- سایتی (یوتیوب) لە ١٤/٢/٢٠٠٥دا خرایە کار، لە ئێستادا ملیۆنێک و ٣٠٠ هەزار کەس بەکاری دێنن، لە هەر خولەکێکدا ٣٠٠ کاتژمێر ڤیدیۆ ئەپلۆد دەکرێت، لە هەر ڕۆژێکدا ٥ ملیار ڤیدیۆ تەماشا دەکرێت.

- سەرەتا کە مۆبایل دروست کرا توانایەکی زۆر کەمی هەبوو، لەگەڵ ئەوەشدا نرخی گران بوو، بەڵام ئەمڕۆ ئەو مۆبایلانە کەس بەکاریان ناهێنێت لەبەر ئەوەی شتی نوێ و باشتر هاتووە، تۆش بە هەمان شێوەیت، ئەگەر خۆت نوێ نەکەیتەوە سەردەمی تۆیش بەسەر دەچێت.

- ئەمڕۆ سەیارەی لێکزس شەست ئەوەندەی کەشتیی ئەپۆلۆ، کە یەکەم کەشتی بوو چووە سەر مانگ، مواسەفاتی تێدایە.

- ئەمڕۆ جیهان زۆر بە خێرایی لە پێشکەوتن و گۆڕاندایە، ئەگەر تۆیش لەگەڵیدا پێش نەکەویت ئەوە تەنها دوای ٨ مانگ بەسەر دەچیت.

- ئێمە لە وانەی زانستدا پێیان وتین کە کۆمەڵەی خۆر ٩ هەسارەی تێدایە، بەڵام ئێستا کۆمەڵەی خۆر تەنیا ٨ هەسارە دەگرێتەوە.

- لە کۆندا منداڵ کە پەروەردە کراوە فێری ئاژەڵداری و جووتیاری و شمشێربازی و ئەسپسواری کراوە، بەڵام ئەو شتانە ئەمڕۆ بەسەر چوون، پێویستە شتی نوێ فێری منداڵ بکەین کە بۆ سەردەمەکەی گونجاو بێت، ئەگەر لەگەڵ سەردەمەکاندا خۆت نوێ نەکەیتەوە دوا دەکەویت.

- لەبەر ئەوە دەبێت بەردەوام خۆت نوێ بکەیتەوە، خۆت ئەپدەیت بکەیتەوە، زانیاریی نوێ وەربگریت، بخوێنیتەوە و موتابەعە بکەیت تا دوانەکەویت.

ڕاهێنان

 دەرچووی زانکۆ لە وڵاتە عەرەبییەکاندا لە ساڵێکدا تەنیا ١٠ لاپەڕە دەخوێنێتەوە ، بۆیە وڵاتانێکی ئاوا دواکەوتووین.

- قەڵەم و کاغەزێک بێنە، پلانێکی درێژخایەن بۆ ساڵی داهاتوو دابنێ: تا ڕەمەزانی داهاتوو چەند کتێب دەخوێنیتەوە، بەشداریی چەند کۆنگرەی زانستی دەکەیت، بۆ چەند سیمینار دەچیت، گوێ لە چەند بەرنامەی زانستی دەگریت، بیاننووسە و جێبەجێی بکە و، #بیکە_بە_یاسا: هەشت مانگ جارێک زانست دوو هێندە زیاد دەکات، ئەگەر پەرە بە تواناکانت نەدەیت لە ژیان دوا دەکەویت!

​لینکى بەشەکانى تر
بەشى یەکەم
بەشى دووەم
بەشى چوارەم

تاگەکان    
تەلارسازی وەرزش مردن بۆ ئەوانەی وەكو خۆمن ڕانانی کتێب یاری سەرفیترە وەچەخستنەوە قودس ستەم ڕانانی کتێبب باران فیکر یاسا کۆیلایەتی
فیکر
2018-06-14 کۆمێنت 1486 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی